ڕاپۆرتێکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە هەولێر، باس لە ڕوخانی کابینەکەی مەسرور دەکات


شانۆ بۆ منداڵان.. ئاکامی لەخۆبایی

Monday, 03.30.2020, 7:43

530 بینراوە


کەسایەتییەکان بە پێی دەرکەوتنیان لەسەر شانۆدا:( پەپوولەکان، ئاگـر، دار، چۆلەکە، شوورە، رووبار، ماسی.. کە پەردە لادرا، هەموویان لەسەر شانۆدان. تەنیا ئاگر نەبێ)
دیمەنی سەر شانـۆ: (دارێکی گەڵا سەوزی کەمێک بـەرز لە لای راستی شانـۆکە دایە.. شوورەیەکی دروستکـراو لە دار لە شـێوەی خـشت ـ تابـووک ـ و چـیمەنتـۆدا کە لە لای چەپی پێشەوەی شانۆکەوەیە.. رووبارێکی شین لە لای پێشەوەی شانۆکە دایە.. دیواری پشتەوەی شانۆکە، سەرانسەر دیمەنـێکی رەنگـین و جـوانە، گـوزارشت لە سروشـت و لە بەهاری کوردستان دەکا.. زنجیرە چـیایەک لەژێـر ئاسمانی شیـنـدا.. دامێـنی زنجـیرە چیاکـان، بە گوڵاڵە سوورە و بە جـۆرەهـا گـۆڵی رەنگـاوڕەنگ رازاوەتـەوە)
کە پەردەی شانۆکە لادەدرێت.. لە بەردەم دارە سەوزەکەدا، پێـنج کچـۆڵەی دەردەکەون کە بـەرگی کـوردی رەنگـاوڕەنگـیان لەبـەردایـە.. هـەریەکـەشـیان دوو بـاڵی پـەپـوولە ئاساییان لە لەسەر شانەکـانیان دایـە.. سەمـا دەکەن و پێکـەوە ئەم گـۆرانیـیە دەڵـێن:
پەپـوولـــــەی بـاڵ نەخـشــــیـنـیـن
شــۆخ و شــەنـگ و رەنـگـیـنـیـن
شـەیــــدای وەرزی بـەهـــــــاریـن
هـۆگــری گــــوڵ و گـوڵــــــزاریـن
پەپـوولــــەی کـوردســـــــــتـانـیـن
لە نــاو بــــــاخ و بـێـســــــتـانـیـن
نـــەرم و نـــۆڵ و ژیـــــــــکـاڵـیـن
هـــــاوڕێـی گـــــوڵ و مـنــــداڵـیـن
پەپـوولــــــــەیـن و دڵـپــــــــاکـیـن
یــــاری دەکـەیـن بـێ بـــــــــاکـیـن
دڵـخــــــۆشـیـن و دڵـشــــــــــادیـن
سـەمــــــا دەکـەیـن ئــــــــــازادیـن
یەکێک لە پەپوولەکان: ئەوە چییە؟ هەست بە شتێکی ترسناک دەکەم.. ئای کە گەرمە.. بۆچی ئەم هەموو ئارەقـەم کـردووە..؟ ئێمە لە وەرزی بەهـارداین.. ئەم گڕە گەرمایەی هـاوین لە کوێـوە هـات؟
لە دەرەوە دەنـگی گـڕەگـڕ و کـڵپەی ئـاگـر دێ.. ئـاگـرەکە بـە قـایـمی قـاقـا پێـدەکـەنی.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەکان بە ترسێکی زۆرە، سەیـری ئەو لایە دەکەن کە دەنگی قـاقـاکەی لێـوە دێ.
هەر ئەو پەپـوولەیە: ئـای.. ئـای.. ئەمـە چـییە؟.. ئاگـر.. ئاگـر.. بەرەو ئـێرەوە دێ.
ئاگرەکە دێتە ژوورەوە.. پەپوولەکان لە ترسی ئاگرە سەریان لێشـێوا.. بۆ لای راست و بۆ لای چـەپ و بـۆ دوا دەڕۆن.
ئاگرەکە (بە دەنگـێکی بەرزەوە پێـدەکەنێ): هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
پەپوولەیەکی تر: لێرە خۆمان دەشارینەوە.. نا لەوەێ.. لە پشتی شوورەکەوە باشترە.
ئاگرەکە دەست بە سەماکردن دەکات.. هـێز و توانای خۆی دەردەبـڕێت.. بە دەنگێکی بەرزەوە پێـدەکـەنێ.. دوایی لەپـڕێکـدا، لە بـەردەم دارە سەوزەکـەدا دەوەستـێـت.. بە لەخۆبایی و لـووت بەرزییـەوە دەیـدوێـنێ.
ئاگرەکە: ئەمە چـییە؟ لە رێگامـدا مەوەستە؟ تـا زووە لێـم دوورکـەوە.
دارەکە: من لە شوێنی خۆمـدام.. لە رێگـاکەدا نەوەستاوم.. رێگاکەش پان و بەرینە و دەتـوانی پێیـدا بـڕۆیـت.
ئاگرەکە: ئەوە ناترسی؟ لە ڕێمـدا مەوەسـتە و دوورکـەوە.
دارەکە: چـۆن دووربکەومەوە؟ چـۆن؟ چەنـد ساڵێکە مـرۆڤ منی لێرەدا رووانـدووە.
ئاگرەکە: دێـم و لـووشت دەکەم.
دارەکە: تکایە ئەقـڵی خۆت لە دەستمە.. من سوودێکی زۆرم بۆ مرۆڤ و باڵندە هەیە.
ئاگرەکە: سـوود؟.. تۆ سـوودت هـەیە؟ هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: بەڵێ.. من سوپاسی مرۆڤ دەکەم.. بەرەکەمی پێـدەبەخـشـم.. کـێش بیەوێت لە سێبەرەکەمدا دەحەسێتەوە.. رووەکە بچکۆلەکانیش لە رەشەبا و گەردەلوول دەپارێزم.. لە لقە وشکەوەبـووەکانیشم، شتی بەسوود دروست دەکەن.. لەسەر لقە بەرزەکانیشمدا، چـۆلکە هـێلانەیان کـردووە.. من جـوانی باخچـەکـان و شەقـامەکان و گۆڕەپانەکـانم.
ئاگرەکە: بەسە ئەی دار.. تۆ ناتـوانیت شوێنەکەت بەجـێبهـێڵـیت.. بەڵام مـن دەتـوانم بۆ ئێـرە و ئەوێ بـڕۆم.. دڵخـۆشم و یـاری و سەمـا دەکەم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
دارەکە: مرۆڤ خـزمەتم دەکات و بایەخم پێدەدات و ئاگای لێمە.. دڵخۆشیش بۆ کەسێک باشە کە چاکە بکـات و خـراپە نەکـات و لەخـۆشی بایی نەبێت.. ئـازاری کەسیـش نەدا.
ئاگرەکە: مـرۆڤ.. مـرۆڤ لـە هـەزاران سـاڵ پێـش ئێـستا، بـە لـێـدانی دوو بـەرد بە یەکتریـدا منیان دۆزییـەوە.
دارەکە: ئەی ئەوە نـازانی.. کە مـرۆڤ پێـش ئەوەی کە تۆ بـدۆزنەوە.. منیان رووانـد.. ئەی ئەوەش نـازانی کە تۆ وەکو رەشەبا و گەردەلـوول وایت.. کە لە زستانـدا رەگەکانم هەڵـدەکـێشن.. لە پایـزیشـدا گەڵاکـانم دەوەرێـنن.. تـۆش دەتـەوێت گـڕم تێـبەردەیـت.
ئاگرەکە: رەشەبـا و گەردەلـوول.. هـاهـاهـا.. رەشەبـا و گەردەلـوول هـاوڕێـمن.. ئـەوان یارمـەتی گەشبوونەوە و گەشەکـردن و بڵاوبـوونـەوەم دەدەن.
دارەکە: ئـەی ئاگـر.. ئەوەش نازانی، کە هەموو کەسێک پێویستی بە کەسانی تر هەیە.. تا لـەم ژیانـەدا یەکـتری تەواوبکەیـن.
ئاگرەکە: واز لەم قـسە زل و فەلسەفـانەت بهـێنە.. پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تۆ بەهـێزتـرم.. ئەگـینا حەپـەلـۆشـت دەکەم.
دارەکە: نا.. لێم نزیک مەبەەوە.. ئەوەی دەتەوێت دەیکەم.. تا خۆم لە شەڕت لابدەدەم.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. تۆ لە من بەهـێزتری.. (دارەکە دەگـری).
ئاگـرەکە بە قـایمی قـاقـا پێـدەکەنی و سەمـا دەکـا.. تا لە بـەردەم چـۆلەکەیـەکـدا خـۆی بینیـیەوە.. کە بە دەوریـا هەڵـدەفـڕی.. ئاگـرە بە تەڵـفـیسییەوە.. سەیـری چۆلەکەکەی کـرد و بە قـایمی پێی پێکـەنی.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە: چۆلەکەیەک لە رێگـامدا؟ ئەی چـۆلەکە بچکـۆلەکە.. دوورکەوە لە رێگاکەم.
چۆلەکەکە: لە رێگای تـۆدا نەوەستاوم.. رێگـاکەش فـروانە.
ئاگرەکە: ئەوە چۆن دەوێـری لە رووم بوەستیتەوە.. بەم جۆرە قسە لەگەڵمـدا بکەی؟
چۆلەکەکە: من سەرقاڵـم و لەسەر دارەکەدا هـێلانەیەکی تازە بۆ بێچـوەکانم درووست دەکەم و خـۆاردنیان بۆ دەهـێنـم.. کاتی چـەن و چـوون نیـیە.
ئاگرەکە: ئەی لە من ناتـرسی؟
چۆلەکەکە: من لە کەس ناتـرسـم.
ئاگرەکە: چـی؟ چـۆن وا دەڵـێی؟ دەزانی لەگەڵ کـێدا قـسە دەکەی؟.. بە گـڕێکی مـن هەڵـدەپـڕوکـێی و کۆتـایی بە ژیانـت دێ.. زوو بـڕۆ و لە رێگـاکەم دووربکـەوە.
چۆلەکە (دەترسێ و دەچـێتە دواوە و لە پەنـای دارەکەدا خۆی دەشارێتەوە و دەڵێ): قسەکـردن لەگەڵـیـدا سوودی نیـیە.
ئاگرەکە بە خۆشی و پێکەنینەوە دەست بە سەماکردن دەکا.. تا لە بەردەم شوورەیەکدا خـۆی دەبیـنـێتەوە.
ئاگرەکە: ئا ئـیرە کۆتایی رێگـاکەیە؟
شوورەکە: بەڵێ.. ئێرە کۆتایی رێگاکەیە.. پێویستە بگەڕێـیـتە دواوە.
ئاگرەکە: بگـەڕێمە دواوە.. نـا.. نـاگەڕێمە دواواە.. ئەی شـوورەکە، ناتـوانیت رێـم لێ بگـری.. رێـم بۆ چۆلکـە و لاچـۆ لەسەر رێگـاکەم.
شوورەکە: چـۆن.. من لێرە چەسپاوم.. ناتوانـم بجووڵـێمەوە.. من شوورەیەکی قـایمم و بە خـشت و بە چـیمەنتـۆ بنیادنـراوم.
ئاگرەکە: وا دیارە کەلەڕەقـیت و ناتـەوێ فەرمانی من جـێـبەجـێ بکـەی.
شوورەکە: نا.. ناتوانـم جـێـبەجـێی بکـەم.
ئاگرەکە: کەواتە دەبێ سزای ئەم چاوقایمی و سەرپێچییەت وەربگریت.. کاولت دەکەم.
شوورەکە: نا.. نا.. لێمگەڕێ.. لێم نزیک مەبەوە.. تۆ گێچەڵمان پێـدەکەی و بە دوای شەڕدا دەگەڕێی.. پێویستە ئەوە بزانی، کە ئـیرە کۆتایی رێگاکەیە.. لە پشتمەوە ماڵ و خەڵکـیان لێ هـەیە.. لە رەشەبـا و گەردەلـوول و لە دز و داگـیرکەر دەیانپارێـزم.
ئاگرەکە: پێویستە دان بەوەدا بنـێی، کە من لە تـۆ بەهـێزترم.. ئەگـینا وێـرانت دەکەم.
شوورەکە: نـا.. نـا.. وێـرانم مەکـە.. دان بەوەدا دەنـێـم کە تـۆ لە مـن بەهـێزتـری.
ئاگرەکە: هـاهـاهـا.. دارەکـە و چـۆلەکەش پێـشتر، دانیـان پێـدا نـا.. کە مـن لە ئـەوان بەهـێزترم.. ئێستاش تۆ دانی پێدا دەنێی کە من لە تۆ بەهـێزترم.. هـاهـاهـا.. هـاهـاهـا.
ئاگرەکە بە لەخۆبـایی و خۆشـییەوە، دەستی بە سەماکـردن کـرد.. تا خـۆی لەبـەردەم ماسییەکـدا بینییەوە.. کە لە نێو رووبارێکـدا سەمـای دەکرد.. ئاگرەکە بە گرژییەکەوە سەیـری ماسیـیەکەی کـرد و لێی نـزیک بـۆوە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە، ئەوە وەکو مـن سەمـا دەکەی..؟
ماسییەکە: بەڵێ.. مـن لەنـاو ئەم رووبارەی لـێی دەژیـم.. مەلە دەکەم و سەما دەکەم.. ئەمـە هـێچی تیـا بەسـەرە؟
ئاگرەکە: ئـەی ناتـرسی؟
ماسییەکە: بۆ بترسم؟ باڵەکانم یارمەتیم دەدەن.. پوولەکەکانم دەمپارێزن.. کلکم ئاراستەم دەکات.. ئیتر بۆ بترسـم.. هیچ هەڵـەیەکـیـشـم نەکـردووە تـا بترسـم.
ئاگرەکە: بەڵام تـۆ وەکو مـن ناتـوانی سەمـا بکەی.
ماسییەکە: لە ناوی رووبارەکەدا، لە تـۆش باشـتر سەما دەکەم.
ئاگرەکە: ئەی ماسییەکە.. تـۆ رکەبەرایەتی لەگەڵ منـدا دەکەی؟
ماسییەکە: رکەبەرایەتی لەگەڵ کەس ناکەم.. بەڵام ئەمـە راسـتی و سـروشـتییە.
ئاگرەکە: ئەی ماسییە لاسارەکە. دەبێ بتـبـرژێـنم.
ماسییەکە: ناتـوانیـت.
ئاگرەکە: مـن ناتـوانـم؟ وا دیـارە گـاڵـتەم پێـدەکـەی.. کەس نەیـوێـراوە و نـاوێـرێ.. ملمـلانێی وا لەگـەل منـدا بکـا.. پێویستە دان بە هـێزی منـدا بنـێی.
ماسییەکە: چـۆن؟
ئاگرەکە (لێی نزیک دەبێتەوە): خۆمـت پێـشـان دەدەم.
ماسییەکە: باشـە چی دەکـەی؟.. ئـەی تـۆ لە رووبـارەکە ناتـرسی؟
ئاگرەکە: لە کەس ناترسم.. هەمووان لە من دەتـرسن.. تۆش پێویستە لە من بترسی.. ئەی ماسییە لاسارەکە، پێویستە بتـبـرژێـنم.
ئاگرەکە بەرەو لای ماسییەکەوە دەجـووڵـێ.
رووبارەکە: چاوەڕێکە ئەی ئاگـرە لەخۆبـاییەکە.
ئاگرەکە: ئەی رووبار، تۆ خۆت لە شتێک هەڵمەقـورتێنە.. کە پەیوەندی بە تۆوە نییە.
رووبارەکە: ئەم ماسییە لە ئاوی مندا مەلەوان دەکا و دەژی.. ئەی ئاگری لەخۆبایی بە خۆتـدا بچـۆرە.. ئایـا ئاکـامی ئەوەی دەتـوێ، دەزانـی بەچـی دەگـا؟
ئاگرەکە: بـاش دەزانـم کە چـیم دەوێ.
رووبارەکە: چـیت دەوێ؟
ئاگرەکە: مـن ئـەم ماسیـیە، کە لە رێگـامدا وەسـتا.. دەبـرژێـنـم.
ئاگرەکە زیاتـر و زیاتـر لەرووبارەکە نزیک بـۆوە.. تا گەیشت بە رووبارەکە.. خۆی بۆ ماسییەکەی نـاو رووبـارەکە هـەڵـدا.. ئاگـرەکە هـاواری لێ هـەسـتا: مـردم.. مـردم.. دووکەڵێکی رەشی لێ هەستا.. لە رووبارەکەدا نوقم بوو و خنکا.. دوایی لاشەی سارد و سڕیـان دەرهـێـنا و لەسەر شانـۆکەدا دایـان نـا.
ماسیـیەکە و دارەکـە و چـۆلەکەکە و شـوورەکە (پێکەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمان.. کە ئەرکی خـۆت بەجێ هـێنا و لەم ئاگـرە لەخـۆبـاییە رزگارت کـردین.
رووبارەکە: شایـەنی سوپاس نیـیە.. بە ئەرکی سەرشـانـم زانی، کە لەو لەخـۆباییە رزگارتـان بکـەم.
چۆلەکەکە: ئیـتر بە ئـارەزووی خـۆم یـاری و سەما دەکەم.. کەس رێـم لێ ناگـرێـت.
پەپوولەکـانیش (هـاتـنە دەرەوە): زۆر سوپـاس رووبـاری هـاوڕێمـان.
رووبارەکە: شایەنی نییە.. بە ئازادی و بە هەوەسی خۆتان یاری بکەن و سەما بکەن.
یەکێک لە پەپـوولەکـان (کچـۆڵەیەکی دەنگخـۆش) ئەم هـونـراوەیە بە ئـاوازەوە بە دیار لاشـەی ئاگـرەکـەوە دەخـوێنـێـتەوە:
ئـەی ئـاگــــری لەخـۆبـــــایـی
وا تیـاچــووی لـە کۆتـــــــایی
بە هــــێـزی خـۆت دەتـنــازی
دار و دیـــــــوارت گــــــــازی
واتــــزانـی پـێت نـاوێــــــــرن
کـەس نیـیە رێـت لـێ بگـــرن
هـێندەش لەخۆت دەرچـوویت
بە گــژی ئـاویـشــدا چــوویت
بـمــرە گـــۆڕی گـیــــانـت بـێ
دواکـــــۆتـایی ژیــــــانـت بـێ
ئـەوەی لـەخـــــۆی بـایـــــیـە
ئـاکــــامـی ئـاوهـــــــــایـــــیـە

(کۆتــــایی .... شانــــۆکە)
تێـبینی:
(*) بە دەستکارییەوە ئەم شانۆیەم لە زمانی عەرەبییەوە، وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.. شانۆکە لە نووسینی (ئبراهـیم ئەبولخەیـر)ە. لەژێر ناوی (عاقـبة الغـرور).
(*) هـۆنـراوەی پێشەکی و کۆتـایی، لە هـۆنینەوەی خـۆمـن.. لە دەقە عەرەبییەکەدا، هـیچ هـۆنـراوەیەکی تێـدا نیـیە.
(*) دەکريت رۆڵی ئاگر بدرێت بە منـداڵێکی زیـرەکی باڵابەرز.. بەدلەیـەکی سووری لەبەربێ، کە گوزارشت لە ئاگر بکات.. دەرهێنەر خۆی دەزانێ بۆ ئەم رۆڵە، چۆن گوزارشت لە ئاگر دەکات.
(*) رۆڵی دارەکە و چۆلەکەکە بـدرێـن بە دوو کچـۆڵە.
(*) رۆڵی شوورەکە بدرێت بە کوڕێک.
(*) رۆڵی ماسییەکە بدرێ بە کچۆڵەیەک.
(*) دەرهێنەر دەتوانێت بە نایلۆنی شینی تەنک گوزارشت لە رووبارەکە بکات.
(*) پێویستە جلەکانی ئەکتەرەکان لەگەڵ رۆڵەکانـدا بگونجـێن.
(*) پێنج کچـۆڵە رۆڵی پەپوولەکان ببینن.. جلی کوردی رەنگـاوڕەنگیان لەبەردابێت.. باڵی پەپوولە ئاسایی نەخـشینیش، لەسەر شانەکانیان ببەستن.
(*) هونەرمەنـدی ئاوازدانەر، دەتوانێت ئاوازی خۆش بۆ هەردوو هـۆنراوەکە دابنێت.
(*) ئەمانە را و پێشنیاری منن.. بەڵام من نە هونەرمەندم و نە دەرهـێنەرم.. دەرهێنەر خۆی دەزانێت، کە چـۆن رۆڵەکـان دابەش دەکا و بە چ شـێوازێکی هـونەریش شانۆکە دەردەهـێنێت.. جلەکـانیش چـۆن هەڵـدەبژێـرێـت.
(*) ئەم شانۆیە بۆ منـداڵانی تەمەن دە ساڵان تا دوانـزە ساڵان و بە سەرەوەتـریش لە گـوونجـاوە.
رەزا شـوان
نەرویـج: ٢٩/ ئـادار/ ٢٠٢٠



(دەنگدراوە: 0)