نامەیەک بۆ شادی نەوزاد (پەرلەمانتار یان دیوەخان نشین)

Monday, 20/05/2019, 9:21

6189 بینراوە


لە ساڵی ١٩٩٢ کاتێک یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجامدرا و دیوەخانێک کرایەوە ناوی نرا پەرلەمان و کۆمەڵێک ھاوپیشە لە شاخەوە گەڕانەوەو چونە ئەو دیوەخانە و لە قەڵا چوالان و سەری ڕەشەوە چەند نوسراوێکیان بۆ دەچو ئەوانیش دەنگیان پێ دەدا و ئەم مەھزەلەیە تا بە ئەمڕۆش بەردەوامە لەو دیوەخانەی خێڵدا و من پێشتریش ووتومە و دەیڵێمەوە ئەوەی بڕوای بە خەباتی پەرلەمانی مابێت لەو ھەرێمە دەبێت پرسیاری جدی لە خۆی بکات .
لەو دیوەخانەی کە ناوی نراوە پەرلەمان لیژنەیەک دروستکراوە بە ناوی لیژنەی مافی مرۆڤ گوایە بە دوادا چون بۆ مافی مرۆڤ دەکەن یەک لە ئەندامانی ئەو لیژنەیە شادی نەوزادە جگە لەوەی کەس چاوەڕوانی لێ ناکات بە دوای مافی مرۆڤدا بچێت بەڵکو ئێستا ھەموو خەڵک بە دواداچون بۆ ئەو دەکات و بۆتە بار بەسەر شەقامی کوردیەوە . 
من تەنھا لەو شادیەخانە دەپرسم ئەرێ بۆ ساتێک لە خۆت نەپرسی ئێستا ئەو گەنجانەی نزیکەی ٢٠ ڕۆژە لە ژوری تاکە کەسی ئاسایشدان و لە ژێر ئەشکەنجەدا دەتلێنەوە لەسەر تۆیە ؟ تۆ چ ماف دۆستێکی گەر بە بای خەیاڵتا نەیەت نەک ئەوەی بە دواداچون بۆ مافەکانیان بکەی بەڵکوو ئەو سینارێۆیە لێرەدا ڕاگری .
یاخود تۆش بێ باک ترین کەسایەتیت وەک سمێڵ بۆیاخاویەکانی خێڵەکان و گەر سەرجەم ئەو شارەش ئەشکەنجە بدرێن تەنھا بۆ خۆشی و ناوبانگی خۆت و خێزانت وەک بێ شەرمەکانی دیکە نوزەت نایە .
دەبوایە ئێستا جەنابت لە بەردەم ئاسایشدا بویتایە تا مافی ئەو گەنجانەی شار بپارێزی و ڕێگا نەدەین حوکمی حیزبی خەونی دەیان گەنجی کورد لە گۆڕنێت ، تۆ بەردەرگای دادگاکانت بگرتایەو عەدالەتت بانگ کردایە چونکە کاری ئەخلاقیانەی پەرلەمانتار پاراستن و گێڕانەوەی شکۆ و یاسا و مافی ھاوڵاتیانە و تۆ بە دەنگی ئەو گەنجانە بویتە پەرلەمانتار . 
چۆن لە ڕووت دێت سبەی ڕۆژ لە شەقامێک سەر ھەڵبڕی بەرامبەر بە دایک و خێزانی ئەو گیراوانە ؟ 
چۆن ھیچ تاکێک قبوڵت دەکات تۆ بە دوای مافیدا بچیت ؟ 
چۆن لە ڕووت دێت لە دیوەخان دەست ھەڵبڕیت و بڵێی من ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤم ؟ 
لەکاتێکدا ئەوەی ئەمڕۆ ئەو گەنجانەی ئەو شارەی لەسەر گیراوە تۆیت .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە