نەوشیروان مستەفا هەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخانی دا

Monday, 09.14.2020, 13:37

4017 بینراوە


تەنیا بە مەبەستی ئەرشیفکردنی خیانەت و ناپاکی بەرپرسەکانی کورد،  کوردستانپۆست ئەم جۆرە لێدوان و بابەتانە بڵاودەکاتەوە.
مەلا بەختیار لە هەندێک شوێنی کتێبەکەیدا لە بری ناوی نەوشیروان مستەفا (ن.م)ی بەکار هێناوە، کە هەندێک لە خوێنەران وەکو تەنز و گاڵتەپێکردن دەڵێن (ن.م) کورتکراوەی ناوی نیلسن ماندێلایە.

--------------------------
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کتێبێکی نوێی بەوزووانە بڵاودەبێتەوە بەناوی "لەبری بیرەوەری"، کە 465 لاپەڕەی نووسینە و زیاتر لە 200 بەڵگەنامە و دۆکۆمێنتیشی تێدایە. لەو کتێبەدا فۆکووس دەخاتە سەر چەند رووداوێکی مێژوویی ژیانی سیاسیی خۆی، هەر لە دروستبوونی کۆمەڵە و دروستبوونی ئاڵای شۆڕش و دواتریش چوونە نێو یەکێتی.

مەلا بەختیار قەڵەمی خستووەتە سەر چەند رووداوێک کە گوتن و نووسینەوەیان ئاسان نییە. بەڵام خۆی دەڵێت "دەبوو ئەو رووداوانە بۆ مێژوو بنووسم، چونکە نازانم کەی دەکوژرێم". ئەو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی رووداو، کە شەوی شەممە 12-9-2020 لەگەڵ رەنج سەنگاوی ئەنجامی دا، وردەکاریی کتێبەکەی باسکرد و هێشتا دەڵێت لە زۆر کەس و رووداو چاوپۆشی کردووە و هەندێکی هەڵگرتووە بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانی، کە لە داهاتوودا دەینووسێت.

دۆخی نێوخۆی هەرێمی کوردستان

سەرەتای هەڤپەیڤینەکە بە تاوتوێکردنی رەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بە بۆچوونی مەلا بەختیار مەترسییەکی نێودەوڵەتی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە پێیوایە بەرژەوەندیی وڵاتان لە ناوچەکەدا گۆڕاوە. سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێستای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت "پەیوەندییەکی ناسرووشتییە".

مەلا بەختیار پێیوابوو دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان ناجێگیرەو "بەرگەی گوشاری گەل و وڵاتان ناگرێت". بۆیە دوادەکات یەکێتی و پارتی دەبێ رێککەوتنێکی نوێ بکەن و حیزبەکانی نێو دەسەڵاتیش پێداچوونەوەیەک بە سیستەمی حوکمڕانیدا بکەن. جەختدەکاتەوە "پارتی و یەکێتی دەستم دامێنتان رێککەوتنێکی نوێ بکەن، دواتر فریا ناکەوین".

مەلا بەختیار چارەنووسی کورد، لە یەکێتی و پارتی بە "گرنگتر" دەزانێت، بۆیە وەک خۆی دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان باشترین چارەسەر ئەوەیە هەموو حیزبەکان، رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان کۆنگرەیەک ببەستن، "گرنگ نییە ناوی چی لێ دەنێن"، بەڵام دەبێ کۆنگرەکە بڕیاری ئیلزامی تێدابێ. "کاک مەسعود لەگەڵ هەموو حیزبەکان کۆببێتەوە بە ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، تاوەکو هەموومان ئەرک و مافمان دیاری بکەین".

مەلا بەختیار پێشنیازی بەستنی ئەو کۆنگرەیەی داوەتە حیزبەکەی خۆی و پارتیش، بەڵام دەڵێت "پارتی بەدەم پێشنیازەکەمەوە هاتووەو کاک هۆشیار زێباری پەیوەندی پێوەکردم، بەڵام یەکێتی نە هیچیان گوتووەو نە رەتیشیان کردووەتەوە".

عێراق بەو زووانە نابێتە وڵاتێکی دیموکراسی

تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەی رەنج سەنگاوی و مەلا بەختیار پێش ئەوەی بچنە سەر نێوەڕۆکی کتێبەکە لەبارەی رەوشی عێراق بوو. میوانەکەی رەنج گەشبین نەبوو بە داهاتووی نزیکی عێراق و گوتی "دەبێ ئەو خەیاڵە لە مێشکمان دەربکەین عێراق بەوزووانە ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی، ئەوە مەحاڵە، چونکە هەموو حیزبەکان خۆیان نادیموکراسین".

مەلا بەختیار پێیوایە ئەوکاتەی لە عێراق سوننە لاوازکرا، ئیدی دیموکراسی تێکچوو، "هیچ دەستەبەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق نییە". دەشڵێت ئێستا پشتیوانیی سوننەی عێراق دەکرێ و کازمی ناتوانێت بەبێ سوننە عێراق بەڕێوەببات، بەڵام ناشتوانێ کێشەکانیان چارەسەر بکات.

کازمی بۆ سەلماندنی هەیبەت هات و نەدەبوو کاک کۆسرەت بچێتە دەعوەتەکەی

مەلا بەختیار چەند کاژێرێک پێش ئەوەی بەشداریی هەڤپەیڤینە راستەوخۆکەی رووداو بکات، لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک چەند تێبینییەکی لەبارەی سەردانی کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی بڵاوکردەوە. رەنج سەنگاویش هەر لەبارەی ئەو سەردانەوە پرسیار لە بۆچوونی راستەوخۆی مەلا بەختیار دەکات.

لەبارەی کۆی سەردانەکە بۆ هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار پێیوایە "کازمی بۆ سەلماندنی هەیبەتی خۆی هاتبوو بەتایبەت لە دەروازە سنوورییەکان". هەروەها ئەو پێشوازییەی لێی کراو ئەو خوانانەی بۆی سازکران بە "باش" دەزانێت. بەڵام سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی مێرگەپان و ئەو خوانەی د. بەرهەم ساڵح، وەک سەرۆککۆماری عێراق رێکیخست و جگە لە بەرپرسەکانی یەکێتی، ئەمینداری یەکگرتوو و رێکخەری گشتیی گۆڕانیش بەشداربوون، مەلا بەختیار دەڵێت "نەدەبوو کاک کۆسرەت بچێتە دەعوەتی کازمی، دەبوو ئەو دەعوەتی کازمی بکردایە و بیگوتایە فڵان کات لای ئێمەی، ئەگەر کازمی رەتیشی بکردایەوە، ئەمیش ئەو دانیشتنەی رەتبکردایەتەوە".

مەلا بەختیار تێبینی لەسەر شوێنی کۆسرەت رەسوول هەیە لەو کۆبوونەوەیەی مێرگەپان و پێیوایە حەقی خۆی پێنەدراوە. دەڵێت "دەبوو کاک کۆسرەت هاوشانی کازمی و سەرۆککۆمار دانیشتایە و کورسییەکی لەتەنیشت کازمی بۆ دانرابا".

رەنج سەنگاوی لێی پرسی: لەبەرئەوەی خۆت بانگهێشت نەکراوی بۆیە وادەڵێی؟ چونکە ئەم پرسیارە کۆمێنتی زۆر کەسیش بوو بۆ مەلا بەختیار لە پەیجی رووداو هاتبوو. ئەویش لە وەڵامدا گوتی "پێویست نەدەکرا دەعوەت بکرێم و سوپاسیان دەکەم کە دەعوەتیان نەکردم". سێ جار لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا هەر ئەوەی گوتەوە: "سوپاسیان دەکەم کە دەعوەتیان نەکردم".

ئەوەی کرا کۆنگرە نەبوو، ساڵێکی تر من و یەکێتی مەرحەبای یەکدی دەکەین

مەلا بەختیار زۆر جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی و بەخۆداچوونەوەی ئەو حیزبە دەکات، چەند پرۆژەشی بۆ "هەستانەوەی یەکێتی" داوەتە حیزبەکە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت "بە قسەیان نەکردووم". دەشڵێت رەوشی ئێستای یەکێتی ئاوا بڕوات "ساڵێکی تر من و یەکێتی مەرحەبایی یەکدی دەکەین".

مەلا بەختیار، کە پێش بەستنی کۆنگرەی چواری یەکێتی، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی بوو، بەڵام لە کۆنگرەی چوار خۆی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەڵنەبژاردەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ترسی لە ئەنجام هەبووە، بۆیە خۆی هەڵنەبژاردووە؟ بەتایبەت کە لە کتێبە نوێیەکەیدا باسی کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە دەکات و دەڵێت "نەوشیروان مستەفا لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە هەوڵی دەدا من دەرنەچم و بە ئاشکرا پیلانیان بۆ ئەوە دادەنا"، ئایا ئەمجارەش لە شتێکی وا ترسی هەبووە؟. لە وەڵامدا گوتی "خەڵکی وا دەرچووە پاسەوانم بووە، خەڵکێک دەرچووە رۆژێک لە رۆژان خواخوای بووە وێنەم لەگەڵ بگرێت، خەڵکی وا دەرچووە عەیبە باسی مێژووی بکەی، قابیلە من لەنێو ئەوانەدا دەرنەچم".

مەلا بەختیار کە ئەندامی کۆنگرەکە بوو، دەڵێت "ئەوەی کرا کۆنگرە نەبوو، کۆنگرەکە یەک گفتوگۆی تێدا نەبوو، کە ئەمەش دوورە لە کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دیموکرات، تەنیا بۆ تێپەڕاندنی قۆناخەکە بوو، بۆیە شانازی دەکەم کە خۆم هەڵنەبژارد، شانازیش دەکەم ئێستا بەرپرسیارێتی دیاریکراوم نییە".

ئەو لەکاتێکدا دەڵێت بەرپرسیارێتی دیاریکراوی نییە، کە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتییە، کە کۆسرەت رەسوول عەلی سەرۆکایەتیی ئەو ئەنجوومەنە دەکات لەنێو یەکێتیدا. بەڵام مەلا بەختیار دەڵێت "لەدوای کۆنگرەوە هێشتا دەسەڵاتی ئەنجوومەنی باڵا دیارینەکراوە و لە گفتوگۆداین، تاوەکو دەسەڵاتیشمان دیاری نەکرێ بەرپرسیارێتیمان نییە". دەشڵێت "کاک کۆسرەت نەدەبوو قبووڵی ئەوەندە دواخستنی دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەن بکات".

120 کەس بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی لە کۆنگرەی چواردا هەڵبژێردراون، مەلا بەختیار دەڵێت "زۆربەی ئەوانە پێش ئێمە هەر نەبوون، هیچ نەبوون، پێشمەرگەش نەبوون (...) 90%ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئێستا مێژووی یەکێتی نازانن، با بێن من ئیمتیحانیان دەکەم بزانم دەردەچن لە مێژووی یەکێتیدا".

سەبارەت بە بۆچوونی مەلا بەختیار لەبارەی سیستەمی هاوسەرۆکی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت "من پشتگیریی هاوسەرۆکیم نەکرد، ئەوەی پشتگیری کرد با ئەوە قسەی لەسەر بکات".

مەلا بەختیار شێوازێکی دیکەی بەڕێوەبردنی یەکێتی پێشنیازکردووە، کە (هاوسەرۆکایەتیی سەرۆکایەتی) بووە بۆ قۆناخێکی راگوزەر، کە پێی باش بووە هەریەک لە: بافڵ تاڵەبانی، لاهوور شێخ جەنگی، بەرهەم ساڵح، کوڕێکی کۆسرەت رەسوول و خۆی ئەندامی بن.

وەڵامدانەی نەوشیروان مستەفا و هەڵدانەوەی چەند رووداوێک

لەو کتێبەیدا "لەبری بیرەوەری" کە بڕیارە لە 15ی ئەم مانگە بڵاوببێتەوە، بە دانپێدانانی خۆی نزیکەی 30 پەڕەی تەرخانکراوە بۆ باسکردنی چەند رووداوێک، کە نەوشیروان مستەفا کارەکتەری چیرۆکەکانە. لە وەڵامی ئەو رەخنە و پرسیارەشی، کە دەڵێن نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە بۆیە ئێستا وەڵامدەداتەوە، مەلا بەختیار دەڵێت "کاک نەوشیروان دەستپێشخەری کردووە لە کتێبەکانیدا و من وەڵام دەدەمەوە، من هەشت ساڵ لەمەوبەریش وەڵامی کاک نەوشیروانم داوەتەوە، لە وتارەکان و هەڤپەیڤینەکانی پێشووش وەڵامم داوەتەوە".

مەلا بەختیار لە چەند رووداوێکیشدا لەبارەی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتی نووسیویەتی، کە وا پێشبینی دەکرێت نیگەرانیی دروست بکات، بەڵام نووسەری کتێبەکە کە مەلا بەختیارە دەڵێت "من شتم بۆ مێژوو نووسیوە، ئەگینا ئێستاش ئەگەر مەسەلە رێزگرتن بێت خۆم بە زێوەری گۆڕی مام جەلال دەزانم، بەڵام هەر کاتی خۆیشی بە مام جەلالم گوتووە هەڵەیت، بەتایبەت کە هەر باسی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی دەکرد".

مەلا بەختیار پەشیمان نییە لە هەموو ئەو شتانەی نووسیونی، دەشڵێت "ئەگەر ئێستاش بەو کتێبەدا بچمەوە زیادی دەکەم، کەمی ناکەم". ئەو کە بەنیازە بیروەرییەکانیشی لە داهاتوودا بنووسێتەوە و ئەم کتێبەیانی لەبری بیرەوەرییە دەڵێت : "زەخیرەشم بۆ بیرەوەری خستووە، ئەمە لەجیاتی بیرەوەرییەو 465 لاپەڕەی نووسینی خۆمە".

کاک نەوشیروان گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کرد

مەلا بەختیار بەشێکی ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەگەڕێنێتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە، کە بە گوتەی ئەو ، "هەڵەیەکی ستراتیژیی" بووە و نەوشیروان مستەفا کردوویەتی، کە ئەوکات سکرتێری کۆمەڵە بووە و دەڵێت "16 ساڵە ئێمە لە یەکێتی لەناو تەکەتولداین، گەورەترین هەڵەی یەکێتی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە بوو، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە دەمێک بوو کاری بۆ دەکرا، شەخسی یەکەمیش کاک نەوشیروان بەرپرسی بوو، کە خۆیشی دواتر لە گۆڤاری گوڵان دانی بە هەڵەی هەڵوەشاندنەوەیدا نا. کاک نەوشیروان هەڵە ستراتیژییەکەی کرد و لەسەر سینییەک کۆمەڵەی دایە دەست مام جەلال، ئیتر مام جەلال بۆ قبووڵی نەکات، کە لە بەرژەوەندی مام جەلال بوو".

ئەو رووداوانەی مەلا بەختیار لەو کتێبەیدا دەیانگێڕێتەوە، واپێدەچێت گۆڕان نیگەران بکات و مشتومڕێکی گەرم دروستبکات. بەڵام خۆی دەڵێت "سەردەمێک گۆڕان هەمووی دژی من قسەیان کردووەو هەرگیز گوێم نەداوەتە رەخنە، بۆیە دواکەوتم لە نووسینی ئەم کتێبەش نەمویستووە رووداوەکان کەل بێت".

مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، کە "هێشتا زۆر شت هەیە نەمگوتووە و چاوپۆشیم لە هەندێک کەس کردووە، بەوانەی ئێستاش زیندوون و ئەوانەشی مردوون". بەڵام بەنیازە هەندێکی دیکە لە بیرەوەرییەکانیدا باس بکات.

گوتم مام جەلال با وەکو کاسترۆ و جەمال عەبدولناسر نەچیتە مێژوو

مەلا بەختیار باسی ئەوە دەکات کە هەمیشە کەسێکی رەخنەگر بووە لەنێو یەکێتیداو ئەوەی لەم کتێبەدا باسی کردووە، پێشتریش لە کۆبوونەوەکانی نێوخۆی حیزبەکەی و دووقۆڵیش لەگەڵ مام جەلال باسی کردوون. دەڵێت "بە مام جەلالم گوت نامەوێ وەک کاسترۆ و جەمال عەبدولناسر بچیتە مێژوو". دەشڵێت "رەخنەم لە سەرکردایەتی یەکێتی گرتووە، من باسی فەردە دۆلارەکانم کردووە، من باسی دزینی نەوت و تاڵانیم کردووە".

جارێکی دیکەش لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و جیاوازییان دەڵێت "تاوەکو ئێستاش ئاسەواری جەلالی و مەلایی ماوە، ئێمە جیاوازین لە پارتی، لە کاری سیاسی و لە فیکریشدا ئێمە چەپترین".

نەوشیروان مستەفا هەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخانی دا

وەک ئاماژەی بۆ کرا، لەو کتێبەیدا مەلا بەختیار بەشێکی تەرخانکردووە بەو رووداوانەی نەوشیروان مستەفا کارەکتەری سەرەکی بووە تێیاندا.

لەبارەی بوونی نەوشیروان مستەفا بە سکرتێری کۆمەڵە دەڵێت "نایشارمەوەو بۆ مێژووش دەیڵێم کاک نەوشیروان لە هەموومان قابیلیەتی زیاتر بوو، هەر من پێشنیازم کرد ببێتە سکرتێری کۆمەڵە". بەڵام دەشڵێت "کوشتنی شەهید شەهاب و شەهید ئارام وایکرد کاک نەوشیروان ببێتە سکرتێری کۆمەڵە و مەیدانی بۆ چۆڵ بوو".

هەر لەو کتێبەدا نەوشیروان مستەفا بە "نەخۆشی دەروونی" وەسف دەکات

سەرەتای هەڤپەیڤینەکە بەڵێنی دابوو هەندێک شت بڵێت کە یەکەمجارە بگوترێن، بۆیە لە هەڤپەیڤینە راستەوخۆکەدا گوتی "بۆ یەکەمجار قسەیەک دەکەم". ئەو باسی کوشتنی دیلی کرد لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ و لە ساڵی 1995. دەڵێت "لە پشتئاشان کاک نەوشیروان 56 دیلی شیوعی کوشت". دەشڵێت "پیاوکوژ و دیلکوژ زۆربوون لەناو یەکێتی".

نەوشیروان مستەفا هەوڵی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخانی دا، کارەکەشیان کرد، بەڵام زیانێکی وای نەبوو، ئێستاش بچن سەیرکەن بزانن ئاسەواری ماوە یان نا". دەڵێت "ئەو کەسە دەیویست لە تۆڵەی ئەنفالدا ئەو بەنداوە بتەقێنێتەوە کە ژمارەیەکی ئیجگار کەسی دەکوشت".  

کوشتنی شەهید ئارام تاوەکو ئێستاش روون نییە

مەلا بەختیار وەک خۆی لە کتێبەکەی و لە هەڤپەیڤینەکەشدا باسی کرد، لە کۆندا زۆر هاوڕێی خۆی لە ئاڵای شۆڕش و 13 کەسیش کە ئەویان خۆشویستووە "لەلایەن یەکێتییەوە کوژراون". ئەمە جگە لەوەی خۆیشی هەر لەلایەن یەکێتییەوە دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە. دەڵێت "ئەوەی یەکێتی بەرامبەر من و ئاڵای شۆڕش کردی تاوانێکی گەورەبوو، بەڵام دوای 1993 پێم بە برینی خۆمدا نا و لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە".

لەو هەڤپەیڤینەدا ئەوەشی ئاشکراکرد، "تاوەکو ئێستا وردەکاریی کوشتنی شەهید ئارام روون نییە، بیستوومە ئەوکاتەی لە قەرەداخ بووە داوایکردووە پێشمەرگەیەک لەگەڵیدا بمێنێتەوە، بەڵام نەماوەتەوەو جێیهێشتووە، هەرچەندە مانەوەی خۆیشی لە قەرەداخ هەڵەیەکە چاوپۆشی لێناکرێ".

مەلا بەختیار دەڵێت "منیش و سالار عەزیز، بەتایبەت کاک سالار لەمن زیاتر تکای لێکرد ئارام نەچێتەوە قەرەداخ و لە دۆڵی جافایەتی بمێنێتەوە، بەڵام گوتی هەندێک کار بەڕێدەکەم و دواتر دەپەڕمەوە". بۆیە بە نیگەرانییەوە دەڵێت "شەهید ئارام بمایە نە کۆمەڵە هەڵدەوەشایەوەو نە تووشی تەکەتولات دەبووین، زۆر شت دەگۆڕا".

حەوت جار هەوڵی کوشتنم دراوە و ئێستاش بەگومانم

مەلا بەختیار وەک خۆی دەڵێ لەو کتێبەیدا وەڵامی هەندێک رەخنەی داوەتەوە و هەندێک رووداوی مێژووییشی راستکردوونەتەوە، دەشڵێت: "حەوت جار هەوڵی کوشتنم دراوەو ئێستاش بە گومانم هەوڵی کوشتنم بدرێ، ناشزانم کەی دەکوژرێم، ئەو کتێبەشم بۆیە نووسی، تاوەکو دوای کوشتنم منداڵ، هاوڕێکانم و مێژوو نەڵێن بۆ لە ژیانیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی نەدایەوە کە ئاراستەی دەکران".

هەر لەبارەی رووداوەکانی نێو کتێبەکەی "لەبری بیرەوەری" دەڵێت "هەموو شتێکم بە بەڵگەوە نووسیوەو بڕیارمداوە هیچ شتێک بەبێ بەڵگە نەڵێم، ئەوەشی نووسیومە سەتا بیستی ئەوە نییە کە دەیزانم، هەندێکم هەڵگرتووە بۆ کتێبی بیرەوەرییەکانم، چونکە نامەوێ بیرەوەرییەکەم لەبری بیرەوەرییەکەم کەمتربێ".




(دەنگدراوە: 2 . زۆرباشە: 4.5/5)