کاتێک جینایەتکارەکان دەبنە رزگاریدەر!

Friday, 07.02.2021, 12:23

2391 بینراوە


دیرۆک مامۆستایەکی پڕ لە ئەزموونە. قوتابخانەیەکی ئاواڵایە بۆ ئەو قوتابیانەی کە تێیدا خۆیان پەروەردە دەکەن. مێژوو یەکێکە لەو مژارمەزنانە، کە ڕێگا بە مرۆڤایەتی دەدا تا پەیامی مرۆڤانەی خۆی بە دونیا بگەیەنێ. مێژوو شەرم لە کەس ناکا، لە مێژوودا چی بچێنێ هەر ئەوەش دەدروویەوە. پێنووسی دیرۆک لە پێنوسی مرۆڤەکان بە هێزترە. هەر مرۆڤێك کە دەست دەداتە نووسینەوەی دیرۆک، ئەگەرتوانای خوێندنەوەی مێژوویی نەبێ توشی سەرگەردانی وسەر لێشێواوی دەبێ. تۆمارکردنی رووداوەکانی رابوردوومان بۆ چین وتوێژیی داهاتوومان کارێکی ئەستەم وگرینگ و دژوارە. 
لەناکاو تاقمێک زلهێز بڕیاریان دا کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی پەهلەوی بێنن. بۆیە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا شای ئێڕان بە چاوی پڕ لە فرمێسک تارانی بە جێهیشت. خەڵكی ساویلکە و ئالوودە بە دین شایی ولۆغانیان گیرا و دەستیان کرد بە هەڵپەرکێی سەرکەوتن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان بارودۆخ خراتریشی لێهات. زۆری نەخایاند دیوەخانی حیزبیی وەک کارگە گوللە سەری وەدەرنا و تاقمێک دەروون نەخۆشیی حیزبیش دەستیان بەسەرخەڵک و کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرت!
دەرکەوت بەرپرسی حیزبەکان جڵەویان بەدەست خۆیان نییە. لە کورتماوەی دەسەڵاتدا لەو بەشە وڵات هیچ نەما، کە ئەمانە بەسەر خەڵكی نەهێنن. قسەی قۆڕ و قەببە قەببە و بێ بنەما رۆژانە لەلایەن دێمۆکڕات و کۆمەڵە بەلێشاو دەرخواردی خەڵك دەدرا. درۆ لە سەر درۆ!ه یچ پڕۆژەیەکی چاکسازی و چارەسەریان پێ نەبوو. هەرکەسیش رەخنەی لێ گرتبایەن یان دەیانکوشت یان دەیانگرت یان کەسایەتیان دەشکاند! بێگومان لەو ناوەشدا کەسانی فیداکار و دڵسۆزیی نیشتمان هەبون بەڵام دەستیان نەدەرۆیی! پیرسالارەکانی حیزبیی لە سەر ناوی دێمۆکڕاسی ولایەنگریی لە رەنجدەر، ئابڕووی هەر چی دێمۆکڕاسیی بوو بردبوویان. دەڵێن:مرۆڤی نەزان، نازانێ، بەڵام مرۆڤێک کە دەزانێ وحاشای لێ دەکا جینایەتکارە. ئەو رستەیە کۆی ئەو سیاسەتەیە کە کاتی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، حیزبە کوردیەکان کردیان!حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە لە ئاست کارەکانیان لە بەرانبەر بە کێشەی کورد لە کۆماری ئیسلامی کەمتریان بە سەر نەهێناین! ئێستیش دوای ئەوهەمووە ساڵانە لە نەهامەتی لە کەمپەکانی کۆی سەنجەق و زڕگوێزە بوونەتە چەکداری بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی، بە بێ ئیزنی ئەوان جووڵە ناکەن و شەوانەش کاتی خەوتن ترسیان لێ نیشتووە. 

جینایەتکارەکان بوونەتە رزگاریدەر!

پێناسەی جینایەت و جینایەتکار زۆر دژوار نییە. بەتایبەت لەناو حیزبە کلاسیکەکانی کورددا. حیزب لە سەر ئیدۆلۆژیا دەژی. پێشکەتوویی هەرحیزبێک پەیوەستە بە ئامانج و ئەو پڕۆگڕآمانەی کە حیزبیی لە سەر دەژی. ئامرازی سەرەکیش حیزب و بەرێوەبەرانی ئەو حیزبانەن. ئەوان چەندە شارەزان و چەندە فیداکارن و چەندە پشت بە گەلەکەیان دەبەستن گرینگە. هەر حیزبێک ویان بەرپرسێکی حیزبیی لە سنوری دەسەڵاتی خۆی لابدا و شەڕی نیابەتی دژی گەلەکەی بۆ قازانجی داگیرکار بەرێوەبەرێ و پشت لە ئامانجەکانی نەتەوەیی و نیشتمانی بکا، لە ریزیی جینایەتکارەکانی سەردەم جێگای خۆی دەدۆزێتەوە. 
گومان لەوەدا نییە، لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان کەسانی دڵسۆز وفیداکاری تێدا بە دیکراوە، ئەدی ئەگەر ئەو کەسانە خاوەنی هیچ بڕیارێکی چارەنووسساز نەبن چی؟ ئەو کاتەیە کە بە فیتی بیانی و بەرپرسانی خۆ پەرەستی ئەو حیزبانەیە کە شەڕی کورد بە کورد دەستپێدەکا و منداڵی کورد سنگی منداڵی کورد بە فیشەکی داگیرکار هەڵدەدڕێ! با زۆر دوور نەکەوینەوە. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی شەڕی جینایەتکارانەی حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە یەکێک بووە لەو شەڕانە کە هەناوی سەدان دایک و باوکی کوردیی لەو شەڕەدا سووتاند. ئەوەی دوژمن پێی نەکرا ئەوان کردیان! تا ئەو سەردەمەش هیچکات جورئەت وغیرەتی ئەوەیان نەبووە کە داوای لێبووردن لە بنەماڵەی کوژراوەکانیان بکەن. یەکێک لە هۆیەکانی دیکەی کە رێبەرانی ئەو حیزبانە وەک جینایەتکار پێناسە دەکرێن ئەوەیە کە هەر کات پێشمەرگەیەک لەو شەڕانەدا گیانی خۆی لە دەست بدابایە شەهید پێناسە ناکرێ. بۆیە کەسێک نەزانێ، نەزانە، ئەوەی کە دەزانێ وحاشای لێدەکا، جینایەتکارە. ئەو گووتنە راستە و راست بەرێوەبەران و بەرپرسانی دێمۆکڕاتەکان وکۆمەڵەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە. 

نووسینەوەی بیرەوەریی یان ئاکارە جینایەتکارەکانتان؟

تا بۆیان کرا ڕۆڵەی کوردیان بە دەست رۆلەی کورد بە کوشتدا. لە سەر ناوی حیزبایەتی و سەرۆکایتی کردنی نەتەوەیەک هیچ بێ رێزیەک نەما بەسەرئامانجەکانی نەتەوەی کورد نەهێنن. دوژمنیان لە بیر خۆیان بردوە، بۆ خۆیان بوونە دوژمنی قەستەسەریی یەکتر! پارە و چەک وچۆلێان لە سەددام وەردەگرت تا کوردیی پێ بکوژن. ناوی خۆشیان نابوو پێشمەرگە کە شەڕ بۆ رزگاریی کورد دەکات! لە هەر ناوچەیەکدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێگە و بناوانیان چێ دەکرد بەهۆی سیاسەتی هەڵە وخراپی خراپی خۆیان ریز بەریزخەڵكی شار و ئاوایی دەبوونە جاش و چەکداری کۆماری ئیسلامی! لە شەڕەکانی ناوخۆیی دا کاتێک پێشمەرگەیان لە یەکتر بە دیل دەگرت، بە بێ لێکۆڵێنەوە و بەڵگەی پێویست لە سەر شەقام ولە ناو گووندەکاندا ئێعدام دەکرد! لە سەر سفرەی خەڵكی گووندەکان دەژیان کەچی چاوی تەماحیان دەبڕیە کچ و ژنەکانی ئەو گووندانە! لە رادیوکانیشێان گەڕێ کە رۆژانە ژەهری شەڕی ناوخۆییان بە شانازیەوە بڵاو دەکردوە!
زەمان هات و زەمان چوو. تاقمێک لەو جینایەتکارانە دوای ئەوەی حیزبەکانیان بەرە و لاوازیی وشکست و کەمپنشینیی هەنگاویان نا روویان لە هەندەران و دونیای ئازاد کرد! ژیانی پەنابەریان هەڵبژارد و ئەو جینایەتانەی کە لە ئاست کورد کردبوویان وێنەی بیریوەریی یان ژیاننامەی رابوردووی خۆیان خستە ناو رووپەڕێ کتێبەکان و بە شانازیی بڵاویان کردۆتەوە! مرۆڤ کاتێک ئەو شێوە خەباتە و ئەو شێوە لە نووسینەوەی بیرەوەریی ئەو نامرۆڤانە دەخوێنێتەوە ئەوکات دەزانێ دوژمنی سەت جار لە حیزب و بەرپرسیی بێ رەوشت و کورد کوژ باشترە. دووژمن، حیسابی روونە و دەبێ کورد بەرەنگاری بێتەوە و وەک ئەو رەفتار دەگەڵ سیاسەتەکانی بکا. 
چەند مانگ لەوەی پێش کتیبێکم کەوتەدەست بەناوی ئازار و ئەزموون (کتیب نا جینایەت نامە) کەسێک کە لە جینایەتەکانی شەڕی ناوخۆیی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکڕات دا بەشدار بووە بە ناوی حاتەم مەنبەری، کاتیك لاپەڕەکانی ئەو کتێبەم دەخوێندەوە سەرم سووڕدەما بۆ ئەو کارەساتەی کە خەڵکی کورد بە چەنگ ئەو جینایەتکارانە بەسەری هاتووە. لەوەش سەیرتر باسی، هەڵبژاردەی بیرەوەریەکانی پێشمەرگایەتیشی کردوە! نازانم چۆن لە ئیزنی بەخۆی داوە خۆی بە پێشمەرگی نیشتمان پێناسە بکا؟
ئەوە نموونەیەکی دیکەیە لە سەدان کەس کە لە کاتی خۆیدا تا بۆیان کرا نۆکەرایەتی سەددامیان کرد، پاشان کە ئاشبەتاڵیان پێ کرا و روویان لە دونیای ئازاد کرد دەستیان دایە پێنووس و وڕینەی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر گەلی کوردیان هێناوە! هەر لەو پەیوەندیەدا ساڵی پار نامەیەکی دەستخەتی قاسملووم بینی، کە لە ٧ خاڵدا بۆ ناوەندیی ئاژوانی نوسیبوو، کە چؤن چەکدارەکانی خۆی هان دەدا شەڕ دەگەڵ کۆمەڵە پەرە پێبدەن و سەبریان هەبێ چون ئەوشەڕەی بە شەڕەکی ڕەوا دەزانی!
هیوادارم ئەو شیوە لە نووسینەوەی ئەو کتیىانە لە داهاتوودا وێنەی بەڵگەیەکی ئاشکرا بدرێتە دەست گەلەکەمان تا هۆدەی دادگایی کردنیان بۆ ئامادە بکرێ و یەک بە یەک جوابی ئەو کارەساتانە بدەنەوە کە لە ژێڕ ناوی رزگاریخوازی و پێشمەرگایەتی بە سەر گەلی کوردیان هێناوە. چین وتوێژیی داهاتووی نیشتمان دەبێ ئەو کەسایەتیانە بە رزگاریدەر وەرنەگرێ و بە پێچەوانە وێنەی جینایەتکار سەیران بکا، تا بۆ داهاتووی نەتەوەکەمان ئیزن بە هیچ حیزب وسەرکردەیەک نەدرێ کە لە دووژمن خراترمان بەسەر بێنن. 
شەڕی نێوان حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە، نزیک چوارساڵی خایاند. کۆماری ئیسلامی وردە وردە بە پێی پلال خەریکی داگیرکردنەوەی کوردستان بون، ئەوانیش درێژەیان بەو شەڕە دەدا! جیاوازیی ئەو دووحیزبە دەگەڵ پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێی کتێبەکەی حاتەم مەنبەری لەوەدابووە، کە کاتێک لە شەڕدا پاسدارەکان پێشمەرگەیەکیان ئەسیر دەکرد یان بە برینداری دەکەتە بەردەستیان، بە بێ دادگایی و لێپرسینەوە حوکمیان بەسەردا نەدەسەپاند!
بەڵام ئێوە هاورەگەز و هاوزمان و هاودۆز و هاونیشتمانیی خۆتان کە وەک ئیوە پێشمەرگە بون کە دەکەوتنە دەستتان، بە بێ داداگایی و لێپرسینەوە لە بندیوارەکاندا راتاندەگرتن و تیڕۆرتان دەکردن و دەتانکوشتن!
خوێنەری ڕێزدار ئەو کتێىە مەکڕن، هەرچؤنێک بێ بە ئەمانەت وەریبگرن و بیخوێننەوە. شەرم و روورەشیی بۆ خاوەنی ئەو کتێىە، روورەشیش بۆ ئەو سەرکردانەی کە پەرەیان بەو شەڕەدا. ئێوە لە پاسدارەکانی کۆماری کەمتیارەکان چەپەڵتربوون. 
نووسەری کتێبی ئازاروئەزمون (جینایەتنامە) دوای ئەوەی مێشکی تووشی ئاشبەتاڵ بوو، گۆیا لە وڵاتی سۆئێد دەژی. ئەوەندی من بزانم بۆ ماوەیەک لە نەورۆزتیڤی کاری دەکرد تا ئاکار و جینایەتەکانی رابردووی داپۆشی و خۆی وەک خەباتکارێک بە خەڵک نیشان بدا. زۆری نەخایاند لەوێش ڕۆیی. پاش بەکوشتدانی سەدان مرۆڤی بێتاوان ئیستی دەڵێ: لایەنگر و ئەندامی هیچ حیزبێک نیم. بەو کارە دەخوازێ خۆی شیرین بکات.
بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە لە کوردستانپۆست کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە:
حاتەم مەنبەری: ئازار و ئەزمون