بانگەوازێک بۆ کەسوکاری شەهیدان و وڵاتپارێزان

Thursday, 26/12/2019, 13:47

20475 بینراوە


فرۆشتنی شەهیدەکانتان بە پارە

لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی (1975)، جارێکی تر وەک سەرانی یەکێتی باسی دەکەن، کە جوڵانەوەی بەرگریی لە باشور دەستی پێکردەوە. کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان یەکێک بوو لەو رێکخراوانەی کە ژمارەیەکی زۆر چوونە ژێر ئاڵاکەیەوە. چەندەها کەس گیران و خرانە بەندیخانە، چەندەها کەسیش لەوانە مەردانە چوونە بەر پەتی سێدارە و ماڵئاواییان لە ژیان کرد. ژمارەیەک لەو شەهیدانە لە زیندانەکاندا نامەیان دەنارد، کە خاوەنی پەیام و ئامانجی سیاسیی بوون. بۆ سەرکردەکانیان نووسیوە، تا ئەمان بە ئەرکی نیشتیمانیی خۆیان هەڵساون و سەرکردەکانیان قەرزاربار دەکرد بەوەی خوێنیان بە فیڕۆ نەچێت و بەردەوام بن لە خەباتدا، (کلیکی ئێرە بکە بۆ خوێندنەوەی نامەکان) بەڵام دواتر  دەرکەوت کە ئەو سەرکردە و بەرپرسانە کەسانی ناپاک، دز و بازرگانی خوێن بوون. بە هیچ جۆرێک وێژدانیان بۆ قوربانیی و ئەشکەنجەی شەهیدان و کەسوکاریان نەجوڵا. بچوکترین حسابیان بۆ شەهیدان و کەسوکاریان نەکرد. بە پێچەوانەوە ئەم سەرکردە و بەرپرسانە بێڕێزییەکی زۆریان پیشاندا. بە جۆرێک کارێکی وایان کرد، کە ئەمڕۆ گومان لە شەهیدەکانیش دەکرێت، تا شەهیدانیش وا ببینرێن، بەوەی ئەگەر ئەوانیش بمانایە هەر وەکو ئەمانە دەبوون.
 ئەم سەرکردە و بەرپرسانە ئێستا بونەتە ئافات بۆ کورد. ئەوەش راستییەکی بەڵگە نەویستە، کە زۆربەی سەرکردەکان کەسانی سەرسەریی و رەوشت نزم بوون، خوێنی ئەندامان و شەهیدەکانییان بە پارە فرۆشت،  تەنانەت سڵیان لە کەسوکاری شەهیدانیش نەکردۆتەوە، بە پێچەوانەوە تا بۆیان کرابێت دەستدرێژیی و بێناموسیان بەرامبەریان کردوون.
دوای ئەو ماوە زۆرەش کە بەسەر مێژووی ئەم رێکخراوانە و دەسەڵاتی بەرپرسانەدا تێدەپەڕێت، دەبێت بگوترێت، کە بەشێک لەو بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە سەر شانی جەماوەری کورد، کەوا بایەخیان بەوە نەداوە و ئەم خاڵەیان بە هەند وەرنەگرتووە، هیچ حسابێکیان لەگەڵ ئەو ناپاکانەدا نەکردوە، بۆیە لە هەموو کەس زیاتر کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان جێگای پرسیار و گومانە، کە لەو دزیی و لەو تاڵانییە زۆرەی سەرکردەکانیان کردویانە، بەڵکو بۆ دەم داخستنیان تۆزێکیان داوە بەوان. وەکو ئەوەی شەهیدەکان بۆ پارە و زەویی و ماڵی دنیا خۆیان بە کوشت دابێت. ئێمە لێرەدا دەمانەوێت رووی دەممان لە پێش هەموو کەسێکدا بکەیەنە کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە، پێیان بڵێین: ئێوە لە هەموو کەس زیاتر دەبێت رێز لە شەهیدان و وڵاتپاریزیی بگرن. ئەویش بەوە دەبێت کە سنورێک دابنێن بۆ بازرگانیکردن بە خوێنی شەهیدان و پرسی میللەتەکەتان. ئێوە لە پێش هەموو کەسێکدا پێویستە سەرکردە چەتە و دزەکان بخەنە ژێر پرسیار و لێپرسینەوە. ئێمە لێرەدا چەند نمونەیەک دەخەینەوە بەرچاوتان:
- لە ساڵی (1966)ەوە هەتا ساڵی (1970) سەرکردەکانی مەلایی و جەلالی کوردیان لە شەڕی نێوان خۆیاندا بە کوشت دا. ئایا پرسیتان لە پێناوی چیدا بوو؟
- لە دوای ساڵی (1976)ەوە دیسان شەڕی نێوان پارتەکان، هەزارانیان بە کوشت دا، ئایا پرسیتان ئەی ئەمەیان لە پێناوی چیدا بوو؟
- لە ساڵی (1994)یشدا دووبارە شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی بوو بە نەهامەتیی و بە کوشتدانی هەزارەها گەنج و لاوانی کورد، بە بێ ئەوەی خەڵکی و کەسوکاری شەهیدان تاکە بەرپرسێک بخەنە ژێر پرسیارەوە.

ئەی جەماوەری کوردستان

دوای مێژوویەک لە شەڕی دژی پارتی کە یەکێتیی و جەلالییەکان، پارتیی و بنەماڵەی بارزانییان بە دوژمنی سەرەکی کوردیان لەقەڵەم دەدا، جەلال تاڵەبانی چووە ژێر جەنازەی مەلا مستەفا و هاواری دەکرد، کە دەنگ بدەن بە مەسعود بارزانی. سەرکردەکانی کۆمەڵە پارتیان بە عەشایەر و ناپاک و جاش ناو دەبرد. خۆشیان بە ناوی کرێکارانی جیهانیی و لە ژێر پەردەی رەنجدەراندا خەڵکیان بە کوشت دەدا. کەچی ئێستا ئەو کۆمەڵە مارکسیانە، یەکە یەکە دەچنەوە سەر بەڕەی پارتی و بنەماڵەی عەشایەرەکە، پەشیمانی خۆیان دەردەبڕن و باسی سوکی خۆیان بۆ مەسعود بارزانی و پارتی دەکەن. دیارە ئەو نامەردانە کە دوێنێ بێویژدانانە خەڵکیان بە کوشت دەدا بۆ ئەمڕۆشیان گران نییە کە هەڵوێستە کۆنەکەیان بەو ماستاوکردنە بفرۆشنەوە بە بێ ئەوەی لەسەریان بکەوێت، چونکە تا ئیستا یەک خائینی کورد نە دادگایی کراوە و نە لێپێچێنەوەی لەگەڵدا کراوە! ئێمە لێرەدا سەرنجتان بۆ ژمارەیەک ڤیدیۆ رادەکێشێن، کە لە خوارەوە هەندێک لەو بەرپرسە خائین و ناپاکانە چۆن بە نامەردیی و تەڵەکەبازیی فێڵیان لە میللەت و شەهیدان کردووە. ئیتر ئەرکی سەر شانی کەسوکاری شەهیدان، پێشمەرگە و هەموو وڵاتپارێزانە، کە دەنگیان هەبێت و لە رێگای بێدەنگییانەوە نەبن بە بەشێک لەو غەدرەی کە لێیان دەکرێت. پێویستە کەسانی جوامێر و وڵاتپارێز لە ناو رێکخراوەکاندا یەک بگرن و چیتر ملیان بۆ ئەو هەموو سوکایەتییە نەدەن. پێویستە ناڕەزایی دەربڕن و ریزی ئەو پارتانە بەجێ بهێڵن کە ئێستا بە ناوی سیاسەتەوە بوونەتە دز و چەتە و بەناوی پارت و بزووتنەوەی و رێکخراوەوە کۆمپانیای بازرگانی بەڕێوە دەبەن. لە ناو ئەو پارتانەدا هەر کەسێکیان لەگەڵدا بێت تەنها سوکایەتیی و پارەی دزیی دەست دەکەوێت ئەگینا هیچیان تیادا نەماوە، جگە لە دادگایی و سزادانیان.

جگە لەم ڤیدیۆیانە دەیان بەڵگە و دەنگی تۆمارکراو و نووسین و پەیوەندیی تەلەفونی دیکە هەن کە بەهەمان شیوە زۆربەی سەرانی یەکێتیی، بەسەر بنەماڵەی بارزانییاندا هەڵداوە، هەمووشی لە پێناو پەرژەوەندیی بازرگانی و پارە و پاراستنی خۆیان و پۆستە سیاسییەکانیان سازشیان کردووە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە