کورتەیەک لە مێژووی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیا(بەشی ٢ ـ ٢)

Tuesday, 08/12/2020, 19:15

2865 بینراوە


گاریباڵدی و لەشکرە10,000 کەسییەکەی... 
لە باشووری ئیتالیاوە Pama,Modena,Toskan گاریباڵدی بوو لە ساڵی 1860 دا بەخۆیی و 10,000 هەزار لایەنگرییەوە ھاتوو لە دورگەی سیسیلیاوە دەستی بەسەر باشووری ئیتالیای گرت و دەسەڵاتی ھابسبۆرگی دەرپەڕاند . کەوتە دەرپەڕاندنی پاشای بۆربۆمییەکان . بەم شێوەیە سیسیلیا و باشووری ئیتالیا ساڵی1860 کەوتەوە ژێردەسەڵات گاریباڵدی. بەڵام پیمۆنت- ساردینین ھەر زوو ترسی لێ نیشت ،کەوا گاریباڵدی بەڕاگەیاندنی کۆمار لە باشووردا بەرەو باکووریش بجمێ و دەوڵەتی کڵێساش داگیر بکات.
لەم دۆخەدا کە دەترسان کێشە و ھەراکانیان لەگەڵ فەرەنسا جارێکی تر سەرھەڵبداتەوە و پرسی یەکگرتنەوی ئیتالیا زیانی پێ بگات . لە ھەموویشی زیاتر دەسەڵاتی ناوبراو ترسی خۆیان بوو، کەوا ڕاستەوخۆ لە 1849 ەوە فەرەنسا پاڵپشتی لێ دەکردن، ئێستا لەلایەن کەسانی ترەوە کەوتوونەتە بەردەم مەترسییەوە ، ڕەنگە دەسەڵات لەدەست بدەن.
لەم چرکە ساتەدا کافور پێویستی بە بیکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی دۆخەکە بوو. کافور میتۆدی گفتوگۆی ھەڵبژارد و لە ناپلیۆنی سێیەم مۆڵەتی وەرگرت، دوو ناوچەی سەر بە کڵێساMarken&Umbrion داگیر بکات، تا بتوانێ ڕێگری دروست لە پێشڕەوی گاریباڵدی بکات.. بەرامبەر بەمەش Latium بە پایتەختەکەیەوە Rom کە لەژێر دەسەڵاتی فەرەنسادا بوو واز لێ بھێنێ و ئارامی تێک نەدات.
بەڵام ھەموو ئەمانە گاریباڵدییان نەسڵەماندەوە. بێگومان ھەڕەشە و گوڕەشەکانی گاریباڵدی بە کۆتایی نەدەگەیشتن و تا دەھات پێشڕەوی دەکرد. بەڕاستی لەمەیداندا گاریباڵدی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکی ریسۆرگیمێنتۆیە. ئەوە بوو لەھەمان ساڵ 1860 دا، لە دەنگدانێکی ڕاپرسیدا/ ڕیفەراندۆم لە سیسیلیای باشووی ئیتالیا زۆرینەی ھەرە زۆری خەڵک دەنگیان دا بە یەکگرتنەوە لەگەڵ پیمۆنت- ساردینین دا.
ئیدی گاریبالدی چ ئەلتەرناتیڤێکی بۆ نەمایەوە و بەم جۆرە ، ئەم بڕیارەی قبوڵ کرد و وازی لە لەشکرکێشی ھێنا بۆسەر ناوچەکانی کافور و شوێنەکانی دیکەی ئیتالیا. واتە ئەم میتۆدەی خەباتی پەسەند کرد، ئاخر لای ئیتالییەکان بە ھەردوو شێواز ھەوڵ بۆ یەکێتی و یەکگرتنەوە دەدرا، « لەناوەوە بە میتۆدی ریفەڕاندۆم و بەرامبەر بە بێگانە، بە شۆڕش و ڕاپەڕین». بۆیە گاریباڵدی ناکۆکی بەرامبەری ئاکامی ڕیفەراندۆم نیشان نەدا. دەرئەنجام لە ڕووداوێکی زۆر سەرنج ڕاکێشدا، لە ساڵی 1861 لە Turin بانگەوازی کۆماری ئیتالیای ڕاگەیاندرا، پەرلەمان ھەڵبژێردرا ، بەسەرۆکایەتی پاشای ساڤۆیانViktor Emanuel، پیمۆنت- ساردینی. زۆر سەرکەوتووانە ئەم ھەنگاوە بەڕێوە چوو.
بەم شێوە قۆناخی دوومی خەبات بۆ یەکگرتنەوە ئامانجێکی پێکا و لێ بە ھاوکێشەی ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەنێو لایەن و کاراکتەرەکانی وڵاتدا لە سەرکردە و پاشا رێکەوتن کرا. بەڵێ لە سەرەوە ڕێک کەوتن و خوارەوەش ڕەزامەند بوون.
دوای ئەم ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و بڕینی ڕێگای سەختی یەکگرتنەوە، ھێشتا ئەرکی قورس و گران لەبەردەم ئیتالییەکاندا مابوو بگەنە دوا ئامانج... یەکێ لەوانە بریتی بوو لە ھەردوو ھەرێمی ڤێنیسیا، لەژێر دەسەڵاتی نەمسا و لاسیۆم کە پایتەختەکەی ڕۆما بوو ، ھەموو ئیتالییەکیش بە پایتەختی خۆی دەزانی ، سەر بە حوکمڕانی دەوڵەتی پاپا/ کڵێسا بوو، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن فەرەنساوە بەڕێوە دەبرا. ھەتا ئێرە ھەموو شت لە ڕووی سیاسی و جوگرافیاییەوە بە ئاڕاستەی دروستدا دەڕۆیشت. ماسیۆ داسێلیۆ لەم بۆنەیەدا دەڵێ: ئێمە ئیتالیامان دروست کرد، ماوەتە ھاوڵاتی ئیتالیایی دروست بکەین..
شایانی ئاماژە پێدانە،کە بزاڤەکەی ماتزینی، دروشمی یەکگرتنەوەی هەموو ئیتالیا بوو، لەم داویەش یەک سەنتیمەتر نەدەهاتنە خوارێ. ئیدی ئیتالیایەکی بێ ڕۆما و ڤێنیسیا، هەرگیز جی قبوڵکردن نەبوو. ئیتالییەکان بە ھۆی فرە دیالێکتی و کاریگەرێتی زمانە بێگانەکان لەسەر زمانەکەیان نەیان دەتوانی پێکەوە قسە و ئاڵوگۆڕی بیروباوەڕ بکەن. 18 لە25 ملیۆن ئیتالیایی ئەوسەردەمە تەنانەت خوێندن و نووسینیشیان نەدەزانی. تا ساڵی 1861زمانی ئیتالی ڕێژەیەک لە دەستەبژێرەکان دەیانتوانی قسەی پێ بکەن کە بریتی بوون لە 600,000 ھەزار کەس واتە تەنھا 2,5%. ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار کەمە. تەنانەت کە یەکەم پەرلەمان لە Turin ھەڵبژێردرا وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، نوێنەرەکان بە فەرەنسی وتاریان پێشکەش دەکرد. دانتێ بە نووسینەکانی بەشێوەزاری تۆسکانی کاریگەرێتییەکی گەورەی دروست کرد بەسەر زمانی ئیتالییەوە. بۆنموونە Alessandro Manzoni کاتێ رۆمانی مێژوویی I Promessi Sposi دەنووسێ بە دیالێکتی بۆمباردی، دواتر خێرا دەیگۆڕنە سەر شێوەزارەکەی تۆسکانی کە دانتێ شتی پێ نووسیوە. ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ لێکنزیکردنەوە و تێگەیشتنی زمانی نەتەوە. دواتر بووە بناخەی زمانی یەکگرتووش. 
لەسایەی ئەم دۆخەدا باکووری ئیتالیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر بەرەو پێش چووبوون، بەپێچەوانەی باشوورەوە کە ھەر خەریکی کشتوکاڵ و زەویوزار بوون. سیمایەکی دەرەبەگی دواکەوتوویی پێوە دیار بوو. ئەم دیاردەیە تا ئیمڕۆش کێشەیە و بە نەخشەی ئیتالیاوە دیارە. قۆناخێکی تری خەبات بۆ یەکگرتنەوە:

+ قۆناغی سێیەم و دوا وێستگەی یەکگرتنەوە..
ئیتالیاییەکان وەک میللەتێکی تینووی ئازادی، زۆر باش کاریان بۆ ئامانجی سەربەخۆیی و یەکگرتنەوە دەکرد. زرنگ بوون و ھەر دەرفەتێکیان بۆ ھاتبێتە پێشەوە ھەوڵیان داوە بیقۆزنەوە و بایی قەبارەی خۆیان لە زەمینەی خەباتدا کار بۆ ئامانجە ڕەواکانیان بکەن.. بۆیە ھەر لە دەرفەتێک دەگەڕان تاوەکو ئەو ناوچانەی تریش رزگار بکەن و پرۆسەی یەکگرتنەوە بە ئامانج بگەیەنن. ساڵی 1866 کاتێ شەڕ لەنێوان ھەرێمی ھەڵکەوتوو و بەھێزی پروسیای ئەڵمانیا و دەسەڵاتی ھابسبۆرگ دا سەری ھەڵدا، ئیتالیا دەستبەجێ ھاوپەیمانێتی لەگەڵ پروسیادا کرد. ئەوە بوو ئیتالیا لە Lissa &Custozza ئەگەرچی شەڕەکەیان بە نەمساوییەکان دۆڕاند، بەڵام ڤێنیسیایان دەستکەوت، لەبەرئەوەی نەمسا شەڕەکەی لەئەنجامدا بە پروسیا دۆڕاند. 
ساڵی 1870-1871 ئەمجارەیان شەڕ لەنێوانی پروسیا و فەرەنسادا پەیدا بوو. لەم کاتەدا شوێنێکی گرنگی وەک لاتسیۆ کە بەدەست فەرەنساوە بوو.فەرەنسا ناچار بوو بۆ شەڕکردن لەگەڵ پروسیای بەھێزدا، ھێزەکانی لەم دەڤەرە بکێشێتەوە. ئا لەم ھەلە زێڕینەدا ساڵی 1870 مانگی سێپتەمبەر، ئیتالییەکان گورجوگۆڵانە پەلاماری لاسیۆ و رۆمایان داو رزگاریان کرد و خستیانەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان...
1871 پایتەخت لە فلۆڕەنساوە ھێنرایەوە بۆ ڕۆما و وەک پایتەخت ناساندییان.. بەم شێوەیە چیرۆکی 53 ساڵەی خەباتی یەکگرتنەوەی ئیتالیا دەستی پێکرد و کۆتایی ھات. چیرۆکێک کە پێمان دەڵێ: لە کاروانی ئەم خەباتە دوورودرێژەدا، تەواوی چین و توێژ و دەستە و گرووپە جیاوازەکان لە پاشا و میرەوە بۆ بیرمەند و قوتابی جوتیار و کرێکار و ڕەنجبەر و وردەبۆرژوای ناوەند بەشداری تێدا کردووە.
سیمایەکی تری گەشاوەی ئەم خەباتە، دوو میتۆدە جیاوازەکەی یەکگرتنەوەیە: ڕیفەڕاندۆم لە ناوخۆ و شۆڕش دژ بە بێگانە. لەمەش بەرچاوتر، سەرلەبەر باوەڕیان بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی ئیتالیا و ڕاماڵینی بێگانە تێدا ھەبووە. خەسڵەتێکی تری گرنگ و چارەنووسساز ئەوەیە، چەند فاکتی شەڕ و کەوتنە شەڕی ھێزە داگیرکەرەکانی ئیتالیا وەک دەرفەت و چانس دەقۆزنەوە، خەباتی ڕزگاریخوازی و یەکگرتنەوە/ ریسۆرگیمێنتۆ بگەیەننە ئامانج و ھێنانەدی خەونی پیرۆزیان. ئا بەم ھۆیەوەیە کە Eugen Lembergی مێژوونووسی ئەڵمانی دەڵێ: «ئەو یەکەم چرکەساتەی وریابوونەوە، مانای ڕابوونی ئیتالی و دەستکەوتە مرۆییەکانی ئیتالیاییەکانە».
لەسەرەتاکانی سەدەی 19 ەوە، ئیتالیا مەودای داخوازییەکانی فراوان کردووە و وەک دەڵێن مەرامێکی کۆلۆنیالیستی تێئاخنیوە، داوای ناوچەکانی Terre irre dento دەکات، کە سەر بە ھەنگاریا و نەمسا بوون/ ھابسبۆرگ.
Trentino,Südtirol,Triest,Frioul,Istrien کە زۆربەیان بە ئەڵمانی قسە دەکەن و ئیتالی و بەشێکی زۆری کرواتی و سلۆڤێنین. کەچی ئیتالیا بە بەشێکی جیانەبووەی جوگرافیای ئیتالیان دادەنێن.. ئەم کێشەیە ھەر ماوە و ھەتا ئێستاش بەو شێوە چارەسەر نەکراوە، مرۆ بەزەقی ھەستی پێنەکات.دوای شەڕی جیھانی یەکەم بەشێکی ئەم ناوچانە درا بە ئیتالیا.
Hagen Schulze ی مێژوونووس دەڵێ: "مرۆ دەتوانێ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی ئیتالیا، وەکو مێژووی « کوولتوریی و سیاسی و لیبەڕاڵی» دەستەبژێری ھاوڵاتی - ئەرستۆکراتی بنووسێتەوە.
شایانی ئاماژە پێدانە، یەکگرتنی ئیتالیا و ئەڵمانیا زۆر شتی ھاوبەشیان ھەیە و لێک دەچن و قۆناخی شۆڕشەکانیشیان ھاوکاتە. تاکە خاڵێکی جیاوازی نێوانیان ئەڵمانیا لە ڕووی پیشەسازییەوە زۆر لەپێش بوو، ئیتالیا ھێشتا سەرەتای بوو، وە بە وڵاتێکی کشتوکاڵی مابۆوە. ئەگەرچی پرۆسەی یەکگرتنەوە کەمی بەری ڕەنجی جوتیاران بوو.
خاڵێکی تریش بریتییە لەوەی کەسانی وەک ماتزینی لە پشت شۆڕشی ریسۆرگیمەنتۆی ئیتالییەوەن بە فکر و هزری گەشی نەتەوەیی دیموکراتی ،لێ لە ئەڵمانیا هێزی پرووسیای هەڵکەوتوو و کاریزمایی بسمارکی لیبەڕاڵ،زەمینەخۆشکەری یەکگرتنەوەی ئەڵمانیان. 
ئیتالیاییەکان لەبەرئەوەی خاوەن ئەقڵێت و کولتوورێکی لیبەڕاڵ بوون، وڵاتەکەیان مەڵبەندی سەرەکی ڕێنیسانس بوو، دوا یەکگرتنەوە بە خێرایی لەژێر کاریگەرێتی دەستووری پەرلەمانی ئینگلیز و فەرەنسیدا، کە دەستوورێکی کراوە و دیموکرات بوو. ھەروەھا پرسەکانی سەروەرێتی گەل و مافی مرۆ و ئازادییە کەسییەکانی لەخۆ گرتبوو، دەستوورەکەی خۆیان نووسییەوە.
جێی خۆیەتی بڵێین لە ئینگلتەرا و فەرەنسا لە ڕێی دروستبوونی دەوڵەتەوە نەتەوەسازی کامڵ بوو و شۆڕشیان لە خوارەوە بۆ سەرەوە کردووە. لە ئیتالیا و ئەڵمانیا بەپێچەوانەوە نەتەوە دەبێتە دەوڵەت شۆڕش لە سەرەوە بۆ خوارەوە ئەنجام دراوە.
دوای ئەو ھەموو ھەنگاو و دەستکەوتە گرنگانە ، ئیتالیاییەکان دەستیان کرد بە ژیانێکی نوێی ئازاد، لەسایەی یەکێتی جوگرافی و سیاسی و نەتەوەیی خۆیان دا. ئاخر ئەوان شیرمژی بیروباوەڕی دەیانی وەک ماتزینی کە ڕوو لە کرێکارانی وڵاتەکەی دەکا و دەڵێ:« برایینە .. نیشتمانەکەتان خۆش بوێت، نیشتمانەکەمان ھەوارگەمانە..ھەوارگەیەکە خوا پێی بەخشیوین و تێیدا یەک خێزانمان دروست کردووە». و مەکیاڤیللی بوون کە ئەویش دەڵێ:«نیشتمانتان لە گیانی خۆتان خۆشتر بووێت»!!.

ئاکامگیریی:
+ ئیتالییاییەکان بەتێکڕا یەک ھیوا و ئامانج و ستراتیژیان ھەبوو، ڕزگاری نیشتمان و دەرپەڕاندنی ھێزە بێگانەکان...
+ تەواوی دەستەوتاقم و گرووپەکان بەشداری شۆڕش بوون و ڕۆڵیان گێڕاوە، لە خاوەن موڵک و بەگزادە و بەتایبەت دەستەی خوێنەوار و دەستەبژێری ئاکادیمیستەکان و لیبەڕاڵەکان..
+ ھەر دەرفەتێک ھاتبێتە بەردەم ئیتالییەکان بە وریایی و ئاقڵانە و خێرایی بە سوودی پرسە ڕەواکەیان قۆستوویانەتەوە.
+ سێ سەرکردە، ماتزینی باوکی ڕۆحی ڕیسۆرگیمەنتۆ و جەنەڕاڵ گاریباڵدی سەرکردەی مەیدانی درەوشاوە و کافوور وەک سیاسییەکی واقعبینی ریال پۆلەتیکی،لە سێ کایەی جیاوازەوە ئەرکی ژیانەوە و یەکگرتنەوەی ئیتالیایان لە ئەستۆ گرت و بەئەنجام گەیاند.
+ یەکگرتن یاخود یەکگرتنەوە لە سەرەوە بۆ خوارەوە سەرکەوت...
+ ئیتالییەکان شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد بەرامبەر داگیرکەرەکانیان و لەچەند وێستگەیەکیشدا لە ناوخۆیاندا ، بە ڕاپرسی یەکیان گرتوو و دەستکەوتی نەتەوەییان بەدەست ھێنا.
+ ئاکامی 3 شەڕ کە داگیرکەرەکانیان تێی کەوتن بوونە فاکتی ھەرە گرنگی سەرکەوتن و یەکگرتنەوەی تەواوەتییان. بەشداری فەرەنسا لەشەڕی کریم دا، شەڕی فەرەنسا دژی پروسیا ، شەڕفرۆشتنی خۆیان بە پشتیوانی فەرەنسا بە نەمسای ھابسبۆرگی..
+ جوگرافیا و ، کولتووری ھاوبەشی سەردەمی ئیمپراتۆرێتی رۆمانی و بیری نەتەوایەتی ئەقڵێتی لیبەڕاڵێتی لەم پرۆسەدا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا .
+ دەنگی ناڕەزایی ناوخۆ بەرامبەر بە ریسۆرگیمەنتۆ کز و نەبوونی دیاردەی براکوژی...ڕێژەیەک لە خەڵکی سیخوڕ و خۆفرٶش هەبووە،لێ کاریگەریی کردەییان لە پرۆسەکەدا نەبووە.
+ هەر لەسەرەتاوە داوای کۆمارێکی دیموکراسی بەتایبەت بزاڤەکەی ماتزینی،دروشمێکی نەگۆڕ بووە. 
+ لە ئیتالیا هەموو بنەماکانی بیری نەتەوەیی هەبوو،بەڵام کاتێکی دوورودرێژی دەوێت تا دەبێتە ویست و ئیرادەی کۆ و هێزێکی گۆڕاندروستکەر.بەسەرکردەی لێهاتوو و سیاسەتی حەکیمانەوە کار بۆ یەکگرتنەوە بکات. هەموو هێزەکان داوای یەکگرتنەوە/ وحدة یان کردووە نەک یەکێتی/ اتحاد.
+ هەرچی ئامڕاز و وزەیەکی لەتوانای ئیتالییەکاندا بوو، بۆ یەکگرتنەوەی خستیانە گەڕ.

-Nation und Nationalismus in Deutschland ..Otto Dann 1993
-Staat und Nation in der europäische Geschichte .Hagen Schulze 1999
-Von Machiavelle zu Nehru….Hans Kohn 1955
-Geschichte des Nationalismus in Europa Eugen Lemberg 1950
-Europäische Revolutionen 1789-1848 Eric Hobsbawm 2004
ـ تاریخ لاحرکات القومیة فی اوروبە . خمس اجزاء.... تعریب / د. نوردالدین حاطوم/ ١٩٦٩ 
سەرنج: ئەم نووسینەی, لەتەک ئەم سەرچاوانەد،هێشتا زادەی بینین و گوێ لێگرتن و خوێندنەوەی کۆمەڵێ سەرچاوە و بابەتی جۆراوجۆری ترە و پوختەیەکە، لە مێژوویەکی دوورودرێژ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە