پشتیووانی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین

Tuesday, 25/08/2020, 7:59

3016 بینراوە


چەند ڕۆژێكە شارەكانی كوردستان بوونە تە مەیدانێكی فراوانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیه کانی جەماوە ری کوردستان به هه موو چین و توێژه کانیە وە.
ئەم ناڕەزایەتیانە نیشانەی بەدەنگهاتنی سەرجەم بێبەشان و مەحرومان و بێکاران و کارمەندانی موچەخوراو و خوێندکارانی دانەمەزراوە كە سنوری ناوچە و شار و قەڵەمڕەوی هه ردوو ئیداره ی زەرد و سەوزی گرتوه ته وە، وه ئاماژە یە کیشە لە به كۆتاهاتنی فریوودان و دابەشكردنی خەڵكی ناڕازی كوردستان.
دەرکەوت ئەوەی کە لە ٢٩ ساڵی ڕابردوودا پێی دەوترێت (حكومەتی هەرێمی كوردستان)، شتێک نەبووە و نیە بێجگە لە تاقمێکی خاوەن کۆمپانیای زەبەلاح و بازرگانانی نەوت و خوێن و تاڵانكاری، کە سەروەت و سامانی وڵاتیان قۆرغ کردوە و خاوەن میلیشیا و دامودەزگای سەرکوتگەرن و ژیان و ئاسایش و ئارامی خەڵكیان لە پێناو کەڵەکەکردنی سەرمایەکانیان تاكو لێواری مەرگ بردووە.
نەدانی مووچە، نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا، پەکخستنی کەرتی گشتی تەندروستی و نەخۆشخانەکان و حەواڵەکردنی تەندروستی هاوڵاتیان بۆ بازرگانی کەرتی تایبەتی، برسی كردنی خەڵکی تا ئاستی خۆکوژی، گرانی و نەبوونی هیچ یاسا و ڕێسایەك بۆ پاراستنی كەرامەتی ئینسان، تیرۆر و كوشتن و دەسگیركردنی ئازادیخوازان و خۆپیشاندەران، ڕووی ئەم دەسەڵاتە تاوانكار و سەركوتگەرەی هەرێمی كوردستانی دەرخستووە کە هەڵگری هیچ بەهایەكی ئاكاری و ئینسانی نیە جگە لە تاڵان ودزینی سامانی ئە و هەرێمە.
بەدرێژایی سێ دەیە خەڵکی ئازادیخواز و وەتەنگهاتووی کوردستان بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان و ڕاپەڕین دژ بەم دەسەڵاتە و ئەم خۆپێشاندانانەی ئەمڕۆژانەش کە بەردەوامی ئەو مێژوە یە لە خەباتیان ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆتایهێنان بەسەرجەم نەهامەتی و برسیەتی و چەوساندنەوەیەک کە ئەم دەسەڵاتە بەسەر خەڵكی كوردستانیدا سەپاندوە، لە گرەوی ڕزگاربوونیاندایە لەدەست خودی ئەم دەسەڵاتە مافیایەی هەرێمی كوردستان و هەڵتەکاندنی بنەما ئابوری و كۆمەڵایەتیەکانی و لە جێگەیدا دەسەڵاتی خەڵك و جەماوەری خرۆشا و دامەزرێنرێت. گاڵتەجاڕی چاكسازی، حکومەتی تەکنۆکرات و هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ نیە بێجگە لە ئاڵوگۆڕێکی شکڵی و درێژ كردنەوەی تەمەنی نەگریسی ئەم دەسەڵاتە و دوبارەکردنەوەی ئەزمونی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئێمە لە دەرەوەی وڵات هەوڵدەدەین تواناكانمان بخەینەگەڕ بۆ هەرچی زیاتر پشتیووانی كردن لە خەڵكی ناڕازی و ئازادیخوازی كوردستان و خۆپێشاندان و ڕاپەڕینەکانیان، وەهاوکاتیش لە هەوڵدادەبین بۆ ڕسوواكردنی كوشتن و ڕفاندن و دەسگیركردنی خۆپیشاندەران و توندوتیژی نواندن بەرامبەریان لەلایەن دەزگا سیخوڕی و نهێنی و بەناو ئاسایشەکانیانەوە.
نەنگ و شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتی سەرکوتگەر
ئازادی بۆ گیراوەکان
سەرکەوێ خەبات و ناڕەزایەتیەکان
كەمپینی بەرگری لە ئازادی و خواستەكانی خەڵكی كوردستان-دانیمارك
٢١-٨-٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە