کۆتایی

Wednesday, 26/06/2019, 0:41

24674 بینراوە


شەوانان، دەبینین، ئاژەلێکی کلک درێژ بە پەلە و بە ترسەوە، بە جادەکانی پاریسدا دەپەرێتەوە، پێی دەلێن ؛ فیوغێ، لە سمۆرە گەورەترە. چی دەکات لە پاریس ؟
 شارەوانی پاریس بەتایبەتی هاوردەی کردوون بۆ ئەوەی جرجەکانی پاریس بخۆن، هێندە تونێلی نوێ دروست دەکەرێن بۆ میترۆ و شەمەندەفەر و بینای بەرز، کون و کەلەبەر زیاتر بۆ جرجەکان دەڕەخسێنین. دروستکردنی میترۆ وشمەندەفەر و تراموایش،  پێویستین. بەڵام بەداخەوە، ئەوەی نای بینین و نای بیستین جریوەی چۆلەکەیە لە پاریس، چۆلەکە لە پاریسدا نەماوە، لەبەر ئەوەی شوێنی هێلانەیان نەماوە لە ناو پاریسدا، تەنانەت هەندێک باڵندە بە پارچە ئاسن و پلاستیک و قنە جگەرە هێلانەکانیان دروست دەکەن، ئەوانیش بونەتە باڵندی شارستانی. بەرەبەیانانیانیش کووتوو پڕ کۆمەلە کۆترێکی لات و پوت دەبینیت، پەڕوباڵیان ڕەش بۆتەوە بە دووکەڵی ئۆتۆمۆبیل، لە شوێنێکدا کۆبونەتەوە، ماخۆلانیان پێ کەووتوە، وەک ئەوەی چاوەڕوانی شتێک بکەن، چاوەڕوانی ڕووداوێک، یانژی ژوانێکیان هەبێت.  لە  دوورەوە پیرە ژنێک دەبینیت بە شەلە شەل دێت، زەمبیلەیەک لەبن باخەڵیا، هەر کە کۆترەکان  دەینینن، تێکڕا هەمویان دەفڕنە سەر جادەکە، پیرەژنەکە لە سەبەتەکەیدا چەندەها زەرفی گەنم و جۆی پێیە، هەر زەرفەو ناوی جادەیەکی پاریسی تێدایە، ئەو زەرفەیان بە ڕێکەوت بۆ کۆترەکانی جادەی بەهەشتە .
ژینگەمان تەواو گۆڕیوە، هەر ئێمەی ساپیان نین کە وڵاتی خۆمان جێ هێشتگە، هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نەماوە، نەهەنگەکان پلاستیک دەخۆن، ورچە سپیەکان دێن لە شارەکاندا لە تەنەکەی خۆڵدا بە دوای خواردندا دەگەڕێن، لەو جەزیرانەی کە لە دۆکیومەنتەریەکاندا دەیان بینین ؛ ئاوی شین و لمی سپی، وەک ئاوێنە پاشڕون، بنی دەریا سەوز و پڕ لە ماسی، دەبریسکێتەوە. منداڵان دەچن بە چنگ لمی ژێر دەریا دەردەهێنن و بە کیلۆ دەیفرۆشن بە شەریکەیەک بۆ دروستکردنی بینایەک لە قەتەر، بۆیە پەندە فەرەنسیەکە راست دەرنەچوو کە دەڵیت ؛ تۆ ناتوانیت لم بە عەرەب بفرۆشیت. لەبەر ئەوەی رابوردوو  زاینایریان نەبوو، نەیان دەزانی کە لمی بیابان بۆ بیناسازی ناشیت، چونکێ  دەنکەکانیان خڕن. هەنوکەش هەر گێلین لەبەر ئەوەی کاتێک مندالان ئاوڕ ئەدەنەوە، دەیبینن؛ نە لمیان ماوە نە ماسی، دەریاش بەرز بۆتەوە و ماڵەکانیان ئاو دەیبات. ئینجا دەکێشن بەسەریانا و بەخۆیان دەلێن ؛ قوڕبەسەرمان چیمان بە خۆمان کرد ! ناچار ئەمانە روو دەکەنە شارەکانی ئەوروپا، بەمانە دەڵین ؛ پەناهێندەی گۆرانی ژینگە. هەر بەو پێیەش لە داهاتویەکی نزیکدا بەبۆنەی گۆڕینی ژینگەوە، ناتوانرێت لە فەرەنسا شەراب لەهەمان ناوچەدا بەرهبهێنرێت، دەبێت نزیکەی هەزار کیلۆمەتر بگوێزنەوە بۆ باکوری فەرەنسا، خۆ کوردوستانیش لەم گۆڕانکاری ژینگەیە بێ بەش نیە .
ژیان هەرچۆنێک بێت دەڕوات، تۆ نازانیت کە ئایا لە جەهەنمدا دەژیت یان لە بەهەشت، بۆ ئەوەی تێ بگەیت لە باری ژیانی خۆت، دەبێت بچیتە دەرەوەی خۆت، ئەوسا دەزانیت تۆ لە کوێدایت. بەڵام ئەمڕۆ ئەنتەرنێت هەموو سنورەکانی شکاندوە و ئاگاداری ناوە و دەرەوەی خۆمانین، نە بریکسیت و نە فریکسیت ناتوانێت لێکمان دابڕێت، ئەگەر هەندێک خەڵکی گێل و نەفام دەیانەوێت بە دروستکردنی دیوار خۆیان بپاریزن، ئەوا هیچ تێ نەگشتوون، یان وادیارە کە پەلە قاژێیانە .
بیست سال لەمەو بەرتەنها تەلەفزوێنمان هەبو بۆ هەواڵ، هەوالەکانیش هەڵبژێردراو بوون لە لایەن سوڵتەیەکەوە، بۆ کوێیان بویستایە دەیان بردین، سەیری کاکە سەداممان دەکرد کە دەچوە ماڵان لەسەر ریتمی مۆسیقای کلاسیک.  بیست ساڵ لەمەو بەر کەناسێکی مەغریبی لە پاریس بە خۆشی و بە پیکەنینەوە پێی ووتم کە لە تەلەفزوێندا بینیویەتی، ئیسلام تەنانەت لە ولاتی چینیشدا هەن، زۆر دڵی بەو هەواڵە خۆش بوو. خۆ ئەگەر لە شاری ڕەقە ئیسلامیەکی چینی و ئەفریقی و فەرەنسی پێکەوە دەجەنگان ئەوە بە موعجیزەی قورئان نەبوو، بەڵکو موعجیزەی ئەنتەرنێت بوو، ئەنتەرنێتیش ئەلگۆڕیتمی بە دوای خۆیدا هێنا، ئێستاکە ئەو حوکم دەکاتوو بڕیار ئەدات. کەسانێک لەماڵەوە دانیشتون، نازانن هەمو ڕۆژێک زانیاری نوێ ئەدەن بە ئەلگۆڕیتمەکان، هەتاوەکو یەک بەرەنگاری ئەوی تر بێتەوە، زانیاریەکان هێندە زۆرن کە مرۆڤی ساپیان بەخۆیی و مێشکۆڵە  عەنتیکەکەیەوە لە نێو ئەو هەموو  یاسا ئابوری و سۆسیالەدا توانای بڕیاردانی نەماوە، بۆیە پیاوانی سیاسی واقیان وڕماوە و بریار بەدەست ئەوانیش نەماوە، لەبەر ئەوەی کە پیاوانی سیاسی وێنەیەکی تێکشکاوی کۆمەڵگەیان هەیە ؛  کاتێک دەردەکەون، خەڵکی لە بەریان هەڵدەسن و وەک کەسێکی سادە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا ناکەن، بۆیە ئەوانیش هەتا لەسەر حوکم بن لە کۆمەڵگە و دەروبەرەکەیان تێ ناگەن، مەسعود بارزانی فڕی بەسەر جیهانەوە نیە، هیچ پرۆژەیەکی بۆ داهاتو نیە،  بەیانیان هەڵدەسێت لە خەوو نان و ماستی تورکی دەخوات .
شەڕی جیهانی یەکەم، شەڕی جیهانی دووەم، یاریەکە دەزانین چۆن تەواو دەبێت، بۆیە سیستەمێکمان دروستکردوە هەتاوەکو شەڕی جیهانی سیهەم  روو نەدات، خۆ ئەگە ڕوی دا ئەوا ژیانێکی تر دوای ئەو شەڕە بوونی نابێت، تەنها فویغێکان دەمێننەوە و جرجەکان دەخۆن، بۆیە ترەمپ نەیتوانی بکێشیت بە ئێراندا، ئەو ناتوانێت بکێشێت بە خۆیدا، ئەو سیستەمەی کە دروستمان کردگە بەو ئامانجە بوە کە نەتوانین جارێکی تر شەڕیکی نوێ هەڵگیرسێنین، بەڵام هەمو کریزێک بە داڕمانێک کۆتایی دێت، کریز، ووشەیەکی لاتینیە کاتێک مندالیک ڕق دەگرێت، دەڵێین کریزی هەیە، یان کاتێک هەرزەکارێک تەنگژی زۆر دەنێتەوە، دەڵیین کریزی هەرزەکاریە، بۆ ئێکۆنۆمی دەڵیین ؛ کریزی ئێکۆنۆمی، سەرنجیش دراوە هەمو کاتیک کە کریز روو ئەدات ئەوکاتانەیە کە جیاوازیەکان زۆر دەبن ؛ دەوڵەمەند زۆر دەوڵەمەندتر و هەژارانیش زۆر هەژار تر. چینی ناوەراست نامێنێت. لەم سەرەوە، سایە کەریمان دەبێت و لەولاشەوە کچێکی نیقاب لەبەر لە کوردوستان، کۆتایی هەموو کریزێکیش بە داڕمانی ئابووری کۆتایی دێت، بەڵام وەک وتمان ؛ نامانەویت شەڕیکی جیهانی تر ڕوبدات، وەک چۆن ناتوانین و نامانەوێت جارێکی تر داڕمانێکی تر روبدات، لە بەر ئەوەی کە ئەم جیهانەی کە دروستمان کردوە توانای نیە بەرگەی بگرێت، هەر بەو مەبەستەش دروستمان کردوە، ئەی کەواتە چلۆن کۆتایی پێ دێت ؟ چونکە هەر دەبێت بتەقیتەوە، لەبەر ئەوەی کە جیاوازیەکان زۆر بون و بە پێی یاسای فیزیایش هەردەبێت بتەقیتەوە. هەرگیز ناتەقیتەوە وەک لە سیناریۆکانی رابووردوودا بینیومانن، بەجۆرێکی تر دەقێتەوە، بە رووکەشیکی ترەوە، بەمەش دەڵیین ؛ لۆژیکی پەرەسەندن.
خۆ ئەگەر ئەوروپایەکان کاردەکەن و هەموو رۆژێک بەرەنگاری تەنگژیەکان دەبنەوە، بەشیوەیەکی زانستی دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت تێ بگەن لە کار و لە کاردانەوەی بەرهەمەکانیان، ئەوا ئیسلامی بازاڕی کۆنە فرۆشەکان جگە لە نیقاب و ریشی درێژ و خولانەوە بەدەوری مەکەدا، هیچ چارەسەرێکیان نیە بۆ کۆمەڵگە، هیچ  پێشنیارێکیان نیە بۆ چارەسەری ژینگە، بۆ سیستەمێکی ئابوری، ئەوان یەکەم کەسن لە سود وەرگرتن لە تەکنەلۆژی و دنیای مۆدێرن، ئەوان چاوەڕوانی زانستی ئەورپان لە هەموو تەنگژیەکدا.
 هەرچێکمان رستۆتەوە بەرهەمی هەوەس و ئارەزوەکانمانن، خۆ ئەگەر ئسلامیەکان هەوەسیان، بەتەنها ژنێک تێرببوایە، ئەگەر تەکنەکلۆژی و ژیانی مۆدێرنیان رەتبکردایەتەوە، ئەوا باوەڕمان پێ دەکردن، کاتێکیش حوکم دەگرنە دەست، وەک بینیمان، ڕیشدارەکانی میسر داوای ڕوخاندنی پیرامیدییان دەکرد وەک چارەسەر. لە تورکیا و ئێران جگە لە شەڕو ئاژاوە هیچی تر پێشنیار ناکەن بۆ دانیشتوانیان، باسی ژینگە ناکەن، بەرنامەیەکی فراوانیان نیە بۆ مرۆڤایەتی، تەنها ڕوخاندن و دژایەتی کردنی یەکتری نەبێت. فەرەنسیە ئیسلامیەکان لەفەرەنسا زیاتر کەڵچەری ماکدۆنالد و کۆکا کۆلایان هەیە هەتاوەکو کەلچەری فەرەسنی. لە بێ چارەسەری و نەبونی هیچ پێشنیارێک، دەیانەوێت یاریەکە تێک بدەن، وەک یاریکەرێکی دۆڕاو، بازارەکە تێک بشکێنن بەقازانجی خۆیان .
سایا کەریم لەگەل هەوەس و ئارەزوەکانی خۆیدا دەروات، ئەگەر هەڵەش بێت ئەو وەک ئەوروپای دیموکراسی دەموچاوێکی هەیە و دەتوانینن لەگەڵیدا بدوێین، سایا کەریم هەوەس و ئارەزوی پیاوان دەناسێت کە بە چوارژن هەوەسیان دانامرکێتەوە و دەچن سەیری فلیمە پۆرنۆکانی ئەوروپا دەکەن، بۆیە بازاڕی گەرمە، بەڵام کچە خوێندکارەکەی کە بە بورقەو نیقابەوە خەڵاتی زیرەکی وەرگرت، دەموچاوی نیە، شوناسی نیە، نەفی کراوە، ناتوانین لەگەڵیا بدوێین. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا پیاوانی ئەنتەلەکتوێلی کورد، بە بینینی سایا کەریم هەر هەمویان نامەی سەزەنشتیان بۆ ناردن، بەڵام کەس نامەی سەرزەنشتی نەنارد بۆ کچەی بورقە لەبەر، چونکە بورقە لەنەستی ئەواندا هەمو تەنگژیەکان دادەپۆشیت.
 جیاوزیەکان گەشتونەتە ئاستی تەقینەوە. لە ئەگەری داڕمان و روخاندنێکدا، تەنها وڵاتی چین خۆی ئامادەکردوە بە سیستەمێکی کۆنترۆلی دانیشتوانی، بە سەنتەرێکی بڕیاردانی خێرا کە ئەتوانێت بەرەنگاری کارەساتەکان ببێتەوە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە