تیرۆری مەلا خالیدی عەزیزی بە فەرمانی حەسەنی شەرەفی

Tuesday, 15/12/2020, 18:29

5724 بینراوە


تێبینی: ئەم زانیاریە کە لەم باسەدا هاتووە بۆ یەکەمجارە لە کوردستانپۆست بڵاودەبێتەوە.

مەلا خالیدی عەزیزی کوردێکی ڕووناکبیر و دڵسۆزی گەلەکەی بو. پێش شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران لەبەر دەست‌تەنگی بۆ بژیی ژیان لە دێیەکی مەهاباد مەلایەتی دەکرد.
دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی بە هۆی بیری دادپەروەری کۆمەڵایەتی چۆ نێو ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی ئێران. ساڵی ١٩٨٠ دوای ئاشبەتاڵی چریکەفیداییەکان، بۆ درێژەی خەبات چووە ناو حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران.
ساڵی ١٩٨٢ دەچێتە لای حەسەنی شەڕەفی و پێی دەڵێ کە دەمهەوێ بچمەوە مەهاباد و وەک خەڵکی دیکە ئەماننامە وەرگرم و کار و کاسبیەک پەیدا بکەم تا ژن و مناڵم بەخێو بکەم.
حەسەنی شەڕەفی کە لەو کاتەدا لە لایەن حیزب پەڕاوێز خرابوو، دەست دەکا بە گلەیی کە قەدری نەزانراوە و دەڵی ئەمنیش دەمهەوێ خۆم ڕادەستی کۆماری ئیسلامی بکەمەوە. ئەتۆ کە خۆت تەحویل دایەوە، لە لایەن من بە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕابگەیێنە کە ئەگەر عەفوم بکەن و شوغڵەکەی پێشوم (ڕەییسی قوتابخانە) بدەنەوە حازرم دەست لە حیزب هەڵبگرم و بێمەوە مەهاباد.
مەلا خالید خۆی ڕادەستی دەوڵەت دەکات و پەیامی حەسەنی شەڕەفی بە کاربەدەستانی دەوڵەت ڕادەگەیێنێ. ئەوانیش شەرتەکانی قەبوڵ دەکەن. مەلا خالید پەیامی کاربەدەستان بە حەسەنی شەڕەفی ڕادەگەیێنێ.
حەسەنی شەڕەفی خەریکی خۆ ئامادە کردن دەبێ بۆ خۆ ڕادەست کردنەوە بە کۆماری ئیسلامی. لەو کاتەدا لە لایەن ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات پلەی حیزبی بەرز دەبێتەوە و دەکرێتە بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێموکڕات لە ناوچەی مەهاباد.
ئەم پۆستەی حیزب حەسەن لە گەڕانەوە بۆ ناو شار پەشیمان دەکاتەوە. مەلا خالید بێخەبەر لە پاشگەزبونەوەی حەسەن، دیسان بە ڕاسپاردە پەیامی بۆ دەنێریتەوە کە با خۆی تەسلیم کات و دەوڵەت لێبوردنی بۆ دەرکردوە و شوغڵەکەشی دەدرێتەوە.
حەسەن بۆ پێشگیری لە ئاشکرابونی ڕازی خۆڕادەستکردنەوەی لە لای حیزب، پیلانێکی شەیتانی وەڕێ دەخات.
تیمێکی پێشمەرگە دەنێرێتەوە ناو شار و دەستور دەدات مەلا خالید بکوژن. ئەو زەمان شارەکان لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دا بوون، بەڵام زۆربەی دێهاتەکان لە دەست پێشمەرگە دا مابون.
حەسەن دەستور دەدا بە هیچ جۆرێک نابێ مەلا خالید بە زیندویی لە شار بێننە دەرەوە. بیورێکیان دەداتە دەست. دەڵێ دوای گرتن دەبێ بەو بیورە بیکوژن.
پێشمەرگەکان شەو دەچنە ناو شار و لە دەرگای ماڵی مەلا خالید دەدەن. کە دەرگا دەکرێتەوە، دەچنە ژور. مەلا خالید دەسگیر دەکەن.
ژن و چوار منداڵەکەی و باوکی مەلا خالید بە زۆر دەبەنە ناو دیوێک و دەرگایان لە سەر دادەخەن.
مەلا خالید دەبەنە ناو گوڵخانە چکۆڵەکەی ناو ماڵ. بە بیورەکە زیاتر لە دە جار جەستەی دەقەڵێشن.
دوایە کە لە مەردنی خاترجەم دەبن، سەرکەوتوانە شار بەجێ دێڵن و دەچنەوە لای حەسەنی شەڕەفێ! مژدەی ئەنجامدانی سەرکەوتوانەی عەمەلیاتەکەیان پێ ڕادەگەیێنن. 
حسن شرفی،مسئول مرکزیت سیاسی و معاون دبیرکل حزب دمکرات کردستان ایران، قاتل خالد عزیزی

حەسەن مەلا خالیدی ناردە بن گڵ. بەڵام ڕازی خۆ تەحویل دانەوەی حەسەن لە بن گڵ دا نەمایەوە.
پێشمەرگەکان لە گەڵ یەکتر دەدوان و ئەو باسەش بە گوێی زۆر کەس گەییشت، تەنانەت دوکتور قاسملو، شەڕەفکەندی و زۆربەی ئەندامانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکڕات پێیان زانی.
بۆ پاراستنی پیرۆزی ناوی حیزب و پێشمەرگە بێدەنگیان لێکرد و حەسەن لە سەر ئەو بێشەڕەفیە نە تەوبیخ کرا، نە موحاکمە کرا و نە لە گوڵ کاڵتری پێ‌گوترا.
ئەگەر لێکۆڵینەوە لە چوارچێوەی مێتۆدۆلۆژی زانستی دا بنوسرێ، بەرگری کردن لێی ئاسانە و دژایەتیشی نەک بەئاکام ناگا، بەڵکە دەبێتە هۆی بێ ئیعتباربونی دژبەرەکە.
ئەم خاڵانەی خوارەوە هۆکار و چۆنیەتی تیرۆری مەلا خالید پشت‌ڕاست دەکەنەوە:
١- ناکرێ کوشتنی مەلا خالید بە بیور وەدرۆ بخرێتەوە. چونکە لە دونیای ئەمڕۆ زانستی سەردەم دەتوانێ یارمەتیدەری ڕوونکردنەوەی ڕاستیەکان بێت.
پسپۆڕانی پزشکی دادوەری دەتوانن زۆر شت ڕوون کەنەوە. لە ڕێگای دەرهێنانەوەی تەرمی مەلاخالید و پشکنینی جەستەیی، ئاشکرا بکرێ بە چی کوژراوە؟ بە گوللە، چەقۆ یان بیور؟ ئەگەر بە بیور کوژراوە، چەند ئەندامی لەشی بەر لێدرانی بیور کەوتوە؟ قوڵایی برینەکانی چەند بوە.
٢- ئەو زەمان و ئێستاش لە سەد ماڵی ناو شاری مەهاباد یەک بیور پەیدا نەبوە و نابێ.
نەتیجە دەگرین کە پێشمەرگەکان لە دەرەوەی شار بۆ مەبەستی کوشتنی بێدەنگ بیوریان لە گەڵ خۆیان هێناوە. گرتن، بردنە دەرەوە و دادگایی کردنی چەند دەقیقەییشی بۆ دیاری نەکراوە.
٣- کوشتنی ئاوا بە پەلە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە مەلا خالید ڕازێکی زانیوە کە دەبو پێش درکاندنی بکوژرێ.
ئەگەر پێشمەرگەکان مەلا خالیدیان بردبایە دەرەوە بۆ لێپرسینەوە و دادگایی کردن، مەلا خالید لە ڕێگا و لە کاتی لێپرسینەوە ڕازەکەی ئاشکرا دکرد.
بە قەولی حافزی شیرازی:
«گفت آن یار کز او گشت سر دار بلند
جرمش این بود که اسرار هویدا می‌کرد»
٤- دو کچ و یەک کوڕی مەلا خالید لە ژیان دا ماون و لە مەهاباد دەژین. ئەمانە شاهیدی زیندوون. دەتوانن چۆنیەتی ڕووداوەکە بگێڕنەوە.
********
کەسایەتی مەلا خالید
مەلا خالید مرۆڤێکی ڕووح سوک، قسەخۆش و باسەواد بو. زۆر قسەی خۆشم لێ‌بیستوە. لێرە دا ئاماژە بە سێ قسە دەکەم:
" مەلایەک لە دێیەک دەبێ خەڵک بەراتی نادەنێ. لە ئاخیری دا بە خەڵکەکەی دەڵێ ئەگەر نەمدەنێ لێرە دەڕۆم. ئەوانیش دەڵێن نایدەن.
مەلا دەڵێ هەرسێک تەڵاقم کەون تەواوی پێش‌نوێژەکانم بە لەش‌پیسی بۆ کردون.
مەلا لە دێ بار دەکا، بەڵام خەڵکی دێیەکە تا چەند ساڵان نوێژی ئەو زەمانی بە قەڵا دەگێڕنەوە".
مەلا خالید سەبارەت بە کۆمەڵە (1980)
" سادقترین ئەندام و پێشمەرگەیان هەیە، بەڵام خراپترین ڕێبەرایەتیان هەیە. کۆمەڵە وەک ماشێنێکە کە سیبەکی فەرمانی شکاوە، بۆخۆشی نازانێ بە کوێ دا دەڕوا و بۆ کوێ دەچێ" [ماشێن کە سیبەکی دەشکێ، فەرمانەکەی کۆنترۆڵ ناکرێ هەر جارەی بە لایەک دا لاڕێ دەبێ]
سەبارەت بە مافی مناڵ:
ئەگەر منداڵ پرسیاری لێکردی، نابێ پشگوێی بخەی یان تەلگڕافی جوابی بدەیەوە و لە کۆڵ خۆتی بکەیەوە.
دەبێ کاتی خۆتی بدەیە، بە تێر و تەسەلی جوابی بدەوە تا ئەو ڕادەیەی کە کۆنجکاوی مناڵەکە تێرئاو دەبێ.

پەراوێز:
حەسەنی شەڕەفی لە دەورەی شا دا کە ڕەییسی قوتابخانە بوە، هاوکاری نزیکی ساواک بو.
تا ئەو ڕادەیەی کە بە تەلێفۆن لە هەر کاتێک ویستبای لە گەڵ ڕەییسی ساواک قسەی دەکرد و بیر و ڕای خۆی لە سەر گیراوان و تۆمەتباران دەردەبڕی و مامۆستا و قوتابی دژی ڕژیمی پێدەناساند.
ئێستاش زۆر کەس وەک شاهیدی زیندوو لە سەر کەیسی ساواکی حەسەن لە ژیان دا ماون.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە