بۆ ڕوخانی دەسەڵاتێکی زاڵم و نادادپەروەر

Tuesday, 08.11.2020, 23:59

1908 بینراوە


زۆر کەس چاوەڕوانی ئەوە دەکات، گۆڕانکاریەکان لەسەر دەستی میلەتێکی ھوشیار یاخود میلەتێکی برسی ڕووبدات، بەڵام مێژوو دەڵێت،زۆر جار ئەو دەسەلاتانە بەکمزانی و کەم ئەزموونی خۆیان،حوکمڕانیەکەیان لە دەست دەردەچێت، ھەر بۆ نموونە ئەو شۆڕشە مەزنەی فەرەنسا بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پاش ئەوەی لویسی پازدە دەمرێت، بەھۆی ئەوەی کوڕەکەی مردووە، نەوەکەی ئامادە دەکەن بۆ بەڕێوبردنی وڵات و دەیکەن بە لویسی شازدە، ئەو کوڕە کەسێکی زۆر کەمزان و بێ ئەزموون بوو، بۆ خۆشی دەڵێت"چۆن ئەو کارە بەمن دەکرێت"، بەڵام ڕاوێژکارەکان پشتیوانی دەکەن و ھانیدەن بۆ بەجێھنان و درێژەدان بەو نەریتەی کە ھەیە، پاشان ماریا ئەنتۆنێت ھاوسەریشی دێت ئەو وڵاتە کاولدەکات، ئەو ژنەی بەوتەیەک بەناوبانگە کە بەداخەوە ئەو خاوەنی نیە" ئەگەر خەڵک برسییە، با پسکوێت بخوا" ، بەڵام لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی زۆر بەخراپی بەکار ھێنا، ئەوە کردەوەکانی گومانی ئەوەیان نەھێشت کە ھەرچی قسەی خراپ ھەیە دەکرێت لە دەمی ئەو ژنە بێ ویژدانە بێتە دەر، لە کاتێکدا ھەرچی سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەی لە خۆشی و ئاھەنگەکان تەخشان و پەخشان دەکرد، ئیتر ئەو وتەیە بوو بە ماڵ لەسەری(لە یەکەمین کۆمێنت ئەو ڕوونکردنەوەیە دادەنێم)، ھەتا لەو کاتەی کە شۆڕشیش دەست پێ دەکات، لویس لە ڕاوکردن دەگەڕێتەوە، دەڵێت: ئەو دەنگە دەنگە چیە؟ دەڵێن: دەنگە دەنگ نیە، بەڵکو شۆڕشە. کەچی ئەوەندە گرنگی پێنادات و ھەتا دەسەڵاتەکەی لەدەست دەردەچێت ، بەشێک لەوانەی ھاندەرێکی سەر سەختی ئەو جۆرە شۆڕشانە کە بە لێکدانەوەی ئەوان ڕاماڵینی پێدەڵێن، ھەوڵیاندا گرنگی ئەو لایەنە بشارنەوە، زیاتر پەنایان بۆ ئەوە برد، کە شۆڕشی فەڕەنسا ئەقڵێکی گەورەی لە پشت بووە، ھەرچەند ئەمن گومانم لەو ئەقڵە نیە، بەڵام بە باوەڕی خۆم کەمزانی و کەم ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتی لویسی شازدە ھۆکارێکی زۆر گرنگ بوو، چونکە ئەو ئەقڵ و ڕۆشنبیریە لە کاتی لویسی پازدەش ھەر ھەبوو.
*

زۆر کەس ئەو خوێندنەوەشی ھەیە، ئەگەر سەدام ھێرشی نەکردبایەتە سەر کوێت، ئەوھا بە ئاسانی نەدەڕوخا، مەبەستم ئەوەیە ھۆیەکە بۆ مەغروری و کەمزانی سەدام دەگەڕێنەوە
*
لەشوێنێک وتارێکم خوێندەوە، بەراوردێک لە نێوان دەسەڵاتی باوک و کوڕ دەکات، باسی دەسەڵاتی سوری و ئوردنی دەکات، ئەو دوو کوڕەی دەسەڵاتی باوکەکانیان وەردەگرن، بەخوێندنەوەی ئەو نوسەرە( ببورن ناوەکەیم لەبیرچووە)، ئەو ڕژێمەی ئەسەدی باوک و مەلیک حوسێن دایانمەزراندوە مەحالە بە کوڕەکان بەڕێوەبچێت، چونکە بەگوێرەی ئەو خوێندنە، ووردەی ئەو بۆ کوڕەکانی کردوووە، ھەردووکیان واتە بەشار و عەبدولڵە کەمزان و کەم ئەزموونن لە سیاسەت و بەڕێوبردنی وڵات. ھەر واش دەرچوو ئەگەر بێتوو ھێزە دەرەکیەکان بە ھانای مەلیک عەبدولڵە نەھاتبان، ئەوە حالی لە حالی بەشار باشتر نەدەبوو.
ئەو خوێندنەوە لەسەرەتای دەست بەکاری ئەو دوو بوو کە بەکوردی پێیان دەگوترێت" براگەورە"، ئەو نوسینە بۆیە بۆمن سەرنجڕاکێش بوو، لە بیرەوەریشمدا ماوە، ھەستمکرد ئاماژە بەخاڵێکی گرنگ و جیاواز دەکات، بۆ لە دەستدانی دەسەڵات، چونکە مەرج نیە دەسەڵات تەنھا، بە ڕاپەڕینی جەماوەر دەسەڵاتەکەی لە دەست بچێت.
*

بە بڕوای من ئەو دەسەڵاتە کوردیە کە ھەیە، کێشەکەی تەنھا ئەوەنیە، دەسەڵاتێکی خێڵەکیە، یاخود بە پشتیوانی دەرکی داندراوە وەھەروەھا بەپشتیوانی ھێزە دەرەکیش پشتی قایمیە، بەڵکو کێشەکە ھەروا گەورە دەبێت لە کەمزانی بەڕێوبردنی وڵات، کەسانێک دەھێنن بەناوی جێگرەوە، بەماوەیەک کورت نیشانیدا ناتوانێت شارێکیش بەڕێوەببات، کێشەکەش لەو کاتە گەورەتر و ، وەک دەڵێن زامەکەش قوڵتر دەبێت، چونکە ھەموومان دڵنیاین، ئەوان دەست بەرداری ئەو دەسەڵاتە نابن، ھەرچەند زیان و قوربانیەکان گەورەش بن، بە ھۆی ھەڵەکانی ئەوان، ئەوە ناڵێم ئەگەر ھێزە دەرکیەکان نەیانگۆڕن، لە بەر مەترسی لە دەستدانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، دەنا ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بەکەمزانیان بۆ خۆیان چاڵ بۆخۆیان لێدەدەن.لەناو چوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتانە گومانی تێدانیە، چونکە لە خراپە بەرەو خراپتر دەچێت
تێبینی: مارکس دوو ھۆکار دیاری دەکات، برسیەتی و ھوشیاری خەڵکە، بەڵام مێژوو زۆر گرنگی بەو خاڵەش دەدات، خراپی بەڕێوبردنی دەسەڵات دەبێت بە ھۆکارێکی زۆرگرنگ، چونکە دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەتوانێت ھوشیاری ھەڵمژی، وەک ئەوەی کوردستان و چەندان وڵاتیتر، ئەو توێژە ڕۆشنبیرە بکڕێت و بیکات بەقەڵغان بۆ خۆی و کەرامەتی خەڵکە برسیەکەی پێ بشکێنێ، بەڵام ئەو ھێزە ملکەچەی دەوروبەری دەسەڵات ناتوانن کاریگەری لەسەر خودی دەسەڵات بکەن، چونکە ئەوان کاریان جێبەجێکردن و ملکەچیە، بۆیە کەمزانی لەسیاسەت و بەڕێوبردن لە ئێستادا بووە بەگەورترین چاڵ بۆ ئەو دەسەڵاتە، کە بەدەستی خۆشی چاڵەکە لێدەدات. ئەوە بۆ زۆنی سەوزیش ھەمان قسە ڕاستە، لە تاڵەبانێوە بۆ پاڤل و لاھوڕ.
مەبەستم ئەوەنیە لەوە زیاتر پشتی لێ بکەنەوە، ھیوادارم ھەوڵێک بێت بۆ دوورکەوتنەوە و ھاندان.

ئەگەر خەڵک برسییە با کێک بخوات!

ئەو وتەیە بەهەڵە لە جیهاندا بلاوبۆوە، گوایە ماری ئەنتۆنیت کردویەتی، کەچی لەڕاستیدا ماری ترێس سەد سال بەر لەهاتنی ئەو، ئەو قسەیەی کردوە و قەت گرنگی بەوەش نەداوە، کاردانەوەی خەلک چی دەبێت لەسەر ئەو قسەیە، هەرچەندە مێژوونوسان ئەوەیان بە بەڵگە یەکلاکردۆتەوە، بۆ نمونە جان جاک ڕٶسۆ سالی ١٧٤٠ بە نوسین باسی ئەو روداو و وتەی کردوە کە بۆ پێشتریش دەگەڕیتەوە، ماری ئەنتۆنێت ساڵی ١٧٥٥ لە ڤیەنا لەدایک بوە و ساڵی ١٧٧٠ هاوسەرگیری لەگەڵ لویسی شازدەدا دەکات.
بۆ ئەو باسەم بە بیرهاتەوە، ئەوەی کە ئیستا لە کوردستان دەیبینم هەمان بارودۆخە، قسەیەک بەناوی دەسەڵات دەڕوات و خەڵک باوەڕدەکات، هەرچەند ئەو دەسەڵاتە بەڵگەش بهێنێتەوە سودی نیە، چونکە متمانە لە نێوان دەسەلات وخەڵک نەماوە، خۆ ماریا ئەنتۆنێت لە بیرەوەریەکانیشی نکۆڵی لەوە دەکات کە قسەی وایکردبێت، بەلام کار و کردەوەکانی هەر ئەو ووتانەی لیدەوەشاوە
تێبینی: لە هەندێک شوێن بە کێک، بسکویت ،....، .....

 وەرگێڕدراوە
 




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)