هه‌رێمه‌كه‌ی خه‌ڵك و هه‌رێمی دوو حزبه‌كه‌

Friday, 07.03.2020, 0:17

1786 بینراوە


1
ساڵی 1991 دوای كۆڕه‌وی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و تراژیدیا گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ر خه‌ڵكی باشوری كوردستان هات ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕیاری 688ی له‌ رۆژی 5ی نیسانی 1991بۆ پاراستنی كورد ده‌ركرد ، له‌ راستیدا یه‌كه‌م ده‌وڵه‌ت فه‌ڕه‌نساو دواتریش هه‌ر یه‌ك له‌ ئێران و توركیا رۆڵیان هه‌بوو له‌ ده‌ركردنی ئه‌و بڕیاره‌ ، فه‌ڕه‌نساو ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیا ناوچه‌ی پارێزراویان بۆ كورد ده‌سته‌به‌ر كرد ، چین ده‌نگی نه‌داو هه‌ر یه‌ك له‌ یه‌مه‌ن و زیمبابۆی و كوباش دژبوون ، بۆ ناوچه‌ی دژه‌ فڕین هێڵی 36 دانرا ، كوردیش خۆپیشاندانی ده‌كردو ده‌یگوت " چیت ده‌وێ‌ كوردی هه‌ژار – هێڵی سی و شه‌ش بۆ سی و چوار " .
ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ربه‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ حزبه‌كانی كوردستانه‌وه‌ نیه‌ ، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ ڕای كه‌ بڕیاره‌كه‌ش هه‌بوو له‌ 31ی ئابی 1991 سوپای سه‌دام هاته‌ ناو هه‌ولێره‌وه‌و بۆ پارتی داگیری كرد ، ئه‌وه‌ش له‌ ئاكامی ئه‌و شه‌ڕی ناوخۆیه‌ی كه‌ تێیدا گه‌نجێكی زۆری كورد بوونه‌ قوربانی .
بڕیاری 688 ئه‌گه‌ر شه‌ڕی پارتی و یه‌كێتی و ئه‌و هه‌موو تاڵان و تاڵانكاریه‌ی نه‌وه‌ده‌كان نه‌بوایه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تا پارتی و یه‌كێتی نه‌بووبان ، هه‌ر گروپ و ده‌سته‌یه‌كی ئاقڵمه‌ند هه‌بونایه‌ ئێستا ئه‌م دیفاكتۆیه‌ بووبوو به‌ ده‌وڵه‌ت .یان لانی كه‌م له‌ چوار چێوه‌ی كۆنفیدراڵیه‌كی پێشكه‌وتودا ده‌بووه‌ جێی ئومێدی هه‌موو كوردی دنیا .
2
نه‌فره‌ت كردن له‌م قه‌واره‌یه‌ له‌ ئاكامی نائومێدیه‌وه‌ یان رق بوون له‌ كورد جۆرێكه‌ له‌ گه‌وجی ، من له‌ وتارێكا وتم ئه‌وه‌ گه‌مژه‌یی سیاسیه‌ دیار بوو هه‌ندێك ئه‌وه‌یان زۆر پێقورس بوو هه‌شبوون وتیان ئه‌وه‌ دیاره‌ ئیشێكی به‌و قسه‌یه‌یه‌ ، راستیه‌كه‌ی لای من پارتی و یه‌كێتی له‌ دۆڵێك و قه‌واره‌كه‌ له‌ دۆڵێكی دیكه‌یه‌ ، نه‌ك گه‌مژه‌یی ته‌واو ، ئه‌و په‌ڕی گه‌وجیه‌ كورد خۆی هه‌ڵپه‌ی ئه‌وه‌ بكات بڕیاری 688 هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ ، ئه‌م بڕیاره‌ یه‌كێكه‌ له‌و كارتانه‌ی ده‌كرێت هه‌میشه‌ خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك ده‌كۆمێنتێك پشتی پێببه‌ستن ، له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانی بوێرو یاسا ناس و ئازاد هه‌بان ده‌یانتوانی هه‌ر به‌م بڕیاره‌ داوای ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كورد له‌ حزبه‌كوردیه‌كانیش بپارێزێت .
تاوانی خه‌ڵك له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ به‌ پارتی و یه‌كێتی ده‌داته‌وه‌و دواتریش ده‌كه‌وێته‌ لاژه‌ لاژو بۆڵه‌ بۆڵ ، كه‌ ئه‌وه‌ كه‌س به‌ پوڵێكی قه‌ڵب نایكڕێت .
3
نه‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه‌لایه‌نه‌كانی دیكه‌ له‌ هیچ بارو دۆخێكا په‌نایان نه‌برده‌ به‌ر ئه‌و بڕیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی چی تر ئه‌و دوو حزبه‌ وه‌ك خاوه‌نی قه‌واره‌كه‌ ده‌رنه‌كه‌ون ، له‌ هه‌ندێ‌ كاتیشا دوو لایه‌نه‌كه‌ هیچیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌مابوو ، به‌ڵام ئه‌وانی تر هه‌ر به‌و جۆره‌ وه‌ك ته‌ماشاچی مانه‌وه‌ ، ، ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی كوردایه‌تی و قه‌واره‌ی هه‌رێم و ئه‌م دیفاكتۆ مرۆییه‌ی له‌ به‌ر چاوی خه‌ڵك خست پارتی و یه‌كێتی بوون ، به‌شه‌ڕی ناوخۆ ، به‌ تاڵانی نه‌وت ، به‌ میدیای چه‌واشه‌و درۆزن ، به‌ هێنانی ده‌ستی دوژمن و به‌ دزینی سه‌روه‌ت و سامانی نیشتمان ، ئه‌وه‌ بۆیه‌ ئێستا خه‌ڵكانێك هیچ گوێیان لێ‌ نیه‌ حه‌سه‌ن پلایس حوكمیان بكات ، یان مه‌سروربارزانی و قوباد تاڵه‌بانی .



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)