بەدواداچوونێك بۆ گوتاری (شێخ لاهور ڕستەکەت تەواو بکە)

Saturday, 01/08/2020, 21:17

4889 بینراوە


بەو گوتە جوانە دەستپێدەکەین کە کوردستان پۆست لە بەشی سەرەوەی ماڵپەرەکەی داینابو و نوسرابو: 
(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)
جا لەهەموو دەورو زەمانێکدا کۆیلایەتی جۆراوجۆر هەیە، ئیدی باوای لێکنەدەینەوە کە هەر عەبدایەتی راستەوخۆی زەمانی زوو بە کۆیلایەتی دادەنرا، بگرە هەموو ملکەچیەك لە شوێنکەوتن و بڕیاردا دادەنرێت بە جۆرێکی کۆیلایەتی، بەتایبەتی لە پشگیری و هاوکاری تاوانبارو ستەمکار و دەسەڵاتدارانی مافیاو گەندەڵداو لە بابەتە چارەنوس سازو گرنگەکان، ئەمانە بە کۆیلەی چڵکاوخۆر دادەنرێن ئەگەر بندیواریش نەبن، چونکە کۆیلایەتی لە دەمارو مۆخیاندا چەکەرەی کردوە.
لاهور، گەر کاکی نوسەر بە شێخ بانگی بکات، ئەوا بەدەر نیە لە کۆپیەکی ماستاوکردنی پارتەکان بۆ رژێمەکانی وەك ئێران و تورکیا و ئێراق، بەتایبەتی بۆ نووسەریش لە پێناو بەرژەوندی و پێگەی شەخسی، نوسەر ئەگەر ئەم رەفتارانەی ئەو بە سیاسەت لەقەڵەم بدات، ئەوا گەل بە خیانەتی دادەنێت، جەلالیش هەروا بوو، کە لە ژیاندا بو - هەر بۆ وێنە - خەڵك دەیزانی کەی گەڕێکی تر لە شەڕی ناوخۆ دەستپێدەکاتەوە، ئەو کاتانەی جەلال سەفەری دەرەوەی بکردایە، ئەمەش بۆ ئەوەی کەس نەڵێت دەستی ئەوی تێدابوو.
ئەوەی هۆی سەرگێژەی خوێنەری سایتی کوردستان پۆستە، ئەوەیە نوسەر لەو گوتارەیدا: (شێخ لاهور ڕستەکەت تەواو بکە):- ئەگەر وای دەربخات رەخنەی لە لاهور گرتوە ئەوا بەهەڵەداچوە، چونکە خوێنەر دو خاڵی دیار لەو گوتارەدا سەرنج دەدات، کە هەردوکیان پاکانەیە بۆ لاهور:
یەکەم، لاهور چەند ئازایە لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی پارتیدا کە هەولێرە رەخنە لە گەندەڵیی دەگرێت و داوای چاکسازی دەکات.
دوەم، خاڵەکەی تر لەو گوتارەدا باسی نمونەی گەندەڵی دەکات کە یەکێتی پێی هەڵدەستێ و پێی هەستاوە بە حوکمی ئەوەی نیوەی کوردستانی باشوریان لەبەردەستە، نوسەر داوا لە لاهور دەکات وەك تێکۆشەرێك باسیان بکات و هەڵبستێت بە چاکسازی، چونکە ئەو داهاتوی یەکێتیە.
بەراستی ئەو گوتارە لە روی سیاسیەوە زۆر لاوازەو هیچ بۆنێکی داخوازیە رەواکانی گەلی لێنایەت و لە ئاستی قەیرانەکاندا نیە.
بەڵکو لاهور -کە وەكو قارچك لەپڕێکدا هەڵتۆقا- دەرگای سەرەکی هەمو خیانەتەکانی زۆنی سەوزی دوای جەلالەو ئەگەر تاکە بڕیاردەر نەبێت ئەوا یەکێکە لە تاوانبارترین بڕیاردەری ناو یەکێتی، کە ئێستا پێگەی هاوسەرۆکی هەیە، بەو مانایەی دەسەڵاتی فیفتی بە فیفتیە و کەچی هیچ رەفتارو بڕیارێکی لە بەرژەوەندی میلەت نەبوە، هەر ئەوە بەسە لێرەدا بگوترێت:- لەو دەرگاشەوە هاتە ناو سیاسەت و ناسرا کە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تەسلیمی حەشدی شەعبی کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە