براوەی دۆڕاو و دۆڕاوی براوە

Saturday, 10.19.2019, 13:07

1595 بینراوە


پاش هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایان ئەمریکاوە یان باشتر بڵێێن لەلایەن خودی دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەردوگان، لەشکرکێشی ،پەلاماردان و دەستدرێژی سوپای تورکیا و چەکدارە توندڕەوە ئیسلامییە ئەڵقە لەگوێکانی دەوڵەتی تورک ، زۆر بە زوویی و بە نامرۆڤانە بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستی پێکرد.دیارە ئامانج لێی لە باربردنی دەستکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی هەسەدە بوو.گەرچی دەنگی ناڕەزایی لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپی ووڵاتانی ئاسیا بیسترا، بەڵام خۆی لە هەڵوێستێکی زۆر شەرمنانە و تاڕادەیەک ترسنۆکانە دا بینییەوە. کەدەڵێم شەرمنانە، مەبەست لەوەیە کە هیچ ئۆرگانێک ، جا نەتەوە یەکگرتووەکان ،ئەنجومەنی ئاسایش ، یەکێتی ئەوروپا، ناتۆ و کۆمکاری عەرەبی بێت، یاخود هەر ووڵاتێکی تری دنیا لە ئاستی تاکدا بێت.هیچ کام لەوانە نەیان توانی ئەو پەلاماردان و دەستدرێژییە شەرمەزار ( ئیدانە) بکەن. بەڵکە ئەوەی کە هەبوو لە لێدوانە فەرمییەکاندا ، تەنها و تەنها خۆی لەدەربڕینی ( نیگەرانی ) دا دەبینییەوە .

بەکارنەبردنی دەستەواژەی ( پەلاماردان ، دەستدێژی ، داگیرکردن ) لە لایەن تەواوی ووڵاتانی ئەوروپاوە بە یەکێتییەکەشیانەوە سەلمێنەری ئەو هەڵوێستە شەرمنانەیە کە گوزارشتم لێکرد. لە ووڵاتی ئەڵمانیا ( بە و پێیەی من خۆم لێی دەژیم ) دەستەواژەی ( ئۆفنسیڤ ) واتە هەڵمەت بردن بەکاردەبرا و هەتا ئەمڕۆش بەکار دەبرێت. ئەو دەستەواژەیە کاتێک بەکاردێت کە تێێدا قۆناخی بەرگری کردن تێدەپەڕێنرێت و پەنا دەبرێتە بەر هەڵمەت بردن .
کە دەشڵێم هەڵوێستی ترسنۆکانە، مەبەست لەوەیە کە هیچ ووڵاتێکی ئەوروپی سزایەکی ڕاستەقینەی بەسەر تورکیادا نەسەپاند. تەنانەت ئەندامان و سەرانی یەکێتی ئەوروپاش هێند بوێرییان تێدا نەبوو،تا هیچ نەبێت، بابەتی بوون بەئەندامی دەوڵەتی تورک بهێننە سەر مێز و وەک کارتی فشار بەکاری بهێنن.
ئەوەی کە لەمیدیاکاندا دەبیسترا و بە هەڵوێستێکی گەورە باسی لێوە دەکرا، کە بابەتی نەفرۆشتنی چەک بە دەوڵەتی تورک بوو، ئەوە ڕاستییەکەی وەک ئەوە نەبوو کە لەمیدیا باسی لێوە دەکرا.
ڕاستییەکە ئەوەبوو، کە ( ئەو چەک و تفاقە سەربازییانەی) لە کاتی ئێستا لە پەلاماردانەکەدا بەکارد هێنرێن، تەنها لە ئێستادا و بەس نادرێتە تورکیا.بۆیە ئەوە جۆرێک بوو لە خۆڵ کردنە چاو و پەردەپۆش کردنی چاونوقاندی دەوڵەتانی ئەوروپی لەئاست ئەو کارە قێزەونی پەلاماردانە.
زۆربەی زۆری تاکی کورد بە گشتی و سیاسەتمەداری کورد بە تایبەتی لە دەستەواژە و لێدوانی سیاسی و سەربازی تێناگەن و زۆر ڕووکەشانە سەیری دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا سیاسەتمەدار و فەرماندەی سەربازی بە مەبەست و بە ئاگاییەوە ئەو دەستەواژانە بەکاردەهێنن. بالێرەدا چەند نموونەیەک لە ئێستا و لە پیشتریدا بخەینە ڕوو.
تەواوی سەرکردە سیاسییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا لەکاتی پەلاماردانی عەفرین و لە ئێستا پەلاماردانی ڕۆژئاوا، تەنها ئەوەندەیان دەووت و دەڵێن : کە نیگەرانن ، دەبێت سەلامەتی هاووڵاتی ڕەچاو بکرێت،کەمە نەتەوەکان بپارێزرێن ، ئەگەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروست نەبێت.
لە ئاخافتنی ئاسایی و لە ئاخافتنی سیاسی و دیبلۆماسیدا هەر ووشەیەک، دەستەواژەیەک ، ڕستەیەک مانای ئاسایی و مانای شاراوەی خۆی هەیە.

بابڕوانین :
نیگەرانی : مانا ئاساییەکەی دەربڕینێکی شەرمنانەیە و مانا شاراوەکەشی هیچ لەبەرانبەر بکەرەکەیدا ناکرێت.
سەلامەتی هاووڵاتیان ڕەچاو بکرێت : مانا ئاساییەکەی دەر بڕینی هەڵوێستی بەناو مرۆڤانەیە، بەوەی هاووڵاتی لایەن نین لە شەڕدا. مانا شاراوەکەی ئەوەیە کە ماف دەداتە دەوڵەتی تورک چۆن چۆنی شەڕڤانان دەکوژێت و لە ناو دەبات مافی خۆیەتی.چونکە شەڕڤان بە هاووڵاتی دانانێن.
کەمە نەتەوەکان بپارێزن : مانا ئاساییەکەی ئەوەیە کە مەسیحی و ئاسوری و ئەوانی تر بپارێزرێن. مانا شاراوەکەی زۆرینە، کە کوردەکەیە هیچ گرنگی نییە لەوەی بپارێزرێت.
ئەگەر سەرهەڵدانەوەی داعش دروست نەبێت : مانا ئاساییەکەی مەراقیانە داعش سەرهەڵنەداتەوە. مانا شاراوەکەی بە دەوڵەتی تورک دەوترێت، کە داعشێکی زۆر لە بەندیخانەکاندان،بیرت نەچن ، تۆ دەتوانیت سوودیان لێوەربگریت وەک ئەوسا بیان پارێزیت و هاوکارییان بکەیت.تا دواتر بتوانن وەک دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ بکەن. زۆر دەمان بیست بۆیە گوێ نادەنە داعشە دیلەکان، چونکە لەدەست هەسەدەدان و باوەڕ پێهێنراو نین.
خاڵێکی تر کە مایەی شەرمەزارییە، کاتێک گوێم لە سیاسەتمەداری ئەڵمانی دەبێت، باسی لێوەدەکەن. ئەویش ئەوەیە ، لەم چەند ڕۆژەی پیشودا لە ئەڵمانیا باسی ژنە داعش و منداڵانی داعشەکان بووە مژار. بیهێننە بەرچاوی خۆتان، ئەڵمانەکان مەراقییانە کە ئەو ژنە و منداڵی داعشانە، نەبادا لەو کەین و بەینەدا بکوژرێن،بیریان لەوە دەکردەوە کە چۆن بیان پارێزن و بە زووترین کات بیان هێننەوە بۆ نیشتمانی دایک. هێندە بێ ئابڕوو بوون، مەراقیان بوو ئەوانە ڕزگار بکەن لە مردن، بەڵام سەدان هەزار منداڵی کورد لە ژێر ئاگری شەڕدا جێ بهێڵن.سەدان هەزار ژن و کچی کورد جێ بهێڵن، تا ئیسلامییەکان بیانکەنە کەنیزە. هاتنی ئەوڕۆی وەزیری دەرەوەی فەرنسا بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەبوو کە چۆن ژن و منداڵی داعشی فەرەنسی و ئەڵمانی ڕزگار بکەن و بیان هێننەوە.

با بێینەوە سەر ئەوەی کە مەبەستە باسی لێوەبکرێت، کە ئاخۆ لەم پەلاماردانەدا کێ براوەی دۆڕاوە و کێ دۆڕاوی براوەیە؟ براوەی دۆڕاو هەسەدە و کوردی ڕۆژئاوایە. دۆڕاوی براوە دەوڵەتی تورکە.
با بزانین چۆن و بۆ ؟
ناوی هەسەدە و کوردی ڕۆژئاوا تێکەڵ بە نەمان و لەناوچوونی بە ناو خەلافەتەکی دعش ببوون. بەواتایەکی دی کورد براوەی یەکەمی شەڕ و لەناو بردنی داعش بوو. دەوڵەت تورک کە پێشتر هاریکاری داعش بوو، وەک ئەندامێکی ناتۆ ، بووە هاوکار و هاوپەیمانی ڕوسیا، وەک ووڵات سیستەمی پەرلەمانی گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی، دواتر ئەم پەلاماردانەی ڕۆژئاوا بووەی هۆی ئەوەی کە کەمینەیەکی کەم نەبێت، پشتگیری کەری نەبوو. جێی وەبیرهێناوەنەیە کە دەوڵەتی قەتەر یەکەم ووڵات بوو کە پشتگیری کرد. حەماسی فەلەستینییەکانی کە کورد لە پیش خۆیەوە داوای دەوڵەتیان بۆ دەکات، دەوڵەت بۆ ئەو بە ڕەوا دەبینێت و بۆ خۆشی بە خەون، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ پەلاماردانە دەربڕی.

ئەمڕۆ دوای سەردانی کردنی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ دەوڵەتی تورک ، لە میدیاکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە دەوڵەتی تورک بۆ ماوەی ١٢٠ دەمژمێر وچان دەدات ( هودنە )نەک ئۆپەراسۆن وەستاندن،بەواتایەکی دی هەڵپەساردن ، (( لێرەدا دەبێت بەوردی وەک پێشتر ووتم لەو دەستەواژەیە بگەین )) کەچی هێشتا و وا ش بەم مەرجانەی خوارەوە :
یەکەم : یەپەگە بە قوڵایی ٣٢ کم لە سنوورەکانی دەوڵەتی تورک بکشێتەوە.
دووەم : چەکە قورسەکان لە یەپەگە بسەندرێنەوە.
سێیەم : دەوڵەتی تورک و ئەمریکا پێکەوە ئیدارەی زیندانیانی داعش بکەن.
چوارەم : دەوڵەتی تورک ناوچەی ئارام لە تەواوی ڕۆژئاوا تاکو دەگاتە سنوری ئێراق دروست بکات.
پێنجەم : دەوڵەتی تورک و ئەمریکا شەڕی دژە تیرۆر بکەن و تەنها تیرۆرستان و شوێن و حەشارگەکانیان
بکرێنە ئامانج.
شەشەم : تێکدانی سەنگەر ، بنکە و حەشارگەکانی یەپەگە.

بڕوانن، بۆ تەنها ووچانێکی ١٢٠ دەمژێری واتە ٥ ڕۆژی، ئەو هەموو داواکارییەی هەیە، ئەی ئاخۆ دەبێت داواکارییە گەورەکانی لەداهاتوو ، واتە بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە چی بن ؟.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، کە هەموو بەندەکان بەس یەپەگە دەگرنەوە، ئەمە لەکاتێکدا پەلاماردەر دەوڵەتی تورکە. بەواتایەکی تر، سوپا و چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ئێستادا لە کوێدان، هەر لەویا دەمێننەوە، بەڵکە ئەوەی کە دەبێت بجوڵێت و پاشەکشە بکات، تەنها یەپەگەیە.
ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە، کە ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە،تەنها لاپەڕەیەکە و لەسەرەوە بەروارێک نوسراوە و لە خوارەوەش هیچ ئیمزایەکەی پێوە نییە. بەواتایەکی دی ڕێککەوتنی نێوان دوو کەس لەسەر سادەترین شت ، هەر ڕەشنووسێکی ئاوا دەنووسرێت. ئەوە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە، ئەو بە ناو ڕێککەوتنە هیچ بەرپرسیارێتییەک و پابەندبوونێکی تێدا نییە. بۆیە ڕوونە کە ئامانج لێی تەنها کڵاو کردنە سەر کوردە و داگیرکردنی ڕۆژئاوایە بە قووڵی ٣٢ کم بە بێ هیچ بەرگری کردنێک واتە بەبێ شەڕ. خاڵێکی تری سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، کە هیچ خاڵێکی تێدا نییە کە دەوڵەتی تورک چی لەسەرە بیکات؟ ئەوەی دەبینرێت، ئەوەیە کە یەپەگە دەبێت چی بکات ، وە ئەمریکا دەبێت چی بکات؟

ئەو بەندانە نەک سیاسەتمەدار، بەڵکە منداڵێک دەزانێت، کە ئامانج لێیان چین ؟

| دەرپەڕاندنی یەپەگە بەقوڵایی ٣٢ کم تا چەتەکانی دەوڵەتی تورک ببنە خاوەنی ئەو ناوچەیە و دەستدرێژی و پاکتاوی نەژادی تیابکەن، هەروەک لە عەفرین کردیان و هەتا ئێستاش دەیکەن.
| تێکدانی سەنگەر ، بنکە و حەشارگەکانی یەپەگە، چونکە دەزانن چ بەرگرییەکیان کردووە تیایاندا.
| یەپەگە خوێنی ١١ هەزار شەڕڤانی ڕشت بۆ لەناوبردنی بەناو خەلافەتەکی داعش و گرتنیان بە دیل، بەڵام دەوڵەتی تورک ببێتە خاوەنیان و دواتر هەم وەک هەڕەشەیەک بەرانبەر خودی کورد و هەم وەک وەک کارتێکی فشار و پارە قۆستنەوە لە ئەوروپا بەکاریان بهێنێت.
| تەواوی ناوچەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی تورکدا بێت، تا عەفرینێکی تر دووبارە بکاتەوە و تەواو تەعریبی بکات. بۆ تەعریب کردنەکەشی بەناوی ئاوارەوە پارەش لە ئەوروپییەکان بسەنێت.
| لای دەوڵەتی تورک یەپەگە تیرۆرستە، بۆیە نووسیویانە شەڕی دژە تیرۆ بکەن و بنکەی تیرۆرستان بکەنە ئامانج. بەواتایەکی دی دواتر پەلاماری یەپەگە بەردەوام دەبێت بە ناوی دژایەتی کردنی تیرۆرەوە.

بێگومان ڕازی بوونی کورد بە گشتی و یەپەگە بەتایبەتی بەو مەرجانە، مانای نەک ئەنفال، تەواو بەخشینی ڕۆژئاوایە بە دەوڵەتی تورک و زیندوو کردنەوەی بەشێکی ئیمپراتۆریەتی ئۆسمانییە.ئەمە جگە لەوەی کە بە ڕازی بوون بەو ڕێککەوتنەی کە لایەنی کوردی نە ئاگاداری بووە و نە بەشدار بووە تیایدا، ئەو هەڵمەتی ناڕەزاییەی کە لە ووڵاتانەوە سەر هەڵدا ، جارێکی تر خامۆش دەبێتەوە و پشتگیری ڕۆژئاوا کەمتر و کاڵتر دەبێتەوە. ئەمەیان گەورەترین لە دەستدان دەبێت.

تاکە ئاواتێک کە هەمە، ئەوەیە کە یەپەگە هێندە ساویلکە نەبن، بیانەوێت پرس بە سیاسییەکانی باشور بکەن و ڕای ئەوا بزانن، چونکە گوێ لەوان بگرن، ئەوا دەبێت، بە چاو نووقاندنەوە ئیمزای بکەن و ڕازی بن.

جارێکی دێمەوە سەر بەکارهێنانی ووشە ، دەستەواژە و ڕستە. بڕوانن وەزیری دەرەی دەوڵەتی تورک چۆن ئاخاوتن دەدات : ئەو دەڵێت، ئەمە ئۆپەراسیۆن وەستاندن یان شەڕ وەستاندن نییە، بەڵکە ووچانێکە، یان باشتر بڵێین تەنها هەڵپەساردنێکە. بۆیە دەبێت، لە مانا شاراوەکانی ئەو لێدووانانە بگەین.

ئەو دەمەی کە مژاری دروست کردنی ناوچەی ئارام هاتە کایەوە و ئەو دەمەی کە دەوڵەتی تورک سیستەمی موشەکی ئێس ٤٠٠ لە ڕوسیا کڕی و توشی هیچ سزایەک نەبوو، هەر ئەو دەمە من نووسینێکم لە کوردستان پۆست نووسی بەناونیشانی ( ڕۆژئاوا سورانەی کڕینی سیستەمی ئێس ٤٠٠ دەبێت ). جێی داخە هەر وا دەرچوو. ئەو دەمە وام نووسی کە ڕۆژئاوا وەک ( سورانە ) پێشکەش بە دەوڵەتی تورک دەکرێت، ئەوسا ئیتر دەبێت فاتیحەی ڕەحمەتی بۆ بخوێنین. جا ئەم ڕێک کەوتنەی ئەمریکا و دەوڵەتی تورکیش لەسەر حسابی کورد، تەوا لە باربردنی ڕۆژئاوایە.
گەر یەپەگە رازی بێت و بیەوێت سازش بکات، بەتایبەتی ئەو سازشە گەورەیە، ئەوا با بچن ئەو سازشە بۆ حکومەتەکەی بەسار ئەسەد بکەن باشترە. با دواتر وەک باشور نەڵێین، ئەو سازشەی لە ٢٠٠٣ وە سەرکردایەتی کورد بۆ حکومەتی ناوەندی دەکات، بریا بریا لە سەتا دەی ئەو سازسانەی بۆ سەددام حوسەین بکردایە. من بەش بە حاڵی خۆم سازش بۆ سوریا کە تۆ تێیدا دەژیت لە سازش بۆ تورکیا بە ڕەواتر و باشتر دەزانم، لە ڕوانگەی هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتر، خراپ هەڵبژێرە. ئەوەشی کە ڕوون و حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک هیچ پابەند نابێت بەو بەناو هەڵپەساردنە وە و بەردەوام دەبێت لە هێرش و پەلاماردان و داگیرکاری. ڕٶژانی داهاتوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییە دەبن.

گەر یەپەگە بەو خاڵانە ڕازی ببێت، ئەوا ئەوسا دەبێت سەرکردە و شەڕڤانانی لە دورەوە گۆرانی :
( چەک هەڵگری خاکێک بووم ، دوژمن لەسەر زاڵە
من بوومەتە بێگانە و بێگانەش خاوەن ماڵە بڵێت )بچڕن.





(دەنگدراوە: 0)