جەوانمێر مارابی

https://www.facebook.com/profile.php?id=100041381628594


تالیبان، ئێران، چین و پاکستان و ناوچەکە

Monday, 30/08/2021, 15:28

3050 بینراوە


١- ئێران 

دوای رووخانی دەسەڵاتی تالیبان لە ساڵی ٢٠٠١دا، بەمەبەستی دژایەتی کردنی ئەمریکا، ئێران پەیوەندی لەگەڵ ئەو گروپەدا راگرتوە و ئەو پەیوەندییانەش بەرز و نزمی هەبووە. لەم ساڵانەی دواییەدا پەیوەندییەکانیان چوە ئاستێکی دیکەوە. بەجۆرێک کە دەسەڵاتدارانی رژیمی ئێران بەئاشکرا باسیان لێوەدەکرد!!! لە ئێستاشدا کە تالیبان گەڕاوەتە سەردەور، بەجۆرێک خۆشحاڵی لە کۆماری ئیسلامییەوە دەبیندرێت و بە شکستی ئەمریکای دەزانن و کیسەیان هەڵدوریوە تا بەڵکوو بتوانن سیم خاردارێکی دیکەی لە دوری خۆیان و لە دژی ئەمریکا پێک بهێنن!
کۆماری ئیسلامی و تالییان رەنگە لە هەندێ تاکتیکدا یەکبگرن، بەڵام لە رووی باوەڕمەندییەوە جیاوازییان زۆرە و من نامەوێ بچمە ناو ئەو باسەوە. کۆماری ئیسلامی یەک شتی فەرامۆش کردوە. ئەویش هاوسنووری نێوان سوننەکانی رۆژهەڵاتی ئێرانە لەگەڵ تالیبان کە بە توندی دژی کۆماری ئیسلامین و لە ساڵانی رابردوودا بە سەدان و بگرە هەزاران لەوان تەڤلی گروپی تالیبان بوونە و پەروەردەیان بینیوە و بە خوێنی سەری کۆماری ئیسلامیش تینوون. بەشداری ئەمانە تەنیا بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئەفغانستان نەبوە و نییە. ئەوان دەیانەوێ هەمان تەجروبەش بۆ ئێران بگوازنەوە و چاوەڕوانیان لە تالیبانیش ئەوەیە کە هاوکاریان بێت. ئەگەر تالیبان هاوکارییان بکات (ئەگەر بە شێوەی ئاشکراش نەبێت)، کێشەی جیدی بۆ ئێران دروست دەکەن. ئەگەر هاوکارییان نەکات، دەبنە سەر ئێشە بۆ تالیبان و هاوکات بۆ ئێران و دەتوانن سنوورەکانی بۆ هەردوو لا نائارام بکەن.

٢- پاکستان 

پاکستان چاوگ و پێکهێنەری سەرەکی تالیبانە (لە رووی جوگرافییەوە زۆرتر مەبەستمە. دەوری ئەمریکام لەو بارەوە فەرامۆش نەکردوە). گەلی ئەفغانستان، پاکستان بە یەکێک لە وێرانکەرانی سەرەکی وڵاتەکەی خۆیان دەزانن. دەوڵەتی پاکستان تا ئێستا وەکوو زەرفێک بۆ بەتاڵ کردنەوەی جم و جۆڵەکانی تالیبانی وڵاتەکەی خۆی، لە تالیبانی ئەفغانستان کەڵکی وەرگرتوە. ئێستا کە تالیبانی ئەفغانستان سەرکەوتوە، بێگومان تالیبانی پاکستانیش دەیەوێ لە پاکستان دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت. ئەمە دەتوانێ لە داهاتوودا گرفتی جیدی بۆ پاکستان دروست بکات. 

٣- چین 

بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی پیان وایە کە سەرکەوتنی تالیبان لە ئەفغانستان بە قازانجی چینە و چین لە ئێستاوە تالیبان بە رەسمییەت دەناسێت. باس لەوەش دەکەن کە ئەفغانستان کانگای دەوڵەمەندی لیتیۆمی هەیە کە بۆ باتری سەیارە بە کار دێت و چین دەیەوێ لە کۆنترۆڵی ئەودا بێت. هەروەها چین دەیەوێ بۆ ئاواکردنەوەی رێگای ئاوریشمی تازە، تالیبان بخاتە بن کۆنترۆڵی خۆیەوە. دیسان لێرەش یەک شت فەرامۆش کراوە. ئەویش بەشداری ئویغوورەکانی چینە لە ریزەکانی تالیباندا. ئەمانە خاوەن بیر و باوەڕێکی توندڕەوی ئیسلامین کە بەشێک لە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرکوتیان لە لایەن دەوڵەتی چینەوە. ئەمانیش هاوشێوەی تالیبانی پاکستان و بەلووچە سونییەکانی ئێران، دەیانەوێ تالیبان هاوکاریان بێت لە چین تا بتوانن تەعبیر لە بوونی خۆیان بکەن. ئەمەش دەتوانێ کێشە بۆ چین دروست بکات.
کۆتا قسە، ئایا تالیبان هاوکاری ئەو لایەنانە دەکات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟! ئایا تالیبان وەکوو کارتێکی گوشار ئەمانە بە کار دەهێنێت بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە دەوڵەتانی ناوچەکە؟! و ئەوانیش بەو قەناعەتە دەگەن کە لە ئێستادا بوون و پاراستنی ئەمارەتێکی ئیسلامی ئەولەویەتی هەیە بەسەر ئەو ریسکانەدا. یان نەخێر ئەو لایەنانە سوور دەبن لە سەر داخوازییەکانیان و لە داهاتوودا هەم کێشە بۆ تالیبان و هەم دەوڵەتانی ناوچەکەش دروست دەکەن؟! چاوەڕوان دەکەین بزانین ئاراستەکان بەرەو کوێ دەڕوات. ناوچەکەش گۆڕانکاری جیدی بەخۆیەوە دەبینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە