بەرمۆدای خوداوەند!

Thursday, 12/11/2020, 17:47

3205 بینراوە


محەمەد تەها حوسێن
سێ گەورەترین دینە یەکتا پەرستەکان(جولەکە و کریستیان و ئیسلام) لەم سەرزەمینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە دەرکەوتن، بە هەرسێکیان ئاشتی کۆمەڵایەتی و دەروونی و ڕۆحی و عەقلیان پێ نەهاتە دی. لە سەرەتای دەرکەوتنیانەوە یەک بە دوا ئەوەکەی تر مێژووی خۆیان و دنیایان بە (خوێن و فرمێسک و سپێرم) نووسیەوە. پڕ کێشەترین شوێن لەسەر ئەم گۆی زەویە سەرزەمینی هاتنە ئارای هەرسێکیانە، ئەمە لە کاتێکدا دەبوایە هەر سێ مانیفێستۆکەی خوداوەند بەم سێ بەرگ و لەم سێ ڕەنگە وێنەی بەهەشتێکیان بە بچوککراوەیی نیشانداباین تاوەکو لە چێژی ئەم زیندەگیە پردێک لە نێوان ئێرە و ئەوێدا ساز دەبوو.
سەرزەمینی خواوەند و پەیامبەران یەک ڕۆژ لە ئارامیدا نەبووە، تۆ بڵێی مرۆڤ دەستی وەردابێتە کاری خودا و نەیهێشتبێ پڕۆژە ئاسمانیەکانی سەرکەون!!!!؟. ئەگەر وەڵام بەڵێ بێ، ئەوە شەڕی گەورە لەنێوان هەڵگرانی ئەم سێ دینە و خوداوەند بووە، نەوەک ئەوان و دژەکانیان، ئەمەش لە خۆیدا ئەو لەعنەتە ئەزەلیەیە کە تائێستا بەریان کەوتوە و بۆ ساتێ یەخەیان بەرنادا.
پەروەردگارا خەڵکی ئەم خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە چەندە گوناهبار و لەعنەتین، تا ئێستا سێ گەورەترین پڕۆژەی تۆیان لەم ناوە شکست پێهێناوە و هەر بۆیەش بەر غەزەب و نەفرەتت کەوتوون و پێناچێ تا ئەبەد بگەنە حەسانەوەی ڕۆحی و ڕەوانیی. ئەوان خۆشیان هەرگیز دەستیان لەم سێ پڕۆژەیە بەرنابێ و هەردەم بە ویژدان ئازاریەوە دەتلێنەوە و هەر یەکە لە سرووتی خۆئازاردانی جیا جیادا نمایشی هیچ و پووچی خۆیان بۆ خوداکانیان دەکەن.
سەرزەمینێکی نەفرەتلێکراو پڕیەتی لەو خەڵکانەی هەم لە خۆیان و هەمیش لە خوداوەند یاخی بوون و نە توانیان ئاشتی خوایی فەراهەم کەن و لە ئارامیدا قەرزەکانی خەلقەندەیی ئەو بدەنەوە، نەتوانیان بە عەقڵی خۆیان ڕێی یەکەم باوکی خۆیان ڕۆشنکەنەوە و دنیا بە عەقڵ ئاودێر کەن و بیسەلمێنن کە مرۆڤ بونێکی بکەر و سازەندەیە و هەرگیز لە لاوازیدا ناچێتەوە سروتەکانی پاڕانەوە و خۆ بچوککردنەوەدا.
مرۆڤی ئەم سەرزمینە دوو گوناهی گەورەی لە ئەستۆیە، هەم لە خۆی یاخیەو هەمیش لە خوداوەند، خوا یارمەتی دا بۆ ئەوەی خۆی بدوزێتەوە بەڵام نەیکرد و هەر زوو پەنای بردەوە بەر ملکەچی و پێیوابو وەک شێوازێک بۆ پەشیمانی ساناترین میکانیزمە بۆ ژیان. خۆیشی زۆری کۆشا خوا بناسێ ئەویشی پێنەکرا و نەیتوانی چون هەمیشە لە ترسانیەوە بیری بۆ خودا چوە نەک لە ئازادبونیدا.
هیچ نەفرەتێکیش لەم گومڕاییە وجودیە گەورەتر و مەترسیدارتر نیە.
-----------------------------------------
ئەم نوسینە هی ئێستا نیە و بەر لە سێ ساڵ هەر لێرە بڵاوبۆتەوە، من زۆر کەم شتە کۆنەکان بە شیاو بۆ ئەمڕۆ دەزانم، بەڵام پاشەکشەی کۆمەڵگەی ئێمە زۆر بە ئاسایی لە گەڕانەوەکانیدا بەسەر ئەو وێستگانەماندا دەبەنەوە کە ئێمەی خوێندەوار لێیان وەستاین و بەدەنگی خۆمان کردماننە وشە و بۆ مێژووی خۆمان تۆمارمان کردن.
تێبینی: کەمێک دەسکاریی کراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە