بانگەوازی "هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان"

Saturday, 02/10/2021, 21:50

2714 بینراوە


جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان 

     وەک ئاشکرایە، ئەوە  زیاتر لەساڵیکە ژمارەیەکی زۆر کەسایەتی خەمخۆر و دڵسۆزی چاکەی گشتی، بەتۆمەتی ناڕەوا و دوور لە سەرەتایترین بنەمای یاسایی لەزیندانەکان توندکراون و بەشێکیشیان مانیانگرتوە، بەڵام دەسەڵات و دادگاکانی نەک هەر بێدەربەستن بگرە مامەڵەیان لەتوندبوونی بەردەوامدایە و بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن وەک ئەوەی ئەم کەسانە نەک هاوڵاتی ئەم نیشتمانە نین، بگرە وەک تاوانبارانێک سزایان دەدەن، کە لەپرۆسەی  وێرانکردن و کاری تیرۆریستی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دەستگیرکرابن!!

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

 زیندانیانی بادینان ئەو کەسانەن کەبەهۆی بەرگری لەماف و داواو چاکەی گشتی کۆمەڵگەوە ئازار دەکێشن،  غەدرێکی کەم وێنەیان بەرامبەر دەکرێت، هەربۆیە  ناکرێت و شیاو نیە نەک بەتەنها جێیان بهێڵین، بگرە ئەبێت ئەوەش لەبیری خۆمان دەرکەین کەپێمانوابێت کۆمەڵێک خەڵکی چالاکی سیاسی و مەدەنیی و ڕۆشنبیران وەک فەرمانبەری بەدەمەوە چوونی کێشەی زیندانیان کاردەکەن و ئەو ئەرکەیان لەئەستۆ گرتوە، بەو پێیەی ئەم کەسانە لەپێناوی ئێمەو چاکەی گشتی لەزیندانەکاندان، ئەرکی هەموومانە کە لەدەرەوەی زیندان ببینە خاوەنی کێشەکەیان، بەتایبەتیش مامۆستایانی کوردستان و موچەخۆران،  کە ژمارەیەک لە زیندانیەکان بەهۆی گەیاندنی دەنگی ئەوان و چارەسەری کێشەی مووچەکانیان لەزیندان توندکراون. 
هەر لێرەشەوە ڕوو دەکەینە تەواوی حیزبەکان و پێیان ڕادەگەیەنین، کە  زیندانیانی بادینان لەزیندانی کەسێک و بنەماڵەیەک و حیزبێکدا نین، بەڵکو ئەوە دامودەزگاکانی ئەو حکومەتەیە، کە لەدەسگیرکردنیانەوە تا ئەشکەنجە  و دادگا پرۆسەکەیان  بەڕێوەدەبات.
بەمپێیە ڕوومان لەتەواوی حیزبەکانی ناو حکومەتە بێ جیاوازی و بێ دیاریکردنی پشکی کەم و زۆر لەم بابەتە و تەنانەت حیزب و ڕێکخراوە مەدەنی و هەموو دەزگاکانی بانگەشەکاری  ئۆپۆزسیۆن بوون و بەرپرس بەرامبەر بە ماف و ژیانی خەڵک، کەبەگشتی و بەزووترین کات بێنە سەر خەت و هەڵوێستی کردەیی وەرگرن بۆ کۆتایهێنان  بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان و ئازادکردنیان.
سەرباری ئەمەش ڕوودەکەینە سەرۆک کۆماری عێراق و بەرپرسیاری دەکەین و پێویستەهەڵوێستی ڕاشکاو و کردەیی هەبێت،  بەوپێەی کە سەرۆکی عێراقی فیدراڵە وەکو پۆستی ئیداری و هاوکاتیش  لەگەڵ بەشێکی دەستگیرکراوان لە پەیوەندییەکی سیاسی و ڕێکخراوەییدا بووە.

جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان 

ئێمە وەک کەمپەینی هاودەنگی  لەگەڵ زیندانیانی بادینان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ( ڕەوەندی کوردی ) و هەموو ئەوکەسانەی خۆیان بەخاوەنی ئەم کەیسە دەزانن ، ڕایدەگەیەنین  لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیەدا کەمپینێکی سیاسی و  و جەماوەری مەیدانی  دەستپێدەکات  لە  شار و شارۆچکەکانی کوردستان  و دەرەوەی هەرێم،  بەمەبەستی چارەسەری ئەم کەیسە و لە درێژەی کاروچالاکیەکانیشدا ڕۆژی 4/  10 کەنزیکترین  بەرواری دادگایی کۆمەڵێکی تر لەو گیراوانەیە، وەک ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانی و هاودەنگی لەگەڵ  کەسوکاری  زیندانیان ، ئەو ڕۆژە  دەکەینە" ڕۆژی هاودەنگی زیندانیان".
لەم سۆنگەیەوە داواکارین لەئێستاوە هەموان وەک تاک و حیزب و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ... بکەوینە کاری چڕ و جدی و بەبەشداری فراوان،  ئەو بەروارە بکەینە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ گەیاندنی پەیامی ئازادی و مافە سیاسی و مەدەنییەکان و بەردەوامبوونی کاروانی بەرگرتن بەپێشێلکردنی ماف و کەرامەتی ئینسانی خەڵکی کوردستان. 
بێگومان، بەدەنگەوە هاتنی فراوانی هاووڵاتیان دەسەڵات و سەرجەم حیزبەکان ناچار دەکات ئاوڕی جدی لەو کەیسە بدەنەوە.
تێبینی : ڕۆژی ٤ / ١٠ کاتژمێر ١٠ی بەیانی  خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەڕێوەدەچێت لەبەردەم دادگاکانی شاروشارۆچکەکان یان هەر شوێنێک کە ڕێکخەرانی چالاکییەکە پەسەندیدەکەن .

کەمپینی هاودەنگی لەگەڵ زیندانیانی بادینان.


۲۹ ی ئەیلوولی ٢٠٢١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە