کۆمەڵگا چۆن دەگۆڕێت

Thursday, 26/12/2019, 17:22

7943 بینراوە


قسەمان لەسەر کۆمەڵگە و گۆڕانکاریەکان بوو،چۆن مانەوە مرۆڤ لەژێر دەسەڵاتیکی دیکاتۆر،تاکێکی تەمبەڵ دروستدەکات، بەهۆی کارێکەوە کەمێک دوورکەوتەوە، پاش کەمێک بە پێکەنینەوە هاتەوە و گوتی: باچیروکێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە، کە باسەکەی بۆ زەمەنی یوگسلافیا پێشوو دەگەڕێتەوە
-فەرموو
-دەڵێن خەڵکی گوندێک چەند جارێک چوونە لای( قەشە یاخود ئیمام)بە ئارەزووی خۆت یەکێکیان هەڵبژێرە چونکە لەناوچەیەک دەڵێن ئیمام و لە ناوچەیەکیتریش دەڵێن قەشە، ئەمن دەڵێم قەشە
-باشە
-گوتیان قەشە گیان، هەندێک لەخەڵکی گوندەکەی درواسێمان فێربووینە بە شەوان دێن بەرد لە ئاقاری ئێمە دەدزن.
قەشە گوتی" جا ئەوە کەی کێشەیە؟ چی زۆرە بەرد زۆرە با هەر بیبەن". شەوی دواتر دیسان هاتن و بەردیان دزی، ئەوانیش دیسان چوونە لای قەشە و پێیان گوت و قەشەش هەمان وەڵامی دانەوە، بە کورتیەکەی چەندان شەو ئەو بەزمە دووبارە بۆوە، ئەوانیش هەموو جار دەچوونە لای قەشە و ڕوداوەکەیان بۆ دەگێڕاوە و قەشەش هەمان وەڵامی دەدانەوە.ڕۆژێک لە قەشە توڕەبوون و پێیان گوت: قەشەی گەورەمان گوێبگرە، ئایە تۆ تا ئیستا پرسیوتە لادانی ئەو هەموو بەردە لە ئاقارەکەی ئێمە چ کێشەیەک دروست دەکات بۆ ئێمە؟ قەشە گوتی: نەخێر.
گوتیان: ئیمە پێت دەڵێن، لەبەر ئەوەی هەر لەسەرەتاوە ئاگادارمان کردیەوە گرنگیت پێنەدا،بۆیە ئەرکی داهاتوو دەکەوێتە ئەستۆی تۆ.
قەشە ترساو پرسی: باشە کێشەکە چیە؟
گوتیان: چۆن کێشە چیە، ئەو بەردانە لابدەن زەویەکی شیاو بەدەردەکەوێت بۆ کێڵان، لەبەر ئەوەی تۆش لەیەکەم جار گوێت لە ئێمە ڕانەگرت، بۆیە دەبێت خۆت بیکێڵی، ئێمە هەقمان نیە.نامەوێت ئەو کێشەیەش بۆ خۆمان زیاد بکەین، ئەوەی هەمانە بێ-کێشە بەشمان دەکەن.
هاوکارەکەم قسەی خۆی لەسەر ئەو چیرۆکە کرد و گوتی: جا ئەو خەڵکە لەگەڵ ئەو بارودۆخە راهاتووە، تۆ ئەگەر باسی چارەسەریان بۆ بکەیت حەزی لێناکەن چونکە تاقەتی ئەو سەرئێشەیان نیە و ناشیانەوێت ئەو "ڕاهاتنەیان" لێ تێک بچیت، لادانی ئەو بەردانە بۆ ئەوان کێشەنە، بە پێکەنینەوە بە جێیهێشتم.
بە بروای منیش هەر ئەوەیە، ئێمە نامەوێت ئەو بارودۆخە بگۆڕێت،چونکە ئەو هوشیاریەمان نیە، تا ئەو هوشیاریەشمان نەبێت مەحال ببین بە خاوەنی دەوڵەت، چونکە لەو زەمەنە داوای ئەوەت لێدەکرێت بۆ ئەوەی ببیت بە دەولەت دەبێت ببیت گەل(مەبەستم ئەو پیکەوە ژیانە نیشانی جیهان بدەیت بە یەکسانی لە نێوان کورد، کلدو ئاشوور، تورکمان، ئەرمەنی، عەرەب، کۆی ئەو پێکهاتانە ی لەسەر ئەو خاکە دەژین، کە دەکاتە گەل) و باز بەسەر قۆناغی نەتەوەشدا بدەیت، کە ئێمە هێشتا زۆرمان ماوە، دوێنێ لە ڤیستڤاڵی خێل گەڕاینەوە و بەیانیش گوندەکەی ئەولاترمان ڤیستڤاڵی خێڵیان هەیە و شار بۆنی دیوەخانی گرتووە.
عەلا ئەسوانی دەڵێت" لەدەرەوەی ئەو کێشە زەقانەی کە هەیە،ئەمن باوەڕم وایە، کەماسیەک لە شێوازی بیرکردنەوە تاکی عەرەبدا هەیە". ئەگەر ئەو قسەمان بۆ عەرەب پێ ڕاست بێت ئەوە بۆ کورد و کۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕاستە، ببورن ئەمن هەستانەکەم جیاوازیەکی هێندە زۆر لەنێوان ئەو کوردانەی لە دەروە و ناوەیی وڵاتیشدا هەبێت ، چونکە بە بڕوای من ئێمەی کوردی دانیشتوانی ئەوروپاش نەمانتوانیوە سود لەو ئازادیە وەرگرین وەک پێویست.
نموونەی زیندووت دەوێت، سەیری دوا ئامادەکاری بۆ کۆنگرەی یەکێتی بکە، ئەوانەی تا دوێنی ڕەخنەیان لەو دەسەڵاتە دەگرت، ببینە چۆن ڕیکلام بۆ دزەکانی ناو یەکێتی دەکەن، وەک بڵیت تەنیا پارتی بوون عەیب بێت و یەکێتی بوونیش شانازی، بەوە دەگوترێت ماڵوێرانی، هیوات بەوە هەبێت یەکێتی نوێ ببێتەوە و شوێن بە پارتی لەق بکات، لە کاتێکدا ئەوە یەکلابۆتەوە، پارتی بە پشتیوانی یەکێتی دەژی.
تا ئیستا لەوە نەگەیشتبیت کە کێشەکە لە کۆی ئەو سیستەمەیە، کە ئەو حیزبانە بەڕیوە دەبەن، بەبێ جیاوازی.
یەک پرسیاری سادە هەیە، ئایە تۆ لەگەڵ ئەو دەسەڵایەت یاخود دژ ئەو دەسەلاتەیت؟
ئەگەر دژییت، چۆن دژێکیت؟
ئەگەر دۆستیشت، واز لەو دوو-ڕووییە بێنە و پێت ناخۆش نەبێت کە پێت بڵێن تۆ دۆستی ئەو دەسەڵاتەیت و هێندە باسی ئەوەمان بۆ مەکە کە ئەوان دز و گەندەڵن؛ لەبەر ئەوەی شتێکی نوێمان بۆ ئاشکرا ناکەیت، ناشیرنتری لەو کاتەی بەناشیرینی باسی دۆستەکانت دەکەیت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە