حەسەن خەیری ئیستا لە باشورە!

Tuesday, 19/11/2019, 16:59

13475 بینراوە


لە جەنگی جیهانی یەکەمدا ، دەوڵەتی عوسمانی دژ بە هاوپەیمانەکان ، چووە بەرەی ئەڵەمانیا و نەمسا و هەنگاریاوە ، لە ئاکامدا بەرەکەیان زۆر خراپ شکستی هینا . دوای کۆتایی ئەو جەنگە ، هاوپەیمانە براوەکان لە ڕۆژی ١٠ / ٨ / ١٩٢٠ دا ، وەک سزایەک پەیمانی ( سیڤەر ) یان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتە دۆڕاو و نەخۆشەکەی عوسمانییەکاندا واژۆکرد ، کە لە بڕکەکانی ( ٦٢ ، ٦٣ و ٦٤ ) یدا مافەکانی گەلی کورد بە تەواوی سەلمێنرابوون ، لە ڕاستیشدا بۆ نەتەوەکەمان دەسکەوتی مەزن و پڕ بەها بوون .
ئەوەی شایانی باسە لەو کاتانەدا کۆمەڵێک سەرکردەی سەربازی عوسمانی ، لە ژێر فەرماندەی مستەفا کەمالدا ، دژی فەرەنسا و بەریتانیا درێژەیان بە شەڕدا ، کە ئەو شەڕانە بە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا ناسراوە . مستەفا کەمال توانی بە سەرکەوتووی سەرکردایەتی بەرەکانی شەڕبکات و سەرلەنوێ هاوپەیمانەکان ناچاربکات بێنەوە سەر مێزی دانووسان . ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و لە ناوبردنی خەونی سەربەخۆی کورد . بێگومان جگە لە زیرەکی مستەفا کەمال ، ناهوشیاری کورد خۆی ، دانانی ئاین لە سەروو بەرژەوەندی نیشتمانەوە ، دووبەرەکی و نەبوونی سەرکردایەتییەکی ژیری لێهاتوو ، هۆکاری لە دەستدانی ئەو هەلە نایاب و ناوازەیە بوون .
ڕۆژی ٢٤ / ٧ / ١٩٢٣ نوێنەرانی هاوپەیمانان و تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و واژۆکردنی پەیمانێکی نوێ ، بە ناوی پەیمانی لۆزانەوە کۆبوونەوە . نوێنەرانی وڵاتانی ئەوروپا بە بیانووی ناڕۆشنی چارەنووسی کورد لە تورکیادا ، ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری پەیماننامەیەکی تازەوە . ئەوان لایان وابوو ، لە خۆرهەڵاتی تورکیادا ژمارەیەکی ئێجگار زۆر کورد و خاکی کورد هەیە ، واژۆکردنی پەیماننامەیەکی نوێ چارەنووسی کورد دەخاتە ژێر مەترسییەوە . ئەندامانی وەفدی تورکیا لە وەڵامدا وتوویانە : ( تورکیا بە تەنها هی تورک نییە ، بەڵکو هی کورد و تورکە و ئەم دوو گەلەش بڕیاریانداوە پێکەوە بژین ) . بەڵام نوێنەرانی ئەوروپا باوەڕیان بەو قسانە نەکردووە . جا بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە ، سەرۆکی وەفدی تورکیا هاوار بۆ مستەفا کەمال دەبات و پێی ڕادەگەێنێت : ( ئەگەر فریا نەکەویت دەوڵەتی کوردی دروستبووە ، بۆیە پێویستە کارێکی وا بکەیت بۆ ئەوروپییەکانی بسەلمێنییت ، کە کورد بە خواست و ئارەزوی خۆی دەیەوێت لەگەڵ تورکدا پێکەوە بژین ) . مستەفا کەمالیش بانگی کوردێکی شاری دەرسیم دەکات بە ناوی ( حەسەن خەیری ) یەوە و بەرگی کوردیی پێ دەپۆشێت و لەگەڵ خۆیدا دەیباتە ناو پەڕلەمانی تورکیاوە ، تا پیشانی ڕۆژنامەنووسان و وەفدی وڵاتانی دەرەوەی بدات ، کە حکومەتی تورکیا ڕێز لە کورد و جلوبەرگ و زمان و کەلتوریان دەگرێت . پاشان چەند جارێک حەسەن دەچێتەوە ناو پەڕلەمانی تورکیاوە و هاواردەکات ، کە کوردەکان نایانەوێت جیاببنەوە و دەیانەوێت لەگەڵ تورکی برایاندا پێکەوە لەسەر یەک خاک بژین . دوابەدوای ئەو نواندنە ، مستەفا کەمال داوا لە حەسەن دەکات بروسکەیەک بنێرێت بۆ لیژنەی گۆڕینی پەیماننامەکە لە لۆزان ، حەسەنیش زۆر بە جوانی بروسکەی پشتگیری پێکەوە ژیانی کورد و تورک دەنێرێت ، لە ئاکامیشدا لیژنەکە باوەڕ بە قسەکانی حەسەن دەکەن و پەیماننامەی سیڤەر هەڵدەوەشیننەوە و پەیماننامەی لۆزان دەخەنە جێگای ، بەمەش ئاوات و خەونی مێژینەی کورد ئاوێتەی گڵ دەبێ ، خاکی کوردستانیش بەسەر چەند دەوڵەتێکدا دابەشدەکرێت . پاشان بە فەرمانی ئەتاتورک هەر زوو حەسەن خەیری دەستگیردەکرێت و ڕووبەڕوی دادگای ئیستقلال دەکرێتەوە . دادگاش بە تاوانی جیاخوازی و پۆشینی جلو بەرگی کوردی لە ناو پەڕلەماندا ، تۆمەتباری دەکات ، هەرچەند حەسەن بەرگری لە خۆی دەکات ، کە گوایە ئەو کارەی بۆ بەرژەوەندی تورکیای کردووە ، تا دەوڵەتی کوردی دروستنەبێت ، بەڵام دادگا پێی دەڵین : ( ئێمە ئەوە دەزانیین ، بەڵام لە بەرکردنی جلی کوردی لە ناو پەڕلەماندا پێشێلکردنی دەستورە ) . لە ئەنجامدا دادگاش حوکمی لە سێدارەدان بەسەر حەسن خەیری دا دەسەپێنێت و ڕەوانەی دۆزەخی دەکەن ... بەڵام حەسەن حەوت ڕۆحی هەیە و زۆر دەمێکە گەڕاوەتەوە و ئێستا لە باشورە . نە بای دیوە و نەباران . چەند جارێکیش چۆتەوە تورکیا ، ئەردوگان بە شەرەفی خۆی و ئەتاتورک و ئەو قورعانەی بە دەستوخەتەکەی عوسمانی کوڕی عەفان نووسراوەتەوە ، سوێندی بۆ خواردووە ، کە تورک و کورد بران ، بەڵام ئەوان دژی پەکەکە و یەپەکەی ڕۆژئاوان ، جا ئەگەر بتوانن بە هەردوولایان لە ناویان بەرن ، ئەوا ئەو کاتە پشتگیریی دەوڵەتی کوردیمان بۆ دەکەن . حەسەنیش سەرلەنوێ کڵاوی کراوەتەوە سەر و وەک نۆکەرێک بۆتەوە بە چاو و گوێی تورکەکان ، هەر بۆیە شەو دەخاتە سەر ڕۆژ و جاسوسی بۆ سوپا و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەردوگان دەکات ، ئەشکەوت و کونەبەرد و یاڵ و سەنگەر و ڕێگا و مەکۆ و شۆێنپێی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی قەندیل دەستنیشاندەکات ، کە بێباکانە سواری پشتی شێر دەبن و وەک هەڵۆ دەفڕن . جار جارێکیش حەسەن وەک ئەو کەرەی گاز لە کۆپانی خۆی دەگرێت ، دەبێت بە پاسەوانی کەمپی ئاوارە داماو و ڕەشپۆشەکانی مەخمور ، ئەوەی ئەو بەوانی دەکات ، نە با بە دەواری شر ، نە سەرما بە هەتیوی دەکات . زۆر جاریش خۆی دەگەیەنێتە سنوری ڕۆژئاوا ، ئەو سنورەش وا دادەخات ، ڕێگا بە فڕینی تەیروتووریش نادات . بەردەوامیش لەگەڵ ئەردوگانی فاشستدا ، کە ئەمڕۆ باری لارە لە کۆبوونەوەدان . لە دنیای دەرەوەی تورکیاشدا ، ئەردوگان حەسەنی کردووە بە بەڵگەی نیازپاکی ناخی گڵاوی خۆی . هەر دوێنێ بوو لە کۆشکی سپی ئەمەریکادا و لە بەردەمی سەرۆک ترامپ و گەورە لێپرسراوانی ئەو وڵاتەدا ، ئەردوگان وتی : ئێمە دژی پەکەکە و یەپەکەی تیرۆریستین ، بەڵام چ لە ناو تورکیادا و چ لە هەرێمی کوردستان و دنیادا کیشەمان لەگەڵ کورددا نییە و ئەوان برای ئێمەن ، ئەگەر باوەڕ ناکەن فەرموون لە حەسەن بپرسن . بێگومان ئێستا ئەردوگان لە دنیادا حاڵی شڕە و زۆر پێویستی بە دەنگی حەسەنە ، بەڵام هەرکاتێک لە ڕێگای نۆکەرانی وەک حەسەنەوە ، ڕووی خۆی سپیکردەوە و ڕای دنیای گۆڕی ، ئەوە بە دڵنییاییەوە دواڕۆژمان لە دواڕۆژی حەسەن خەیری و پەیماننامەکەی سیڤەر باشتر نابێت و وڵاتەکەمان دەکات بە گۆمی خوێن و پێ دەنێ بە سێبەری سەری هەموو کوردێکدا ، چونکە ئەردوگان وەک مستەفا کەمال ماری لە هەناوی خۆیدا پەروەردە کردووە ، نە ڕێز لە قورعان دەگرێت ، نە خاوەنی سوێند و پەیمانە . بەڵام بە داخەوە ئێمەی کورد نە فێری هونەری سیاسەت دەبین ، نە وانەیەک لە مێژووی کۆن و ئامۆژگاری مرۆڤە ژیرەکانی وەک قانعی نەمر وەردەگرین ، کە زۆر دەمێکە هاواردەکات :

بە فیت و ماڵی عوسمانلی لە خوێنی ئەردەڵانیدا
سەری نینۆکی سور بوو لەشکری میری بابانم
ئەسەف دارێک ئەبێتە کلکی تەور و داری تر ئەبڕێ
بە ئەم دەردە گرفتارە سەراسەر خاکی کوردانم

*****
سەرچاوەکان:
١ – سایتی کوردیپیدیا ... حەسەن خەیری
٢ – سایتی پەیسەر پرێس ... بۆچی کورد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم نەیتوانی مافی خۆی دەستەبەربکات؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە