لە ساڵیادی شەهیدی گەنج یوسف شەریف

Sunday, 24/05/2020, 1:01

12064 بینراوە


"دێمەلات"
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
دێمەلات و ئێش و ژانی جەستەی ماندووت ساڕێژ ئەکەم لە ڕیشەوە
دێمەلات و پەنجەرەکەت بە ئاسپایی ئەکەمەوە
تەنهاو تەنها گەزەنگی رۆژ ژورەکەت ڕۆشەن کاتەوە
دێمەلات و تەنهاییت دەڕەوێنمەوە
چەپکێ گوڵی ڕەنگاو ڕەنگی جوانت بۆ دەپێچمەوە
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
هەرچی ئێش و ژانی جەستەی ماندووت هەیە ساڕێژ ئەکەم لە ڕەگەوە
چیرۆکی هەزارو يەك شەوەی شەهرەزادت بۆ دەگێڕمەوە
چیرۆکی تازەن گوێم لێ دەگری تا درەنگانی شەو بەتاسەوە
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە

دێمەلات و ئێش و ژانی جەستەی ماندووت ساڕێژ ئەکەم لە ڕەگەوە
خۆشەویستی بەفرو قەندیل شەهیدان دەینووسنەوە
پێشمەرگەو بەفرو قەندیل داستانێکی هەمیشە زیندوە
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
تۆ تەنها بوویت لە ئێش و ژان
تەنها بوویت لەناو بەفر، لەبەر باران
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
دێمەلات وتەنهاییت لەبیر ئەبەمەوە
شەهیدانی سەربەرزی وولاتەکەم یەك بەیەك دەژێنمەوە
سەدەها چیرۆکی دوێنێ و ئەمڕۆی نەبەردیتان بۆ هەموو جیهان دەگێڕمەوە
تۆی ڕاستی و پاکی ئێوە لە هەموو جیهان دەڕوێنمەوە
کوردستان لە چاوی جوانی تۆدا دەبینمەوە
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
دێمەلات وهەرچی ئێش و ژانی جەستەی ماندووت هەیە ساڕێژ ئەکەم لەڕەگەوە
خۆشەوێستی تۆ مێژووی نیە تا بینووسمەوە
خۆشەویستی تۆ وەکوو دار گوێز گەلێك كۆنە لە ڕەگەوە
ئيتر تازە تۆ تەنهانیت چیتر بەرگەی دووریت ناگرین بگەڕێوە

وەكوو يەعقووب باوکت بینایی لەدەست داوە
بگەڕێوە بۆ شارەکەت بۆ ماڵەکەت
بۆلای دایك و باوکە ڕەنج بەخەسارەکەت
دێمەلات و تەنهاییت لێ دەڕەوێنمەوە
دێمەلات و هەرچی ئيێش ژانی جەستەی ماندووت هەیە ساڕێژ ئەکەم لە ڕەگەوە
خۆشەویستیت بەمانگ وئەستێرە سپێردراوە
تۆ بووی بە ئەستێرەیەکی درەوشاوە
لە ئاسمانی نیشتیمانێکی پارچە پارچە کراوە !

**********************

زۆرن ئەوکەسانەی تێکۆشانیان کرد بۆ ڕزگاربوونی گەلێکی ستەم دیدە، تێکۆشانیان کرد بۆ ڕزگار بوونی کوردو کوردستان لە زوڵم و زۆرداری و ژێردەستی، چەندەها کادیرو پیشمەرگەی گیان لەسەردەست گیانی شیرینی خۆیان پێشکەش ئاو و خاکی کوردستان کرد، چەندەها ماڵی کورد هەن کە ژیانی خۆیان و ماڵ ومناڵیان بەبێ دوو دڵی پێشکەشی کوردو کوردستان کرد، ئەم جۆرە کەسانە ڕاستگۆیانە تێکۆشانیان کرد ڕاستگۆ بوون لەگەل خۆیان و خاك و ئاوی ئەم ووڵاتە لەت لەت کراوە کوردایەتيان نەکردە کاڵا و لە پاڵيدا بحەسێنەوە ئەوەی نەيان دیتبوو بیبینن و ببنە خاوەنی پارەو مڵك و ماڵی خەیەڵاوی چونکە ئەم جۆرە کەسانە هەڵپەرست نەبوون خۆنەوویست بوون.
لێرەدا من باسی کادرو پێشمەرگەی گەنج شەهیدی سەربەرز ( کاکە یوسف شەریف ) ئەکەم کاکە یوسف لە ساڵی ۱۹٥۸ لە بنەماڵەیەکی کورد پەروەری شاری هەولێر لەدایك بووە باوکم دەستێکی باڵای هەبوو لە پەروەردە کردنی و گۆش کردنی لە بواری خوێندنەوە و نووسیندا لەبەر ئەوەی باوکم زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو بە تایبەتی خوێندنەوەی میێژوو وە خوێندنەوەی قوورئان باوکم هەر زوو فێری قوورئان خوێندنی کرد بۆیە هەر لە قۆناخی سەرەتایدا زمانی عەرەبی فێر بوو و زۆر بەجوانی ئەیزانی قسەی پێ بکات بەتایبەتی زمانی قواعیدی وە باوکم مەکتەبەیەکی گەورەو زەنگینی هەبوو هەمووجۆرە کتێبێکی تیدا بوو بۆیە کاکم کە چاووی کردەوە لەو ئاو و هەوایەدا گەورە بوو بۆیە هەر زوو فێری کتێب خووێندنەوە بوو سەرەڕای ئەوەش باوکم باسی مێژوومانی بۆ ئەکرد زۆر زۆر پێمان خۆش بوو وەکو چێرۆك بوو گێومان لێ ئەگرت.

(کاکم کەسێکی زیرەك بوو دەستی وێنەکێشانی هەبوو )

کە باوکم زانی هە موو کاتێك کە پێوویستی بە کەل و پەلی وێنە کێشان بووایە دەچووە مووسل بۆی ئەهێنا زۆر زۆر کەیفی پێ ئەهات بەڵام هەموو ساڵێک لە مەکتەب لە کۆتای ساڵدا مامۆستاکان دەفتەری وێنەکانیان لێ وەر ئەگرت زۆرمان پێ ناخۆش بوو چوونکە وێنەکان زۆر زۆر جوان بوون، کاکم زۆر بە زیرەکانە گەمەی بە ڕەنگەکان ئەکرد و ڕەنگی نوێ ی دروست ئەکرد.
لە دوای ئەوەی کۆلیژی کشتوکاڵی تەواو کرد ڕوی کردە چیا سەرکەشەکانی کوردستان دەستی کرد بە تێکۆشان لەدژی زۆرداری و داگیرکەرانی کوردستان بەدەستێک چەک و بەدەستێکی تر قەڵەم، کاکە یوسف پێشمەرگەیەکی دلسۆز بوو بۆ خاک و ئاوی ئەم کوردستانە پێشمەرگەیەکی هەست ناسک بوو، زۆر هەستی بەجوانی و پاکی کوردستان ئەکرد هەموو جارێک باسی چیا سەرکەشەکانی کوردستانی ئەکرد کە چەند بەرزن چەند جوانن، دەیگوت کورد هەر ئەبێت سەربەخۆ بێت چونکە ئێمە خاوەنی ئەم چيا بەرزانەین چۆن ئەبێت ژێردەستە بین، سروشتی کوردستان وای کرد کە شەهید چەندەها ووتاری گرنگ لە رۆژنامەکان بڵاو کاتەوە بۆ جووتیار و قوتابی و رۆشەنبیرەکان تاوەکو لە خەو هەڵسن و گڕوو جۆش بە بزووتنەوەکەیان بدەن بێ پشوودان، لێرەدا دەتوانم بڵێم کاکە یوسف شاعیر و نووسەر و زمان زان و وەرگێڕ و کادر و پێشمەرگە و مهندس بوو.
شەهید یوسف لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانە بوایە ئەگەر گوندەکە مەکتەبی لێ نەبوایە بەخۆی مەکتەبی دروست ئەکرد وە هەر بەخۆی دەرسی بە منداڵانی گوندەکە ئەدا زۆر هەوڵی ئەدا مناڵانی کورد بخوێنن لەمەکتەب دانەبڕێن تاوەکو نیشتیمانی خۆیان خۆش بوێت و بیپاریزن زۆر حەزی ئەکرد تاکی کورد رۆشەنبیر بێت تاوەکو خاک وئاوی ووڵاتەکەی خۆش بووێت و ئاوا جۆش بكرێن نەتوانن خییانەت لە کوردستان بکەن، شەهیدی نەمر خۆی بە پێشمەرگەی هەر چوار پارچەی کوردستان ئەزانی، جووتیارانی زۆر خۆش ئەویست، شەهید لەهەرکوێ بوایە خەڵکی ناوچەکە زۆر رێزیان دەگرت زۆر جار زۆر لەو بەتەمەنتر بوون کاکم پێی ناخۆش بوو لەبەری هەڵدەستان دەیانگوت خەتای ئێمە نییە کارزمەکەت ئاوایە ئەوەندە بەرێزو میهرەبانی پیاو شەرمت لێ ئەکات.
ناخۆشترین کات ئەو کاتانە بوون کە موختار لەدەرگامانی ئەدا وە چەندەها جار باوکم لەسجن شەو و رۆژی کردۆتەوە بەڵام باوکم ئەوەندە میهرەبان و قسە خۆشبوو ئەوانەی لەوێ کاریان ئەکرد زۆرخۆشیان ئەویست خوای گەورە زۆر زۆر لەگەڵ ئێمە بوو هەموو جار دایکم ئەی ووت ئێمە لەناو دەمی حووتین بەتەمای خوای گەورە ئێمەش ئەو کات قووتابی بووين زۆر ئەترساین لەکاتی تاقی کردنەوەی سەری ساڵ بوو هاوسێیەکمان هەبوو ئەوانیش دوو کوڕیان پێشمەرگە بوون خەڵکانێک خەبەریان لێ دابوون ئێوارەیەکی فێنک بوو من دەم خوێند منداڵەکانی هاوسێ کەمان ماڵیان جێ هێشتبوو هەموویان رۆیشتبوون بەڵام دایکەکەیان زۆر بە قایم لەدەرگای ئێمەی دا ووتی خێراکەن برۆن ئێمە ئاشکرا بووین هێشتا لە بیرمە کە ئەو دایکە چەندە بە پەلەپەل رۆیشت دایکم پێی گووت بۆکوێ دەرۆی تەنها دەستێکی بڵند کرد و بە خێرایی ڕۆیشت ئێمەش بە پەلەپەل خۆمان كۆکردەوە چووینە ماڵی مامەم بەس کەس ڕەنگی لەبەر نەمابوو، رۆژانی سەخت بوو زۆر ناخۆشبوو کە باسیدەکەی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە دۆخەکە بژی هەتا بڵێی ترسناک و ناخۆش بوو دایکی پێشمەرگە زۆر ماندوو بوون هەر ئەوان بوون نامەیان ئەهێنا و ئەبرد دەنگ وباسیان ئەهێنا بەتایبەتی لەکاتی شەڕ، کاکم زۆر ڕقی لە شەڕی برا کوژی بوو زۆر خەفەتی ئەخوارد زۆر بيری ئەکردەوە ئەو ئەیزانی کە بەو شێوەیە بڕوات کورد خەوی نایتە دی کاتێ بێ هیوابوو شعری (زەمانی لم )ی نووسی کە دەڵێت:

(زەمانی لم)

لە زەمانی لم دا
نیگاکان
لە ناو تابووتی چاو، دامرکاون،
بێ جیاوازی
سەیری سەما یا سووتانت ئەکەن
بێ کینە، بێ خۆشەویستی
بێ شادی، بێ خەندە، بێ تووڕەیی

لە زەمانی لم دا
بەرزاییەکان، نزماییەکان
لە ژێر بۆرایی بێ ئاسۆی لم دا
ونن
هەتاو وەک یەک لێیان هەڵدێ
شەو وەک یەک بەسەریاندا ئەکشێ
بێ جیاوازی

لە زەمانی لم دا
ڕێگەکان لێک ترازاون
ڕێگە نییە و، هەموو بستێکیش
- گەر بتەوێ – ڕێگەیەکە،
ڕێگاکان
سەر بە کۆشی هیچ مەنزڵگەیێ دا ناکەن
بەڵام بەردەوام ڕائەکشێن،
پەپکە ئەخۆن
ئەئاڵۆزکێن، ئەکرێنەوە
پەرتە ئەکەن و
بەڵام سەر بە کۆشی هیچ مەنزڵگەیێ دا ناکەن.
...
ڕێبوارانی زەمانی لم
کەوتوونە داوی
ڕێگەکان،
سەرهەڵنابڕن
ئەزانن بە هیچ کوێ ناگەن،
ئاوڕیش نادەنەوە
ئەزانن با شوێن پێیانی لە سەر لم
ڕەش کردووەتەوە
ڕێبوارانی زەمانی لم،
ئەزانن گەر نائومێد بن ئەمرن
ئەزانن گەر بەئومێدیش بن،
کەرن خۆشباوەڕن.

ئەو شعرە لە ۱۹۸٤_۱۹۸٥ نوسراوە بەڵام ئێستا رۆشەنبیرەکان ئەوانەی لێی تێ ئەگەن ئەڵێن ئەوشعرە چەندە بەمانايە پڕاو پڕە لە نائوومێدی چەندە جوان نووسیێتی هەر دەڵێی بۆ ئێستا نووسراوە. ئێستا کۆمەڵگەی کوردی لەو نائومێدیە دەژی.
شەهیدی نەمر پێشبینی دەکرد پێش ئەوەی شتەکە ڕوبدات لێکدانەوەی ووردی ئەکرد ئەیزانی گرتنی کویت عيراق بەرەو هەڵدێر ئەبات کورد بەورۆژە ئەگات کە ئێستای تێدایە بۆیە هەموودەم هەر خەمبار بوو. كاتێ پشووی نیوەی ساڵ دەهات دایك و باوکم ئێمەشیان ئەبرد لەگەڵ خۆیان کە سەردانيان ئەکرد ئێمەش زۆر خۆشحاڵ دەبووین بەڵام زۆر شتمان نەئەزانی نەمان ئەزانی هەندێ پێشمەرگە خێزانیان هەبوو مناڵیان هەبوو هەندێ لە کاتی گفتوگۆی نێوان یەکیەتی و ڕژێم خێزانیان پێك هێنا. دايکم زۆر هەوڵی ئەدا کە ئەویش خێزان پێك بێنێ بەڵام ئەو دەیگوت نابێت دایە گیان ئەوەی ئێستا ئەیکەم ببمە خاوەن ماڵ و مناڵ پێم ناکرێ من پێشمەرگەم هەر رۆژێ لە شوێنێکم لەگەڵ ئەوەش نەبوو بڕوات بۆ دەرەوە. ئەو دەیگووت ئەبێ لەسەنگەری بەرگری بم لەگەڵ پێشمەرگە گيان لەسەر دەستەکان لەگەڵ زەحمەت کێش وجووتيارەکان هەرچەندە شارەزای هەبوو کە ژیان و گوزەران چۆنە لە دەرەوە. هاورێيەکی خۆشەویستی باسی کرد ووتی لە دوای ئەوەی گفتوگۆی ساڵی ۱۹۸۳_۱۹۸٤ لەگەڵ ڕژێم سەری نەگرت هەندێ کەس سوودمەند بوون ئاش بەتاڵێکی تر ڕووی کردە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد زۆرکەس ڕووی کردە ئەوروپا وە پێش ئەوەی بڕۆینە دەرەوە پرسيارمان لە شەهيد کرد بچینە کام ووڵات ووتی برۆنە بەریتانیا کە هاتین چی ووتبوو ئاوە دەرچوو سەريان سوڕمابوو چۆن ئەو هەموو زانیاريەی هەبوو بە خۆشی لەگەڵ ئەوە نەبوو بچێتە دەرەوە. کاتێ کەسێك شەهید ئەبوو زۆر خەفەتی ئەخوارد ئەگەر لەنزيکەوە بیناسیایە ئەوە هەر ئەکەوتە ناو جێگا نەخۆش ئەکەوت زۆر جار باوکم زۆر زۆر خەمی بوو دەیگووت تەمەشای برادەرەکانت بکە ئەوانیش زۆر خەفەتیان خواردوە بەڵام خۆڕاگرن یارمەتی خۆت بدە با نەخۆش نەکەوی شەهید زۆر زۆر ناسک بوو هاورێیەکی هەبوو بەناوی شەهید مەریوان چەندەها نوسراوی بەناوی شەهید مەریوان بڵاو ئەکردەوە هەزارەها سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان.

کاکم عزەت نەفسی زۆر زۆر بەرز بوو هیچ کات یارمەتی لە حزب وەرنەدەگرت بگرە هەر لە گیرفانی خۆی بەپێى توانا یارمەتی زۆر کەسی هەژاری ئەدا.
لە قوتابخانە زۆر زیرەک بوو هەموو قۆناغەکانی زۆر سەرکەوتوانە ئەبڕی بەڵام کۆلیجی کشتوکاڵی هەڵ بژارد چونکە حەزی ئەکرد یارمەتی جووتیاری کورد بدات فێریان بکات بەشێوەیەکی زانستیانە کشتوکاڵ بکەن چونکە جۆری دروست کردنی ئامێری کشتوكاڵی یارمەتیدەریان دەبێت زۆر خەمی جووتیارانی کوردستانی بوو زۆر پێی ناخۆش دەبوو کە دەیبینی دەستیان زۆر زۆر ماندوە زۆر جار دەیووت خاک وئاوی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ بەرهەمی کشتوکاڵ وە جووتیاری کوردستان زۆر زیرەک و ئێشکەرن لە لادێکان ژن و پیاو ڕەنج دەرن هیواو ئاواتی زۆر بوو زۆر حەزی ئەکرد ڕزگار بوونی کوردستان بەچاوی خۆی ببێنێ بگەڕێتەوە هەولێر و بگەڕێتەوە لای دایک و باوک و براو و خووشکەکانی، داخی گرانم مەرگ رێی پێ نەدا و لە ۲٤ / ۱۹۹۱/٥ دڵە گەورەکەی لە لێدان کەووت لە کاتێکی زۆر ناوەخت بوو چوونکە ئێمەش وەکو هەموو ئەو ماڵە کوردە ڕەنج بەخەسارانە ئێمەش کۆچڕەو بووین لە ساڵی ۱۹۹۱. ساڵانێکی زۆر بوو شەهیدمان نەبینیبوو ئێمەش زۆر ماندوو و شەکەت بووین بەرەو ڕۆژهەڵات رۆيشتين، چەند رۆژ بوو لەڕێگا بووین بەڵام کە (شەهید یوسف ) مان دیتەوە زۆر خۆشحاڵ بووین نەمان زانی نەخۆشە زۆر تامەزرۆی قسەخۆشەکانی بووین بەڵام خۆی پیشان نەئەدا کە نەخۆشە، یه‌كه‌م شت پرسیاری كاكه‌ موزه‌فه‌ری لێ كردین كه‌ له‌ ساڵی ١٩٨٩ گیراو پاشان له‌ ژێر ته‌عزیب شه‌هید بوو، به‌ڵام له‌به‌ر دڵی ئه‌و ووتمان ئه‌و به‌لایه‌كی تردا ڕۆیشتووه‌ جا كاكم ناوی دا به‌ ئێزگه‌ كه‌ سێ ڕۆژ ناویان ده‌خوێنده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكات به‌ خانواده‌كه‌یه‌وه‌ له‌ سه‌قز، جا ته‌نها له‌ شاری سه‌قز شه‌ش پێشمه‌رگه‌ هه‌بوون به‌ كاكیشمه‌وه‌ كه‌ براكانیان شه‌هید بووبوون نه‌یانده‌زانی به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌و به‌ ئه‌ویتری ده‌زانی و ده‌نگی نه‌ده‌كرد.
لەرێگا زۆر ناخۆشیمان دیت، خووشکە بچووکەکەم لەڕێگا ئەسپ خۆی لێدا و پێی دەرەزی بردبوو پێی ئازاری هەبوو جا کاکم بردیە بیمارستان خووشکەکەمیان داخلی بیمارستان کرد ووتیان ئەزمایشی دەوێ هەر ئەو رۆژە کاکم زۆر بێ تاقەت بوو ئازاری هەبوو ئەوکات زانیمان کە نەخۆشە هاورێیەکی نزیکی خۆی ووتی ۱٥ پێشمەرگە بووین مام جەلال ناردینی بۆ قەندیل بەفرێکی زۆر کەوتبوو نەیان توانی بێنەوە سێ هەفتە لەوێ گیریان خواردبوو زۆر سارد بوو بێ خواردن، دەیووت بەفرمان ئەتاواندەوە بۆ ئاو خواردنەوە لەوێ سەرمای بووبوو.
شەهید یوسف سونبلی جوانی و پاکی پێشمەرگەی هەرچوار پارچەکە سڵاو لە بیرو فکرت هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان و شەهیدی رۆشەنبیر، کاکە یوسف دەبوایە لەناو شاری هەولێر پەیکەرێکی بۆ دروست بکرێت چونکە کوردی دڵسۆزی خاك و ئاوی ئەم نيشتیمانە لەت لەتە سەری پێی بەرزە بەڵام هەروەکو هەموو ئەو کەسانەی تێکۆشانیان کرد لە پێناوی ڕزگار بوون لە ژێر دەستی و دڵسۆزبوون بۆ گەلەکەیان، دڵسۆزبوون لەگەڵ خاك و ئاوی ئەم ووڵاتە ناویان و تێکۆشانیان لەبیرکرا بەڵام ڕۆژێ دادێ نەوەیێکی رۆشەنبیر و خوێندەوار لاپەڕەی مێژووی کوردی سەدان ساڵی تێکۆشانی باوك و باپیرانمان هەڵ بداتەوە کە پڕاو پڕە لە مرۆڤی جوان و مرۆڤی پاك، مێژووی کورد زۆر زۆر دەوڵەموندە چونکە هیچ میلەتێك ئاوای بەسەر نەهاتوە ئەوەی بەسەر کورد هاتووە .
کاتێ کاکم شەهید بوو نەمان توانی تەرمەکەی بێنینەوە هەولێر لە شەقڵاوە بە خاك سپێرا ئێمە گەڕاینەوە هەولێر کەگەڕاینەوە سەر ماڵێکی چۆڵ تاڵانیان کردبوو . باوکم بەرگەی نەگرت کە لە کاکم دوربێت کۆچی دوای کرد لەدوایدا شەڕی براکوژی ڕویدا ئێمە نەمان توانی لە هەولێر بین تاوەکو پارتی و یەکیتی پێك هاتن ئینجا ماڵەکەمان وەرگرتەوە بەڵام ئەوکاتیش ماڵێکی چۆڵ و تێک دراو بەدەستی کورد، دایکم زۆر خەفەتی دەخوارد دەی گووت کوڕەکەم هیچ عنوان و ناوی نييە، کوڕەکەم سەرنووسوری ڕێبازی نوێ بوو بەتەنها ئەم گۆڤارەی ئەنووسی کە زیاتربوو لە ۳٠ لاپەڕەبوو چەندە ماندووبوە چەندە شەوو نخونی دیتیە چەندە دڵسۆزبووە ٠٠٠ ووتیان لە هەولێر بڕۆنە مەڵبەند ئەو ئيشانە ئەکەن جا من لەگەڵ دایکم چووین ووتیان کەسێك لێرەیە بەناوی زاهر جۆخین ووتی ژیان نامەمان ئەوێت لەگەل وێنەیەکی، دایکم ووتی مەگەر ئەو زانیاریانە لەلای ئێوە نیە؟ خۆ کوڕەکەم سەرنووسەر بوو پێشمەرگەی یەکیتی بوو، ووتی زانیاریمان لا نیە! هەموو ئەوانەی داوایان کرد بردمان لەناو فایل مان دانا دایکم ووتی چۆن جواب وەربگرینەوە ئێمە لەدەرەوەینە ووتی تەلەفۆن بکەن.
هەتا ۲٠٠٦ چووینەوە کوردستان جارێکی تر چووینەوە بۆ مەڵبەند ووتیان معامەلەکە بزربوە ئێمەش ووتمان جا چی بکەین زاهر جۆخین ووتی دیسان ژیان نامە و وێنەمان بۆ بێنن دیسان بردمان ئینجا ووتی مانگی حەوت کۆنگرەیە لە کۆنگرە باسی دەکەین هەتا ۲٠۱٠ هیچیان نەکرد تا دیسان چووینەوە ئەمجارە پرسیاری ژمارەی زنجیریان لێ کردین ئێمەش نەمان زانی ووتیان ئەبێت سەر بە کەسێک بێت ئینجا دەتوانین شتێکتان بۆ بکەین! کاکم سەر بە کەس نەبوو نووسەرێکی سەربەست و لەخۆبردووبوو تێکۆشانی کرد بۆ کوردو کوردستان هیچیان بۆمان نەکرد جا سەیرەکە لێرە بوو هەموو دەیان ووت مامۆستای ئێمە بوو لە شاخ!
ئەوەی بەسەر کورد هاتووە بەسەر هیچ میلەتێك نەهاتووە لەکاتی شەڕی براکووژی دوو کتێبی وەرگێڕا سەر زمانی شيرينی کوردی ئەويش
۱ـ نەخۆشی چەپڕەوی مناڵان
۲ـ ململانێ ی ناوخۆی حزب، ئەم کتێبانە زۆر گرنگن بەتايبەتی بۆ چينی گەنج رێ ی ڕاستيان پێشان ئەدا دۆزی نەتەوەی کورد گەلێك گەورەترە لە حزب و لايەنەکان رۆژێ دادێ ئەم پەرتووکە بە نرخانە لە زانستگاکان بخوێنن هەزار سڵاو لە شەهيدانی کورد و کوردستان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکت هەزاران سڵاو لە بیرو فکرت، شەهید بوونت زەرەرێکی گەورەبوو لە تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی کورد کەوت قەلەمێکی زێڕین و سەربەرز لە نووسین وەستا، ڕەوڕەوەی شۆرش بەردەوامە.

***************************

(تێبينی:)

داوای ليبووردن دەکەم لە هەر کەم و کوورتیەک هەبێت. کاکم مرۆڤێکی زۆر جوان بوو لە هەموو بوارێکەوە زۆر زوو ماڵەوەی جێ هێشت و بوو بە پێشمەرگە هەر ئەو کاتانەم لەبيرە کاتی مناڵی وای لێم کرد لە ساڵيادی شەهید بوونی ئەم يادەی بکەم من حەزم لە خوێندنەوە هەيە بەڵام من قەت شتم نەنووسيوە تەنها بۆ ئاگاداريتان، سووپاس.
دەبوایە Tv تیڤیەک هەبوایە تەنها باسی پێشمەرگەو شۆرشە یەك لەدوای یەکەکانی کوردی تێدا بکرابایە بەڕاستو پاکی ڕووداوە یەک لەدوا یەکەکانی شەنو کەو بکردابا، مرۆڤی رۆشەنبیر و مێژوو ناس ئەم تیڤییەی بەڕێوە بردبا بۆ ئەوەی گەنجی کورد خۆی بناسێ کێیە وەکو فهرستەکی لێ بێ وەکوو ووڵاتان لەهەموو بوارێکەوە نووسین و لێکۆڵنەوەیان هەیە نەک وەکو ئێمە کە یادی شەهید یان شاعیر و نووسەرەکان ئەکەنەوە یەك جار یادی ئەکەنەوە و هەموو ساڵێك هەر ئەویادەیە نیشانمان دەدەنەوە و خۆیان ماندوو ناکەن، لایەنی تری هەیە شتی نوێ ی بۆ بگەرێن بۆیە من واهەست ئەکەم مێژوومان چەقی بەستووە بەدەست مێشکی چەق بەستوو!
لە کۆتاییدا "سوپاسی مەڵپەڕی کوردستانپۆست و ستافەکەی دەکەم، کە ئەم بابەتە لە یادی ئەو شەهیدەیان بڵاوکردەوە".
ئەمەی خوارەوە بەشێکن لە مراسیمی چلەی کاکە یوسف لە ساڵی ۱۹۹۱ کە لە شەقڵاوە بەڕێوەچوو؛



 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە