ئەو سەرکردەیەی لە شکاندنا هەڵهات و گەلەکەی خۆی جێهێشت

Tuesday, 13/08/2019, 22:08

15385 بینراوە


ڕووداوەکان لەوە سەیرترن، کە ئێمە بیری لێدەکەینەوە، ئەوە بەو مانایەی مێژوو بە ساختەکاریی و درۆ و دەلەسە نانوسرێتەوە .
هونەر لەوەدا نییە هەمیشە لە روانگەی سۆزەوە، لە مردووەکانمان بڕوانین و بڵێین شەیتانەکان دەستیان لێهەڵگرتوون، با ئێمەش وازیان لێبێنن. من بابایەک نیم ڕقێک لە دڵمدا بێت، بەڵام دەپرسم بۆچی گەلی ئێمە لە ترسنۆک و خائینەکانی دەبورێت؟ لەکاتێکدا لە سەردەمێکدا ئەم "مەلا مستەفا"یە دەیتوانی بە کەنارەکانی ئازادیدمان بگەیەنێت، بەڵام بەزی و بێ ئەوەی ووشەیەک چییە بیڵێت، داوای لێبوردن لەو هەموو قوربانییە بکات، بێ ئەوەی پرس بە خەڵک بکات هەڵهات . گەرچی مەلامستەفا پەیڕەوی ئەو پەندەی کرد کە دەڵێن "مێگەلی بێ شوان، بێ ئایندەیە " دیارە هەم گەلی کوردی بەمێگەل زانیوە هەم خۆی بەشوان، ئەوە نییە پەستا پەستا خەڵک دەچنە زیارەتی گۆڕەکەی، بە ناموسێکی وەک تاڵەبانی چوو بۆ سەر گۆڕەکەی ووتارێکی ئاگراوی لەسەر گۆڕی ئەم پیاوە ترسنۆکە دا چڕی، من هەستم بەشەرم کردن کرد .
تاڵەبانی لەو ڤیدۆیەدا دەڵێت : "مەلامستەفا ووتویەتی من قەیتانی قۆنەرەکانی عەبدولکەریم قاسمم، کەچی لەسەر گۆڕەکەی مەلا مستەفای لێکردین بەهۆرشیمنە ...!
مێژوو مرۆڤایەتی بۆیان سەلماندووین کە "کەسە نەمرەکان تا مەزرۆی ژیانێکی درێژ نین". نەوشیروان مستەفا لە کتێبی "لە بناری دانوبەوە تا خڕی ناوزەنگ" باسی دوو چاوپێکەوتنی مەلامستەفا دەکات، لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنوسدا بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە ڕۆژنامە نوسە فارسەکەیە کە مەلامستەفا قسەی بۆ دەکات، نەک خەمی هەرەس و ماڵوێرانی تێکی نەشکاندوە بەڵکو دەڵێ خوا هەر هێندەی توانا داوە بەو ئەو ئیتر هیچ نییە، تەنها بابایەکە دەیەوێت بژی بەخۆشی.
تایلەندییەکان دەڵێن "پیاو نابێت لەشەڕدا تەنها پشت بە تیژی شمشێرەکەی ببەستێت "مەلامستەفا هەموو هێلکەکانی کردبووە سەبەتەی شای ئێرانەوە، چونکە پیاوێکی ترسنۆک و خۆپەرست بوو، ئەو چاوەڕوانی نەدەکرد، کە شا بەو شێوەیەکی لێ بکات، ئەو لەوە نەگەیشت، کە سیاسەت کردن هونەرە، شارەزایە نەک کوڕوزانەوە، لای سەرانی کورد بەتاڵیەکی زۆر هەیە لەتێگەیشتن بۆ ژێردەستەیی، ئەوان بێئاگان لەوەی کە ژێردەستەبوون، تەنها ئازار کێشان نییە بەڵکو نەشتەرگەریی ناموسیشە کە ڕۆژانە وێرانت دەکات .
لە هەموو شەڕێکدا بێتاوانەکان ئازاریان پێدەگات، ئەوانەی سەرەنێزەی شەڕیشن وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، لە نمونەکانی مەلامستەفا، لەکاتێکدا ئێمە تاکە گەلین، کە لە مرۆڤە بەزیوەکانمان دەبورین و لە پەرلەمان و جێگە گشتێکاندا وێنەیان هەڵدەواسین، ئاخر گەلێک وێنەی ترسنۆکێی بەزیو بکاتە سمبوڵی خۆی، ئیتر دەبێت داهاتووی چەندە ڕۆشن بێت؟
ئەوەی هەڵی خۆی دەناسێتەوە پاڵەوانی ڕاستەقینەیە، گەر مەلامستەفا لەباتی ژیان و ڕاکردنی خۆی بکوشتایە شایستەی ئەوەبوو هەموو ڕێزی پشان بدەین، بەڵام ئێستا ئەم هەموو درۆیە کە بە دەم ئەم پیاوە دەکرێت، نابێتە مێژوو چونکە لەدەرەوەی هەموو ئەو درۆیانەدا شتێک هەیە ناوی بەزینە، ناوی ئاشبەتاڵە، ناوی خۆپەرستیە، ناوی داماوییە، کە دەبێت ئێمە ئەوە بێنینە سەر زمان . گەر وانەکەین، ئەوە ڕەوڕەوەی مێژوو تەنها وەک ڕووداوی تراژیدیا بەناوماندا دەگوزەرێت و نابێتە وانە بۆمان، چونکە تا ئێستا بۆمان نەبووە بە وانە .
دەڵێن: حەقیقەت ووڵاتێکی بێ شەقامە، گەڕان بەدوای سەرەداودا، گەڕانە بەدوای بەڵادا، چونکە ئێستاش گەلی ئێمە دەڵێ منداڵی گرینۆکین بە موچەیەک بە بەراتێک هەموو شتێکمان بیر دەچێتەوە، وەک منداڵ چۆن بەدەنکێک نەقوڵ گریانەکەی دەوەستێنیت، ئاخر من شەرم دەکەم سەرکردەیەکی بەزیوو و ڕاکردوو بکەمە سمبوڵی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خۆم . گەلان ماندێلا و هۆرشی مینەیان یان هەیە، ئێمەش پیاوێکی بەزیوو، کەچی، پەیتا پەیتا نوسەرە داماوەکان دەچنە سەر گۆڕی و دەڵێن هەستەوە، لەدوای تۆ سەرۆکی چێژی نەماوە ......
سمکۆ ساحێبقران

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە