کورد لە کەرکوک، کورسییەک تا دوو کورسی پەرلەمانی کەمتر بەدەست دەهێنێت

Thursday, 12/08/2021, 11:40

3598 بینراوە


بڕیارە (١٠) ئوکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، پارێزگای کەرکوک دوانزە کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە و بەپێی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠٢٠) پارێزگاکە دابەشی سێ بازنەی هەڵبژاردن کراوە. بازنەی یەکەم: ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، پێنج کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە (٤ پیاو و ١ ژن)، زۆربەی هەرە زۆری دەنگدەرانی ئەم بازنەیە کوردن، ناوچەکانی ڕەحیم ئاوا و عەرەفە، ئیسکان و ئیمام قاسم،  قۆریە و موسەڵا، حوڕیە و لەیلان و پردێ و چەند ناوچەیەکی تر دەگرێتەوە.  بازنەی دووەم: ناوەندی کەرکوک، چوار کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە (٣ پیاو و ١ ژن)، زیاتر لەنیوەی دەنگدەرانی ئەم بازنەیە تورکمانن، ناوچەکانی قادسیە و تسعین، حەی عەسکەری و خاسە، ڕێگای بەغداد و یایچی، تازە و قەزای داقوق و چەند ناوچەیەکی تر دەگرێتەوە.  بازنەی سێیەم: باشوری کەرکوک، سێ کورسی پەرلەمانی بۆ دانراوە (٢ پیاو و ١ ژن)، زۆرینەی ڕەهای دەنگدەرانی ئەم بازنەیە عەرەبن، ناوچەکانی حەویجە و ریاز، ناحیەی عەباسی و زاب، بەشێک لە ڕەشاد و تازە و چەند ناوچەیەکی تر دەگرێتەوە.

ئامادەکاری کورد بۆ هەڵبژاردنەکە

لەمانگەکانی پێشوودا دۆسیەی یەکڕیزی و تەبایی دەمەزەرد کرایەوە، بەرپرسی یەکەمی لایەنە سیاسییە کوردییەکان چەند کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، داوای ئەوەیان کرد ناکۆکییە حیزبییەکان بەلاوەبنرێن و هاوهەڵوێست و یەکگرتووبن و بەکاندید و لیستی هاوبەشەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن، بەڵام سەرئەنجام ململانێ و بەرژەوەندی تەسکی حیزبی نەیهێشت لایەنە کوردییەکان ببنە خاوەنی کاندید و لیستی هاوبەشی تایبەت بەخۆیان. وەکو خولەکانی پێشوو بەپەرتەوازییەوە و بەچەند کاندید و لیستێکی جیاوازەوە بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوو لەکەرکوک، سەرنجی ڕێژەی دەنگدەرانی کورد بدەین، ئەوە تێبینی ئەوە دەکەین کە ڕێژەی دەنگی کورد نزیک بە (٦٠٪) کۆی دەنگدەرانی پارێزگاکە بووە، لەو ڕووەوە ئەگەر دوو هەڵبژاردنی پێشوو وەربگرین، دەبینین لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٤)، ڕێژەی دەنگی کورد (٥٧٪) بووە ، هەروەها لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠١٨) ڕێژەی دەنگی کورد (٥٦٫٥٪) بووە،  لەسەر بناغەی ڕێژەی دەنگدەرانی کورد لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا، دەگەینە ئەوەی کە دەبێت کورد حەوت کورسی پەرلەمانی لەپارێزگاکەدا بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە حیزبە کوردییەکان چاویان لەوەیە، ئەو شەش کورسییەی کە هەیانە کەم نەکات و وەک خۆی بمێنێتەوە.
شیکەرەوە و چاودێرانی هەڵبژاردن لەوباوەڕەدان کە کورد تەواوی کورسییەکانی بازنەی یەک کە پێنج کورسییە ببات، هەرچەندە ئەگەرێکی لاواز هەیە بۆ لەدەستدانی کورسی کۆتای ژن لەو بازنەیە، چونکە (٢٠) هەزارێک دەنگی عەرەب و تورکمان هەیە لەبازنەکەدا، لەحاڵەتێکدا ئەگەر ڕێک بکەون لەسەر دەنگدان بەیەک کاندیدی ژن، ئەوە ئەگەری هەیە کە کورسییەکە ببەن. لەم بازنەیە چاوێران تێبینی ئەوەیان کردووە کە سدیق عومەر ڕەسوڵ و موئەیەد غازی و ئاڵا تاڵەبانی (لەیەکێتی) و شاخەوان عەبدوڵا (لەپارتی) کاندیدی بەهێزن و چانسی زۆریان هەیە سەربکەون و کورسی پەرلەمان ببەن، هەروەها ئومێد محەمەد (لەنەوەی نوێ) و محەمەد نەسرەدین (لەبزوتنەوەی گۆڕان) تاڕادەیەک چانسیان هەیە، کە یەکێکیان سەربکەوێت و ببێتە پەرلەمانتار. هەرچی تایبەتە بەبازنەی دوو کە چوار کورسییە و زۆرینەی تورکمانن، پێشبینی دەکرێت، تورکمان دوو کورسی و عەرەب کورسییەک و کوردیش کورسییەک ببات. کورد لەم بازنەیە پێنج کاندیدی هەیە کە سیانیان ژنن، ئاشتی مەهدی (لەیەکێتی) کاندیدێکی بەهێزە و بەئەگەرێکی زۆرەوە سەردەکەوێت و کورسی کۆتای ژن لەبازنەکەدا دەبات. هەروەها گەیلان قادر (لەیەکێتی) ئەگەرێکی کەمی هەیە سەربکەوێت و کورسییەک ببات. سەبارەت بەبازنەی سێ، کە سێ کورسی پەرلەمانی هەیە. هەر سێ کورسییەکە بۆ عەرەب یەکلابووەتەوە، لایەنە کوردییەکان دەستیان لەم بازنەیە هەڵگرتووە، یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکرات هیچ کاندیدێکیان لەم بازنەیە نییە.
چاودێرانی هەڵبژاردن پێیان وایە عەرەب (٣ - ٤) کورسی و تورکمان (٢ - ٣) کورسی و کورد (٥ - ٦) کورسی پەرلەمانی لەم هەڵبژاردنە دەبەن، هەروەها پێشبینی دەکرێت کە لەیەکێتی نیشتیمانی (٤) کاندید (٢ پیاو و ٢ ژن) و لەپارتی دیموکرات (١) کاندید و  لەبزوتنەوەی گۆڕان (٠ - ١) کاندید و لەنەوەی  نوێ (٠ - ١) کاندید سەربکەون و ببنە پەرلەمانتار.

لە کۆتایدا ماوەتەوە بڵێین، کە ئەم هەڵبژاردنەش وەکو هەڵبژاردنەکانی پێشوو، بەهۆی یەکنەگرتوویی و پەرتەوازەیی کوردەوە زیانی گەورە بەپێگە و سەنگی کورد دەگات لەشارەکەدا، دەیان هەزار دەنگ دەفەوتێت و بەفیڕۆ دەڕوات، کورد کورسییەک تا دوو کورسی کەمتر لەڕێژە و سەنگی حەقیقی خۆی بەدەست دەهێنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە