هیچ بیانوویەکی تر ماوە؟

Wednesday, 16/10/2019, 0:38

2828 بینراوە


بە کوردیان گوت ئێوە پێکهاتەیەکی خێڵاکی دواکەوتوون و پاڵنەری داواکانی ئێوە ناسیۆنالیستی شوانکارەییە، ئیدی ئێمە چۆن هاوکار و هاوپەیمانتان بین؟
لە بەرامبەردا کورد چەندین ڕێکخراوی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنی دروست کردووە و بە شێوەیەکی مەدەنی و سیاسیانە داوای مافە ڕەواکانی کرد.
بە کوردیان گوت: ئێوە ناتوانن خۆتان بەڕێوەبەرن واباشترە لە ژێر دەسەڵاتداری عارەب و تورک و فارس دا بن.
بەڵام کورد لە خۆرئاوای کوردستان جوانترین نموونەی سیستمی دیموکراتی و پێکەوەژیانی پێشکەشی دونیا کرد.
بە کوردیان گوت: ئێوە گروپ گەلێکی چەکداریین، چەک دانێن، ئێستا سەردەمی چەک نییە.
لەبەرامبەردا کورد خەباتی سیاسی و مەدەنی و دیموکراتی ئەنجامدا و بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن و سیاسی کرد، و چووە پەڕلەمان و سەرۆک شارەوانییەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوان پەڕلەمانتاران و سیاسەتمەداران و سەرکردە و سەرۆک شارەوانییەکانیان تیرۆر و زیندان کرد.
بە کوردیان گوت: ئێوە گروپ گەلی تیرۆرستین و باوەڕتان بە ئاشتی نییە.
لەبەرامبەردا کورد ووتی: ئەوەی ئاشتی دەوێت من نەک ئێوە، تاک لایانانە چەندین جار ئاگربەستی ڕاگەیاند و دەستی کرد بە پڕۆسەی ئاشتی. بەڵام دوژمنان کۆتاییان بە پڕۆسەی ئاشتی هێنا و دەستیان کرد بە تیتنۆساید و جینۆسایدی کورد و چیا و سنورەکانیان بۆردومان کرد و جینۆسایدی ڕۆبۆسکی و کۆبانی و عەفرینیان ئەنجامدا.
بە کوردیان گووت: ئێوە گروپ گەلی خێڵاکی و تیرۆرستین، هەر دەسەڵاتتان هەبێ قەتڵوعامی کەمە نەتەوەیی و پێکهاتە ئاینیەکان دەکەن، وەکو ئەوەی سمکۆی شکاک مارشەمعون و گروپە مەسیحییەکەی لە ناوبرد.
بەڵام لە بەرامبەردا کورد لە باشور و خۆرئاوای کوردستان نەک کەمە نەتەوەیی و ئاینییەکانی پاراست، بەڵکو بەشداری پێکردن لە پڕۆسەی سیاسی و سەربازی و حکومداری و ئاشتی بۆ فەراهەمکردن.
بە کوردیان گوت: ئێوە گروپگەلی میلشیای بێ سیستم و دسپلین و مەشقن، ئیدی ئێمە چۆن هاوکاریتان بکەین.
لە بەرامبەردا کورد لە خۆرئاوای کوردستان سوپایەکی یەکگرتووی پڕ مەشق و سیستمی لە هەموو پێکهاتەکان دروستکردوو لە بری جیهان شەڕی داعشی کرد.
بە کوردیان گوت: ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە ووڵاتەکەتان دا نییە، چۆن هاوکاریتان بکەین و هاوپەیمانتان بین و بتانپارێزین.
لەبەرامبەردا کورد لە باشوری کوردستان دەیان کونسوڵگەری ووڵاتانی هێنایە هەولێر، سەدان کۆمپانیایی گەورەی نەوتی ڕووسی و ئەمریکی و ئەوروپی هێنایە باشوری کوردستان و پشکی گەورەی داهاتی نەوتیان برد. سەدان کۆمپانیایی عارەبی و ئەمریکی و ئەوروپی و ئێران و ڕووسی و تورکی لە ڕووی پیشەسازی و کەرەستەی خۆراکی و دەرمان و کشتوکاڵی و بیناسازی.... هێنایە باشوری کوردستان. دەیان بنکەی سەربازی ئەمریکی و کۆری و ڕووسی و ئەوروپی لە باشور هەیە. لە خۆرئاوای کوردستان دەیان بنکەی سەربازی ئەمریکی و ڕووسی و ئەوروپی بوونیان هەیە، بەڵام لە کارەسات و ماڵوێرانی و پەلامارە تورکی و داعشیەکان کوردیان جێهێشت.
بە کوردیان گووت: ئێوە هەمیشە بەشێک بوونە لە ململانێی نێوان شیعە و سونە، لە هەر بارودۆخێکدا لایەنگری سونە یان شیعە بوون، لەبەرئەوە جێگەی متمانە نیین.
لە بەرامبەردا کورد دوای جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستوەردانی نێودەوڵەتی و نێوچەیی و دوای سەر هەڵدانی داعش، کورد هێڵی سێیەمی هەڵبژارد و تەنیا مافی بەرگری ڕەوای لە باشور و خۆرئاوای کوردستان بەکارهێنا.
بە کوردیان گوت: ئێوە هێزگەلێکی چەکداری جوداخوازن و جوگرافیا و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدەن.
کورد گوتی: سنورە سەپێندراوەکانیش تێکناشکێنم بە مەرجێک منیش مافی هاووڵاتی بوون و خۆبەڕێوەبەریم هەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: "بە جیا هەر یەکە لە ئەڵمانیا و ئیسڕائیل هاتنە لام لە قەندیل، ووتیان دەوڵەتێکی کوردیت لە باکوری کوردستان بۆ دادەمەزرێنین، بەو مەرجەی بەرژەوەندی و خواستەکانی ئێمە بەدیبهێنیت، منیش ئەو داوایەم ڕەتکردەوە، چونکە ئێمە دەوڵەتێکمان ناوێت شەڕ بەرهەمبهێنێت و گرێدراوی دەرەکی بێت و برایەکی نێوان تورک و کورد تێکبدات". بەڵام ئێستا دەرکەوت کێ گرێدراوی دەرەکییە و شەڕ بەرهەمدەهێنێت و چەک و کەرەستەی سەربازی ئەمریکی و ئەوروپی و ئیسڕائیلی لە سەر کورد تاقیدەکاتەوە و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە تێکدەدات.
بە کوردیان گوت: ناوچەکانی ئێوە ئارام نییە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنکی ستراتیجی و پێگەی سەربازی ئێمە.
کورد هەموو بیانووە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی بڕی، بەڵام دەردە کوشندەکەی خۆی کە پارچە پارچە بوون و لێکترازاوییە، چارەسەری نەکرد، کە تەنیا کۆنگرە و یەکێتی نەتەوەیی چارەسەری دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە