ماڵئاوا "خەمخۆرەکەی شار"

Wednesday, 09/12/2020, 7:55

6053 بینراوە


مەلا نوری دەروێش عەزیز  (١٩٣٠ - ٢٠١٦)
"چاوەکەم زانیوتە بۆچی خەو لە چاوم ناکەوێ
چونکە من پێش خزمەتم، پێش خزمەتتان نانون شەوێ"
-----------------
باوکم، مرۆڤێکی روناکبیر بوو، هاوسەرێکی هاوسۆز و بەوەفای دایکم بوو، باوکێکی رۆشنبیر و کەمدەگەمەن بوو.
دنیای باوکم هەروەک هزر و بیری زۆر فراوان بوو. دنیاکەی هێندە رەنگاورەنگ بوو هەمیشە هەموو رەنگە جیاوازەکانی پەلکەزێرینە بە ئاسانی خۆیان دەردەخست. تیشکەزێرینەکانی خۆر هەمیشە لەسەر شەونمی کتێبەکانی بە چەندین رەنگی جیاواز خۆیان دەنواند. 
باوکم فریشتەی شاربوو. پەپوولەیەک بوو بە بەردەوام بە سەر لق و پۆپی کتێبخانەکانی شاردا دەفڕی. 
لە یادمە، بابەگیان، دەمەو ئێواران، کاتی زەردەپەڕ، دوکانەکەت، کە لەبەر خانەقا بوو، دادەخست و بە شەقامی کاوەدا، بەرەو کتێبخانەکانی شار دەکەوتیتە رێ. دوکانەکەت لەگەڵ ئەوەی کە دوکانی خواردەمەنی بوو، بەڵام زیاتر کتێب و رۆژنامەی تێدابوو وەک لە برنج و شەکروچا. 
ئێستاش بیرمە بابە گیان زۆرینەی رۆژ کە لە قوتابخانە دەگەڕامەوە، بە بەردەم دوکانەکەی تۆدا تێدەپەریم، هەمیشە دەمبینیت لە سووچێکی دوکانەکەتدا لە ژوورەوە دانیشتوویت و کتێبێکت بە دەستەوەیە ودەیخوێنیتەوە. دەهاتمە سەردانت سڵاوم لێدەکردیت، سەرێکت هەڵدەبڕی و دەمپرسی کە ئەگەر شتێک هەبێت لەگەڵ خۆمدا بیبەمەوە بۆ ماڵەوە. هەندێجاریش لات دادەنیشتم و تۆش چەند دێرەشیعرێکی ئەو کتێبەی کە بەدەستەوە بوو بۆت دەخوێنمەوە. 
سوپاس بابە گیان کە فێرتکردم وشەی کوردیم خۆشبوێت، سوپاس بۆ تۆ باوکی ئازیزم کە بە هۆنراوەی کوردی زاخاوی مێشکمتدا، سوپاس بابە گیان کە بە هۆنراوەی شاعیرە گەورەکان بە شیرینی زمانی کوردیت ئاشناکردم.
