بێدەنگ نابین: خۆپیشاندان لە شاری مالمۆی سوید دژی ماڵی مەلا مستەفا


خودای ئەنیشتاین

Saturday, 01.30.2021, 2:25

1513 بینراوە


وەک دەزانین باوەڕداران و ئایینزاکان، لە سەردەمانی کۆن و ئەمڕۆشدا، لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و سەرخستنی ئایینەکانیاندا، زۆرترین هەوڵیان داوە کە ئایینەکانیان لەگەڵ زانستدا بگونجێنن و ئەم کارەیان تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەشێوەیەک کە هەریەکەیان درۆ بەدەم زانایانەیەکەوە دەکەن کە گوایا پەیڕەوکاری ئایینەکانی ئەوانە و هەر ئایینێکیش شەڕ لەگەڵ ئەوی تر دەکات و هەوڵی ئەوە دەدا زاناکە بە موڵکی خۆی بکات.
یەک لەو زانایانەی کە چ لە سەردەمی خۆی و پاش مردنی، لەلایەن ئایینزا و بەرگریکەرانی ئایینەوە بانگەشەی ئەوەی بۆکرا کە یەکێکە لەوان، زانا و فیزیاوانی ئەڵمانی "ئەلبێرت ئەنیشتاین"ـە.
یەکێک لە وتەکانی ئەنیشتاین کە زۆرترین هەرای نایەوە و بە ئێستاشەوە باوەڕداران وەک چەکی دەستیان بەکاری دێنن و لە هەموو گفتۆگۆیەکی زانستیدا دەیهێننەوە، ئەمەیە "زانست بێ ئایین شەلە، ئایین بێ زانست کوێرە." بەڵام باوەڕداران بێئاگان لەوەی ئەنیشتاین ئەمەشی گووتووە:
"ئەوەی تۆ لەبارەی ئایینی منەوە خوێندوتەتەوە، بەدڵنیاییەوە درۆیە، درۆیەک کە بە شێوەیەکی سیستەماتیکی دووبارەی دەکەنەوە. من هیچ باوەڕم بە خودای کەسی (personal god) نیە و هەرگیز لەمەش نکووڵی ناکەم، بەڵکو بە ئاشکرا ئەیڵێم."
ئایا پاشی ئەم وتەیە، ئەنیشتاین وەک کەسێکی ئایینی دەرئەکەوێت؟ نا ئایینی ئەنیشتاین تەواو جیاوازە لەوەی کە بەو شێوە سادەیە باس دەکرێت.

چەند وتەیەکی تری ئەنیشتاین، بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر:

- من بێباوەڕێکی تۆخم بە ئایین، ئەمەش بۆخۆی جۆرێکی تازە لە ئایینە
- هەرگیز سرووشت بە موڵکی مەبەستێک یان شتێک نازانم، ئەوەی من لە سروشتدا دەیبینم پێکهاتێکی مەزنە کە دەتوانین بە شێوەیەکی ناتەواو لێی تێبگەین و ئەمەش مرۆڤی بیریار وا لێدەکات کە هەست بە خۆ بەگەورەزانی نەکات. پێم وابێت ئەمەش هەستێکی ڕاستەقینەی ئایینیە و چ پەیوەندی بە خواناسیەوە نیە.

بیری "خودای کەسی" بیرێکی تەواو دوورە لەمن و تەنانەت وەک بیرێکی ساویلکانە لێی دەڕوانم.

دژی ئەم وتانەی ئەنیشتاین، پیاوانی ئایینی چەندان نامەیان بۆ ئەنیشتاین نارد و چەندان وتار و نوسینیشیان لەدژی بڵاوکردەوە و دەیانگوت کە ئەو تێگەیشتنی بۆ ئایین و خودای کەسی نیە، بەڵام لەناو هەموو ئەو ڕەخنە و هێرشکردنانەدا تاکە شتێک کە ڕاست و ڕوونە، ئەوەیە کە ئەنیشتاین یەکێک نەبووە لەوان وە هەمیشە قەڵس بووە بەو قسە و قسەڵۆکانەی کە گوایە یەکتاپەرستە. لە وتەیەکی تردا کە وا دەردەکەوێت فەلسەفەکەی سپینۆزای بە هەند وەرگرتبێت، ئەنیشتاین دەڵێت:
"بڕوام بە خوداکەی سپینۆزایە، نەک خودایەک کە دەست لە کاروکردەوەکانی مرۆڤ وەردەدات."

با بزانین پێناسەی خودا لای "سپینۆزا" چیە؟

سپینۆزا، كه‌ فه‌یله‌سوفێكی یه‌هودی هۆڵەندیە، پێی وایه‌، كه‌ خواوه‌ند خودی سروشت‌و ڕۆحی سروشته‌. واته‌ بڕوای به‌ یه‌كێتی ڕۆح‌و ماده‌ هه‌یه‌ (Pantheisme). لای وایه‌ خوا سروشتی دروستكار (Nature naturante) و سروشتی دروستكراوه‌ (Nature naturee). خوا هه‌ر له‌ خۆی سروشتی دروستكردووه‌و هه‌ر خۆی خاوه‌ن وزه‌و هۆشه‌. واته‌ سروشتی دروستكار له‌ ڕێگه‌ی هۆشیه‌وه‌ به‌ وزه‌ی خۆی سروشتی دروستكراوی دروستكرد. به‌ڵام سروشتی دروستكار هه‌مان سروشتی بینراو نیه‌، به‌ڵكو سروشتی دروستكار جه‌وهه‌ری هه‌موو بوونه‌و دیاری ناكرێت هه‌ربۆیه‌ خوا لای سپینۆزا له‌نێو سروشتدا خۆی دیاری ده‌دات‌و مرۆڤیش باشترین ده‌ركه‌وته‌ی خوایه‌ له‌نێو سروشتدا. خوا گه‌وره‌ترینه‌ (Dieu Grand) و جه‌وهه‌ری شته‌كانه‌و نه‌بڕاوه‌یه‌و درێژ ده‌بێته‌وه‌و له‌ خۆیدا ناگۆڕێت، به‌ڵكو بۆ خۆی ده‌گۆڕێت. خوا په‌یوه‌ست نیه‌ به‌ هیچه‌وه‌و ئازادیه‌كی ته‌واوی هه‌یه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی هه‌موو شتێكدایه‌.
سپینوزا ده‌ڵێت: "من وا له‌ خواوه‌ندو سروشت ده‌ڕوانم كه‌ جیاوازه‌ له‌و وێنه‌یه‌ی مه‌سیحیه‌كان ده‌یكێشن، چونكه‌ من بڕوام وایه‌ كه‌ بنچینه‌یه‌و هه‌ڵكه‌وته‌ نیه‌، وه‌ خوا هۆكاری هه‌موو شته‌كانه‌. ده‌ڵێم هه‌موو شتێک له‌ خوادا ته‌واوده‌بێت. هه‌موو شتێك له‌ خوادا ده‌ژی‌و ده‌جوڵێ، منیش لێره‌دا له‌گه‌ڵ پۆڵسی نێرراودا ڕێككه‌وتووم".
هه‌ر لێره‌دا خوا به‌و زاته‌ هه‌تاهه‌تایی‌و جه‌وهه‌ریه‌ باسی كراوه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی شته‌كان‌و بوون‌و ته‌نانه‌ت ژیانی شته‌كانیشه‌، به‌ڵام سروشت لای سیپنوزا ئه‌و مادده‌یه‌ نیه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌ ئه‌قڵی سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لێی بدوێین. زانستی ئه‌ستێره‌ناسی‌و فه‌له‌كناسی‌و زانستی ناوه‌ڕۆكی مادده‌ ئه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێن كه‌ مادده‌ وزه‌یه‌كی گۆڕاوه‌ به‌گۆڕانی بڕی فۆتۆن‌و خێراییه‌كه‌ی، هه‌ر بۆیه‌ وزه‌و ماده‌ یان ڕۆح‌و مادده‌ دوو ڕووی شتێكن كه‌ ئێمه‌ به‌په‌یوه‌ستبوون به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌بینه‌ ئایدیالیست یان ماتریالیست، به‌ڵام له‌ بنچینه‌دا هه‌ردووك مادده‌و وزه‌ كه‌ سروشت‌و خوان یه‌ك شتن. مادده‌ به‌ وزه‌وه‌ به‌نده‌و هه‌یه‌و سپینوزا له‌م باره‌یه‌وه‌ لای وایه‌ كه‌ جیهان له‌ خۆیداو بۆ خۆی ڕاگیره‌ به‌ خواوه‌و له‌سه‌ر خوا وه‌ك چۆن پردێك ڕاگیره‌ له‌سه‌ر بنچینه‌و پایه‌كانی‌ خۆی.
(الجوهر، الصفه‌، العرچ) له‌ فه‌لسه‌فه‌ی سپینوزادا كه‌ شتێكی تازه‌ نین به‌ مانای خواو ده‌ركه‌وته‌ی خوا له‌ فكرداو فۆڕمی ماددی دێن. ده‌توانین بڵێین جه‌وهه‌ری بوون خوایه‌. هه‌ر خواش له‌ فكردا ده‌ركه‌وته‌ی بوو له‌ شێوه‌ی سیفه‌تداو پاشانیش ئه‌م ده‌ركه‌وته‌ ماددیه‌ (العرچ) هه‌مان (تجسم)ی خوایه‌و دیاری داوه‌.
ده‌رباره‌ی ئه‌قڵی به‌ڕێوه‌به‌ری (بوون) به‌ هه‌مان جۆری په‌ڕاوه‌ پیرۆزه‌كان لێره‌شدا خوا به‌ ئه‌قڵی گشتی ناوی براوه‌. سپینوزا ده‌ڵێت: ئیراده‌ی خوا كۆی هۆكارو یاساكان هه‌موویانه‌و ئه‌قڵی خواش كۆی هه‌موو ئه‌قڵه‌كانه‌.
كه‌واته‌..

لای سپینوزا سێ تایبه‌تمه‌ندی له‌ خوادا هه‌یه‌:
یه‌كه‌م خوا وزه‌ی گەردونە و وزه‌ی هه‌موو بوونه‌.
دووه‌م خوا ئه‌قڵی گشتی‌و ئه‌قڵی كه‌ونه‌.
سێهه‌م خوا مادده‌ی كه‌ونی‌و بوونه‌.

ئه‌م سیانه‌ش شانبه‌شانی یه‌كتر له‌سیفه‌ته‌كانی خواوه‌ندا كۆده‌بنه‌وه‌و كاری به‌دیهێنان‌و مانه‌وه‌و یاسا گشتییه‌كانیش هه‌ر له‌و سێ سیفه‌ته‌وه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن‌و ئه‌مانه‌ش خوا له‌وه‌ ده‌پارێزن كه‌ خێری ته‌واو یان شه‌ڕی ته‌واو بێت‌و ئه‌و له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێرو شه‌ڕدا ده‌هێڵنه‌وه‌. بۆ شیكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م بابه‌ته‌ سپینوزا مۆسیقا به‌ نمونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ خوا كه‌ چۆن نه‌ چاكه‌و نه‌ خراپه‌ به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ بیركردنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌كه‌وه‌.
ماوەتەوە بڵێین کە ئەشێ ئەنیشتاین کەسێکی "گەردونخوا" بوبێت کە باوەڕی بە هێزێکی سرووشتبەدەر هەبووە، بەڵام کاری (خودای گەردوونخوا) تەنها بەڕێوەبردنی گەردوونە و بەس، ئیتر چ کاری بە ژیان و کاروباری خەڵک نیە. نەک خودایەک کە خەریکی کاروباری مرۆڤە و تاوانباران و نوێژکەران پاداشت و سزا دەدات.

سەرچاوەکان:


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر