سەرەتای نائومێدی

Wednesday, 11/11/2020, 6:56

3598 بینراوە


بە گشتی شۆڕش بریتییە لە گۆڕانکاری بنچینەیی لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا، کە میللەتێک پێی هەڵدەستێ. بێگومان هەندێک لە شۆڕشەکان پڕن لە کارەساتی خوێناویی، هەندێکی تریشییان شۆڕشی ئاشتییانەی دوور لە جەنگ و زەبروزەنگە. شۆڕشگێریش دوو جۆرن. جۆرێکییان ئەو کەسانەن، کە لە کاتی جەنگدا بە باوەڕێکی تەواوەوە، چ بە کردار و چ بە هەڵویست ڕووبەڕووی زوڵم و زۆر و ستەم دەبنەوە، لە کاتی سەرکەوتنیشدا، بە ورەیەکی زیاترەوە بۆ نیشتمان و گەلەکەیان تێدەکۆشن. نموونەی ئەم شۆڕشگێڕانەش ڕۆڵە ئازاکانی ڤێتنامە، کە توانییان دوای دوو ملیۆن قوربانی و ٣ ملیۆن بریندار و زیاتر لە نیو ملیۆن دەستبەسەر، چۆک بە زلهێزێکی وەک ئەمەریکا دابدەن و گەلەکەیان ئازاد و نیشتمانەکەیان یەکبخەن و ببن بە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا. بەڵام جۆری دووەمییان، ئەو شۆڕشگێڕە فێڵباز و بێ باوەڕانەن، کە هەزار تەڵەیان بە کلک تەقاندووە و لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیاندا و بە درێژایی تەمەنی شۆڕشەکە هەزاران کەس لە خشتەدەبەن و دەستکەوت و بەرهەمی شۆڕشەکەش بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان قۆرخدەکەن. بێگومان ئەم جۆرەشییان زیاتر لە ناو وڵات و میللەتە دواکەوتووەکاندا بڵاوە، کە کوێرانە و بی بیکردنەوە سەرکردە بە پیرۆز دەزانن وتامردن دوای خۆیان و نەوەکانییان دەکەون.. سەرکردە دزیی کرد، دزیی دەکەن.. شەڕیکرد، شەڕدەکەن.. ڕایکرد، ڕادەکەن.. تەقەی خۆشیکرد، تەقە دەکەن.. ئاشبەتاڵیشیکرد، ئاشبەتاڵ دەکەن و هیچ شکست و نسکۆیەکیشییان پی شورەیی نییە، چ کاتێکیش ویستییان سەرلەنوێ تێهەڵدەچنەوە.
جا ئێستا جێگای خۆیەتی بەراوردێک لە نێوان شۆڕشە سەرکەوتووەکەی ڤێتنام و شۆڕشەکانی کورددا بکەین، تا بزانیین بۆچی دوای ئەو هەموو قوربانی و کارەسات و پشتگیریی زلهێزەکانی دنیا بۆمان، کەچی نەمانتوانییوە وەک ئەوان نیشتمان و میللەتەکەمان ئازاد و بەختیار بکەین. بێگومان هۆکارەکان ئێجگار زۆرن، بەڵام لێرەدا تەنها ڕووناکی دەخەینە سەر یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان، کە بە درێژایی مێژوو بۆتە ڕەگیی گولی و لە کۆڵمان نابێتەوە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی مەزنی ڤێتنام، شۆڕشگێرەکان دادگایان دامەزراند، بۆ دادگاییکردنی خائن و خۆفرۆشەکانی ناو خۆیان، چ ئەوانەی مردوو بوون، چ ئەوانەی بە زیندوی کەوتبووە بەردەستییان. گۆڕی هەموو خائنە مردووەکانییان هەڵدایەوە و لاشەکانییان هەڵدایە ناو دەریاوە، تا ببن بە خۆراکی ماسی و بوونەوەرەکانی ناو دەریاکان و خاکەکەیان پیس و گڵاو نەکەن. زیندووەکانیشییان بە هەمان شێوەی مردووەکانیان، سزای ڕەوای خۆیان وەرگرت. ئەم کارەش کۆمەڵگای ڤێتنامی پاککردەوە و بوو بە وانەیەکیش بۆ هەموو ڤێتنامییەک، کە هەرگیز بیر لە خۆفرۆشی و خیانەت نەکاتەوە.. ئەوەی شایانی باسە لە سەردەمی شۆڕشەکانی کورددا و لە ساڵی ١٩٦١ وە تا ڕاپەڕین، کۆمەڵگاکەمان پڕبووە لە جاش و خۆفرۆش، سەدان جار پێشمەرگە هەرە ئازاکان، هاتوونەتە ناو شار و شارۆچکەکانەوە و دەستییان لەو خائن و خۆفرۆشانە وەشاندووە. شار قڵیشاوەتەوە، دووکان و بازار داخراون، زیانی زۆر لە خەڵکی کەوتووە، لە تۆڵەی ئەو چالاکییانەشدا چەندین پیشمەرگە و بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراون. هەر بۆ نموونە لە دوو کاتی جیاوازدا هەوڵی تیرۆرکردنی دوو پارێزگاری سلێمانی دەدرێت، کە بە چەندین ئوتوومبێلی پڕ لە پۆلیس و سەربازەوە پارێزگارییان لێ کراوە و گەیشتن بەوان مەحاڵ بووە. هەردوو چالاکییەکە شکست دەهێنێت و چەندین کەسی قارەمان دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن.... پاش چەند ساڵیک ڕاپەڕین سەرهەڵدەدات، ئەو پێشمەرگانەی بە ڕاستی چەکی هەڵمەت و شەهیدبوونییان لە خۆ دەبەست، دێنە ناو شارەکانەوە و دەیان خائن و خۆفرۆش بە سزای گەل و نیشتمان دەگەیەنن، بەڵام کاتێک سەرکردەکان دێنە ناو شارەکانەوە، هەموو شتێک پێچەوانە دەبێتەوە و سەرەتای نائومێدی دەستپێدەکات.. لەبری ئەوەی دادگایەکی عادیلانە دابمەزرێنن و ئاسەواری خیانەت نەهێڵن، خێرا هەڵمەتی سزای خۆفرۆشەکان دەوەستێنن. ئەو دوو پارێزگارەی، کە هەر خۆیان مەفرەزەیان دەناردە سەریان و بێ ئەوەی یەک پۆلیس و سەرباز لە دەوریان بێت، دەکەونە بەردەستییان، کەچی لەبری ئەوەی داداگاییان بکەن، لە پشتی خۆیانەوە داڵدەیان دەدن. ئەوەی سەیریشە نە داوای لێبوردنیان لە کەسوکاری ئەو پیشمەرگانە کرد، کە لەو دوو چاڵاکیانەدا شەهید بوون، نە تەنها پیشمەرگەیەکیش لە تۆڵەی خوێنی هاوڕێکانییاندا دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕی. ئەمەش نیشانە بوو، کە ئیتر سەرۆکەکان هەرخۆیان بە تەنها هەموو شتێکن و توورەکەی خەڵات و بەراتی کڕینی ویژدان، لە قولی مستییاندایە و چییش لە بەرژەوەندی خۆیاندا بێت ئەوە دەکەن. هەر بۆیە کاتێک تارق رەمەزانی فرۆکەوانیش دەگیرێت، بێ ئەوەی شەرم لەو هەموو قوربانییە زۆرانەی هەڵەبجە بکەن، وێنەی یادگاری لەگەڵدا دەگرن و بۆ وڵاتانی دەرەوەی دەربازی دەکەن. داکۆکی لە سوڵتان هاشمی وەزیری بەرگری ڕژێمەکەی سەددام دەکەن، کە بەردەوام پێی دەنا بە سەری کورددا و تاوانباری سەرەکی قڕکردنی کورد و هەڵمەتەکانی ئەنفال بوو. پاشان لە یەکێک لە کۆشکەکانی سەیرانگای دوکاندا، ڕایەخی ئاوریشم بۆ جێگری سەدامی خۆێنڕێژ ڕادەخەن. وەفیق سامەرائی بەعسی، کە دەستی لە بوردوومان و پاکتاوکردنی هەڵەبجەدا هەبوو، دەکرێت بە ڕاوێژکاری سەرۆک و داڵدەدانی سەدان تاوانباری تر.. لە هەمووشی ناشیرینتر دەرگای حیزبەکانییان بۆ جاش و خۆفرۆشە بەعسییەکان خستە سەرگازی پشت و پێشبڕکێیانبوو بۆ وەرگرتنییان و هیوایان بە دەنگی ئەو خائنانە بوو، تا لە هەڵبژاردنەکاندا بەسەریەکتریدا سەربکەون. ڕۆژی ١٩ ی ئایاری ساڵی ١٩٩٢ ڕۆژی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕابەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بوو. بە پەرۆشەوە لە ڕیزدا بۆ دەنگدان ڕاوەستابووم. سێیەمین کەسێک، کە لە پیش منەوە وەستابوو، ( زابت ئەمن ) ی یەکێک لە فەرمانگەکانی سەردەمی بەعس بوو، کە کاتی خۆی وەک سێبەرێکی ترس و تۆقاندن، بە دوای هەنگاوی هەموو کەسێکی دڵسۆزەوە بوو. بە درێژایی ئەو ماوەیەی وەستابووم، بیرم دەکردەوە و لە دڵی خۆمدا دەمووت : ( دەبێ ئەم خائنە بێ شەرمە، دەنگ بە چ ڕابەر و ئەندام پەرلەمانێک بدات، کە دڵخوازی خۆی بن !! ). ئەنجامی دەنگەکانی کەسانی باش و جاش سندوقەکانییان پڕکرد. ئەوەی جێگای سەرسوڕمانیشە ئەو هەموو پیشمەرگە و هەوادار و ئەندامانی ئەو حیزبانەی لە ژێر چەقۆی حوکمی فاشستەکاندا بە گیان و خوێنی خۆیان خەباتێیاندەکرد و دەکرا ببن بە فریادڕەس، کەچی هەر زوو لە پێناوی پۆست و پارەدا، ڕەنگی سەرکردەکانییان گرت و چوونە سەر ڕچەی ئەوان. نە بیرییان لە ئازادی و خوێنی هاوڕیێ شەهیدەکانیان کردەوە، نە شەقێکیان لەو سندووقە پۆخڵانەش هەڵدا، کە ٣٠ ساڵە پارسەنگی مانەوەی ئەو حیزبە پاوانخوازانەن، کە بوونەتە بەڵای سەری کورد. جا هەر بۆیە شۆڕشەکانمان، نە گوزارشت لە خواستی خەڵکی دەکات، نە لە شۆڕشەکانی گەلانی ئازادیخوازی دنیاش دەچێت.. !!.

٥ / ١١ / ٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە