باشووری کوردستان مۆڵگەی چەوساندنەوە و پەژارەیە

Tuesday, 19/05/2020, 0:52

6620 بینراوە


(بەدواداچوونێك بۆ تابلۆکەی نازم عەوڵا پێخاوس)

  لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە ماڵپەڕی کوردستان پۆستەوە وتارێك بڵاوکرایەوە لەسەر تابلۆی (نازم عەوڵا پێخواس) کە نووسەری بەڕیز لەوێدا دوو خاڵی سلبی ئیشارەت پێداوە، یەکێکیان سەرەکی و ئەوی تریان لاوەکی، سەبارەت بە سەرەکییەکە دەڵێت: نەدەبوو ئەو تابلۆکێشە کۆپی وێنەی فۆتۆگرافەرێك بکات، منیش لەگەڵ ئەوەدام کە دەبوو وەکو مەسەلەیەکی مۆڕاڵی ئاماژەی بەوە بدایە کە ئەو تابلۆیەی لەسەر وێنەیەکی فۆتۆگرافەرێك کێشاوەو هەروەها ناوی فۆتۆگرافەرەکەشی بهێنایە، تەنانەت جێی خۆی بوو بڕی %١٠ی ئەو پارەیە بۆ ئەو فۆتۆگرافەرە بێت گەر قبوڵی بکات، بەڵام ئەمە گرنگی و جوانی سەراپای هەنگاوی کاکی نیگارکێش زەربی سفر ناکاتەوە.
تا ئێرە مەسەلە روونەو ئەم دوو خاڵە زۆر کەس لەسەری هاوڕایە، بەڵام سەبارەت وەزعی کاک نازم کە خاوەنی دوو خانووەو هاوسەرەکەی ئۆتۆمبێلێکی فاخیر دەهاژوێت، من وەکو موتابەعەکەرێکی ساحەی سیاسی کوردستانی باشوورو گۆڕانکارییەکانی ناوی هیچ کام لە نازم و تابلۆکێش و فۆتۆگرافەر ناناسم، بەڵام لە رووی ئینسافەوە دەمەوێت چەند خاڵێکی گرنگ بخەمە روو:
١- کاک نازم بە حوکمی ئەو کارەی دەیکات (کە حەمباڵی)یە و ئەو سیمایەی کە هەیەتی وا دەردەکەوێت کەسێکی مەزڵوم بێت، هەرچەندە راستیش بێت ئەو خاوەنی دوو خانوو بێت ئەمە مانای ئەوە نییە ئەو بە دەستی کەسانی دەوروبەری و هاوسەرەکەیەوە نەچەوسێتەوە، کە ئەم دیاردەیەش زۆر ئاشکرایەو زیادی کردووە لە کوردستاندا، کەواتە نازم هەر مەزڵومە بەوەی لە رەنجی ئارەقکردنەوەکەی خۆی ناخوات و پێی نادرێت. هەر بۆ نموونە خانمێکی سیسی وەك هێرۆ لە زۆنی سەوزدا خۆی بکوژو ببڕو فەرمانڕەوا نییە؟سسەدان پیاو لەبەردەستیدا نین ماستاوی بۆ دەکەن؟ پیاو و ژن وەك یەك تیرۆر ناکات وەك تیرۆرکردنی لەیلای موزیع و حیمایەکی جەلال تاڵەبانی، جگە لەو هەموو تاوانانەی رۆژانە ژێر بەژێر دەیانکات و فەرمانیان بۆ دەدات.
٢- دەبێت ئەو راستیە بڵێین ئەو دیاردەیەی فرۆشتنی تابلۆ (کە کارێکی هونەرییە) تازەیە لە کوردستاندا، بە تایبەتی کە داهاتەکەی بۆ خەڵکی هەژار دیاری بکرێت، کەواتە ئەم کارە زۆر کارێکی گەورەو جوانە و ناکرێت ئێمە بۆ کەموکوڕیی و کەمتەرخەمییەك ئەو هەوڵە جوان و تازەیە پشتگوێ بخەین و زەربی سفری بکەینەوە، وەك ئەوەی لەم دنیا گەورەیەدا هیچ نەبینین جگە لەو پەنجەیەی کە دەیخەینە پێش چاومان.
٣- دەبێت ئەو راستیەش بگوترێت کەسایەتی کاک نازم لە بواری کۆمیدی و دڵخۆشکردنی خەڵك لەو تەنگژانەدا رۆڵی شارلی شاپلن دەبینێت و جێی دەستخۆشییە، وێڕای ئەوەی زۆرجار وەك لە یوتیوبەکاندا دیارە پەردە لەسەر گەندەڵی هەڵدەماڵێت و زۆر بە جورئەتەوە رای خۆی دەردەبڕێت (جا گەر راکانی پێکابێتیان و راست بن یان نا، یان جارانێك کەوتبێتە ژێر ترسی پارتی و پاراستنەوە) ئەمە لە کاتێکدایە زۆر ئەفەندی رۆشنبیر جورئەتی ئەوەیان نییە بڵێن لەل و رازی نابن تۆز لە قات و ریباتەکەیان بنیشێت، ئەی نەتانبینی چۆن کەمالی سەید قادر لەناوەڕاستی هەولێردا لە کاتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم سوکایەتی پێدەکرێت و کەسێك بەرگری لێ ناکات!
٤- لەمەش گرنگتر دەبوو ئەم هەڵوێستە زۆربەی خاوەن ویژدان و قەڵەمبەدەستانی بهێنایەتە جۆش و پاڵی پێوە بنانایە کە هەوڵ بدەن و بپرسن ئایا بۆچی سێ شار کە بە هەرێمی کوردستان ناویان ناوەو خاوەنی سامانێکی سروشتییە لە گازو نەوت خۆی دەدات لە شانی وڵاتێکی زەنگینی وەك کوێت کە نرخی دینارێکیان سێ دۆلارو نیوە، بۆچی دەبێت دیاردەی هەژاریی و چەوساندنەوەی تیا زەق و ئاشکرا بێت؟ ئەی بۆچی کەس هەوڵ نادات دادپەروەریی بەرقەرار بکات و ئەو دوو گروپە میکرۆب و مافیایە بە سزای تاوانەکانی خۆیان بگەیەنێت و جەماوەر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە بە لێبڕان و دڵسۆزییەوە؟ کەواتە هەمووان تاوانبارن و ئەوەی دەیدورنەوە بەری هەڵوێست و کردەوەکانی خۆیانە، ئەی نابینن ئێستاش زۆر لەو جەماوەرە بەداخەوە چەپڵە بۆ بارزانی و تاڵەبانی لێدەدات و شەڕیان لەسەر دەکات! زۆربەی ئەو خەڵکەش کە ناڕازییە چاوەڕوانی موچەیەك دەکات وەکو خێر پێی بدەن و بێدەنگ بێت. یان خەڵکی سادەی وا هەن وا بیر دەکەنەوە کە (گۆڕان تا دوێنی بوو پارچەیەك بوو لە یەکێتی و زۆربەی پیاوکوژەکان لەوێدا بوون) ئێستا دەتوانێت بە گۆڕانکاری هەستێت، هەرگیز گەندەڵ جورئەتی لادانی گەندەڵ ناکات. یان شاسواری بزنسمان دەتوانێت گۆڕانکاریی بکات یان هەمووتان بفرۆشێت! ئەوانە دەبێت دەنگی ئازادو ناحیزبیی توڕیان بداتە تونی حەمامی رسواییەوە هەتا هەموو درۆو خیانەت و تاوانەکانیان دەموچاویان وەك خەڵوز رەش دەکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە