پاراستن زۆر لە کوردستانپۆست تووڕەیە!

Sunday, 05/09/2021, 16:58

9177 بینراوە


لێکچواندنی بنەماڵەی بارزانی بە سەددام حوسێن، کاڕێکی هەڵەیە.
هەڵسەنگاندنی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانی بە داگیرکارانی کوردستان هزرێکی نەشیاوە.
هیچ چاوەڕوانییەک لە دوژمنی کورد ناکرێ، چونکە هەمیشە لە کاردان دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمان لەبار بەرن، بۆیە پێیان دەڵێن دوژمن و داگیرکەر، هەر بۆیە ئەنفالیشمان دەکەن، کیمیاییمان لێ دەدەن! دەمانگرن وشەکەنجەشمان دەدەن. جگە لەوانەش (مێژوو، ناسنامە، زمان وکولتوور)یشمان بەرەو نەمان دەبەن، یان دەیکەن بە موڵکی خۆیان، ئەدی ئەی ئەگەر بنەماڵەیەک لە سە ر ناوی کورد و کوردستان لە سەددام خراپترمان بە سەر بێنن! لە تورک خراپترمان بەسەر بێنن  ئێمە دەبێ ئێمە چۆن بەرەنگاریی سیاسەتەکانیان ببینەوە؟
لەوەتی بنەماڵەی بارزانی هەیە، جگە لە بێبەختیی وشکست بەدوای شکست بۆ نەتەوەکەمان هیچی دیکەیان بە دیاریی بۆ نە‌هێناوین! سەددام و دوژمنانی کورد بە خوێنی سەری کورد تینوون قەستەسەریی کوردن، لێ بنەماڵەی بارزانی لە ژێر پەردەی کوردایەتی و ئاڵا و سرود و شەهید و دەیان بابەتی هەستبزوێنی دیکەدا، وا خەریکن هەموو خاکی باشووری کوردستان بە تاڵان دەبەن، هەرچی خراپە بە کوردیان کردووە، بۆیە ناسینی دوژمن لە بۆتەی دوژمنەکەی خۆیدا زۆر هاسانترە لە ناسینی سەرکردە یان بنەماڵەیەکی کوردی خائین لە بۆتەی رزگاریکەردا، ئەمەش بەردەوامی دەبێت، لەناو کۆمەڵگای ناهوشیاردا و ئازادیی و رزگاریی بە هاسان نایەتە دی، کەوا وا بۆ سی و یەک ساڵ دەچێت راستەوخۆ، یان ناراستەوخۆ کورد لە باشوری کوردستان هێدی هێدی ئەنفالی بەسەردا دەبارێ! دەکوژرێ، برسی دەکرێت، شکەنجە دەدرێ، زیندانیی دەکرێ، دەڕفێندرێ، خاکی دەفرۆشرێ، بێڕێزیی پێدەکرێ، سەرەت وسامانیی دەچیتە نێو گیرفانی دوژمن، تا قەڵاچۆ کوردی پێ بکات،، هەمووشی بەهۆی ئەوەیە کە تەنیا دوو بنەماڵە بەرۆکیی کوردیان گرتووە و بەخۆیان دەڵێن: رابەر و سەرۆک!

هەر کەسێک لە کوردستانپۆست بنووسێ ئازاری دەدەن، یان دەیڕفێنن!

ئەو رستانەی خوار و دمە تەقێیەکی دۆستانەیە لە ئاست کاری رۆژنامەگەریی و پێنووس و نووسینی ئازاد و رەخنەی بوێڕانە لە نێوان ئێمە و کەسێکدا بە ناوی (س،د.)، کە بە ئەمانەتەوە ناو و بابەتەکەی لێرەدا نانووسین، چونکە بە ئێمەی دەگووت نابێ بە هیچ شێوەیە ناوی من بەرن، چونکە زۆر لە دەسەڵاتەوە نزیکم و ئەگەرپاراستن بزانێ دەمکوژن!
- بەرێز کاک (س. د.) ئێوە لە ناوخۆی باشووری کوردستان دەژین و کاری رۆژنامەگەریی دەکەن، بەڵام نیگەرانی ئەوەن، کە نابێ بابەتەکانتان لەسەر کوردستانپۆست بڵاو بێتەوە. چونکە ئەگەر ناو و کەسایەتیتان ئاشکرا ببێت دەتانکوژن! ئێوە بابەتێکتان دۆکۆمێنتاریتان لە فەیسبوکدا بڵاوکردۆتەوە، هەرچەندە دەخوازین ئەو بابەتە لە کوردستانپۆست بڵاو بکەینەوە، کەچی ناتانەوێت بە ناوی خۆتانەوە بڵاو بکرێتەوە؟ 
- سوپاس. من رازیم، بەڵام با ناوی منی لە سەر نەبێت، چونکە پاراستن زیانم پێدەگەیەنن!
- بابەتەکەتان لە فەیسبوک بڵاو بۆتەوە. ئێمە چۆن دەتوانین بە ناوێکی دیکەوە بۆت بڵاوی بکەینەوە؟ شتی ئاوانابێ، تازە ئەو بابەتە بە ناوی خۆتانەوەیە، هەر پێ دەزانن؟
- کەواتە بنووسن لە فەیسبوکەوە وەرمان گرتووە! هەرچەندە ئەمەش بۆ من باش نییە، هەر بەو بۆنەیەوە پاراستن بیانوویەک دەدۆزنەوە. وەک ئەوەی  رەنگە بڵێن نووسینەکەت بە دڵی کوردستانپۆست بووە، بۆچی بڵاویان کردۆتەوە. من لەو بارەیەوە ئەزمونم لەگەڵیاندا هەیە، کەسەکان تیاندا دەناسم، منیش ناسراوم، هیچیشم لێنەکەن، تەنگم پێ هەڵدەچنن!
- لە سەر چی لە کوردستانپۆست تووڕەن؟ بۆ نووسین لە لای پاراستن قەدەغەیە؟
- هەر کەسێک لە کوردستانپۆست بنووسێت، بەتایبەتی ئەوانەی وەکو من، کە پێگە و شوێنێکم هەیە، دەستی لێدەوەشێنن!
- بۆ تا ئیستا وەکو تۆ کەسیان گرتووە، یان فڕاندووە؟
- ئەی سەردەشت عوسمان کە بۆ خۆی پەیامنێری خۆتان بوو، لە بیرتان چۆتەوە!؟
- ئێوە لە باشووری کوردستان دەژین؟ لە باشوور خوێنەری کوردستانپۆست چۆنە؟
- خوێنەری زۆرە، بەڵام تۆ بزانە یەک نووسەر لە هەولێر و بادینان لە کوردستانپۆستدا دەنووسن؟ هەرچەندە ماوەیەکە بە هۆی هەواڵەکانەوە خوێنەری زۆرە.
- ڕات لە سەر هەڵوێستی کوردستانپۆست چۆنە؟
- بەردەوامیتان کاریگەریی هەیە و هەبونی پێویستە.
- باشە بۆچی سایتێکی وەک کوردستانپۆست بەو جۆرە پاراستن لێی دەترسێ و رێگا نادات خەڵکی ئازادیخواز بە دڵی خۆی رەخنە بگرێ؟
- تەنیا لەبەر ئەوەیە کە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی  ئازاد  و ئازا بخنکێنن، رێزم بۆ ستافی کوردستانپۆست هەیە و هەر پرسیار و بە دواچوونێکتان پێویست بوو من هەمیشە لە خزمەتتاندام.
- پێشوەختیش ئێمە و بەڕێوەبەرانی کوردستانپۆستیش رێزیان بۆ جەنابت و تەواوی کوردێکی نیشتمانپەروەر هەیە.هەر کات ویستت وتار بۆ ئێمە بنێری، دەتوانی بە شێوەیەکی دیکە، کە زیانت پێنەگات بینێری. نیگەران مەبە متمانەت بە ستافی کوردستانپۆست هەبێ. شەوتان شاد.
- ڕێزم بۆ تەواوی ستافی کوردستانپۆست و سەرنووسەری ئەو سایتە هەیە. بە پێی توانا و دوور لە مەترسی لە خزمەتدام. شەوتان باش و خۆشتر بێت. پێم خۆشە کوردستانپۆستیش جار جارە سەردانی پەیجەکەم بکات و ببینن تا بزانم ئێوەش ڕاتان چۆنە؟
- ئەوە بە ئەرک دەزانین و مرۆڤی کوردپەروەر رێزی هەیە، بە چاوان بابەتەکانت دەخوێنینەوە.

 تێبینی:

ئەو کەسەی کە ئەم وتووێژەمان لەگەڵیدا کرد، ئێمە بە (س. د.) لێرەدا نووسیمان، بۆ خاتری ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا نەبێت.
نووسەرێکی کوردستانپۆست، ئەو وتووێژە کورتەی لەگەڵدا کردووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە