ئەو مرۆڤێک بوو لە چەشنی قەندیل

Thursday, 06/05/2021, 23:06

3014 بینراوە


مستەفا خودی بەهای ژیان بوو

هێزێکی نەبڕاوە بوو دژی هەر بێدادی و خیانەتێک
پێشمەرگەی سەردەمی شاخ و چالاکی سیاسی و مەدەنی سەردەمی دەسەڵاتی "کوردی"ی بوو.
پشتیوانی هێزی هەرچوارپارچەکەی کوردستان بوو..
کانگای شعری گەریلا و شەڕڤانان بوو
ئەو هەمیشە لە شەقام بوو
خزمەتکاری ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و ئێزدییەکان بوو
قەڵایەک بوو دژی دەسەڵاتی ستەمکار 
لێگەڕێکی کۆڵنەدەر بوو بۆ وەرگرتنەوەی مافی خەڵکیی
چالاکێکی کەیسی ئەنفال و ژینۆساید بوو
پارێزەرێک بوو تا ئەنفالکەران و داڵدەدەر و یاریدەدەری بکەرانی ئەنفال بە سزا بگەیەنرێن.
ئەو دژی جاش و موستەشارەکانی دەسەڵاتی بەعسیی و دەسەڵاتیی کوردیی بوو،
ئەو نوسەر و ڕۆژنامەوان و ئەندامی ستافی کوردستانپۆست بوو..
هێز و زەردەخەنە و پشت و پەنای هاوڕێ و کەسەکانی بوو..
ئەو خودی ژیان بوو
بەڵێ ئەو مستەفای حەسەنە گەورە بوو
--------------------------------------
٧/٥/٢٠٢٠  ئەو ڕۆژە ڕەشە چاوەڕوان نەکراوە بوو کە خۆشی و زەردەخەنەی ژیانی لێ بردین.
ئەو ڕۆژەی کە هیچ کەس جورئەتی نەببوو تێلم بۆبکات و پێمبڵێ کە تەواو مستەفا بۆ هەتایە بەجێیهێشتین، کەس نەیدەتوانی پێمبڵێ کە ئیدی هەموو خۆشی ژیانت ڕۆی..
چونکە دەیانزانی بەرگە ناگرم، کەچی هەر مام.
من لەژورێکی تەنیای دابڕاو لە هەرشتێک جگە لە ڤایبەری مۆبایلەکەم لە چاوەڕوانی هەواڵێکی خۆشدا هیچ شتێکیتر هاوڕێم نەبوو، تەنانەت ئاوێنەی ژوورەکەشم داپۆشیبوو تاکو بەهەموو هێزمەوە لەبیری یەك شتدا بم و لەناخەوە بخوازم ئێستا نا ئێستا زەنگی ڤایبەر لێدەدات، دەڵێن ئیدی مەترسە ئەو هاتۆتەوە هۆش خۆی و سەلامەتە..
ژورێک بێدەنگ هەروەکو بێدەنگی ڕۆیشتنی مستەفا
دەرگاکەم کڵۆم دابوو تاکو تەنیا یەك شت بۆی هەبێ بێتە ژوورەوە ئەویش هەواڵی چاکبوونەوەی مستەفا بێت.
ئەو دەرگایە هەر بە داخراوی مایەوە، هیچ کەس نەیتوانی بێتە ژوورەوە تاکو کۆتایی..
ساڵێکە جێتهێشتووم، ساڵێک یانی تەمەنێک چاوەڕوانیی پڕ ئازار و ژانی نەبڕاوە.
ئەمما سۆز بێ بە بەهاکانی تۆوە بژیم، ڕێگای خزمەتکاریی تۆ بەرنەدەم، تا کۆتایی لەسەر ڕێی تۆ بڕۆم. بۆ ئەو بەها و ئامانجانە بژیم تۆ هەموو ژیانی خۆتت بۆ تەرخان کردبوو.
ڕوحی بەرزەفڕت بۆ هەتایە شاد، یادت شکۆدار و مەزن،
مەنزڵت گوڵوگوڵزار و نێرگزەجاڕ، ڕێگات هەمیشە ئاوەدان و پڕ ڕێبوار بێت مستەفای حەسەنە گەورە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە