شەڕی كورسی سەرۆك كۆماری

Sunday, 30/09/2018, 18:40

4667 بینراوە


پێشتر ئێمە وا بیرمان دەكردەوە ، كە دەبێت كوردەكان لە ھەرێم پێكەوە بە یەك پاكێجەوە و بە یەك پرۆژەوە كار بكەن بۆ ئەوەی بچنە بەغداد ، ئەو جێگایانە بە دەست بھێنن كە بەشی كوردە ،
بەڵام پێدەچێت ئایدۆلۆژییای پارتی كوردی و ویستی حیزبی كوردی زۆر لەوە بچوكتر بیر بكەنەوە ، كە بتوانن بۆ جارێكیش بێت لە دەرەوەی حیزبەكەی خۆیان بیری لێبكەنەوە ،
كە ئامانج و خەمەكانیان لە خەمی بە حیزبی بوون گەورەتر بێت . لە ئێستادا ململانێكی زۆر دەكرێت لە سەر پۆستی سەرۆك -كۆماری . خۆی لە بنەڕەتدا ئەم پۆستەدا بەشی كوردە ، ھەمیشە ( یەكێتی نیشتمانی ) لەو شوێنە كاندیدی داناوە ،
ئێمە دەزانین كە پێشتر  كێشەیەكی وەھا لە سەرە ئەو شوێنە نەبوو ، بۆ ئەمجارە دیار نیە كە ئەو پۆستە بۆ ( یەكێتی نیشتمانی ) بێت . بەڵام دوای لابردنی سەرۆكی ھەرێم لە سەر بڕیاری ( مەكگور ) ،
ئیتر كێشە كەوتۆتە سەر پۆستی سەرۆك -كۆماری . بەشێك لە كاندیدەكان بۆ نمایشكردنە ، بەشێكی تریان بۆ ئەوەیە كە لای خەڵكی بڵێن ئێمە كاندید بوین بۆ سەرۆك - كۆماری ، 
بەشە حەساسەكەی تری پەیوەندی بە ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدارەو ھەیە ، لە ماوەی سێ دەییەی ڕابردو دا ، ئەم دوو پارتە دوای شكستی گەورە لە سەربەخۆی ئابوری و سیاسی ، 
تا ئێستا لە ململانێ و ھەڵپەدان چۆن خۆیان بگەیەننە ناوەند و شوێنێك بۆ خۆیان دابین بكەن . پارتی لە پێشتر دەی گوت بەغدا پارەی نیە و موفلیسە توانجیان لێدەدان ، یەكێتی نیشتمانیش لە ژێر ھەیمەنەتی ئێراندا زۆر ورتەی لێوە نەدەھات .
لە ئێستا بارزانی زیاتر ھەڵپەیەتی زوتر بگاتە بەغدا د لە ماراسۆندایە لە گەڵ یەكێتی نیشتمانی ، ئەو گوتارانەی كە پێشتر بەرزیان دەكردەوە بە پێچەوانەیەوە دەجوڵێنەوە ، چونكە ئەوان دەزانن جەماوەرییەكیان ھەیە بە چ شێوەكیان بوێت شیوەنیان بۆ دەكەن .
ئاشكرایە پارتی سورە لە ئێستا دا وە ئەم سوربونەشی بۆ بچێتە سەر گومانی تێدا نابێت توشی شكستی سیاسی و مەعنەوی گەورە دەبێت ، ئەگەر ئەم سوربونەشی بۆ دەستكەوتی دیكە بێت ، 
ئەوە ئەم چیرۆكەش دەگۆڕێت ، ئەما ھێشتا ڕون نیە كێ براوە دەبێت لەم گەمەیەدا . ئەوەی كە دیارە ( مەكگۆر ) پێیخۆشە كە ( د.بەرھەم ساڵح ) لەو شوێنە بێت ، 
ھەر لە سەر قسەكانی (مەكگۆر) كە لە گەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی كۆبوەتەوە گوتویەتی پێویستە كەسێك لەو پۆستەدا بێت ، زمان بزانێ و پێشتر ئەزموونی ئەزموونی ھەبووبێت لە حكومەتی ناوەندی و پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی باش بن .
قسەیەكی تریش ھەیە كە ھێشتا ڕون نیە و تا چەند ڕاستە ، گوایە ئێرانیەكان و ھێزە عێراقیەكانیش ئەم كاندیدەی سەركردایەتی یەكێتیان پێ خۆشە ، ھەروەھا پارتیش دەنگۆی ئەوە ھەیە بۆ ئەو پۆستە كاندیدی دەبێت .
بە پێی ھەندێك لە زانیارییەكان كە لە سوشیال میدیا بڵاو كراوەتەوە تا ئێستا زۆر ڕون نیە ، كە گوایە ( فواد حسێن ) ی كاندید كردبێت بۆ ئەو پۆستی سەرۆك - كۆماری ، بەڵام ھێشتا زۆر ڕون نیە .
ئەگەر بێت و ئەم كاندیدەی (یەكێتی نیشتمانی) ئەمریكا و ئێران و ھێزە عێراقیەكان پشتیوانی بكەن ، پێناچێت بە حیزبێكی وەكوو پارتی كاریگەریەك لە سەری دروست بێت ، 
پرسیار لێرەدا دروست دەبێت ، ئایا ئێران لەم پرسەدا (یەكێتی نیشتمانی) دەكاتە سەرۆك - كۆماری بۆ ئەوەی قسەی یەكێتی زاڵبێت بە سەر پارتی دا یاخود پارتی دەكات بەخاوەنی ئەو پۆستە ، كە تەسلیمی ئیرادەی خۆی بكات ؟ 
ئەگەر بێت و بەو شێوەیە نەبێت ، ئەوا ململانێی ھەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە سەر ئەو شوێنە ڕێكەوتنی دیكەی تێدەكەوێت . پارتی بەردەوام ئدیعای ئەوە دەكات ، كە كورد لە بەغداد پێكەوە بێت و یەكگوتار بێت ،
بێ ئاگاداری لایەنەكانی تر شاندێكی باڵای نارد بۆ بەغدا بۆ گفتووگۆ كردن ، پێ دەچێت ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئەوە بێت ، تا لەوە دڵنیا بێت گەر كاندیدی بوو بۆ پۆستی سەرۆك -كۆماری سەركەوتوو دەبێت یا نا ،
چونكە ئەوەی لە میدیاكانی پارتی و لە زاری بەر پرسە باڵاكانی ئەو پارتەوە دەبیسترێت سوربونێتی لە سەر ئەو پۆستە . تا ئێستا دیار نیە پارتی بۆ ئەو پۆستە دژایەتی (بەرھەم ساڵح) دەكات یا شەڕی پۆست دەكات لە گەڵ یەكێتی نیشتمانی ،
ھەر ئەمڕۆ (د. بەرھەم ساڵح) سەردانی بارزانی كردوە بۆ بابەتی یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆك - كۆماری ، كەواتە مەسئەلەكە شتێكی ترە نەك خودی پۆستەكە ، پێ دەچێت پارتی خوێندنەوەیەكی تر بۆ ئەو دۆخەی عێراق بكات ،
بەو ئاراستەیە دەڕوات ئیدی ھەولێر لاواز بوبێت ئاراستەكە بگۆڕن بەرەو بەغداد ، ئەمە ئەگەر یەكێتی و پارتی لە سەر ئەو پۆستە ڕێكنەكەون ، كە لە ئێستادا مقۆ كەوتۆتە نێوانیان .
ئەوا ھەر لایەكیان لەم شەڕەدا بیبەنەوە بە دڵنیایەوە ئەم شەڕە زۆر بە زوی دەگاتە نێوو كوردستان ، كە ئەویش كاریگەری زۆر خراپ  لە سەر پێكھێنانی حكومەتی داھاتوو دروست دەكات .
ھەر چۆنێك بێت ئەم سەر ئێشەیەی ئێستا بۆ خۆیان دروستكردوە ، لە كۆتایدا ھێزە دەرەكیەكان یەكلای دەكەنەوە . بەردەوام لەم جۆرە كێشە و سەر ئێشانە لە نێوان حیزبە كوردییەكان بە تایبەت دوو پارتەكەدا بوونی ھەبووە ،
لە كۆتایشدا ئەوەی بڕیار لە سەر  چارەسەرە بنەڕەتیەكەدا دەدات خۆیان نین ، بەڵكوو ھێزە دەرەكیەكانن . یەكێك لە ئامانجەكانی حیزب گەیشتنە بە دەسەڵات ، حەقی خۆیانە ململانێی تێدا بكەن ،
بەڵام خەم و ئامانجی ئەمان لەوەدا بەردەوام گوتاری ناسوێنالیستی بەرز دەكەن و شیوەن بۆ ئەو گوتارە دەكەن ، لە كۆتایشدا ئەو گوتارانە تەنھا بۆ فریودانە و خەمەكانیان خەمی حیزبیە نەك خەمی نەتەوەی .
 ھەڵپەیەكی زۆریانە بۆ ناوەند تا ھەریەكەیان بەشی زیاتریان وە بەر بكەوێت لەوەی تریان ، بۆیە بەغدا ئەوە دێنێت شەڕی بۆ بكەن ، چونكە زۆر خۆشە بۆ ئەوان ئەم جۆرە شەڕانە .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە