سەرکردەی ئاگر و خوێن:- فوئاد مستەفا سوڵتانی

Friday, 31/08/2018, 19:47

5919 بینراوە


فوئاد مستەفا سوڵتانی، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی 'ئاڵمانە'ی سەر بە شارستانی مەریوان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی، ساڵی ١٩٦٦ لە بەشی پیشەسازی زانکۆی ئاریامیهری تاران درێژە بە خوێندن دەدات. لە کاتی خوێندنی زانکۆدا، ئاشنایەتی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆشنبیری چەپ و سۆسیالیست پەیدا دەکات و لە ساڵی ١٩٦٩دا ڕێکخراوێکی سیاسی دادەمەزرێنێت کە بڕوای بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و  یەکسانی ژن و پیاو دەبێت و پاشان بە "کۆمەڵە" ناسرا.
ئەندامانی ڕێکخراوەکە بەهۆی دڕندایەتی دەزگای ساواکەوە بۆ ماوەی ٩ ساڵ دەست بە خەباتی نهێنی دەکەن و بڵاوکراوەیەک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە ناوی "شەونامە" دەردەکەن کە وێڕای لە قاودانی جینایەتەکانی ڕژێمی پەهلەوەی، ئاستی هوشیاری کۆمەڵگا و بە تایبەت زەحمەتکێشانیش پێش دەخەن، ئەوەش بوویە هۆی ئەوەی کە لەو ماوەیەدا بڕوای جەماوەری بە دەست بهێنن.
کاک فوئاد دوای تەواکردنی زانکۆ، وەک ئەندازیاری کارەبا لە شاری مەریوان دەستبەکار دەبێت و لە کاتی کارکردنیدا بە هەموو هێزیەوە لەدژی گەندەڵکاران دەوەستێتەوە. ئەو هەڵوێستەش جێگای قبوڵکردنی دەزگای بەدناوی ساواک نابێت، هەر بۆیە بۆ شاری بروجێرد دوور دەخرێتەوە و پاشان لە ئەنیستیتۆی هونەرستانی شاری سنە وەک مامۆستا دەستبەکار دەبێت و بە دەم کاریشەوە درێژە بە کاری ڕێکخستنی دەدات.
تا سەرەنجام لەلایەن دەزگای ساواکەوە دەگیرێت، ماوەیەک لە گرتوخانەی کۆمیتەی هاوبەشی شاری تاران زیندانی دەکرێت، پاشان بۆ گرتوخانەی قەسری تاران دەگوێزرێتەوە و ماوەی ٣ ساڵ لە گرتوخانەی قەسری تاران دەمێنێتەوە.
کاک فوئاد لە زیندانیش دەستبەرداری خەباتی شۆڕشگێڕی نابێت و لە دژی زوڵم و زۆرداری بەرپرسانی زیندان دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکات، بەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕییەش کاربەدەستانی زیندان ناچار دەکات بۆ بەندی زیندانیە ئاساییەکان بیگوازنەوە. کاک فوئاد بەندی زیندانییە ئاساییەکان دەکاتە مەیدانی خەبات و بە بەردەوامی تێکەڵ بە گیراوان دەبێت و کاریگەری زۆریان لەسەر دادەنێت.
لە کاتی سەردانیکردنی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ گرتوخانەکان، چاویان بە کاک فوئاد دەکەوێت و لەسەر داواکاری خۆی بۆ زیندانی شاری سنەی دەگوازنەوە.
کاک فوئاد لە زیندانی شاری سنەش لەگەڵ ژمارەیەک هاوخەباتیدا بۆ ماوەی ٢٤ ڕۆژ مان لە خواردن دەگرن و ئەو مانگرتنەش دەنگدانەوەی زۆری لە دەرەوەی زیندان دەبێت.
لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، کاک فوئاد لە پایزی ساڵی ١٩٧٨دا (واتە دوای ٤ ساڵ مانەوە لە زیندان) ئازاد دەبێت و گەڕایەوە زێدی خۆی لە گوندی ئاڵمانە و لەلایەن جەماوەرەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
کاک فوئاد وەک ڕێبەرێکی سۆسیالیستی ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕێکخستنی جەماوەردا دەگێڕێت و بە دامەزراندنی "یەکێتی جوتیاران"، هانی جەماوەر دەدات کە لە دژی ڕژێمی پادشایەتی و زوڵم و زۆرداری ئاغا و دەرەبەگەکان بوەستنەوە. هەروەها لە شارەکانیش کۆمەڵەی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵکی دامەزراند و بناغەی خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان داڕشت.
دوای ٩ ساڵ لە خەباتی نهێنی، لە ٢٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٩٧٩دا ڕێکخراوەکەیان بە پێشەنگی کاک فەئاد لە شاری سەقز جاڕی خەباتی ئاشکرایی بە ناوی "کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران" دەدات و شاری مەریوان وەک ناوەندی خەباتی جەماوەری دەستنیشان دەکرێت.
دوای ڕوخاندنی ڕژێمی پادشایەتی و بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن ڕژێمی خومەینیەوە، گەلی کورد پێداگر بوون لەسەر بە دەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانیان، بەڵام ڕژێمی خومەنیش دڕندانەتر لە ڕژێمی پەهلەوی دژ بە خواستەکانی گەلی کورد وەستایەوە.
لە ماوەی ٢ مانگدا واتە لە ٢٣ی پوشپەڕەوە هەتا ٩ی خەرمانانی ساڵی ١٩٧٩، بە ڕابەری کاک فوئاد گرنگترین ڕووداوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کران، یەکێک لەو ڕووداوانەش کۆچی دانیشتوانی شاری مەریوان بوو کە لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئابدا بەرەو کەمپی "کانی میران" دەستیپێکرد و ئەو کۆچەش گەورەترین خەباتی مەدەنی ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لە دژی داگیرکاری، کەمپەکە بوویە ناوەندێکی خەباتی شۆڕشگێرانە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ئێران و جیهاندا لێکەوتەوە. بۆ پشتیوانیکردن لەو خەباتە مەدەنییەش، هەزاران هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێپێوانی جەماوەرییان بەرەو شاری مەریوان ئەنجامدا.
بەڵام ڕژێمی کۆماری ئسلامی ئێران بە دەرکردنی فتوای جیهادی خومەینی لە دژی گەلی کورد، وەڵامی ئەو خەباتە مەدەنییەیان دایەوە و ئاگر و ئاسنیان بەسەر خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا باراند. لە بەرامبەردا کاک فوئادیش بڕیاری بەرخۆدانیدا و بەو شێوەیەش خەباتی سیاسی و مەدەنی خەڵکی کوردستان کەوتە قۆناغێکی نوێوە. لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی کاک فوئادا، هەزاران گەنجی کورد چەکی شۆڕشگێڕییان لە شان کرد و بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژنان شان بە شانی پیاوان کەوتنە خەباتی چەکداریەوە.
دوای ئەوەی ڕژێمی خومەینی دەستی بە قەتڵوعامی گەلی کورد کرد و لەوانەش ٩ شۆڕشگێڕی خەڵکی شاری مەریوان کە دوانیان بە ناوەکانی "حسەین و ئەمین" برای کاک فوئاد بوون گولەباران کران. بە بیستنی ئەو هەواڵە، کاک فوئاد لە شاری "بانە"وە بەرەو مەریوان دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی پێوستبوونی کاری ڕێکخستنی و ڕێگریکردن لە وەحشیگەری کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ هاوخەباتی پارت و لایەنە کوردیەکان، بەشداری لە پرسەی دوو براکەیدا ناکات و جارێکی دیکە بەرەو شاری بانە دەگەڕێتەوە.
لێ ئەفسوس، لە کاتی گەڕانەوەی بەرەو شاری بانە، ڕۆژی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٧٩ لەسەر جادەی مەریوان-سەقز و لە نزیک گوندی "بەستان" دەکەوێتە کەمینی هێزە دژی گەلیەکانی کۆماری ئیسلامی و شەڕ و پێکدادان ذێتە ئاراوە. لەو شەڕدا کاک فوئاد و کەسێکی دیکە بە ناوی "تەهمورس ئەکبەری" کە نوێنەری چریکە فیداییەکان بوو، شەهید دەبن.
بە شەهیدبوونی کاک فوئاد، هەم بزوتنەوەی سۆسیالیستی و هەم شۆڕشگێرانی کوردستان ڕابەرێکی گەورەیان لە دەستدا و کۆماری ئیسلامیش لە هەموو دامودەزگا ڕاگەیاندنەکانیەوە شەهیدبوونی کاک فوئادی بە دەستکەوتێکی مەزن پێناسە کرد.
دوای شەهیدبوونی کاک فوئاد، لە زیندانی شاری تەورێزیش دوو برای دیکەی بە ناوەکانی "ماجد و ئەمجەد" لە سێدارە دران، واتە تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا پێنج ئەندامی خێزانێک ژیانیان لە دەستدا و ناوی کاک فوئادیش بوویە وێردی سەر زاری ڕۆشنبیر، شاعیر، شۆڕشگێڕ و بە تایبەت زەحمەتکێشان.
یەکێک لەو شاعیرانەش "شیرکۆ بێکەس"ە کە بەم شێوەیە کاک فوئاد دەلاوێنێتەوە:-
فوئاد وابوو..
فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو ماڵه‌ برینداره‌كان بوو.
فوئاد خۆشه‌ویستی هه‌موو باڵنده‌ غه‌مگینه‌كان بوو.
خۆشه‌ویستی هه‌موو ماسیه‌
زه‌ردو سوورو جوانه‌كان بوو
“چونكه‌ تۆڕه‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌”
خۆشه‌ویستی هه‌موو گه‌ڵاو گوڵ‌و
دارستان‌و بێشه‌كان بوو
“چونكه‌ ته‌وره‌كانی لێ دوور ئه‌خستنه‌وه‌”
خۆشه‌ویستی هه‌موو قه‌ڵه‌مه‌ پاكه‌كان بوو
“چونكه‌ درۆكانی نیشان ئه‌دان”
درۆی مناره‌كان
درۆی عه‌مامه‌كان
درۆی جبه‌كان
فوئاد وابوو
فوئاد ئه‌یوت: من هی خۆم نیم.
سه‌رم سه‌ری شاخانه‌و
ده‌ستم ده‌ستی باخانه‌و
قاچم قاچی گوندانه‌و
دڵم دڵی گوڵدانه‌و
چاوم چاوی شارانه‌و
گوێچكه‌م گوێچكه‌ی حه‌قیقه‌ت!
.......
نەمری بۆ ڕۆڵەی ئاگر و خوێن کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی.
جەلال چوارتایی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە