رۆژهەڵات، ئەو بەشەی نیشتمان، کە شانازیی بە کولتووری بکوژی خۆیەوە دەکات!

Wednesday, 25/12/2019, 22:32

3042 بینراوە


شرۆڤەی راپەڕینی بنزین لە ئێران و، لە رۆژهەلاتی کوردستان!
نامەیەکی سەرئاوالەی دڵسۆزانە بۆ رێزدار کاک عەلی جەوانمەردی!
-------------------------------
پێویست بە گێرانەوەی وردی رووداوەکانی نیوەی مانگی رابردوو (نۆڤەمبەری 2019)، ناکات، دوای ئەوەی شەوی پێنجشەممە ڕێکەوتی 14/11/2019 حەسەن رۆحانی سەرکۆماری ئێران، لەڕێگەی راگەیاندنی رژێمەکەیەوە خەڵکی ئاگادارکرد، لە سبەینێوە (رۆژی هەینی) نرخی بنزین سێ بەرامبەر زیاد دەکرێ، بڕیارەکەی بوو بە دینەمۆی تەقینەوەی رق و بێزاریی کەڵەکەبووی دەیان سالەی خەڵک و، لە شەوڕۆژێکدا لەسەرجەم هەرێم و شارەکانی ئێران، زەریائاسا بێسڵکردنەوە بەرەوڕووی هێزەکانی رژێمی ئیسلامیی بوونەوە. ئەوەبوو عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و کاربەدەستانی سیاسی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران، حەشیمەتی خۆپێشاندەریان بە ئاژاوەگێڕ و ''ارازل'' (خەڵکی سووک و بێنرخ) و ''اوباش'' (خەڵکی بێنرخ و بەرەڵڵا و هەڕەمەکی کە پەروەردەی خراپیان هەیە) و بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل نێوناسکرد. هێزەکانی رژێمی ئێران، زۆر دڕندانەتر لە ساڵانی رابردوو، بە دەسڕێژی گوللە و رەشبگیری و سەپاندنی شەوەزەنگ و رفاندنی خەڵک لە نیوەی شەو لە ماڵان و، تەژیکردن و پڕکردنی بەندیخانەکان لە خەڵکی ناڕازی و نەیاری رژێمی ئیسلامیی، وەڵامی داخوازیی خەڵکیان دایەوە. دە رۆژێ دوای دامرکاندنەوەی راپەڕینەکە، چارەنووسی هەزاران دەسبەسەرکراو هێشتا نادیارە. لەم پێوەندەدا، رۆژهەڵاتی کوردستان زۆرترین قوربانیی گرانکردنی بنزینی بەخشێ و هەزاران کەس لەشارەکانی کوردستان گیراون و چاولەڕێی چارەنووسی نادیاریانن!
سەڕەرای ئەوەی ئەو حەفتە خوێناوییە ئاکامێکی زۆر تاڵ و دڵتەزێنی بۆ خەڵک بەدواوەبوو، بەڵام لە دوو ئالییەوە دۆخێکی تازەی لەپێوەندیی لەگەڵ رژێمی مەلافەرمانی و خەڵکی ئێران بەگشتیی هێنایە ئاراوە کە دەتوانین لەم دوو خالەی خوارەوەدا روونتر لێوەی بدوێین:
1- بەهۆی ناهۆشیاریی سیاسیی خەڵکی ئێران بە گشتیی، هەر لەسەردەمی سەرکۆمارێتیی محەمەد خاتەمی کە بۆ ماوەی (8) ساڵ، لە مانگی سێپتەمبەری ساڵی 1997 هەتاکوو ساڵی 2005 درێژەی کێشا، لەگەڵ ئەم سەرکۆمارەی ئەمڕۆ حەسەن رۆخانی و هەروەها چەن کاربەدەستیکی دیکەی رژێم وەک کەڕووبی و سەید حەسەن مووسووی، سالەهای ساڵ ئەو بیرۆکەیان بردبووە مێشکی خەڵک و، وایان لە خەڵکی ئێران گەیاندبوو، لەنێو حکوومەتدا کسانی نەرم و نیان و دەسپاک و خێرخوازیشیان تێدایە و، باڵێکی حکوومەت بکوژ نییە، چاکەخواز و رێفۆرمخواز و دڵسۆز و پشتیوانی چینەکانی کەمدەرامەت و رۆشنبیرانە و، گەر خەڵک متمانەی پێبکەن، دەتوانیت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە حکوومەتیش بگێڕێ!! بەم سیاسەتە فێڵبازانەیە رژێمی ئێران بۆ زیاتر لە چارەکەسەدەیەک توانی ملیۆنان یار و نەیاری کۆماری ئیسلامیی لە دوو بەرەی بەڕوالەت جیاواز لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لەڕێگەی بەشداریی ملیۆنان خەڵک لە هەڵبژاردنە کارتۆنییەکانیدا لە نێوخۆی ئێران و دنیای دەرەوە بە رژێمێک خۆی بداتە ناسین کە زۆرترین پێگەی جەماوەریی هەیە. بەڵام لەڕۆژی 15/11/2019 وەک بڵێی پاش چل ساڵ، گەلانی ئێران لە خەو راچڵەکابێتن، بڕیارێکی دیکەیاندا و، پشتیان کردە هەموو دەستە و دەسەڵاتدارێکی نێو سیستەمی کۆماری ئیسلامیی بە راست و چەپەوە. درۆشمی سەرەکیی خۆپێشاندەرانیش، لە دژی سەرۆکی ئاینیی ئێران خامنەیی و، درۆشمی رووخاندنی رژێمی کۆماری ئیسلامیی بوون. ئەمەش واتای ئەوەیە، قۆناخێکی تازە لە خەباتی سیاسیی کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاجیاکانی ئێران دەستیپێکردووە.
2- بەرفرەیی و سەرتاسەریبوونی رووداوەکانی حەوتووی خوێناویی ئێران، سەلماندی رژێمی کۆماری ئیسلامیی، لەلایەنی یاسای و پێگەی جەماوەرییەوە رەوایەتیی خۆی لەدەستداوە و، جگە لە بەشێکی کەمی خەڵک نەبێ کە بە هۆی بیروباوەڕ و بژێویی ژیان و پێوەندیی بازرگانی و ئابوورییەوە گرێدراوی رژێمی ئیسلامین، زۆرینەی خەڵک و رژێم کەوتوونەتە دوو بەرەی دژ بە یەکەوە. بەهۆی نەرمینەنواندنی رژێم و پێڕەوکردنی سیاسەتی ترس و کوشتن و تۆقاندن و سووکایەتیپێکردن و دەسدرێژیکردنە سەر رەخنەگر و نەیارانی سیاسی لەلایەن داوودەزگەی داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامییەوە، دیواری نێوان خەڵک و رژێم رۆژ گەڵ رۆژ ئەستوورتر و بەرزتر دەبێ. بە کورتی، دوای چل ساڵ، رژێمی ئێران لە نێوخۆی ئێران، لە خۆرهەلاتی ناڤین و، لە پێوەندیی نێودەوڵەتیی، بەرەوڕووی گەورەترین قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و دیپلۆماسی بووەتەوە. ئەمانەش ئاماژەی روونن و دڵنیامان دەکەن، لەداهاتووی نێزیکدا گۆڕانی گەورە لە ئێران روو دەدەن.

رۆژهەلاتی کوردستان، دۆخی ئێستا و دوواڕۆژی!
هاوکات لەگەڵ بزاڤی شار و مەڵبەندەکانی ئێران، لەڕۆژی 15/11/2019، خۆپێشاندانێکی بەرفرە و جەماوەریی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد و، لەماوەی حەفتەیەکدا بەپێی ئەو هەواڵانەی دەسکەوتوون، دەیان هاوڵاتیی کورد کوژران و بەسەدانیش بریندار کران. دوای دامرکاندنەوەی خۆپێشاندانەکان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەدان کەس دەسبەسەرکراون و، رەوتی گرتن و شکەنجە و بێسەروشوێنکردن بەشێوازێکی زۆر دڕندانە بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی رۆژهەلات پێڕەودەکرێت.
ئایە رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر گرانکردنی نرخی بنزین وەک داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی، پێویستبوو هێندە قوربانی بدات؟ یان باشوابوو بێدەنگیی هەڵبژێرێ و چاوەڕانی دۆخی راپەڕینی ئێران بکات؟ کورد لە نیشتمانەکەیدا لە خۆرهەڵاتی نێوەراست خاوەنی زۆرترین سەرچاوەی نەوتە. نەوتەکەی دەستیبەسەردا گیراوە و خۆی خاوەنی نییە و هەستی پێناکا، بەڵام لەسەر گرانبوونی نرخەکەی، خۆی بە کوشتن ئەدات! هۆی ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ سالانێکی زۆرە ئەم گەلە لەپێناو کەمترین ماف، زۆرترین قوربانیی ئەدات. کێ لەم کارەساتە مرۆڤی و نەتەوەییە یەک لەدواییەکانەی بەسەریدێت، بەرپرسیارە؟ ئایە کورد خۆی، یان داگیرکەرانی، یان ئەوانەی خۆیان کردووە بە دەمراست و زمانڕەوش و رێپێشاندەری؟
لە ماوەی چل سال تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەیان هەزار کورد کوژراون، چل سالە هەموو رۆژێ ئاوڕوو و کەرامەتی کورد پێشێلدەکرێت. رۆژ نییە مرۆڤی کورد لە بەندیخانەکان، لە کاتی خۆپێشاندانی شارەکان، لە سەرسنوورەکان، لە هاتووچۆی کاروانی مەرگ (کۆڵبەرەکان) گوللەباراننەکرێن. چل سالە رژێمی ئیسلامیی ئێران، کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو و کوردیش وەک گەلێکی بندەست تەماشادەکات. سامان و کانزای تالاندەکا و، زۆرترین چەک و جبەخانە و پێگە و سەربازگەی لە کوردستان مۆڵداوە. لە هەموو مافێکی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابووری و فەرهەنگیی بێبەشیکردووە. چینێکی جاشی چەکبەدەست و قەڵەمبەدەست و فەرمانبەری سیخوڕی بەرماوخۆری لە کوردستان داتاشیوە و، رێی لەبەردەم هەر جۆرە پێشکەوتنێکی زمان و ئابووری و فەرهەنگی و ژیانی کۆمەلایەتیی کورددا گرتووە. دوای ئەم چل سالە پڕ لە نەهامەتییە، کوردی رۆژهەڵات بیری ئێرانچێتێیەکەی بەهێزتر بووە و، لە بیری نەتەوەی و بیری رزگاریی نیشتمانی خۆی بێئاگایە. بەدەگمەن کوردی رۆژهەڵات هەیە خۆی بە ئێرانی نەزانێت.
چل ساڵ لەمەوبەر و لەساڵی 1979 یزاینیی، خەڵکی ئێران درۆشمی ''مردن بۆ شا'' یان بەرزکردەوە و، بڕیاریاندا رژێمی پاشایەتیی بڕووخێنن، رژێمی ئیسلامیی دامەزرێنن. ئەمرؤ پاشگەزبوونەتەوە و،درۆشمی ''مردن بۆ دیکتاتۆر'' ئەڵێنەوە و، دەیانەوێ هەمدیسان رژێمی پاشایەتیی بگێڕنەوە سەردەسەلات! گەلی فارس رەنگە پێێخۆشبێ هەموو ساڵێ شۆرشێ هەڵگیرسێنێ، رژێمێ بڕووخێنێ و، یەکی دی لەجێی دانێنت! کێ دەکەن بە سەرۆک و کامە سەرۆک لە وڵات دەردەکەن، بۆ کوردەکە وەکیەکن و هەموویان میری سەربڕن بەسەرییەوە، کورد هەر بێناسنامە و بێمافە، فارسەکەش، دەولەت و ناسنامە و سەروەریی خاکی خۆی و چەن گەلێکی دیکەی بەدەستە و هیچ نادۆڕێنێت! شا رۆیی، کورد چی دەسکەوت، رژێمی ئیسلامیی بڕوات چی دەسدەکەوێ؟ هیچ! ئەوە راستە کە کورد دەبێ پشتگیریی داخوازیی سیاسی و کۆمەلایەتیی خەڵکی ئێران بکات، بەلام لە داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی، وەک ''ستراتیژ و شەڕی سەروماڵ و شەڕی مان ونەمان'' نەڕوانێ. شەڕی مان و نەمان تەنیا لەپێناو رزگاریی خاکی نیشتمان و رزگارکردنی نەتەوەی کورد و دەرکردنی داگیرکەرانە لە کوردستان. لەبەر ئەوە هەر چەشنە بەرخۆدان و بەرەنگارییەکی توند و خوێناویی ئەگەر لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان دا نەکریت، بەفیڕۆ دەچێت. ئەنجامەکەشی بەهەموو بارێکیدا سوود بە دوژمن دەگەیەنێت نەک بە کورد.
دۆخی ئێران بەرەو تێکچوون و پشێوییەکی سەرتاسەریی دەچێت. لەگەڵ لەبەریەکترازانی چوارچێوەی دەسەلاتی رژێمی ئیسلامیی، عەرەبەکانی خۆزستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێن. هەموو درۆشم و شێوازی بەرخۆدان و درۆشمەکانیان کە بە زمانی عەرەبییە، ئاماژەی روونن بۆ زانینی ئەم راستییە. ئازەربایجانی ئێران ماوەی چەندین سالە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی بیرۆکەی یەکگرتنەوەی هەردوو ئازەربایجانەکان و ئیدۆلۆژیی رەگەزپەرستانەی ''پانترکیسم''ی ترکیا و، کەشێکی دژ بە کورد لەو لایەشمانەوە لە سەرهەڵداندایە. دوای رووخانی رژێمی ئیسلامیی ئێران، رۆژهەلاتی کوردستان کێشەی گەلێک گەورەی لە گەڵ گەلی ترک دەبێت. ئێوە ئەگەر بڕواننە ئەو نەخشەی رژێمەکەی ئەردۆگان و ترکانی رەگەزپەرستی ئازەربایجان بلاویان کردووەتەوە، جگە لە باشووری کوردستان، هەروەها بەشێکی زۆری لای سەرووی رۆژهەلات لە سەلماس و بازرگان و خۆی و ورمێ وە هەتاکوو شاری بۆکان و نەغەدە و سەردەشت بە خاکی خۆیان دەزانن.
بە کورتی، ئەگەر لەساڵی 1979 بە بیانووی شەڕی شیعە و سوننە، بە پیلانی کۆماری ئیسلامی و بەهاندانی مەلاحەسەنی ئیمامی ورمێ و دژ بە کورد و لەلایەن چەکدارەکانی هۆزی ترکمانی ''قەرەپەپاخ'' بە چەک و تەور و داس و چەقۆ دەسیانکرد بە قەڵاچۆکردنی دانیشتووانی شاری نەغەدە و گوندەکانی ''ئیندرقاش'' و ''قاڕنێ'' و ''قەڵاتان''، کە سەدان ژن و منداڵ و پیرولاوی کوردیان کوشت و سەدان ماڵیان تالانکرد و، هەزاران کوردیان ناچار کرد زێد و خاکی خۆی جێبهێڵێت و، بەرەو مەهاباد وشارۆچکە و گوندەکانی دیکە بڕۆن، ئەوا لە داهاتووی نێزیکدا لەپێناو جێبەجێکردنی بیری رەگەزپەرستانەی پانترکیزم، کوردی هەمیشە قوربانی و کارەساتلێدراو تووشی کوشتن و ئاوارەیی دەبێتەوە و، زێد و خاکی خۆی بۆ نەیارانی بەجێدێڵێت. ئەوەی بە کورتی باسیلێوەکرا، دۆخی ئێستا و پێشبینییەکی دۆخی دوای نەمانی رژێمی ئیسلامییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
لە پێوەندیی لە گەڵ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێژای گوتنە، بەو شێوازە چالاکی و خەباتە لاواز و نانەتەوەی و سەرلێشێواوییە سیاسییەی سەرۆکایەتیی حیزبەکان هەیانە، بەو ناکۆکی و پەرتەوازییەی سالەهای ساڵە لەنێویاندایە، بەو کۆمەڵە چەکدارە ناپەروەردە ''نیوە کاسپکار-نیوە پێشمەرگە'' ی کە هەیانە، بەدەستەوەستان و چاوەڕوانیی دەیان ساڵەیان کە لە چەن ئۆردووگای کۆیە و نێزیکی سلێمانی نیشتەجێن، ناتوانین بە گەشبینییەوە بڕوانینە داهاتووی رۆژهەلاتی کوردستان. سەرۆکایەتیی حیزبەکانی رۆژهەڵات، ئەگەر ئەم نووسینەم بە بێڕێزیی لەقەلەم نەدەن و، بەچاوی رەخنە و بۆچوونی دڵسۆزانە و دڵپاکانە لێی بڕوانن، ئەوا ئەم پێشنیازانەی خوارەوەش، دەخەمە پاڵ رەخنەکەم و، داوایانلێدەکەم: لەباتی ئەوەی کە بۆ رازیکردنی رژێمی خوێنخۆری ئیسلامیی ئێران و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی (کوڕەکەی حەمەڕەزاشا و موجاهدینی خەڵک، کە لە کۆماری ئیسلامیی باشتر نین و، باشتر نابن بۆ کورد)، ناوی خۆتان ناوە: (ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران)، ئازایەتی و هەڵوێستی نەتەوەیی بنوێنن و، ناوەکەتان بگۆڕن بۆ: (نێوەندی بەرەی نیشتمانیی رۆژهەلاتی کوردستان). بەوەش رێخۆشدەکەن بۆ بەشداریکردنی هەموو حیزب و رێکخراوەی سیاسی و کۆمەلایەتی و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر لەگەڵ ئەو نێوەندە نیشتمانییە. هێزی چەکدارتان لەژێر فەرماندەیەتییەکی هاوبەشی سەربازیی رێکبخەن، با ببێت بە بەردی بناخەی لەشکری بەرگریی رۆژهەلاتی کوردستان. با بۆ لەنێوبردنی نەخۆشینی بوون بەسەرۆک، لە نێوەندەکەدا هەر شەش مانگ، یان ساڵی جارێک، یەکتان سەرۆکی بێت. بڕیاربدەن بۆ داراییەکی هاوبەش و میدیای هاوبەش و رێکخستنی هاوبەش بە ئامانجی کۆکردنەوەی جەماوەری رۆژهەلاتی کوردستان، لەدەوری ئەو نێوەندە کوردستانییە، هاوکات لە دەرەوەی وڵاتیش ببێت بە گوتەبێژ و زمانڕەوشی تێکڕای خەڵکی کوردستان. وەک کوردێکی دڵسۆزی کوردستان، تکا و داواتانلێدەکەم، لەپێناو گەیشتن بە پلەوپایەی نادیاری خۆتان لە ئێران، ئەزموونی شکستخواردوو و پڕکارەساتی باشووری کوردستان لە رۆژهەلات تاقی مەکەنەوە. درۆشمی پێکەوەژیان و فیدراڵی لە چوارچێوەی ئێرانی نادێمۆکرات و دواکەوتوو، کورد بەرەو کارەساتی گەورەتر دەبات. ئەو هەڵوێستنواندن و راگەیەندراوەشتان لەبارەی راپەرینی نیوەی دووەمی مانگی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، جێی داخێکی گەورەیە و بیرکردنەوە و نووسینەکەتان، بەهیچ چەشنێک لەئاستی تەمەنی سیاسەتکردن و حیزبایەتیکردنتان نییە. لە ئاستی گەورەیی کێشەی کورد و خەبات و قوربانیدان و نێوەۆکی کێشەی رەوای کورد دا نییە کە سەت سالە، بە شێوازێکی سیستەماتیک هەوڵی جێنۆساید و تووناکردنی دەدریت. بۆ ئاگاداریی خوێنەرەوەی هێژا، لە خوارەوە بێ هیچ گۆڕان و دەسکارییەک، دەقی پەیامی رێزدار کاک مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ راگەیەندراوەی ''ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران'' دادەنێم: 

''کوردستان میدیا: لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوای لە خەڵک کرد کە بە هەموو چین و توێژەکانەوە درێژه بە خۆپیشاندانەکان بدەن.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی "مستەفا هێجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەنیسبەت خۆپیشاندانەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات؛
هاونیشتمانانی تێکۆشەر لە کوردستانی ڕۆژهەڵات
دەنگی بەرزی بێزاریتان لە ڕێژیمی دژی گەلی کۆماری ئیسلامی کە هاوارێکی حەقخوازانەیە، تێکەڵ بە دەنگی خەڵکی تووڕەی ئێران، بوو بە سەردێڕی هەواڵەکانی هەموو دنیا.
هەر چەند گوێچکەی دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا، لە ئاست داخوازەکانی ئێوە کەڕ بووە و لە قسەکانیاندا دەردەکەوێت کە هەتا ئێستاش دەنگی ئێوەیان نەبیستووە، بەو حاڵەشەوە بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە، ژن و پیاو، بە هەموو چین و توێژێکەوە شان بە شانی یەکتر لە مانگرتن و ڕێپێوانەکانتان بەردەوام بن و داخوازییەکانی خۆتان هاوار بکەن.
تکایە لەو بەرخۆدانەدا، لە توندوتیژی خۆبپارێزن و بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە درێژە بە خەباتەکەتان بدەن، بۆ ئەوەی ڕێژیم بەهانەی بۆ سەرکوت و زەبروزەنگی زیاتر دەست نەکەوێت.
هەموو خەڵکی دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لەگەڵ دەنگتانە و دڵمان لە لاتانە.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم بەرخۆدانەی شار دەکەم و ساڕێژبوونەوەی برینی بریندارەکان بە ئاوات دەخوازم.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
لێپرسراوی گشتی
مستەفا هیجری
٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی''.

............................................................
ناوه‌ندی هاوکاری حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران
کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان
ناوه‌ند و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ
له‌ حه‌وتووی ڕابردوودا ‌هه‌موو جیهان بۆ جارێکی دیکه، چاوی لە توندوتیژی و تاوانه‌کانی “کۆماری ئیسلامی”یه‌وه‌ بوو. دوابه‌دوای به‌رز بوونه‌وه‌ی نرخی بەنزین، هه‌موان دیتیان که‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ هێمنانه‌و ئاشتیخوازانه‌کانی خه‌ڵک به‌ باروودۆخی خراپی ژیان و گوشاری ئابووری لە ڕادەبەدەر، به‌ خێرایی له‌گه‌ڵ جه‌وێکی سه‌ربازی و ئه‌منییه‌تی ڕووبه‌ڕوبوویەوە‌ و له‌لایەن کۆماری ئیسلامیه‌وه‌ سه‌رکوت کراو بەو پەڕی‌ توندووتیژییەوە وڵام درایەوە. به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه ڕیژه‌یه‌کی زۆر له‌ هاووڵاتیان گیانی خۆیان له‌ده‌ستداو‌ هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا به‌ هه‌مان شێواز و ڕێکاری هه‌میشه‌یی ڕژیمه‌ تۆتالیتێر و پاوانخوازەکان، شه‌پۆلێکی به‌ربڵاوی ده‌ستبه‌سه‌رکردن و به‌ندکردنی به‌ کۆمه‌ڵ بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان و لە ئەنجامی پشکنینی ماڵبەماڵ ده‌ستی پێکرد. به‌ پێی هه‌و‌اڵه‌کان، ژماره‌ی ده‌ستبه‌سه‌رکراوان گه‌یشتوه‌ته‌ هه‌زاران که‌س کە‌ ڕێژه‌یەکی بەرچاویان له‌ مێرمنداڵان، ژنان و برینداران پێکهاتووە‌. کۆماری ئیسلامی به‌ له‌به‌رچاونه‌گرتنی خواستە ڕەوا و داخوازییە ئاسایی و بەرحەقەکانی چالاکان و پارێزەرانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان، به‌رده‌وام به‌ کەڵکوەرگرتن لە ئامرازه‌کانی سه‌رکوت و به‌کارهێنانی گوشار، هه‌وڵی له‌ ناوبردنی ناوه‌ڕۆکی کێشه‌کانی داوە و ته‌واوی دەرگا و ڕێگاکانی یاسایی، ئاسایی و ئاشتیخوازانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی داخستووە.
ناوه‌ندی هاوکاری حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران، داوا له‌ ناوه‌نده‌ نێونه‌ته‌وه‌ییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات که‌ هه‌موو هێز و توانای خۆیان به‌ مه‌به‌ستی ئازادی هەرچی زووتر و بێ مه‌رجی ناڕازییان به‌کار بهێنن و گوشارەکانیان له‌ ئاراستەی به‌ یاسایی ناسینی مافی کۆبوونه‌وه‌ و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی – وه‌کوو مافێکی حاشاهه‌ڵنه‌گری هاووڵاتیبوون و دێمۆکڕاتیک – لەسه‌ر کۆماری ئیسلامی چڕ بکەنەوە. هەروەها جەخت دەکەینەوە کە بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی بەندکراوان راستەخۆ لەئەستۆی بەڕێوەبەران و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە و پێویستە لەم پێناوەدا لەهەمبەر خەڵک و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی وڵامدەر بن
ناوه‌ندی هاوکاری حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران
2019/11/25

....................................................................................................................
رێزدار کاک عەلی جەوانمەردی
کاکە عەلی جەوانمەردی ئەمڕۆکە ناوێکی ئاشنایە و چالاکی و نێوبانگی سنوورەکانی کوردستانیشی تێپەڕاندووە. رۆژنامەنووس و هەواڵنێرێکی سەرکەوتووە و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و دەنگوباسەکانی کوردستان و، عێراق و ئێران، لەڕێگەی ماڵپەڕەکەی (AVA TODAY) ، سەرچاوەیەکی گرنگی هەواڵ و رووداوی رۆژانەیە و، هەموو رۆژێ هەزاران بیسەر و خوێنەری هەیە. ئەو هەوال و چالاکی و رووداوە بەربڵاو و بەردەوام و بێسانسۆرانەی کاک عەلی جەوانمەردی بڵاویاندەکاتەوە، بەو پێوەندییە بەربلاوەی هەیەتی، بە راگەیاندن و رێکخستنی چەندین حیزبی ئیمڕۆکەی گۆڕەپانەکەی کوردستان نەکراوە و ناکرێت. لەبەر ئەوە جێی رێز و پێزانینە و، بەشبەحاڵی خۆم دەستخۆشی لێدەکەم و، هیوای تەندروستی و سەرکەوتنی زیاترم هەیە بۆی.
هاوکات لەگەڵ ئەم تێکۆشینە بەربڵاوەی کە کاک عەلی لە بواری راگەیاندن دەیبات بەڕێوە، ماوەی چەن مانگێکە، بەتایبەتیی دوای ئەوەی لەنیوەی دووەمی مانگی رابردوو، بەهۆی گرانبوونی نرخی بنزینەوە، ناڕەزایەتیی زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە، بەداخەوە لە پیشەی خۆی کە هەواڵنێرییە، دوور کەوتەوە و، بە تاقی تەنیا، رۆڵی سەرپەرشتیکردن و رێنوێنیکردنی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتە ئەستۆ و، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنە و فیلمی خۆپێشاندان و پێکدادانی هێزەکانی دڕندەی کۆماری ئیسلامی و خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵات، دەستیکرد بە هاندانی خەلکی بێدەسەلات و بێچەک و، دەیگوت: تا سەرکەوتن، وەک عێراقییەکان بەردەوامبن و نەوەستن و، کۆڵنەدەن. مزگێنیی ئەوەشی دانێ: خوێنی بەناحەق رژاوی لاوانی کورد، دەبێتە داری ئازادی و شین دەبێتەوە!''. حیزبەکانی رۆژهەلاتیش کە دەیان سالە دوورن لە خەباتی کردەیی و، دانیشتنی درێژخایەن لەپەڕوباڵی خستوون، جگە لە دەرکردنی راگەیەندراوە، هیچیان لێنەبینرا و، بە کردەوە بوون بە بینەر و خوێنەر و بیسەری فیلم و لێکدانەوە و دەنگوباسەکانی کاک عەلی.
کاک عەلی جەوانمەردی لەگەڵ هەموو دڵسۆزی و نیازپاکییەک هەیەتی، لە بیری نەتەوەیی تێنەگەیشتووە و، دڵپاکێکی نەشارەزا و کەمئەزموونە و، نازانێت: ''داری ئازادیی کورد، بەبێ بەرنامە و بێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، شین نابێت!''. وەک چۆن رووخانی رژێمی حەمەڕەزاشا، نەبووە هۆی شینبوونی داری ئازادیی بۆ کورد، یان رووخانی رژێمەکەی بەعس و سەدام حسێن، نەبووە هۆی ئەوەی ئازادیی بۆ کورد بەدیاری بێنێت، بەدڵنیاییەوە دوای رووخانی رژێمی داگیرکەری ئیسلامییش، ماڵوێرانی و قوربانیدانی کورد بەفیڕۆدەچێ و، دیسان وەک پێشوو، ریسەکەی لێدەبێتەوە خوری.
کاک عەلی هێژا!
بەهۆی پێڕەوکردنی سیاسەتی چەوت و نانەتەوەییانەی سیاسەتکارانی کورد، کە ئێستا بەڕێزیشت دەگرێتەوە،دوای سەت ساڵ بندەستی و دوای سەت ساڵ قوربانیدان، داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە رزگاریی خاک و نەتەوە و سەربەخۆیی، لەبیری رزگاریی کوردستانەوە، گۆڕاوە و، بووە بە راپەڕین و خۆبەکوشتندان لەپێناو هەرزانکردنی بنزین. ئەم کارەساتەش بەسەر کوردی بێ پلان و بێ ئامانجدا تێپەڕ دەبێت، ماوەیەکی دیکە لەسەر گرانکردنی نرخی هێلکە و تەماتە و مریشک، یان هەر پێداویستییەکی دیکەی ژیان، خەڵکی ئێران رادەپەڕنەوە، کوردستانیش بەوتەی بەڕێزت وەک هەمیشە پێشەنگ بووە! دەبێ کۆمەڵێکی دیکەی رۆڵەی کورد بە گوللەی دوژمن تێدا بچن، ئەوجا بەڕێزت و، سەرۆکی حیزبەکانیش لە دوورەوە هانیان بدەن و بڵێن: مەترسن، چۆنکە ئازادیی بە بێ قوربانی نایەتەدی! هەروەک بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە پەیامەکەیدا کە لەم وتارەدا دامناوە، دەفەرمێ: ''هەموو دنیا پشتیوانتانە، دەنگمان لە گەڵ دەنگتانە، دڵمان لەلاتانە!!''. دڵسۆزیی لەمە باشتر دەبێت!؟ ژن و منداڵ و پیاو و لاوی خوێنگەرمی ولاتەکەت کە بۆ داخوازییەکی کۆمەڵایەتیی هاتووەتە سەر شەقام، بەدەستی بەتاڵ و بێ هیچ پشتیوانێک، هانبدەی بەرەوڕووی دڕندەترین و دواکەوتووترین رژێمی سەردەم بێتەوە، خۆڵ بکەیتە چاوی و بڵێی: دنیاتان لەگەڵە، بەڵام خۆم و ئەندامان و هێزی پێشمەرگەم، دڵمان لەلاتانە!! ئایە بەڕێزت و کاک مستەفا هیجری و هەموو ئەندامانی سەرکردەیەتیی حیزبەکانی رۆژهەلات، دوای چل ساڵ، لەوە نەگەیشتوون، داوودەزگەی رژێمێک لە زیندانەکانیدا هێند بێڕەوشت بێت، دەسدرێژیی بکاتە سەر خەڵکی ناڕازیی گەلی خۆی، هەزاران ناڕازیی گەلی خۆی، لە زیندانەکانیدا کۆمەڵکوژ بکا و، کەس بە گۆڕیان نەزانێ، رەخنەگر و ناڕازیی گەلی خۆی بە بەرەڵڵا و بێڕەوشت و سەرسەری (ارازل و اوباش) بداتە قەڵەم، ئایە وەک مرۆڤ تەماشای کوردی بندەستی کردووە و، دەست لە کورد دەپارێزێ!؟
کێشەی کورد، کێشەی خاک و نیشتمانێکی پارچەکراوە، کێشەی نەتەوەیەکی پارچەکراو و نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی و بندەستکردن و زەوتکردنی هەموو مافێکی یاسای و مرۆڤی و نەتەوەییە لێی. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنیا بە دەرکردنی داگیرکەران لە کوردستان و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان چارەسەر دەکرێت. هەموو بەشێکی کوردستان وەکیەکە و، چارەنووسی نەتەوەی کورد پێکەوە گرێدراوە. ئەنجامدانی ئەم ئەرکە گەورە و پیرۆزەش، بەبوونی دەزگەیەکی نیشتمانیی دەکرێت کە پێکهێنەرانی باوەڕیان بەم پرنسیپانە هەبێ و، لادان لێی بە تاوانی نیشتمانیی بزانن. رزگارکردنی کورد و کوردستان، بە بوونی سوپای نیشتمانی و میدیا و رێکخستنی نیشتمانی و دیپلۆماسی و ئابوورییەکی نیشتمانیی دەکرێت، لەکۆتاییدا هاندانی خەلک بۆ راپەڕین، لە هەلوبارودۆخێکی گونجاوی سیاسییدا دەکرێت، جەماوەری کوردستان،متمانە و باوەڕی تەواویان بە سەرۆکایەتی و گەیشتن بە ئازادی و سەرفرازیی خۆیان و نێشتمانیان هەبێت.
لەبەر ئەوە هاندانی خەڵکی کوردستان لە دۆخی ئێستا بۆ راپەڕین بەبێ بوونی ئەو مەرجانەی سەرەوە، بەبیر و تێگەیشتن و لێکدانەوەی تاکەکەسی، بە بیری حیزبایەتی و ناتەبایی و چاوسۆرکردنەوەی سەرۆکایەتیی حیزبەکان لەیەک، بەهەوڵدانی حیزبی بۆ دەستخستنی پلەوپایەی سیاسیی لای رژێمی داگیرکەر و ئۆپۆزسیۆنی وڵاتانی داگیرکەر، بە بیری ئێرانچێتیی و پاوانخوازیی ناکرێت. دەیان سالە نەتەوەی کورد بەهۆی پێڕەونەکردنی ئامانج و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەلایەن حیزبەکانییەوە، بەرەوڕووی کارەساتی یەک لەدواییەک و ماڵوێرانی و قوربانیدانی بێئەژمار بووە. درێژەدان بە رەوتی بەکوشتندانی رۆلەی کورد بێ لێکدانەوە و بێ ئامانجێکی روونی نەتەوەیی، واتای بێڕێزی و بایەخنەدانە بە گیان و چارەنووسی هاووڵاتیانی کوردستان و، تاوانێکی گەورەیە و، مێژوو لە تاوانی کەس خۆش نابێت!
کاک عەلی بەڕێز!
لەبارەی ئەو بزووتنەوەی عێراقەوە کە بەڕێزت بە شانازی و سەرکەوتنی دەزانی و، نێویتناوە: ''شۆرشی ئازادیی عێراق!'' و هەزاران رۆڵەی کوردت پێ سەرقاڵکردووە، بۆچوونەکەت دوورە لە راستییەوە. ''ئازادیی'' واتای یەکسانییە لە ماف دا. یەکسانیی نێوان مرۆڤ لە هەموو روویەکەوە، بێجیاوازیی. واتە بەبێ یەکسانیی، ئازادیی هیچ واتایەکی نییە. ئایە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدار و خەڵکی عێراق بەگشتیی، لەم سەتسالەی کە کورد لە ولاتە دەسکردەکەیان جێنۆساید دەکرێت، باوەڕیان هێناوە بە مافی وەکیەکی و یەکسان لە گەڵ کورد؟ ئێمە هەر باسی عێراق نەکەین، ئایە تێکڕای کۆمەڵگەی وڵاتانی رۆژهەلاتی ناڤین لە واتای ''ئازادیی'' تێگەیشتوون؟ ئەگەر وایە ئەم هەموو رژێمە دیکتاتۆر و ئەم شەپۆلی سەربڕین و خوێنڕشتنە لەسەرەتای سەدەی بیستویەک، لەپێناوی چیدایە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، تەنانەت ئەگەر قسەکەی ئێوە راست بێ و، ئەو خەڵکە لە ئازادیی تێگەیشتبێتن و، بۆ دابینکردنی ئازادیی خۆیان راپەڕیون، دیسان ئەمە پێوەندیی بە کوردەوە نییە، هەروەک راپەڕینی ئێران نییەتی و نابێت بیبیت. کەتەلۆنیا و سکاتلەند دوو وڵاتی رۆژاوای ئۆرووپان، لەوە دڵنیان رژێمەکانی سپانیا و ئینگلیز سیستەمێکی دێمۆکراتیان هەیە، هەردووکیان بەتایبەتیی سکاتلەند، بەسیستەمی کۆنفێدراڵی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئەو دوو گەلە نەبوونی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بە شوورەیی دەزانن و، کیان و ناو و هەست و کەسایەتیی خۆیانی تێدا نابینن. ئەوەی کە لە عێراقدا روودەدات، شانبەشانی داخوازیی خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت، چینی ئاینزای شیعە دەوری تێدا دەبینێ بەسەرۆکایەتیی ئایەتۆڵڵا سیستانی. لە بیر و پیلانی ئەوەدان، ئەگەر بۆیان بچێتەسەر، رژێمێکی ئیسلامیی ''شەشدانگ شیعە'' لە عێراق دامەزرێنن. با لە باتی سەرقاڵبوون و چاوەروانبوون کە دۆخی عێراق بە کوێ دەگات، لە باتی گێژکردنی خەڵکی کوردستان بە سەرهەڵدانی ئازادیی لە عێراق، کورد لە خەونی ئاڵۆزی سەتسالەی راچڵەکێ، سوود لەم پشێوییەی عێراق وەربگرێ. سەرۆکایەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان لە باشوور لە هەوڵی گێرانەوەی کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکاندا بن، کە ساڵی 2017 بەدەستی دارودەستەی جاش و خیانەتکارانی کورد هەرزانفرۆشکرا و تەسلیمی داگیرکەران کرا.
برای هێژا، کاک عەلی!
لە کۆتاییدا، هەروەک لە سەرەوەش نووسیومە، بەڕێزت لەبواری راگەیاندن توانا و زیرەکیی خۆتت پێشانداوە. لە کوردستان و لەدەرەوە، بینەر و بیسەرێکی زۆرت هەن، وەک کوردێکی دڵسۆزی کورد و کوردستان، تکایەکی برایانەم هەیەلێت، هاوکات لە گەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و رووداوەکان و خستەڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئێران و، لە کوردستان و، دەنگوباسی وڵاتانی دراوسێی کوردستان، حەفتەی چەن بەرنامە تەرخان بکەی بۆ هۆشیارکردنەوەی لاوان و چینی خوێندکاری کوردستان. بۆ ئەم ئەرکە گرنگ و پیرۆزە، بە دڵنیاییەوە کەسایەتیی زانا و نەتەوەپەروەر زۆرن هاوکار و یارمەتیدەرت بن. پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی لە کورستان، گەورەترین خزمەتێکە ئێوە دەتوانن بە گەلەکەتانی بکەن. هێما و سومبۆل و رووداو و کارەساتەکانی وەک هەڵەبجە، شەنگال، ئەنفال، کوشتاری بەردەوامی کۆڵبەران، دیاریکردنی رۆژێک بۆ سەرجەم لەسێدارەدراوانی رۆژهەلات بەدەستی رژێمی پەت و سێدارەی ئێران، بەرخۆدان وکارەساتەکانی باکوور و رۆژاوا، بکرێن بە رۆژی ماتەمینیی سەرتاسەریی لە کوردستان، مانگرتن و خۆپێشاندان و کۆڕوکۆبوونەوە و سەمیناریان لەسەر بگیرێت. لەم رێگەیەوە هەست و باوەڕی هاوبەش و سۆز و چارەنووسی هاوبەش لای تاکی کورد درووستدەکرێت. پرسی رێفراندۆم بۆ کوردستان، وەک داوایەکی مرۆڤی و یاسایی ببرێتە نێو مێشکی هەموو تاکێکی کوردەوە. درۆشم و خەتدان و رێنوێنیکردن بە ئاقاری پەرەپێدانی هزری نەتەوەیی و هۆشیاریی نەتەوەیی، نەتەوەی کورد دەخاتە سەر شاڕێی تێکۆشین و خەباتی رزگاریی نیشتمانی و، لەو گێژاوە هزری و سەرلێشێواوییە رزگاریدەکات کە دەیان سالە تووشی بووە. کوردستان لە دۆخێکی ئێجگار پڕمەترسی و چارەنووسسازدایە و، هەر تاکێکی کورد ئەو راستینەیە تێبگا و بزانێ، کەسایەتی و ئاوڕو و ئاسایش و هەبوونی وەک مرۆڤ، تەنیا لەسایی دەولەتی سەربەخۆی کوردستاندایە و، هەر تاکێکی کورد ئەرکی سەرشانیەتی بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی خۆی و گەلەکەی تێبکۆشێت!
سەرکەوتنتان ئاواتەخوازم
سیروان کاوسی
10/12/2019

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە