دیسانەوە ژنکوژیی!

Thursday, 04/02/2021, 23:08

4893 بینراوە


ژن کوشتن بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ھەواڵ و رووداوەکانی رۆژانەی ھەرێمی کوردستان، بە جۆرێک لای خەڵکی ئاسایی بووەتەوە، کە ھێندەی ھەواڵێکی دواکەوتنی مووچە ھاوڵاتیان راناچڵەکێنێت!

یەکێک لەو دیاردانەی کە لەم ماوەیەدا لە کۆمەڵگای کوردی و میدیاکانیشەوە زۆر باسی لێوە کراوە و بووەتە بابەتی رۆژ، کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە. واتە خەریکە ژنکوژیی دەبێتە نەریت و دیاردەیەکی ترسناک، کە ڕێکخراوە پاشکۆکانی مافی ژنان و مرۆڤیش خەریکی ژماردنی تەرمی قوربانیەکانن. تەنانەت لە ھەندێک باردا بکوژ وەک پاڵەوانێک تەماشا دەکرێت، وەک ئەوەی کارێکی گرنگ و تەواو و دروستی ئەنجام دابێت، زۆر جار دەبینین بکوژی ژن براوەتە زیندان‌ و دواتر بە لێبووردنەوە ھێنراوەتە دەرەوە، یاخود لەبەر بوونی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەھێز یان بوونی لە ناو هێزێکی سیاسی، نەک ملکەچی یاسا نەکراوە بەڵکو یاسا ملکەچی سیناریۆکانی ئەوان بووە.

زۆرن ئەو رووداوە خەمگین و دڕندانەی کە دەرهەق بە ژنان دەکرێن و بەڵام هەمووشی ناچێتە سەر پەڕەی رۆژنامە و هەواڵەکان، وەکو ترسێک لە بنەماڵە بکوژ بە نهێنیی دەکرێن و ون دەبن.

وەک ئەم بەسەرهاتەی کە لە رێگەی یەکێک لە هاوکارەکانمەوە لە هەرێمی کوردستانەوە پێم گەیشت، چیڕۆکی خۆشەویستیی کور و کچێکە بە ناوەکانی (م. ک. ت) و (س. ا. ع)، پاش پەیوەندیی خۆشەویستیی بۆ دوو ساڵ و دوو جار خوازبێنی بەڵام ماڵی کچەکە رازیی نابن بە بیانووی ئەوەی کە برای کچەکە بە پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی زانیوە و کچەی لەسەر تەلەفۆن گرتووە لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ کوڕەکەدا.

بەڵام پەیوەندییەکە پتر درێژە دەکێشێت و قوڵتر دەبێتەوە تا ئەو رادەی کە منداڵێک دروستدەکەن بە بێ ئاگاداری هەردوو بنەماڵە و تا رادەیەک بێ پلانی خۆشیان، کە ئەمەش ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە ئەم منداڵە بە پێی شەرع و یاسا و کەلتوور بە منداڵێکی زۆڵ هەژمار دەکرێت، بەڵام ئەم رووداوە دوای چەند مانگێک هەر زوو ئاشکرا دەبێت و باوکی کچەکە (ا. ع) بە رووداوەکە دەزانێت و بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە بەردەبێتە گیانی کچەکەی، هێندە ئازار و ئەشکەنجەی دەدات تا منداڵەکەی لەباردەچێت!

ئەمە لە کاتێکدا هەمان خێزان چەند ساڵێک پێشتر کچێکی تریان لە ژێر گوشاری ئەوەی کە کوڕێکی خۆشویستوە و پێی دەزانن، خۆشەویستەکەی لە لایەن برایەکەیەوە (هــ. ا. ع) کە ئەفسەری سوپایە دەکوژرێ و خۆیشی خۆی دەسوتێنێت، ئیتر برایەکەی دەکەوێتە زیندانەوە.

هەر ئەمەش وا دەکات کە بنەماڵەی (م. ک. ت) ئەمە بە نەنگیی و ئابڕوچوونێک دادەنێن و گوشار لە کوڕەکەیان دەکەن کە دەسبەرداری (س. ا. ع) ببێت. بۆیە هەر زوو (س. ا .ع) لە پێناوی خۆشەویستییەکەیان بە شێوەیەکی نهێنیی و بە شایەتی چەند کەسێک خۆیان بڕیاری هاوسەرگیریی دەدەن و سلێمانی بە جێدەهێڵن و ژیانی خۆیان لە هەولێر دەستپێدەکەن بۆ ئەو خەونەی کە بە ئاواتیەوە بوون، بەڵام دوور لە هەردوو بنەماڵەو خزم و کەسوکار!

بەڵام ئەوەی جێی داخە دوای چەند ساڵێک برای کچەکە (هــ. ا. ع) بە یاسای لێبووردنی گشتیی و (سوڵحی عەشایەری) لە زیندان ئازاد دەەکرێت، ئیتر ئازادبوونی ئەو برایە پیاوکوژ جارێکی تر مەترسیی لەسەر ژیانی ئەم خێزانە دروستدەکاتەوە، ئەو کاتەی لە زیندانیش بووە چەندین جار هەڕەشەی کوشتنی لە خوشکەکەی کردووە.

بۆیە ئیتر لە کوردستان و عێراق جێگەیەک نابێت بۆ ئەم خێزانە کە بتوانن دوور لە هەڕەشە و مەترسیی بە ئارامیی و ئاسودەیی بژین، ئیتر بە ناچاریی روو لە هەندەران دەکەن و لە بەریتانیا دەگیرسێنەوە و داوای مافی پەنابەریی دەکەن، تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە