چەند بەڵگەنامەیەک لە ئارشێڤی میژووی ڕەشی بنەماڵەی بەرزانی (بەشی سێیەم)

Thursday, 11/06/2020, 0:36

11776 بینراوە


٢٩٢. تەلیگرامی ٢٢٢ لە باڵوێزخانە (ئەمەریکا) لە لوبنان بۆ وەزارەتی دەرەوە 

بەیرووت، ١٦ی پووشپەڕی ١٩٧١
بابەت: داواکاری لە موستەفا بەرزانیەوە بۆ پەیوەندی نهێنی لەگەڵ حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا

پووختە

زەید عوسمان، کە باوەڕ دەکرێت هاوکارێکی نزیکی سەرکردەی کوردە عێراقیەکان موستەفا بەرزانی بێت، داواکاریەکی بەرزانی بۆ دانووستانێکی نهێنی لە نێوان نوێنەرانی دەستەکەی ئەو و نوێنەرانی حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا گەیاندە باڵوێزخانە لە بەرووت. باوەڕ دەکرێت کە بەرزانی ئارەزومەندی هەڵسەندگاندنی ئەگەری سەرهەڵدانێکی کوردی-عەرەبی لەدژی ڕژێمی عێراق بێت. بە عوسمان ڕاگەیندرا کە سیاسەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەستێوەرنەدان لە ناکۆکی ناوخۆی وڵاتاندایە. بڕیار وایە عوسمان پاش دوو هەفتە لە لەندەن بۆ بەیرووت بگەڕێتەوە و لەوانەیە دووباەر تا بزانێت هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا گۆڕدراوە یان نا سەردانی باڵوێزخانە بکات.

پەیامێک لە موستەفا بەرزانییەوە

زەید عوسمان، کە کوردێکی هەولێرییە، پارێزەریش بوو، سەر بە پارتیی و  بنەماڵەی بارزانی بوو، هەروەها کاری بۆ (CIA) دەکرد،  لە ٨ی پووشپەڕ بۆ گەیاندنی بە ووتەی ئەو پەیامێک لە بەرزانیەوە بۆ حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سەردانی باڵوێزخانەی کرد. عوسمان سەرەتا بەوە دەستیپێکرد کە خەونی بەرزانی هاوکاری کردنە لەگەڵ حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.
بەرزانی دەیەوێت کە حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەوە بگەن کە دادپەروەری بۆ کوردەکان تەنها بە بوونی ڕژێمێکی دیموکراتی کە نوێنەرایەتی کورد و عەرەب بکات و مافە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگای کورد لە چوارچێوەی "مافی نەتەوایەتی ئۆتۆنۆمی"دا دابین بکات دێتەدی. عوسمان ووتی بەرزانی دەیەوێت کە حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەبێت ئەوە بزانن کە ئەوان داواکاریەکی ڕژێمی بەعسیان بۆ پەلاماردانی ئێران ڕەتکردۆتەوە. هەروەها، کوردە بەرزانیەکان هیچ کاتێک کوردەکانی تورکیایان لەدژی حکومەتەکەیان هاننەداوە یاخود دەستیان لە کار و باری ناوخۆی تورکیاوە وەرنەداوە.
بە باوەڕی بەرزانی، ڕژێمی بەعسی عێراق بە شێوەیەکی نەشیاو مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانی عێراقدا دەکات. کوردە بەرزانیەکان باوەڕ و متمانەیان بە ڕژێم نیە. هەرچەندە بار و دۆخەکە بە مۆرکردنی پەیماننامەیک لەگەڵ حکومەتی عێراق ناچاری کردون، بەڵام هەرگیز باوەڕیان نیە بەوەی کە بەعسیەکان بەلێنەکانیان بەسەردەبەن. کوردەکان ئێستا ئامادەن لە دژی حکومەت ڕاپەڕن. گەر پێویستبکات، بەشداری لە ڕاپەڕینێکدا لەگەڵ عەرەبەکانی دژ بە ڕژێمدا بکەن.

ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ چەندین تووخمی عەرەبیدا هەیە.

ئەو حکومەتەی لە ئەنجامی ڕاپەڕینێکی لەو شێوەیە پێکدێت هاوپەیمانی ئەمەریکا دەبێت. بەرزانی دەیەوێت حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بە بەزییەوە لە دۆخی عێراق بڕوانێت. بەرزانی ئامادەیە لەسەر هەربابەتێکی سیاسی لەگەڵ حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ڕاوێژ بکات، بۆ ئەوەی سیاسەتی ئەمەریکا جێبەجێبکات، و هەموو تووخمێکی دژە ئەمەریکا لەناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی خۆیدا ڕاماڵێت.
لە کۆتاییدا، عوسمان ووتی، گەر حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا باوەڕیان وایە کە ئەم خاڵانە شایەنی گفتوگۆکردنن، ئەوا بەرزانی گەورەدەبێت کە لە بارەگای خۆی لە کوردستان پێشوازی لە کاربەدەستانی ئەمەریکا بکات یاخود ئیدریسی کوڕی و زەید عوسمان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمەریکادا بنێرێت.

باکگراوند

لە وەڵامی پرسیارەکاندا، عوسمان ئەم باکگراوندانەی خوارەوەی بۆ پێشنیارەکەی بەرزانی پێشکەشکرد.
بەرزانی تەواوی کۆنترۆڵی ئەو زنجیرە چیایانەی نێوان سنووری خۆرئاوای ئێران تا دەگاتە ڕەواندوزی هەیە. هەرچەندە زوربەی شارە گەورەکانی کوردستان لە دەستی حکومەتدایە، بەڵام بە هێزەکانی بەرزانی لە چیاکانەوە ئابڵۆقەدراون.
بەپێی پەیماننامەی عێراق-بەرزانی ئازاری ١٩٧٠ کوردەکان مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندیان هەڵوەشاندۆتەوە. بەڵام، ئەو دامودەزگایانەی بۆ حکومڕانی ناوچەکە پێویستە هێشتا لە گەڕدایە. بەرزانی هەر بە دوو مانگ جارێک ٥ دینار بەهەر یەک لە پیاوانی سووپاکەی دەدات. بۆ درێژەپێدانی ڕژێمەکەی و سووپاکەی پێویستیی بە کۆمەکی دارایی هەیە. هەر کۆمەکێکی لەو شێوەیە لە لایەن حکومەتی ئەمەریکاوە دەتوانرێت لە ڕێگای عەرەبستانی سعوودی، ئوردون، یاخود ئێرانەوە ڕەوانەبکرێت. لە ڕابوردوودا، بەرزانی کۆمەکی دارایی لە ئێرانەوە پێدەگەییشت، بەڵام لە بەرامبەردا ئێران جەختیان لەوە دەکردەوە کە دەبێت باڵادەستییان لە کۆنترۆڵکردنی چالاکی کوردەکاندا هەبێت – تەنانەت لە ناونیشانکردنی سەرەک وەزیرانی هەر حکومەتێک – کە بووە هۆی شکستی هەموو هەوڵە شۆڕشگێڕیەکان. عوسمان بە پەستییەوە ووتی کە ئێران زۆر بە قووڵی لە هەموو پیلانێکی وڵاتە عەرەبیەکان دژی ژێمی بەعسدا بەشدارە و نووشستی ئەو پیلانانە لە ساڵی ١٩٧٠دا بووە هۆی لە سێدارەدانی ٥٠ پیلانگێڕ. عوسمان لەوەدەچوو وا هەستبکات کە بە بۆچوونی ئێران پیلانەکان ئەو قووربانیانەی دەهێنا.
هەرچۆنێکبێت، بەرزانی ئاواتەخوازە کە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادا ببەستێت، تا بتوانێت "راوێژ" بۆ چۆنێتی پەرەپێدانی شۆڕشکەی دژی ڕژێمی عێراق بەدەست بهێنێت. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە بەرپرسێکی ئەمەریکی سەردانی بەرزانی لە بارەگاکەی - "خانووە قووڕینەکەی" لە حاجی هۆمەران، کە ٣ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە و ٢ کاتژمێر و نیو بە ئوتومۆبیل لە شاری رەزائیەی ئێرانەوە، کە بە فڕۆکە دەتونرێت لە تارانەوە بۆی بچیت، بکات. ئاشکرایە کە حکومەتی ئێران بە هەر جۆرێک لەم سەردانانە دەزانێت، بەڵام دەتوانرێت لە حکومەتی عێراق بشاردرێتەوە.
گەر حکومەتی ئەمەریکا بیەوێت پێشوازی لە نوێنەری بەرزانی لە واشینگتۆن بکات، ئەوا بەسەرکردایەتی ئیدریس، تەمەن ٢٧ ساڵ، کە کاراترینی نێوان شەش کووڕەکەی بەرزانیەوە دەبێت. ئیدریس زمانی ئینگلیزی بە باشی نازانێت بەڵام عوسمانی لەگەڵدادەبێت.

پلانی سەرهەڵدان

عوسمان جەختیکردەوە کە کۆنترۆڵی بەعسیەکان زۆر بەهێزترە لەوەی کە ڕێگا بە کوودەتایەکی سەرکەوتو بدات. سووپا بەشێوەیەکی گشتی زۆر نیگەرانن بەڵام کەس ناوێرێت لە دژی ڕژێم جووڵە بکات. لە ئەنجامدا تەنها ئومێد ڕاپەڕینە، کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد لە باکوورەوە دەستپێبکات. بەرزانی هیوای وایە کە حکومەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا بەو هەنگاوە ڕازیبکات. ئێستا ئەو تەمەنی ٦٨ ساڵە. ئەگەر ئەو پێش ئازادکردنی عێرق دواکۆچی بکات، عوسمان ووتی، ئەوا ئەگەر هەیە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بکەوێتە دەست کەسانی ڕادیکال و گەورەترین کۆمەڵگای کورد لە تورکیا بکەونە دوای هەمان بیری رادیکالیست.
عوسمان ئێستا بەشێوەیەکی چالاک بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین لە هەوڵی بەستهێنانی هاوکاریە. بۆ نموونە، ئەو بۆ چوون بۆ هەر شوێنێک - واشینگتۆن یاخود نەتەوە یەکگرتوەکان، لە لایەن بەرزانیەوە سەرپشککراوە. ئێران بەڵێنی داوە کاتێک شەڕ دەستیپێکرد یارمەتی خۆیان بدەن. عوسمان چەند مانگێک لەمەوبەر سەردانی مەلیک فەیسەڵی کردوە. فەیسەڵ پێشوازیەکی دۆستانەی لێکردوە و لەپرینسپڵدا پشتگیری خۆی بۆ بۆ ڕاپەڕین دەربڕیوە، بەڵام داوای زانیاری پتری کردوە پێش ئەوەی دوا وەڵامیان بداتەوە.
عوسمان ووتی ئەو لە ماوەیەکی کوورتدا بەیرووت بەجێدەهێڵێت و بەرەو لەندەن دەکەوێتە ڕێ بۆ ئەوەی چاووی بە خێزانەکەی بکەوێت کە لە بەغداوە سەفەردەکەن. خووشکی هاوسەرەکەی ئەپارتمێنتێکی لە ٤٤ ئادەم و ئییڤ میووز، لە لەندەن بۆ گرتوون.
لە کۆتایی مانگی پووشپەڕدا، عوسمان پلانی وایە کە بۆ بەیرووت بگەڕێتەوە و لەوانەیە سەردانی باڵوێزخانە بکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هیچ گۆڕانێکی بەسەردا هاتووە. لەوانەیە پەیوەندی بە مەلیک حسێن و فەسەڵیشەوە بکات.

سەرنجی بایۆگرافی

زەید عوسمان، نزیکەی ٤٧ ساڵ تەمەنێتی، پێش شۆڕش لە زانکۆی قاهیرە خوێندوێتی و پاشان لە بەغدا کاری بارێزەریی کردوە. لە ساڵی ١٩٦٦دا لەگەڵ سەرۆک وەزیران بەزاز لە داڕشتنی ڕەشنووسی پەیماننامەی کورد-عێراقی هاوکاری کردوە. ئەو دەڵێت لەتەمەنی کارکردنی سیاسییدا پێنج جار بەهۆی سیاسیەتەوە لە بەغدا زیندانی کراوە.
کەوتنی بەزاز و ناکۆکی نێوان بەرزانی و حکومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٦٨دا عوسمانی ناچار بە هەڵهاتن لە بەغدا کردوە. لەوکاتەوە لە بارەگای بەرزانی ژیان بەسەردەبات و زۆر کات بە ئەرک لە دەرەوەی عێراق هەڵدەسێت. عوسمان پاش بەیانامەی مارتی ١٩٧٠ ی نێوان بەرزانی و حکومەتی عێراق پەیوەست بە خێزانەکەی لە بەغدا نەبۆتەوە لەبەر ئەوەی هیچ متمانەیەکی بە نییەتپاکی ڕژێمی بەعس نیە.
عوسمان بێ فیزە لە زانینی زمانی ئینگلیزی بەڵام ئەو زۆر لێهاتووە لەو زمانەدا. بەشێوەیەکی دڵنیاکەرەوە دەئاخاوتێ. ئەو باوەڕی بەوجۆرە دیموکراتیە هەیە کە لە ئەمەریکا پەیڕەو دەکرێت.

هەڵوێستی ئەمەریکا

کارمەندی نووسەری ڕیپۆرتەکە بۆ شرۆڤەکردنی باری عیراق سووپاسی عوسمانی کرد. ئەو جەختیکردەوە کە ئەمەریکا پەیڕەوی سیاسەتی دەست تێوەرنەدان لە کاروباری دەوڵەتانی بیانییدا دەکات. لەبەر ئەو هۆکارە، ئەو لە دۆخی ئێستادا شتێکی ئەوتۆ بەدیناکات کە حکومەتی ئەمەریکا کاری بۆ بکات. بەڵام ئەو ڕیپۆرتی ئەم لێدوانە بەرزدەکاتەوە.

بەفووم (ناوەی کارمەندی ڕیپۆرتنووسە) 

١ - سەرچاوە: ئارشێڤی نیشتیمانی، RG 59، فایلەکانی ناوەند ١٩٧٠-١٩٧٣، POL 13-3 عێراق. نهێنی؛ بڵاوکردنەوەی مەرجدار. دووبارەکراوەتەوە بۆ عەمان، ئەنکەرە، جەددە، لەندەن، تاران، نوێنەری ئەمەریکا لە ووڵاتە یەکگرتووەکان. لە لایەن کێرتس ف جۆنزەوە ڕەشنووسکراوە؛ لە لایەن تۆماس ج کارۆلانی بچووکەوە ڕێگاپێدراوە.
٢- هاوکارێکی نزیکی بەرزانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی ئەمەریکا پەیوەندی بە باڵوێزخانە لە بەیرووتەوە کردوە.
(ئەمە بەشێکە لە زنجیریەک پەیوەندی ئاژانسی هەواڵگیری ناوەند (CIA) لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی و لە کوردستان پۆستدا بڵاو دەکرێنەوە)

چەند تێبینیەک:

١ – دیسان دەبینین کە چۆن موستەفا بەرزانی هەموو کارێک تاکڕەوانە تەنها وەک خۆی و بنەماڵەکەی ئەنجام دەدات و تەنها کەسە نزیکەکانی خۆی بەتایبەتی لە هۆزی بەرزان و ئەوانەی متمانەی تەواوی پێیانە ئەرکدار دەکات. لە هیچ شوێنێکدا نابیستین کە باسی بڕیاری مەکتەبی سیاسی پارتی و کۆمیتەی ناوەندی ئەو سەردەمە بکات کە چەندین کەسی لێهاتو و خۆیندەواری وەک نووری شاوەیس و دارا تۆفیق و ساڵح یوسفی هتد تێدابوو. بەڵام موستەفا بەرزانی لە بنەماڵەکەی خۆی بەولاوە کەسی تری بە پیاو نەدەزانی. هەروەک ئێستا، هەموو ئەو مێگەلەی پارتی تەنها بۆ پاراستنی بوونی ئەوان و بەرژەوەندی بنەماڵەن.
٢ – مەلا موستەفا هەمیشە بەناوی بەرزانیەکانەوە گفتوگۆی کردوە و کێشەی کوردیش، ئەویش تەنها لە عێراق، ئامرازێک بوو بۆ ئەوەی خۆی و بنەماڵەکەی پێ بسەپێنێت و ئامانجی دەوڵەتە زلهێزەکان و داگیرکەران و دوژمنانی کوردی پێبەدیبهێنێت. بە ئاشکرا دەبینین کە چۆن دەیەوێت هەموو گەلی کوردی عێراق بۆ مەرامە چەپەڵەکانی بخاتە خزمەت سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا و چۆن دەڵاڵی بە خوێنی میلەتی کوردەوە دەکات و دواڕۆژی کورد هەرزانفرۆش دەکات. دەبینین لێرەدا کە چۆن موستەفا بەرزانی دەیەوێت وەک جاسووس و جاش کورد بەکاربهێنێت بۆ خزمەتی ئەمەریکا و تورکیا و ئێران و بەدەستهێنانی هاوکاری دارای بۆ خۆ سەروەتدارکردن. ئاشکرایە کە موستەفا بارزانی نەک هەر سەرکردەیەکی نەتەوەیی نەبوو بەڵکو دەڵاڵ و پیلانگێڕکی قێزەوەنی دژ بە کوردی پارچەکانی تری کوردستان بوو. ئەو تەنها بۆ ئەوە لەدایک بوو کە نۆکەر و خزمەتکاری داگیرکەرانی کوردستان بێت.
٣ – ئەو سەردەمانە زوڕناژەنەکانی پارتی گوێی میلەتی کوردیان بەوە سمیی بوو کە موستەفا بەرزانی پەیوەندی تۆکمەی بە حکومەتی ئەمەریکاوە هەیە و لە ئاستی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. لێرەدا بە ڕوونی دەبینین کە مەلا موستەفا تەنها وەک سەرۆک هۆزێکی یاخیبوو لە لایەن ئەمەریکا و داموودەزگا جاسووسیەکانیانەوە تەماشاکراوە لەسەر ئاستی نزمترین کارمەندی باڵوێزخانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

ئەم بەڵگەنامانە لە ئارشێڤی وەزارەتی درەوەی ئەمەریکاوە وەرگیراوە.


کۆپی بەڵگەنامەکان:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/CIA/B-3.pdf


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە