بۆ باڤڵ: هەڕەشەیەک بەنان و پیازەوە

Friday, 25/06/2021, 5:40

9462 بینراوە


لانەى کچى شێخ جەعفەر ئەو شەوە بۆ نێرگەلە وێڵ ئەبێت و ڕێی دەکەوێتە ئەو ڕاستە شەقامەى، کە لە پردى نزیک ئوتێلى ئەبوسەناوە بۆ سەرچنار ئەچێت.  لەگەڕەکى سەرچنار ئەکەوێتە ناو مەفرەزەیەکى ئاسایش و پۆلیسەوە، کە بە دوو ڕیز ئۆتۆمبیلەکان ئەڕۆن .کچى یا شێخ پابەند نابێت بەو دوو سایدەى کە کارمەندەکەى ئاسایشى لێیە و پێچەوانەى ئەو ئۆتۆمبیلانە لانە خان بە هێڵێکى ڕۆیشتنى تر دێتە ناو مەفرەزەکەوە، دیارە لانە خان مەعدەنەکەی و پیکهاتەکەى لە خەڵکیتر جیاوازە، ئیتر لەمەوە دەمەقاڵە دروست ئەبێت و بە مۆبایل پەیوەندیەک دەکات لە ماوەى کەمتر لە دە خولەک هێزێکى پڕ چەکى باوکى ئامادە دەبن و ئەو ناوە ئەکەن بەمەیدانى جەنگ .جۆرەها چەکى سوک و قورس بەکارهێنرا و ئەنجام لەم پێکهەڵپرژاندنەدا دە بریندارى لە هەردوولا لێکەوتەوە .

ئێمە دڵخۆشین!!!

دڵخۆشین ..کە کچەکەى کاک شێخ سەلامەتە، چونکە باوکى دەڵێت هێزەکانى ئاسایش تەقەیان لەکچەکەى من کردووە .
دڵخۆشین ..شێخ نەیشاردۆتەوە، کە ئۆتۆمبیلە گرانبەهاکەی کیژەکەى مام شێخ وەکو ئۆتۆمبیلى ئەو خەڵکە بێچارەیە کە لەو شەقامەدا ڕایانگرتبوو .گوللەى دوژمنانى گەل و نەتەوەى بەرنەکەوت.
خەریکە وا خۆشیدا ..شاگەشکە دەبین، کە شێخ ئەڵێت: کچەکەم دەبوایە سکاڵاى تۆمار بکردایە، بەڵام سکاڵا ناکات!
لەوانەیە ئەم خۆشى و فەرەحیە گەیشتبێتە دادگاش، کە ئەو ئەرکە سەختەیان لە کۆڵ دادگا کردونەتەوە .

مچە چاو ڕەش، کە بەرپرسى یەکەى ٧٠ى هێزەکانى یەکێتىیە و ئاگاى لە جوڵەى هێزەکەى نییە  کەچی دەڵێت: کێشەى تەقەکردنەکەى شەوى ڕابوردوى سلێمانى بەئامادەبوونى کوڕێکى شێخ جەعفەر چارەسەر کرا!
لەوە ئەچێت هێشتا یاشێخیش  لە ژێر کاریگەرى ڤیاگرادا بووبێت و شەڕواڵەکەى چەترى هەڵدابێت، نەیتوانیبێت لەم پرۆسەى ئاشتەوایى و تەبایى و برایەتی و حەفتایەتیەدا ئامادە بووبێت. ئەگەر کوڕەکەى شێخ جەعفەر سەرپشکى ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەى چارەسەرى تەق و تۆقەکەى سلێمانى کردبێت، ئەوا لە بەختانماندایە، چونکە ئەمە کچەکەى شێخە دە چەکدارى بریندار کرد و دۆشکەى تێدا بەکارهێنرا، خۆ ئەگەر کوڕەکەى بوایە ئەوا هاوەن و چەکى میلانى و هامەرى تێدا بەکار دەهێنرا سەرچنارى واڵابێژ دەکرد دوور لەگیانى هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگار .
 ئێمە دڵخۆشین .. خەریکە لەخۆشیدا شاگەشکە دەبین، کە لەم گوللەبارانەدا پارێزگار کە خۆی سەرۆکى لیژنەى ئەمنى سلێمانییە ...سەلامەتە و لە بەدبەختیدا ماڵیان لەگەڕەکى سەرچنارە نیو کیلۆمەتر لە مەیدانى جەنگ و شوێنى پرۆسەى ئازادکردنى کچەکەى خاڵە شێخەوە دوورە .گوێى شانازیش کەڕ بێت ئەگەر پارێزگار شتێکى بەسەر بهاتایە بەتایبەت ئەو کاتانەی جەنابی پارێزگار 
واتە: سەر لە ئیواران لەبەردەرگا ئۆتۆمبیل ئەشوات، یان بەسەر دەستگێرەکانەوە دەگەڕێت هەتا بزانێت فرۆشەکەیان باش کوڵاندووە و هاو نیشتمانیانى شارە خۆشەویستەکەمان پارەکەیان بەفیڕۆ نەڕۆیشتووە.ئیتر چیمان بکردایە ئەبوایە ئەم شارە قوڕى بکردایە بەسەریدا و تازیەتباربوایە و ئاڵاى پارێزگا نەوی بکرایە، خەڵکی شار قردێلە بڕێکى وەها چوست و چالاک و ماندونەناسی لەکوێی دنیادا چنگ ئەکەوێت، کە ڕۆژى بە قەدەر دە گەورە کچ وێنە و سێڵفى بڵاو دەکاتەوە ..ئەنتیکەیە ژمارەکان بە دە دە دەڕوات! ئەو شەوەى تەقە و شتى وابوو وەک فەخامەتى قردێلە بڕەکە دەڵێت تەنها تەنها دە بریندارمان هەبوو .

ئێمە لەگەڵ گوللە باراندا خەم بارانیشمان هەیە .....

خەم ..لەکۆڵى ئەم شارە نابێتەوە، سەرۆک شاناز واخۆی هەڵئەخات کەهەمیشە لە خەم و پەژارە و دەردى سەرى و چەرمەسەرى شاردایە، بەڵام وەک کۆترى نەخۆش هەڵگورماوە ورتەى لە خۆى بڕیوە، تەنانەت بسمیلایەکى لەم قرمە و تەقەتۆقەى سەرچنار نەکرد.میللەت بێئاگایە کە شاناز خان چەند خەمى جزدانى خاڵى سەخت و تاقەت پڕوکێنە، چى لەگەڵ نەبونیدا دەکرێت ماڵى بێ پارەیی ڕەشبێت.چونکە شار شانازى لێبڕاوە بێ ناز کەوتووە، ڕەنگە چاوەڕێی مەلا حیکمەت بێت، تا کورتیلە حیکمەتێک بنووسێت و ئەمیش زمانى بپژێت.
خەمێک بوو بە دوو ..
دڵخۆشیش بەدوو ..
جوت سەرۆک ..ئەو شەوەى ئاشوپ تەقە و شتى وابوو ئەوانیش میوانى سەرچنار بوون، سەرچناریش بوو بە ئاسیا سێل، یەکێتى بە چەکدار و ئاسایش و لەتە سەرۆک و کچە مەسئول و دۆشکە و بیکەسى کۆی کردبوونەوە، لەلایەک ..بەرەى جەنگ و تەقە و دەنگى دۆشکە، لەلایەکی تر ..کەیف و سەفا و سەرگەرمى بۆ گەڕانەوەى دوو مەغۆلەکەى کۆسرەت بۆ ژێر دوو باڵى سەوزى ئەو حیزبەى کە باوکیان هەتا لەپەل و پۆ نەکەوتبوو شەق و شڕی کرد و وەکو خەڕەکە شکاوەکەى ڕەشە لۆرى.
 جوت مەغۆل پاش هاش و هوشى وازهێنان و سەنگەر گواستنەوە بۆ لاى پارتى قیبلەى پولى باوکیان، بەڵام کوێخا موبارەکى چەمچەماڵ نۆرەبڕی لێکردن، پارتیش زانى نە ئەمانە خێر ئەدەنەوە و نەگۆڕانیش گۆشتى پێوە ماوە .
جوت سەرۆک مت و بێجوڵە، ورتەیان لەخۆیان بڕیووە، وەها تاساون بەو قرمە و تەق و تۆقە، هێشتا نەهاتونەتەوە سەر خۆیان، ناهەقیشیان نییە، جەنگەکە نزیک ئەو ڕیستۆرانتەبوو، کە ئەو دوو جوتە سەرقاڵى دڵخۆشى بوون بون ئازارەکانى میللەتیان بەبا ئەدا.
هەڵبەت ئەو شەوە لە بری کچەکەی شێخ، ئەگەر کەسێکى ئاسایی بوایە، دەمەقاڵەى لەگەڵ ئەو مەفرەزەیەدا بکردایە، ئەوا بەناخى زەویدا ئەیانبرد، لەژێر ئەشکەنجەدا مەرگیان پیشان ئەدا و زیندانى دەکرا و دواتر ئەدرایە دەست کۆمەڵێک دادوەرى نەزان و سادى، کە پیشەیان ئازاردانى خەڵکى هەژار و بێکەس و لێقەوماوە، ئیتر داواکارى گشتى شانامەیەکى لە تۆمەت بۆ ڕیز ئەکرد و زیندانى دەکرا بە تۆمەتى دەستدرێژیکردنە سەر کارمەندانى حکومەت لەکاتى واجبدا .
 ئەو ئاسایش و پۆلیسانە هەر ئەوانەن، کەگیانى خۆپیشاندەرانیان لە سەر شەقامەکان دەردەهێنا، ئەوانەن کە دڕندانەترین و بێبەزەیترین هێرش و هەڵمەتیان بۆ سەر ئەو کەسانە ئەکرد، کە داواى ماف و کەرامەتیان بۆ کەسوکارى ئەوانیش ئەکرد، بەڵام لەبەردەم فیشەک و چەقۆى هێزێکى هاوحیزبییان بەیاننامەیەکى شەرمهێنەر و پڕ لەقسەى گشتى ئەوەشێنن و ئەڵێن :
(دەستبەردارى ئەرکى نیشتمانى خۆمان نابین لە پاراستنى سەروماڵى هاوڵاتیان و ئارامى شار )!
ئارامى شارى چى لەکاتێکدا نەتانتوانى سێ چەکدارى بریندارى هێزەکەى جافر لە نەخۆشخانەى شار بپارێزن، کە بەکەڵەگایی دەربازیان کرد .واز لە ئارامى شار بهێنن کە نەتانتوانی ئارامى بازگەیەک بپارێزن، کە هەر ئەم هێزەى شێخ بە چەقۆ ئاسایشێکیان لەبازگەى تاسڵوجە لەت و پەتکرد .

 قاشە سەرۆک ..

پێش چوار مانگ بەر لە ئیستا هەر لە شەرە تەقەیەکدا لە سلێمانى بەبەراود بەم پرۆسەیەى شێخ جەعفەر لە سەرچنار، کە لەتەقەى خۆشى ئەچوو، قاشە سەرۆک بیستبوى تەقە بووە و ئەیوت:
(لەم ڕۆژانە تەقە و شت بووە لە ناو شارى سلەیمانى)، بەڵام ئەمجارەیان چارەکە کیلۆ مەترێک کەمتر لە پرۆسەى ڕزگارکردنى کچەکەى شێخ و نێرگەلەکەیەوە دوور بوو، لە ڕیستۆرانتێکدا پاروى ئاشتەوایى لول ئەدا، بەڵام بە متبونەکەی قاشە سەرۆکدا دیارە، کە بۆنى دوکەڵ و باروت کاسی کردبوو.
باڤڵ ئەیووت: ( با کەس تاقیمان نەکاتەوە بەخوا زەرە ئەکات)، ئەوەتا کچەکەى شێخ ،پاڤیلی تاقیکردەوە، وەهاى تاقیکردۆتەوە زمانى شکاندووە.
جەعفەر زوو هەڕەشەى خۆی کرد ووتى: کەس نان و پیازى پێوە نەخوات.
من لەو بڕوایەدام هاو قاشەسەرۆک وەها تاساوە و پەشۆکاوە نان و پیازى چى! لەوانەیە ئەگەر شۆرباى سۆشیال دیموکراتیشى بدەنێ هێلنج بدات .
هاو قاشە سەرۆک کاتێک لە یادى مەرگى باوکیدا لەسەر گۆرەکەى بوو، کەسێک دەیەوێت پێلاوى موبارەکى ماچ بکات، خواهەڵناگرێت توڕە بوو، فەرمووى دەستماچکردن و شتى وا لاى ئێمە نییە! ئێ کاکى برا مەوزوعەکە، قاچکردنە نەک دەست، لەمەشدا نازانین چۆنى تێبگەیەنین، کە کێشەکە دۆشکە و کچە مەسئولە، نەک تەقە و شتى وا.
هاوسەرۆک پێشتر ئەیوت:
(کوڕى سەرکردایەتى ئەو شتانە ناخوات، من حەز ئەکەم پێتان بڵێم ئەوە ناخوا ) .هاو قاشەسەرۆکى داماو چی بکات خۆ ئەو کچی نەوتووە، کوڕى سەرکردایەتى وتووە بە گۆڕى باوکى نەیزانیووە، کە سەرکردایەتیەکان کچیشیان هەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە