تكا و داواكاریم له ‌په‌كه‌كه‌

Tuesday, 02/06/2020, 1:13

10832 بینراوە


تا دێت هێرش و په‌لاماری وه‌حشی گه‌رانه‌ی رژێمی توركیا بۆ سه‌رباشوور به‌بیانووی بوونی بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت و، به‌هۆیه‌وه‌ رۆژ نییه‌ چه‌ندین خێزان سه‌رگه‌ردان نه‌بن و هاوڵاتیانی بێ تاوان نه‌بنه‌ قوربانی ، زیانی زۆریش به‌ خانو ره‌زو باخ و پرد و رێگاو بان و سه‌رچاوه‌ی ئاو و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ نه‌كه‌وێت،له‌م نێوه‌نده‌شدا زیان مه‌ندی یه‌كه‌م وكۆتایش ته‌نها و ته‌نها هه‌ر خه‌ڵكه‌ زه‌حمه‌تكێش و هه‌ژارو لادێَ نشینه‌كه‌یه‌. كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نیان له‌سه‌رجه‌م شۆڕش و خه‌باته‌ چه‌كدارییه‌كاندا له‌ ماڵ وێرانی و قوربانی داندا پشكی شێریان به‌ركه‌وتوه‌،به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پارت و لایه‌نێك هاوخه‌میان بوبێت ،قه‌ره‌بووی كردبێتنه‌وه‌ و كه‌مێك له‌ئێش و ئازاره‌كانیانی له‌كۆڵ نابێت!
باوه‌ڕم به‌خه‌بات و شۆڕشی هه‌موو كوردێك هه‌یه‌ له‌هه‌ر پارچه‌یه‌ك بێت، ئومێدی سه‌رفرازی و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم به‌تایبه‌ت په‌كه‌كه‌، كه‌ بۆخۆشم ساڵانێك هاو خه‌بات و هه‌ڤاڵیان بووم. كه‌م تا زۆریش قوربانی و زۆر و زه‌حمه‌تیم له‌گه‌ڵیاندا داوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وانیش ره‌چاوی بارو دۆخ و ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بكه‌ن و، بیرێك له‌ حاڵیان بكه‌نه‌وه‌، به‌هۆی هه‌ڵه‌ و كه‌مایه‌سی خۆیانه‌وه‌ چیتر ئه‌و خه‌ڵكه‌ خێر له‌خۆ نه‌دیوه‌ نه‌كه‌نه‌ سووته‌مه‌نی و قوربانی, باشتره‌ بنكه‌ و باره‌گاكانیان له‌ نێو دێهات و شوێنی نیشته‌جێ بوونی هاوڵاتیان و گوند و شارۆچكه‌كان دووربخه‌نه‌وه‌، (چونكه‌ هه‌مووان ده‌زانین كه‌ رژێمی توركیا خاوه‌نی نوێترین و پێشكه‌وتوترین ئامێری سیخوڕی و فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانه‌، هۆڤیه‌تی هه‌موو سنووێكی تێپه‌ڕاندووه‌. هه‌روه‌ها له‌هه‌موو شوێنێكی ئه‌م هه‌رێمه‌ سیخور و به‌كرێگیراوی هه‌یه‌، به‌رده‌وام زانیاری یان پێده‌دات)كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ په‌كه‌كه‌ كه‌مته‌رخه‌می یه‌كی گه‌وره‌یه‌ ، تا ئێستا چه‌ندین سه‌ركرده‌ و گه‌ریلایان به‌وهۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌، كه‌چی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌مان كه‌مته‌رخه‌می سووره‌. جودای ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گوندنشین ده‌بنه‌ قوربانی و ماڵ و حاڵیان وێران ده‌بێت، هیچ كه‌سێكیش داوا و  سكاڵایان ناگه‌یه‌نێته‌ جێی خۆی، په‌كه‌كه‌ش هیچ له‌خه‌میاندا نییه‌ و بیرێك له‌ چاره‌نووسییان ناكاته‌وه‌، هه‌روا ئێمڕۆ حكومه‌تی به‌ناو هه‌رێم، ته‌واوی بواری ژیان و خزمه‌تگوزاری له‌ شاره‌كان فه‌رامۆشكردوه‌، هیچ به‌ته‌نگیانه‌وه‌ نایه‌ت، چ جای لادێیه‌كی دووره‌ده‌ست كه‌ پێشتر چه‌ند رێكخراوێكی خێرخوازی، پرد و نه‌خۆشخانه‌وخانو و سه‌رچاوه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ ورێگا بانی بۆ دروستكردون، كاتێك ده‌روخێن ئیدی هیچ كه‌س چاكی ناكاته‌وه‌ وبۆخۆشتان ئه‌و راستی یه‌ ده‌زانن و له‌چه‌ند شوێن ئه‌و شوێنانه‌ی پێشتر بۆردومان كرابوون چاك نه‌بونه‌ته‌وه‌ و بونه‌ته‌ كه‌لاوه‌،ئیتر لادێی و بێ خزمه‌تگوزاریی خانوو یان نه‌خۆشخانه‌ یان سه‌رچاوه‌ی ئاو و كاره‌با و قوتابخانه‌ چ سوودێكی ده‌بێت؟ بۆیه‌ خه‌ڵكی ئه‌و گوندانه‌ له‌ترسی گیانی خۆیان و نه‌مانی خزمه‌تگوزاری ناچار ده‌بن، له‌شوێنی خۆیان هه‌ڵكه‌ندرێن و رووبكه‌نه‌ شار و شارۆچكه‌كان، به‌ژیانی كوله‌مه‌رگی ، له‌م قه‌یرانی دارایی و نه‌بوونی هه‌لی كاردا، ئه‌گه‌ر كرێكاری یان حه‌ماڵی یان درۆزه‌كه‌ری یان ده‌ست بكه‌وێت.
چاكتره‌ په‌كه‌كه‌ له‌و شوێنانه‌ دوور بكه‌وێته‌وه‌، کە هاوڵاتییان سڤیل تێیدان و په‌نا به‌رێته‌ به‌ر چیا و شوێنه‌ دووره‌كانی سه‌رسنوور ، له‌وێ بنكه‌ و باره‌گا بخات، به‌مه‌ش له‌سه‌رێك بیانوو ناداته‌ ده‌ست توركیا، له‌سه‌رێكی دیكه‌ش له‌چاوی سیخور و فرۆكه‌ چاودێره‌كانی توركیا به‌دور ده‌بێت و زیانی زۆركه‌متر ده‌بێت.
هه‌موو تێبینیمان كردوه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ئێستا چۆته‌ قاڵبی مت بوونه‌وه‌، ناتوانێت ته‌نانه‌ت پارێزگاری له‌خۆشی بكات. كه‌ ئه‌بوایه‌ له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌ی توركیا ئه‌وانیش كاردانه‌وه‌یان هه‌بووایه‌، له‌قوڵایی توركیا و شاره‌ تورکییەکانیش كه‌ ته‌ژی یه‌ له‌هه‌وادار و ئه‌ندام وكادیرانیان ، زه‌بری گورچك بڕ له‌ سوپا و پۆلیس میتی تورك بوه‌شێنن، وه‌ك ساڵانی پێشوو سه‌رده‌می زێڕینی په‌كه‌كه‌، فه‌رمانڕه‌وایی ئۆجه‌لان چالاكییه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه‌ و مه‌فره‌زه‌ی پارتیزانی وخۆبه‌خشانیان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ده‌ریای ره‌ش و سه‌رحه‌د و. نزیكی سنووری روسیا و ئه‌رمینیا، گه‌ر هه‌وا ده‌سته‌وه‌ستان بن وبێ چاره‌ بن، به‌دووری مه‌زانن كه‌ سوپای توركیا زیاتر شوڵی لێ هه‌ڵكێشێت وئۆپراسێونی سه‌ربازیش تا قه‌ندیل بكات. ئه‌وه‌شیان له‌به‌رچاوبێت كه‌ دوژمنانی كورد له‌سه‌ر هیچ شتێك كۆك نین و دژبه‌رن، به‌ڵام له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كورد و شۆڕش و خه‌باته‌كه‌ی هه‌موو هاوڕا و هاوپه‌یمانن. به‌دوری مه‌زانه‌ كه‌سبه‌ی رۆژ ئێراق و توركیا جارێكی تر رێك بكه‌ون، به‌تایبه‌ت ئیمڕۆ كه‌ پرسی ئاو بۆته‌ باسێكی گه‌رم و توركیا وه‌ك كارتێكی فشار به‌رامبه‌ر ئێراق به‌كاری بێنێت وبۆ به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی فوڕات، ئه‌وه‌ بكات به‌مه‌رج كه‌ ئاوی زێی فوڕات به‌رده‌داته‌وه‌ بۆئێراق به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌ویش رێگر نه‌بێت له‌ ئۆپراسیۆن و هێرش بۆسه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل و مه‌خمور وبادینان،كه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێز و چاوه‌ڕوانكراوه‌، بۆیه‌ چاكتره‌ پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ رووبدات په‌كه‌كه‌ بیر له‌ رێگا چاره‌ بكاته‌وه‌ و قورسایی هێز وژماره‌ی زۆری گه‌ریلای بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو خاكی توركیا( تكام وایه‌ كه‌ تاوانبارم مه‌كه‌ن به‌وه‌ی دژی شۆڕشی باكوورم وناوچه‌ گه‌رێتی ئه‌كه‌م، ئه‌وه‌ واقعێكه‌و هاتۆه‌ پێش،له‌م پرسه‌ دا ئه‌قڵ و هۆش رۆڵ ده‌بنێت،نه‌ك هه‌ست و سۆز)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە