کۆترباز و قوماربازەکانى گۆڕان

Wednesday, 18/03/2020, 1:21

12570 بینراوە


ئەوەى ئاواتى شێخ جەنابى بەڕەگەز عەرەبى ناسیبێت، بێجگە لە دزیی و گەندەڵیی....کۆتربازیى و تانجى‌بازیى! ئایا هیچ بەرهەمێکیترى هەبووە؟
بپرسین: ئایا گۆڕان و گۆڕانکارى لە سیستەمى سیاسى هەرێمى کوردستان و دابینکردنى موچەى کابانى ماڵ بە کۆتر و تانجى ئەکرێت؟
ئەگەر ئەو وەزارەتى داراییە کە گۆران وەریگرتووە وەکو دارتویەک ڕابوەشێنین، تەنها گۆڕانێکى لێئەکەوێتە خوارەوە ئەویش شێخ ئاواتە، چونکە تێکڕاى پۆستەکانى وەزارەت بەدەست پارتیەوەیە، بەکردەوەش حیزبى گۆڕان تەنها وەزیرى دارایی وەرگرتووە، شێخیش پاش ئەوەى بۆ پۆستەکەى لە هەولێر تانجیەکانى بە هەتیوى بەجێهێشت، هێشتا پێڵاوى غەریبى دانەکەندبوو، لەسەرى رەش داوەت ئەکرێت، پارتى زوو دەرکى بەم خولیایەى وەزیر کردبوو، کە داوەت و عەیش و نۆشە، بۆیە باشترین شوینیان لە فیوچەر ستى بۆ دابینکردووە، ئیستا خەریکە پرۆسەى بە پارتى بوونى بەسەرکەوتویی تەواو ئەکات، بە ڕێبازەکەى بەرزانیدا ئەکەوێتە لۆقە و نەرمە غار. لەبەر پێداویستیەکانى ئەم پرۆسەیە ئەفسوس تانجیەکانى جەنابى وەزیر بێناز کەوتون، لەبەر ئەوەى نەچێێتە گردەکەى جوت کوڕ کەمتر بۆ سلێمانى دێتەوە و نایەوێت دڵى ناسکى پارتى بشکێنێت، یان لەبەر ئەوەیە وەکو خۆى ئەڵێت لە (سەید عومەر) لوتەلایە!
بێبەڵابى کاک ئاوات بگەڕێرەوە خۆ سەید عومەر لەترسى (کرۆنا)یە، یان لە ترسى بڕینى موچەى سۆشیالەکەیەتى بۆ سوید ئۆغرى خێری کردووە!

ئەوەتەی ئەم کاک ئاواتە ئەم وەزارەتى داراییەى وەرگرتوە خەریکى (موچە و شێخ باز و مەرزى باشماخە). بەڕێزیان لەم دەلاقەیەوە بووە بە مەزەى (فەیسبوک)، ڕاستیەکەى وەهاى لێهاتووە  ئەگەر(فەیسبوک) شێخ ئاواتى تێدا نەبێت، وەکو خۆراکێکى بێتامە، خەریکە ئەو پەتاى کرۆنا نەفرەتییەمان لە بیر ئەباتەوە و ئەچینە جیهانى ڕۆمانسى و ڕاوەتانجیەوە.
ماهیەتى حیزبەکەى ئەم برادەرە کۆتربازە زۆر زوو ئاشکرابوو، بە ناواقیعى و نادروستى دروشم و کردەوەکانى، ئەوانەى کە لە خوار جوت کوڕەکەى نەوشیروان مستەفاوە ئاو بە ئاشى ئەم حیزبەدا ئەکەن، جگە لە پاشماوە ڕزیو و لاکەوتە کۆنەکانى یەکێتى، کەسێکى شیاو و خاوەن عەقڵ و مەعریفەتى تێدا نییە، ئەخلاق و سیاسەت لەم حیزبەدا وجودى نییە، سوپا جنێوفرۆشەکانیان وەک گەڵاى دارى پایز هەڵوەرین، ناچار سەرە گێژەکان خۆیان هاتونەتە مەیدانەوە و یەکێک لەوانە (شەماڵ عەبدول وەفا)یە، کە لە هەموو وەفایەک خاڵیە، بەسەرى گێژەوە مێزى قومارەکەى بەجێهێشتووە و هاتۆتە گۆ، ئەڵێت:
(غەوغا و فەوزاچیەکان لە زەمەنى کورۆنادا)
بەمە بەرگرى لە وەزیرە بێموراڵ و بێقاسەکەى دارایى ئەکات، خەڵک بە ناحاڵى تێئەگات، کە داواى موچە و مافى خۆیان دەکەن!
 پێموایە کاک شەماڵ ئەبێت بچێت سەر بەرزترین شوێنى گردەکەى جوتە کوڕ، مەرکانەیەک ئاوى سارد بکات بە سەر و کەلەی خۆیداهەتا بێتەوە هۆش خۆى بزانێت چۆن ئەدوێت، بە چاوێکى نزم و پارتیانەوە نەڕوانێتە مافى خەڵکى.
شەمال عەبدول وەفا بەڕەخنەى سۆشیال میدیا ئەڵێت: (غەوغا و فەوزاچى)!
ئەگەر ئەم وتانە ناوى نووسەرى پێوە نەبوایە وام ئەزانى (ئومێد خۆشناو) یان (مەسعود حەیدەر)ى خزمى گۆڕان نوسیویەتى!
نووسەر بەهەمان میتۆدى بەعس و هەمان وشەى بەعسیانە بەکار ئەهێنێت کە (غەوغا)یە، ئەوەش هەمان وشەیە کە خودى سەدام و دەستوپێوەندەکانى بە خەڵکى بەدەنگ هاتوو ناڕازیان ئەوت.
 فەرهەنگەکەى گۆڕان جنێوى تێدا نەما بەکارى نەهێنن، ئەوەتا پەنای بۆ فەرهەنگى بەعس بردووە.

شەماڵى قومارچى، کە ئێستا خۆى و حیزبەکەى قومار بەدەنگ و ئیرادەى ئەو کەسانەوە دەکەن، کە بە دروشمە ڕەنگین و پڕلە فیشاڵەکانی هەڵخەڵەتابون و ئەڵێت :
( ... زۆرینەیان دەستى ترسنۆک و لەرزۆکى دامەزراوە سێبەرەکانى میدیاى دەسەڵاتن کەنابەرپرسى ئەم وڵاتەن ، لە پێناوى دەستکەوتى بچوکى حیزبی خۆیاندا هاوکێشەکە دەگەیەننە بینەقاقا) هەتا ئەگاتە ئەوەى داواى وەڵام ئەکات و ئەڵێت:
( ... نەک بەفیتى دام و دەزگا شاراوەکانى دەسەڵات و سێبەر.) .
ئەبێت مەبەستى چ دەسەلاتێک بێت؟
ئایا حزبەکەى شەمال عەبدول وەفا لە دەرەوەى ئەم دەسەلاتەیە، یان بووە بە بەشێک لە دەسەڵاتێک، بێجگە لە تاڵانچیەتى و دزیى و تەکاندنى گیرفان و کەرامەتى خەڵکى کوردستان، کارێکیترى نییە؟.
 پیشەى گۆڕان بە وەزیر و گزیر و پەرلەمانتار بووە بە ستایش و پیاهەڵدان بە حکومەتە ڕاوەڕوتکارەکەى هەرێم لەژێر دروشمى زەق و هەڵخەڵەتێنەر.
ئەبێت بەکێ بلێت سێبەرى دەسەڵات!؟ لەکاتێکدا وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان بوون بە قۆندەرەى دەسترۆیشتوەکانى دەسەڵات، هەرکاتێک ویستیان بەدەمامک و بێدەمامک لە پێیان ئەکەن، هەرکاتێکیش نەیانویست فڕێیان ئەدەنە ئەودیو دێگەڵەوە. 
وەزیرى دارایى ئەڵێت:
خۆزگە یەک دوو کەسی ترى، وەکو شێخ بازمان هەبوایە .
ئەى ئەگەر یەک دوو قومارچی ترى لەگەڵدا بێت.
---------------------------------------------

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە