لایه‌نگرانی شێخ ده‌نگ به‌كێ ده‌ده‌ن؟!

Wednesday, 09.08.2021, 20:39

1258 بینراوە


له‌هه‌شتی ته‌مموزه‌وه‌ نێوان پافڵ تاڵه‌بانی و شێخ لاهور تێكچووه‌. پافڵ به‌گوتووه‌ی خۆی دژه‌ كوده‌تایه‌كی ده‌ست پێكردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌ گه‌نده‌ڵكاران و به‌رتیلخواران و ... هتد و شێخیش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌دژی كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ركردایه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری تورك و بارزانی سه‌رۆكی پارتی و هه‌ندێ كه‌س كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌فیتی ئه‌و دوو لایه‌نه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن به‌رێوه‌ ده‌به‌ن و ئه‌م دژه‌ كوده‌تایه‌ش به‌وه‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ گوایا شێخ لاهور له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نیشتیمانیانه‌ی بۆ رۆژئاوای كوردستان و نزیكبوونه‌وه‌ی بووچوونه‌كانی له‌پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ وای كردووه‌ كه‌ دژه‌ كوده‌تای له‌به‌رامبه‌ردا پێكبهێنن. ئه‌گه‌ر هه‌ر كامه‌ له‌م بووچوونانه‌ راست بێت. ده‌بێت لایه‌نگرانی هه‌ر دوو كه‌سایه‌تی كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كن له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بكه‌ونه‌ كێبڕكێیه‌كی ته‌ندروست و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ خاوه‌ن بانگه‌شه‌ن ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن لاساری باره‌كه‌ راست بكه‌نه‌وه‌.
پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆلی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی پێكردووه‌. له‌هه‌رێمی باشوری كوردستانیشدا له‌ناو ئه‌و پۆله‌ خۆبه‌ربژێركه‌رانه‌دا، هه‌ری كه‌م نزیكه‌ی شه‌ش بۆ حه‌وت به‌ربژێریش له‌بۆچوونه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ نزیكن و وه‌كو كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆش به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كردووه‌. گرنگه‌ ئه‌م كه‌سایه‌تی و بۆچوونانه‌ش به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌په‌رله‌ماندا جێ بگرن. جا ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ده‌نگدان و كێبڕكێیه‌كی ته‌ندروستانه‌ له‌پرۆسه‌كه‌دا مسۆگه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن بیروبۆچوونی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیك بن، ده‌توانن ئه‌و لاساریه‌ی له‌نێوان هه‌ر دوو كه‌سایه‌تی پاڤڵ و شێخ دا به‌ده‌نگدان راست بكه‌نه‌وه‌. لایه‌نگران به‌بێ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی نه‌گه‌تیڤ و سلبی ده‌توانن ببنه‌ هێز و وره‌یه‌ی كه‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی گۆڕتر و به‌هێزتر بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سیش مه‌غدور ببێت، یا خوانه‌خواسته‌ كه‌س دڵته‌نگ ببێت. چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و هه‌ركه‌سه‌ ئازاده‌ به‌چه‌ شێوه‌یه‌ك بیرده‌كاته‌وه‌ و ده‌نگ ده‌دات.

به‌ربژێرانی خاوه‌ن هزری نه‌ته‌وه‌یی ـ دیموكراتیك خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌!

ئه‌م بۆچوونه‌م به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌یی و باڵاكانی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌. هه‌رچه‌نده‌ش لایه‌نگری ئه‌وه‌ نیم كه‌ حیزب و لایه‌نه‌ كوردیه‌كان له‌ناوخۆیاندا ناكۆكی و ململانێیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و حیزب و لایه‌نه‌ كوردیانه‌ش كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت و گه‌له‌كه‌یاندا هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كه‌ن، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه‌ و دوور له‌ره‌ق و كینه‌ سزا بدرێن. ده‌بێت له‌بابه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كاندا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌نازۆل نه‌كرێت. ئه‌وه‌ی حیزب و لایه‌نه‌ به‌ناو كوردیانه‌ی له‌ئێستادا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، زۆرینه‌یان حیزبی پارچه‌ و شار و هه‌رێمكن و له‌نێوانیشیاندا حیزبی ده‌سه‌ڵاتخوازی و پاوانخوازی ده‌سه‌ڵات و پاره‌ن. بۆیه‌ش پێویسته‌ ئێدی كۆتایی به‌م چه‌مكه‌ له‌حیزبایه‌تی بهێندرێت. من شه‌خسه‌ باس له‌هێز و تواناكانی ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا كێبڕكێ بكه‌ن، ناكه‌م و به‌پێویستیشی نازانم. به‌ڵام له‌سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتیه‌وه‌ به‌پێویستی ده‌زانم بۆچوونی جیاواز بچنه‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ و مۆمارسه‌ی مافه‌كان و داكۆكی له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتیمانیه‌كانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن. له‌ساڵی 2005ه‌وه‌ كه‌ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی عێراق نوسرایه‌وه‌، لایه‌نه‌ كوردیه‌كان ئه‌وه‌نده‌ هه‌ڵپه‌ی به‌شه‌ بوودجه‌ و مووچه‌ بوون، نیو ئه‌وه‌نده‌ش خه‌می به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان نه‌بوون. واتا هه‌م و غه‌می لایه‌نی كوردی پاره‌ بوو. ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌یبینن كه‌ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی وه‌كو به‌شه‌ بوودجه‌ بۆ هه‌رێمی باشوری كوردستان دیاری كرابوو له‌ئێستادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لۆژیكی نییه‌ و كه‌سیش رازی نابێت، به‌تایبه‌تی لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بده‌رێته‌ هه‌رێمی كوردستان. ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فدڕاڵی به‌روونی دیاری نه‌كراون. 
ئه‌ندام په‌رله‌مانی كورد ده‌بێت له‌په‌رله‌مانی عێراقدا خاوه‌ن بۆچوونی نه‌ته‌وه‌یی بێت، نه‌ك بۆچوونێكی حیزبیانه‌ی ته‌نگ و پاره‌چه‌چێتی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌ن بۆچوونێكی دیموكراتیش بێت. واتا به‌یه‌كچاو ته‌ماشای عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات. ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆچوونێكه‌ له‌ئێستادا له‌هزری ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكن، به‌دی ده‌كرێت. بۆیه‌ش ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی ده‌یانه‌وێت یا غه‌می نیشتیمانیانه‌ ده‌توانن به‌ده‌نگدان به‌و كه‌سه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ له‌هزری په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكن، كوده‌تاچییه‌كان و دژه‌كوده‌تاچییه‌كان له‌یه‌كدی جۆدا بكه‌نه‌وه‌ و باری لاساری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیش له‌هه‌رێمی باشوری كوردستاندا بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر رێڕه‌وی شه‌هید ئارام و شه‌هید مامه‌ریشه‌ و شه‌هیدانی رێگای ئازادیخوازی گه‌لی كوردستان و له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌توانن به‌م مۆمارسه‌ و كێبڕكێیه‌ دیموكراتیانه‌، ببنه‌ هێز و وره‌یه‌ك بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كانیش.