کاتی زەردەپەڕ، کاتێک کە دوکانەکەت دادەخست، بەشەقامی کاوەدا بەرەو باکووری شار بەڕێدەکەوتیت. سەرەتا سەردانی کتێبخانەی سلێمانیت دەکرد، لەوێ لە هەواڵی کتێب و گۆڤاری نوێت دەپرسی. ئەوەی دەتویست دەتکڕی و پاشان بەرەو کتێبخانەی بێکەس زیاتر بەرەو ژوور دەبویتەوە. لە کتێبخانەی بێکەس یش گۆڤار و رۆژنامەی دیکەت دەکڕی. لە گەڕانەوەشدا لە شەقامی مەولەویەوە چەند کتێبخانەیەکی تریشت بەسەردەکردەوە. کاتێک کە دەگەیشتیتەوە ماڵەوە دەمێک بوو خۆر لە پشت گڵەزەرەدەوە چاوەکانی لەیەک نابوو، بەڵام کۆمەڵێک رۆژنامە و گۆڤار و کتێب ماڵەکەمانی رووناک دەکردەوە. جارجار هەواڵێکت بۆ دایکم دەخوێندەوە، زۆرت پێناخۆش بوو کە دایکم ناتوانێت بخوێنێتەوە. هەمووجار ئەم پارچە شیعرەی "ئەحمەد موختار بەگی جاف" ت بۆ دەگوتین:

"بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
دەمێکە ئەم وڵاتە ئەسیری پەنجەی جەهلە
لە سایەی عیلمەوە ئەمڕۆ، نۆرەی زەفەرتانە"

کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکانت خۆشدەویستن. کەسمان بۆمان نەبوو بە بێ پرسی خۆت دەستی لێوە بدەین. بەڵام من زۆرم حەزدەکرد ببمە هاوڕێی رۆژنامە وکتێبەکانی تۆ، دەمزانی کە زۆرت خۆشدەویستن، هەرچەندە دەترسام کە گومان بکەیت لەوەی کە دوور لەچاوی تۆ دەیانخوێنمەوە. هاوکات تۆ زۆر زوو فێرت کردبووم کە کتێب و رۆژنامە و گۆڤارم خۆشبوێت، کە وشەی شیرینی کوردیم خۆشبوێت، هەربۆیە ئەو کتێب و گۆڤار و رۆژنامانەی دوور لە چاوی تۆ دەمخوێندنەوە، زۆر بەجوانی بەبێ ئەوەی لاپەرەیەکی چرچ و لۆچ بێت لە شوێنی خۆی دامدەنایەوە. دواجار تێگەیشتی کە منیش وەک خۆت ئەشقی کتێب و شیعر و هۆنراوەم. ئیتر سەربەست بووم لە خوێندنەوەیان. هەموو کات پێتدەگوتم بیانخوێنەرەوە بەڵام بەقەرز بەکەسی نەیدەیت. 
باوکم ناسرابوو بەوەی کە کتێب بەکەس بە قەرزنادات. ئەگەر بروای زۆری بە یەکێک هەبوایە، دوای ئەوەی کە ناو و ناونیشانی لە لای خۆی دەنوسی و رۆژی گەڕانەوەی کتێبەکەشی بۆ دیاری دەکرد، ئەو کاتە کتێبێکی بە قەرز دەدایە.
بابە گیان تا رۆژەکانی دوایی تەمەنیشت باسی خەمی نەگەرانەوەی ژمارەکانی "گۆڤاری ژین" ت دەکرد کە زۆر بەداخبووی بۆیان. 
لە چاوپێکەوتنێکدا لە ژمارەی ١١٨ ی گۆڤاری سلێمانیدا،.باوکم دەڵێ:" کاتێ کە خوالێخۆشبوو کاکەی فەلاح ، بەرەزامەندی نەوەی پیرەمێرد، هەفتەنامەی ژین ی دەرئەکرد ، من هەموو ژمارە کۆنەکانی ژین م دایە، بەڵام بە داخەوە ئەو ژمارانەم بۆ نەگەرایەوە." ل٤٩ گۆڤاری سلێمانی ژمارە ١١٨ ساڵی ٢٠١٠ . هەر بە هەمان شێوە کۆمەڵێک لە ژمارەکانی گۆڤاری گەولاوێژ یشی لەدەستچووبوو.
هەمیشە بەداخەوە باست دەکرد کە ژمارەکانی ژین و گەولاوێژ ت لە دەستچووبوو.
هەربۆیە هەمیشە ئاگادارتدەکردمەوە و پێتدەگوتم کتێب و رۆژنامە و گۆڤار بە قەرز بەکەس نەدەیت چونکە کە بردیان نایگەڕێنەوە.
باوکم وەک باوکێکی ئاسایی سەردەمی خۆی نەبوو، بەڵکو هەمیشە لە خەمی خوێندندا، بە تایبەتی لە خەمی خوێندنی کچاندا بوو. هەمیشە دەیگوت تەنیا بە خوێندن و زانست نەتەوە پێشدەکەوێت. زۆر هاوکارم بوو لە ئەرکی قوتابخانەمدا و یارمەتی دەدام.
باوکم، کە بە مەلا نوری دەروێش عەزیز ناسراوبوو، لە ساڵی ١٩٣٠ لە گەرەکی سەرشەقام لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری سلێمانی لە ئۆگەستی ساڵی ٢٠٠٠ دا بەم شێوەیە باسی گەرەکی سەرشەقام و بنەماڵەکەمان دەکات: 
" گەرەکی سەرشەقام، کە بە سێهەمین گەرەکی شاری سلێمانی دەژمێردرێت پێکهاتووە لە (جوولەکان، چوارباخ، داری شێخ هەباس، هۆمەرمەندان، کونجێ، حەوشی پەستەک سوور، شیوی قازی). لەلایەن بنەماڵەی عەبدورەحمان سێ شەش و حاجی سەید هۆمەر باخەوان و عەزیز ئاغا و برایم ئاغای هولەوەیس لە ساڵی ١٨٠٠ دا دروستکراوە. عەبدورەحمان سێ شەش باپیرە گەورەی منە و سێ شەش لە حساباتی کەشناسیەوە ببوە نازناوی". 
باوکم سەرەتا، لە ساڵی ١٩٣٩ لە لای مەلا لە حوجرە لە مزگەوتی شێخ حسێنی قازی لە گەرەکی سەرشەقام خوێندویەتی. هەر لە گەرەکی سەرشەقام چەند حوجرەیەکی ترشی هەبوون. یەکێک لەو مەلایانە کە حوجرەی هەبووە ناوی مەلا خەجێ بووە، هەروەک خۆی باسی دەکات کە لە لای ئەم ژنە مەلایە قوتابی کچ و کوڕ پێکەوە بوون. 
لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٥٤ بە ئێواران چۆتە قوتابخانەی زانستی بۆ ئەوەی فێری زمانی ئینگلیزی ببێت. هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە زۆر خولیای بۆ کتێب و خوێندنەوە هەبووە. بە بەردەوام هەر رۆژنامە و گۆڤار و کتێبێک دەربچوایە دەیکڕی. لە ساڵی ١٩٤٦ دا، واتە لە تەمەنی شانزە ساڵیدا بەشداری لە گۆڤاری گەلاوێژ دا کردوە.
باوکم خولیایەکی دیکەی، جگە لە خوێندنەوە و کۆکردنەوەی کتێب و گۆڤار و رۆژنامە، هەبوو. ئەویش خولیای وێنەگرتن و بەدۆکومێنتکردنی ئەو ڕووداوانەی کە لە شاردا ڕوویاندەدا. لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە خاوەنی کامێرای خۆی بووە. هەمیشە کامێراکەی ئامادەبوو. چی ڕوویبدایە لە گەرەکدا، یا لە شاردا وێنەی دەگرت. 
هەروەک خۆی لە چاوپێکەوتنێکەی گۆڤاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠٠٠ دا دەڵێت "لە ساڵی ١٩٤٥ وە کامێرای تایبەتی خۆمم هەبووە، بەردەوامیش بە دوای شتی سەیر و سەمەرە و دانسقەدا گەراوم، کە وێنەیان بگرم". یەکێک لەو رووداوانەی کە باوکم دەیگێڕێتەوە و وێنەی گرتووە، ساڵی ١٩٦٥ لە کاتی نەبوونی نەوت و گرانیدا بە هۆکاری ئەوەی کە سەرۆکی ئەو کاتەی عێراق عەبدولسەلام عارف، هاتنی نەوتی بۆ سلێمانی قەدەغەکردبوو، دەیگوت "نەوت بۆ شاری سلێمانی مەنێرن بەڵکو ئەم زستانە لەسەرما رەقببنەوە".
باپیرم، کە بە دەروێش عەزیز ماستاو ناسراو بوو، هەر لە نزیک دوکانەکەی خۆی کە لە بازاڕی نەورۆز بوو، دوکانێک لەبەر خانەقا، بۆ باوکم دەکاتەوە. بەو مەبەستەی کە باوکم خۆی بە کاسبیەوە خەریک بکات و خواردەمەنی و شیرینی بفرۆشیت. بەڵام لە دوکانەکەی باوکم دا هەمیشە کتێب و گۆڤار زیاتر هەبوون وەک لە برنج و شەکر وچا و خواردەمەنی دیکە. ئەوەی کە جێگای دڵخۆشی بوو بۆ باوکم رۆژنامە و گۆڤار و کتێبەکانی نەببوونە کێشە و گرفت بۆ باوکی. تەنانەت تا باپیرم لە ژیاندا بوو ئەرکی بەخێوکردنی هەموو خێزانەکەمانی لە ئەستۆ بوو.
لە ساڵانی شەستەکاندا، هێشتا تەلەفیزیۆن نەهاتبۆوە کوردستانەوە، شەوانە باوکم کتێبی بۆ دەخوێندینەوە. خانوەکەمان لە سەرشەقام دووبەش بوو. بەشێکی نۆژەن کرابۆوە و لە چیمەنتۆ بوو، دوو نهۆم بوو. زستانان سارد و و هاوینان گەرم بوو. بەشەکەی تری هەروەک خۆی لە کۆندا چۆن دروستکرابوو، هەروامابۆوە. لە زستاندا گەرم و لە هاویندا فێنک بوو. دوو ژوور لە سەر هەیوانێک بوو. ژوورێکیان پێمان دەوت "ژووری پشتیوان"، (دیارە بەو هۆیەی کە کەوتبۆوە پشت هەیوانەکەوە، ببوو بە پشتیوان). لەم ژووری پشتیوانەدا من و خوشک و براکانم لە دەوری باوکم کۆدەبووینەوە، بە تایبەتی لە شەوانی زستاندا، چیرۆکی بۆ دەخوێندینەوە. زۆربەی کات چیرۆکەکە بە شەوێک کۆتایی نەدەهات، لەبەرئەوە ئاواتەخوازبووین کە زوو شەوبێت بۆ ئەوەی باوکم چیرۆکەکەمان بۆ تەواوبکات. 

کتێبخانەکەی باوکم گۆڤار و کتێبی قەدەغەی زۆری تێدابوو

بابەگیان لەگەڵ ئەوەی کە زۆرجار لەسەر کتێبێکی قەدەغە یا وێنەیەکی قەدەغە ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا ماڵیان بەسەر خاوەنەکەیدا دەڕووخاند، بەڵام تۆ هێشتا نەتدەتوانی دەستبەرداری کتێب و گۆڤار و وێنە قەدەغەکراوەکان ببیت. لە ساڵانی شەستەکاندا گوێسەوانەی ماڵەکەمانت کردبووە حەشارگە بۆ گۆڤار و کتێبە قەدەغەکان. لە حەفتاکان و هەشتاکانیشدا، دەتزانی کە زوو زوو سیخوڕەکانی بەعس دەکەوننە پشکنینی ماڵەکان، نهۆمە نهێنیەکەی دوکانەکەتت، بۆ کتێب و گۆڤار و وێنەکان، کردبووە ماڵێکی دڵنیا و ئارام، دەتگوت "ڕۆژێک هەر دێ بتوانم بیانخەمە بەر تیشکی خۆر و شار لە ئامێزیان بگرێت".
هەندێجار کاتێک کە دەهاتم بۆ دوکان بۆ لات، دەمبینی دەڕابەی دوکانەکەت تا نیوە داداوەتەوە، دەمزانی کە لە نێو دوکانەکەدای، هاوکاتیش پەیامێک بوو کە کاتی خۆتە و ناتەوێ کڕیارت هەبێت. کاتێک بانگم دەکردی لە نهۆمە نهێنیەکەوە وەڵامت دەدامەوە، سەرەتا نەمدەزانی بۆ لەو نهۆمەیت، بەڵام لە دواییدا تێگەیشتم کە جارجار لەوێ دادەنیشیت و بە یارمەتی لایتەکەی دەستت سەردانی کتێب و وێنە قەدەغە کراوەکان دەکەیت.
ئێستاش لە یادمە بابە گیان، هاوینی، یا راستتر ١٩ ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٣، تەمەنم تەنیا چوارساڵ بوو، ئەو رۆژەی بەعسیەکان کەوتنە گرتن و کوشتنی خەڵکی شار. تا ئێستاش دیمەنی ئەو رۆژە ڕەشەی ساڵی 1963 جارجار وه‌ک خه‌ونێک، یا سێناریۆی فیلمێکی ترسناک بە خێرایی ده‌رده‌که‌وێت. ئەو رۆژە به‌عسیه‌کان که‌وتنه‌ گرتن و کوشتنی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی بێتاوانی شاری سلێمانی. له‌شاردا چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ بوو دوکان و بازاڕ هه‌مووی داخرابوون، تۆ و باپیرم و و مامم هه‌مووان له‌ ماڵه‌وه‌ بوون. بیرمه‌ ماڵه‌که‌مان پڕبوو له‌سه‌ربازی عه‌ره‌ب. سه‌ربازه‌کان.
تۆ و مامیان گرت. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بتانبه‌ن تۆ ویستت جله‌کانت بگۆڕیت، سه‌ربازێک له‌گه‌ڵ تۆدا چووه‌ ژووره‌وه‌ و تا پاسه‌وانت بێت نه‌وه‌کو ڕابکەیت. تۆ لە خۆگۆڕیندا لەسەرخۆ بوویت، وەک لە هەموو شتێکی تردا. هیچ کات پەلەت نەبوو. هیچ کات پەلەت لە کەس نەدەکرد. منیش له‌ حه‌وشه‌که‌دا له‌گه‌ڵ دایکم و خوشکوبراکانم و زڕنه‌نکمدا وه‌ستابووم. کراسه‌که‌ی دایکمم توند گرتبوو زۆر ئه‌ترسام و هه‌ر سه‌یری سه‌ربازه‌کانم ده‌کرد. تۆ له‌خۆگۆڕیندا زۆرت پێچوو. پاشان یه‌کێک له‌ سه‌ربازه‌کان ده‌ستی بۆ زڕنه‌نکم ڕاکێشا که‌ ئه‌و بکوژن چونکه‌ وایان دەزانی تۆ ڕاتکردوه‌. سەربازەکان تۆ و مامیان گرت و له‌گه‌ڵ خۆیان ئێوەیان برد. باپیرشم وەستابوو و بە بێدەنگ و بەدەموچاوێکی خەماوی و پر لە پرسیار هەر سەیری سەربازەکانی دەکرد. باپیرەم کە هەمیشە پارێزەری خێزانەکەی بوو، ئەو رۆژە زۆر بێدەسەڵات بوو، تەنانەت نەیتوانی وشەیەکیش بڵیێت. باوکم لە گۆڤاری سلێمانی ژمارە ١١٨ ی ساڵی ٢٠١٠ بەم شێوەیە باس لەو رۆژە ڕەشەی ٩ و حوزەیران دەکات: " لەساڵی ١٩٦٣ دا لە رەشبگیریەکەی رۆژی ٩/٦/١٩٦٣ دا کە لە لایەن ئەفسەری خوێنرێژەوە زەعیم سەدیق ەوە ئەنجامدرا، خەڵکێکی بێتاوان گیران و زۆریان لێ شەهیدکردن هەتاهەتایە لەکەیەکی رەشە بەناوچەوانی ئەوانەی ئەوکارایان کرد، نزیکەی چل رۆژ گیرام."
باوکم مرۆڤێکی نیشتمانپەروەر بوو، دڵسۆزی کوردستان و وشەی کوردی بوو. دژی نارەوایی و گەندەڵی بوو. لە ساڵی ١٩٤٦ و تا ساڵانی پەنجاکانیش بەهۆکاری نەخۆشی چەندینجار سەردانی بەغدای کردوە. هەروەک لە ژمارەی ١١٨ ی گۆڤاری سلێمانی ساڵی ٢٠١٠ دا خۆی دەڵێت : "لەساڵی ١٩٤٨ دا لە شاری بەغدا بەشداری رێپێوانێکی گەورەی کوردەکانم کرد کە لە شەقامی رەشیدەوە بە بەشداری هەزاران لاو و پیری کورد کرا بۆ داخوازی داواکانی کورد، کە لە سەردەمی وەزارەتەکەی ساڵح جەبردا بوو، چەند شەهیدێکیش لەو خۆپیشاندانەدا خوێنیان بەخشی...". . زۆر بە داخەوەم بابەگیان کە نەک نەوەکەی تۆ بەڵکو نەوەی نەوەکەشت، ئەمرۆ ساڵی ٢٠٢٠ بۆ هەمان ماف و داخوازیەکانی گەلی کورد لەسەر شەقامەکانی کوردستان و ئەوروپاش بەشداری خۆپیشاندان دەکەن. 
لە ساڵانی شەستەکاندا برایەکی پێشمەرگەی شەهید دەکرێت و تەنانەت خزم و کەسوکاریشی نەیانتوانی پرسەشی بۆ دابنێن. 
باوکم هیچ کات ڕێگری لە ئێمە نەکردوە بۆ کار و چالاکی دژی رژێمەکانی بەغدا چ لە شار بووبێت یا لە شاخ، لەگەڵ ئەوەی کە کارکردن لە نێو رێکخراوە نهێنیەکانی نێو شار و هەبوونی پێشمەرگە لە خێزاندا زۆر پرمەترسی بوو، تەنانەت بۆ باوک و دایکیش. 
باوکم هەر لە تەمەنی شانزدە ساڵیەوە، رۆژژمێری بەکاردەهێنا. هەموو ساڵێک ڕۆژمێری نوێی دەکڕی. لەم رۆژژمێرانەدا هەموو رووداوێک، کە خۆی ئاگاداریبوو، تۆماریدەکرد. هەموو رووداوێک کە تایبەت بوو بە خێزانەکەی خۆی و خزم و کەسوکار و دراوسێ، هەروەک لەدایکبوونی مناڵ و شووکردن و ژنهێنان و ئاهەنگ و خۆشی و نەخۆشی و مردن. هەر لە رۆژمێرەکانیدا رووداوە گرنگەکانی تایبەت بە شاری سلێمانی و کوردستانیشی تۆماردەکرد. "ئەو رۆژژمێرانە گەنجینەیەکن لە مێژوو کە باوکم بۆی بەجێهشتووین. بەو هیوایەی لە داهاتوودا رووداوە گرنگەکانی نێو رۆژژمێرەکان لە بەرگێکدا کۆبکەمەوە، ئەو مێژووە لە فەوتان بپارێزم". 
یەکێکی دیکە لەو خەسڵەتیە جوانانەی کە باوکم هەیبوو، دانیشتن و قسەکردن بوو لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا بەبێ جیاوازی لە بیرو باوەر و ئایین دا. باوکم بە مەلا نوری ناسرا بوو. بەڵام هیچ کاتێک مەلایەتی نەکردوە بەڵکو لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمە خوێندویەتی و شارەزاییەکی زۆری لە ئایینە جیاوازەکاندا هەبوو. هاورێی جوو، گاور تەنانەت هاوڕێی کۆمۆنیستیشی هەبوو. کە بیر لە خاسیەتە تایبەت و بەرزەکانی باوکم دەکەمەوە وەکو مرۆڤێکی خاوەن ئاینی بودیزم م دێتە پێشچاو. هیچ کات باوکم نەیدەتوانی ئازاری تەنانەت مێروویەکیش بدات. کە مناڵ بووم زۆرکات باوکمم بینیوە رێگای خۆشکردوە بۆ قالۆنجە و مێروومەگەز تا بەئازادی دووربکەونەوە. تەنانەت رێگای نەدەدا کە کەسێکی تریش لەبەرچاوی خۆی ئازاری ئەو زیندەرەرانە بدات. هەمیشە لە خەمی سروشت و ژینگەی دارودرەختیشدا بوو. رۆژێک لە دوای نانخواردنی نیوەرۆ لە ماڵ دووردەکەوێتەوە و تا بەرەو دوکانەکەی بروات. پاش چەند خولەکێک دەگەرێتەوە و دەڵێ: "ئەختەر، زەرفێکی نایلۆنم بدەرێ" . لەدوای ئەوەی زەرفێکی نایلۆن لە دایکم وەردەگرێت، زەرفە نایلۆنەکە پردەکات لە ئاو و لەگەڵ خۆی دەیبات. کاتێک کە ئەو دارە رەنگ زەرد و تینووەی سەر شەقامەکە بەدیدەکات، بۆ هێنانی ئاو دەگەرێتەوە بۆ ماڵەوە. ئاوەکە دەکاتە ژێر دارەکە و پاشان زەرفەکە دەخاتە گیرفانی و بەرەو دوکانەکەی بەردەوام دەبێت. 
باوکم هەمیشە ئاگاداری دەکردینەوە "گڵۆپەکە بکوژێننەوە، کە ژوورەکە بەجێدێڵیت. یان ئاوەکە بگرەوە و مەهێڵە بە خۆرایی بروات". هێندەم گوێ لێببوو لە باوکمەوە تەنانەت کاتێک لە قوتابخانەی سانەوی کوردستان دەمخوێند، بیرمە هەمیشە کە پۆلەکەم بەجێدەهێشت گڵۆپی ژووری پۆلەکەم دەکوژاندەوە.
باوکم فێریکردم کە هەست بە بەرپرسیارێتی بکەم بەرامبەر وڵات و ئەو شوێنەم خۆشبوێت کە تێدادەژیم. سوپاس بابەگیان بۆ ئەو هەستە بەرزە کە پێتبەخشیم.
زۆربەی نیوەروان، کاتێک لەسەر خوانی نانخواردن کۆدەبووینەوە و چاوەروانی باوکمان دەکرد، لە دەنگی بەردی پشت دەرگای دەرەوە بەئاگا دەهاتین. بەردێک هەمیشە لە پشت دەرگاکەوە بوو. کاتێک باوکم دەهاتەوە بۆ نانخواردنی نیوەروان، کەمێ هاتوچۆی بە بەردەکە دەکرد و هاوکاتیش دەیوت فەرموو، فەرموو! هەروەک ئەوەی ئاگادارمان بکاتەوە، کە میوانێکی لەگەڵدایە. لەبەرئەوە دایکم هەمیشە چاوەروانی میوانی ناوەختی دەکرد و خواردنی زیاتر لەبەشی خێزانەکە ئامادەکرد. 
رادیۆش خولیایەکی دیکەی باوکم بوو. هیچ کات باوکم بێ رادیۆ نەبووە. هەمیشە لە کەناڵە دەرەکیەکان گوێبیستی دەنگ و باس دەبوو. شەوانەش لە تەنیشت خۆیەوە تا خەوی لێدەکەوت هەر گوێبیستی دەنگ و باسەکان دەبوو. لە یادمە هەندێجار دایکم لە دەنگی رادیۆ و دەنگ وباسەکان بێزار دەبوو بە باوکمی دەگوت: "ئاخر ئەبی بەچی، ئەبی بە وەزیر، هێندە گوێ لە دەنگ و باس ئەگریت؟". تۆش بە خەندەیەکەوە سەیرێکت دەکرد و هیچت نەدەوت، پاشان رووتدەکردە ئێمە و دەتگوت" ئەختەر وائەزانێ ئەمەوێ ببم بەشت." 
باوکم لەگەڵ ئەوەی کە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکببوو، بەڵام مرۆڤێکی رۆشنبیر و ڕووناکبیر و کەمدەگمەن بوو. خاوەنی سێ کچ و چوارکوڕ بوو. بەڵام هیچ کات بەشداری لە ژیانی تایبەتی مناڵەکانیدا نەدەکرد. تەنانەت لە کاتی ژیانی هاوسەرگیریشیاندا هیچ بەشدارییەکی نەدەکرد، بەڵکو بریارەکەی خستبۆوە دەستی مناڵەکانیەوە. بەزۆر ویستی خۆی بە سەر مناڵەکانیدا نەدەسەپاند.
لە گەرەکدا باوکم خۆشەویست و بەرێز بوو. گەرەکی سەرشەقام گەرەکێکی میللی بوو. لە کێشە و گرفتی خێزانەکاندا هانایان بۆ دایکم و باوکم دەبرد کە هاوکاریان بن لە چارەسەری گرفتەکانیاندا. لە یادمە کە چەندینجار شەوانە درەنگ باوکم و دایکم بە هانای ژن و مناڵی دراوسێکانمانەوە چوون لە کاتی دروستبوونی کێشە لە نێو خێزانەکانیاندا.
هەر منداڵێک لەدایکببوایە لە گەرەکدا باوکم ناوی لێدەنا. گەر یەکێک لە خێزانەکەمان نەخۆش بوایە، باوکم زۆر بەبێدەنگ لە ژوورسەری دادەنیشت و بە دەنگێکی هێمن و ئارام لەگەڵ نەخۆشەکەدا دەدوا بەبێ ئەوەی چاوەروانی وەڵام بکات. نەخۆش هەمیشە لە ئامادەبوونی باوکمدا هەستی بە ئاسوودەیی و ئارامی ناخی دەکرد.  
لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، لە دوای ئەوەی دایکم و باوکم گەڕەکی سەرشەقام بەجێدەهێڵن و دەگوێزنەوە بۆ گەرەکی عەقاری، لە لای فولکەکەی عەقاری باوکم دوکانێک (کتێبخانەیەک) دەکاتەوە. هەموو کتێبەکانی، ئەوانەی کە لە ماڵەوە هەیبوون و ئەوانەشی کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس رووناکیان بینی، لە کتێبخانەکەی گەرەکی عەقاری کە ناوی لێدەنێت کتێبخانەی "رۆزا"، لە خۆشەویستی رۆزای کچەزای، جێگایان بۆ رێکدەخات. رۆژانە بە بەردەوام خۆی بە خوێندنەوە وە خەریک دەکرد، هاوکاتیش کتێبخانەکەی دەبێتە شوێنی یەکبیننی نوسەران و باسکردنی کتێب و شیعر و بەسەرهات، بەهەمان شێوەی دوکانەکەی بەرخانەقای.
کاتێکیش باوکم خۆی بەتەنیا دەبووە هاودەمی کتێب و گۆڤار و رۆژنامەکان هەر وتارێک کە بە لایەوە گرنگ یا جوان بوایە، لە رۆژنامە و گۆڤارە جیاوازەکاندا، دەریدەهێنا و پاشان خۆی گۆڤارێکی تایبەتی لەو وتارانە دروستدەکرد. بۆ هەر بابەتێک "گۆڤار" ێکی دروستکردبوو. "گۆڤاری تەندروستی، کۆمەڵایەتی، زانستی و هتد"

هاوڕێی نزیک و خۆشەویستی باوکم، جگە لە دایکم، هەمیشە کتێب و گۆڤار و رۆژنامە و رادیۆ و کامێرا بووە

لە دوای رووخانی رژێمی سەدام، ئارشیفی دوکانەکەی لە هاوکاریکردنی گۆڤاری سلێمانی دا بەکاردەهێنا، خۆشی بە بەردەوامی لە گۆڤاری سلێمانیدا وتاری دەنوسی و وێنەی کۆنی مێژوویی شاری بۆ گۆڤارەکە دەنارد. ئەندامێکی چالاک بوو لە کۆمەڵەی کەلەپووری کوردی دا. 
گۆڤاری سلێمانی نازناوی "خەمخۆری شار" یان بۆ باوکم دانابوو. 
زۆر بە داخەوەم کە دووروڵاتی ڕێگای نەدام ماوەیەک لە نزیک باوکمەوە بژیم، بە تایبەتی لە ساڵەکانی دوایی ژیانیدا، تابتوانم لە نزیکەوە گوێرادێری ئەو گەنجینەیە بم لە مێژووی شار و بەسەرهاتی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی و مێژوو و کولتووری شار لە سەردەمی لاوێتی ئەودا.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٩ ی مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٦، زەنگی تەلەفۆنەکە بە ئاگای هێنام. ئەو زەنگە تا ئێستاش هەر لە هزرما لێدەدات:

ماڵئاوا بابە گیان، ماڵئاوا خەمخۆری شار!
"ئەمن ئەمرم بەڵام وێنەم ئەمێنێ هیوام وایە کە گەل خۆشی ببینێ".


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە