سەردار حەمەڕەش

https://www.facebook.com/sardar.hamarash.1


فەرەنسا و باخەوان و بەراوردی نەخوێندەوارانە

Wednesday, 11.24.2021, 15:03

1184 بینراوە


بەراورد کردن بە داتا لە نێون دوو ستستەمی وحوکمڕانی، یەکێکیان خێلایەتی و خێزانی وەک لە کوردستان و ئەوی تریان دیموکراسی لیبراڵی فەرەنسا وەک ئەوەی عادل باخەوان باسی دەکات، بێ مانایە، لەبەر ئەوەی سیستەمی کوردستان جگە لەوەی خێزان و خێڵ دەستیان بەسەر ئابوریدا گرتووە، ئەوان لە قۆناغێکی تری سیستەمی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدان؛ هێشتا تاکەکانیان لە خێزان و لەیەکتری دانەبڕاون وەک لەسیستەمی کۆمەڵگەی پیشەسازیدا، پەیوەندییەکی خێزانی پتەو هەیە لە نێوانیاندا و بەو هۆیەوە خەڵکی لە تەنیایی و لێکدابڕاندا ناژین، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی بارزانیەوە نییە، نەخێر. ئەگەرکۆچبەرانی کورد چەندەها دەفتەر دۆلار دەخەنە باخەڵیان و بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن، بەهۆی یارمەتی خێزانیەوەیە، ئەو جۆرە هەڵس و کەوت و یارمەتیانە لە نێوان خێزاندا لە ئەوروپادا بوونی نیە، زیاتر بانک و حکومەت جێگای خێزانیان گرتۆتەوە لە کاتی پرۆژەیەکی بازرگانی یان بورسی خوێندنی گرانبەها و شتی تر. جگە لەوەی لە کوردستان هیچ داتایەک و زانیاریەک نیە لەسەر باری هەژاری دانیشتوان.
کلیکی ئەم لینکەی خوارەوە بکە
(1) Watch | Facebook
هەروەها ئەو داتایانەی باخەوان  باسیان دەکات دەبێت دابەشبکرێن بەسەر دە دا لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی فەرەنسا دەهێندەی کوردستانە. کاتێک ئێوە دەتوانن خۆتان بەراورد بکەن بە ولاتێکی وەک فەرەنسا و ڕەخنە لەفەرەنسا بگرن کە خاوەنی ئابوریەکی خۆتان بن، لە کاتێکدا ئەگەر حکومەتی ئێراق پارەی نەوتان بۆ نەنێرێت ئەوا توانای موچەدانتان نیە، ئەو بەرمیلە نەوتانەشی کە بە دزییەوە هەناردە دەکرێن پارەکەی دەچێتە باخەڵی بنەماڵەی بارزانیەوە، ئیتر چۆن لە روتان دێت خۆتان بەراورد بکەن بە فەرنسا ؟ 
بێ لانەیەک لە پاریس
لە شارە گەورەکانی وەک پاریس و لەندەن و تۆکیۆ و نیۆرک، کە ژمارەی دانیشتوانی هەر شارێکیان هێندەی ژمارەی دانیشتوانی کوردستانە، ژیان گران و جەنجاڵە، خەڵکی کاتیان کەمە و توانایان نییە بچن بەدەم ئەوی ترەوە وەک لە دێهاتێکدا، گەنجێکی دێهاتی کاتێک دێتە پاریس بۆ کارکردن، ئاشنایی بە مافی خۆی نییە لە یارمەتی سۆشیالدا، زیاتر خۆی بە غەریب دەزانێت بە نیسبەت بیانیەکەوە،  زۆر جار وەک فەرەنسیەک شەرم دەکات داوای یارمەتی سۆشیال بکات، لە کاتێکدا پەناهێندەیەک پێش ئەوەی بگاتە فەرەنسا ئاگاداری هەموو ئەم یاسایانەیە. زۆرینەی خەڵکی لە دائیرەی سۆشیال کەسانی بیانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان کەمینەن. 
لێرەدا من نیازم نیە بە شان و باڵی فەرەنسادا هەڵبدەم لە بەر ئەوەی کەڵچەری فەرەنسا تاکەکانی فێرکردووە هەردەم ڕەخنە لە سیستەم بگرن نەک بە شانو باڵیا هەڵبدەن. فەرەنسیەکان هەردەم دەڵێن؛ لەبەر ئەوە نییە لە ئەفریقا ژیان گرانە کەواتە من دەبێت لە فەرەنسا بە ژیانی خۆم ڕازی بم ، لەبەر ئەوەی تەنگژیەکان بەراورد ناکرێن. کەواتە لە بەر ئەوە نییە لە فەرەنسا تەنگژیەک هەیە کەواتە کوردان دەبێت ڕازی بن بە حکومی دز و گەندەڵ و داپڵۆسێنەری لە باوکەوە بۆ کوڕی بارزانی. 
ڕێکخراوە خێرخوازیەکان هێندە زۆرن لە فەرەنسا کەس لە برسا نامرێت، مەگەر ئەوانەی نایانەوێت پەنا ببەنە بەر ئەو ڕێکخراوانە و شەوان لەسەر جادە دەخەون و هەندێکیان ئالودەن. چێشتخانەی (دڵ) کراوەیە بۆ هەموو کەسێک بە بێ پارە دەتوانێت نان بخوات و خواردنیش بەرێت بۆ ماڵەوە لەگەڵ خۆی.  لە وەرزی زستاناندا سەرۆکی شارەوانیەکان خۆیان بە شاردا دەگەڕێن و داوا لە خەڵکی دەکەن بچن لە شوێنی تایبەتدا بخەون، زۆریان رەفزی دەکەنەوە. ژمارەی تەلەفۆنی 115 هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت بانگی فریاگوازری بکەیت ئەگەر کەسێکت بینی لەسەر جادە خەوتووە لە وەرزی سەرمادا، تەنها لە ناو پاریسدا دوو هەزار شوێنی خەوتن و حەوانەوە بۆ ئەوان ئامادەیە .
جێگای حەوانەوە و خەوتن بۆ بێ لانەکان لە وەرزی زستاندا
 
چێشتاخەنی دڵ بۆ نان خواردن و خواردن وەرگرت
لەساڵی 1945 ەوە، فەرنسا سیستەمێکی سێکوریتێ سۆشیالی شازی هەیە لە جیهاندا؛ هەموو فەرەنسیەک خاوەنی کارتێکی سێکوریتێ سۆشیالە هەرکاتێک بیەوێت بە کرتەیەک لەسەر ئەنتەرنێت دەتوانێت مەوعید لەگەڵ کام دکتۆر و کام دانسازدا وەربگرێت، هەموو ڕۆژێک بە بێ بەربەست. لەسەدا حەفتای پارەی خەستەخانە و دکتۆر و دەرمانت ئەدەنەوە. لەکاتی نەخۆشیەکی وەک سەرەتان و نەخۆشی ترسناکی تردا، هەموو شتێک بۆ نەخۆشەکە بە خۆڕاییە. من هەر کاتێک دەچم بۆلای دکتۆر جگە لە دەرمانی پێویست، دکتۆرەکەم دە پاکەت پارارسێتەمۆلیشم ئەداتێ، هەرچەندە پێی دەڵێم نامەوێت و پێویستم پیی نیە، دەڵێت ؛ بیبە، چونکە باشە لە ماڵدا هەبێت، بەبێ ئەوەی یەک ئۆرۆ بدەم لە دەرمانخانە. 
کوڕەکەم لە روداوێکی ماتۆڕدا بریندار بوو، بۆ ماوەی دوو مانگ هەموو ڕۆژێک سیستەرێک دەهاتە ماڵەوە برینەکانی ساڕێژ دەکرد. هێندە دەرمان و سارغی گرانبەهایان دابوینێ بەشی خەستەخانەیەکی دەکرد لە کوردستان، ناچار دامەوە بە خەستەخانە.
هەر تاکێکی فەرەنسی بێ کار، مافی ئەوەی هەیە مانگانە 565 ئۆرۆ لە حکومەت وەرگرێت وەک موچەی مانگانە بۆ بژێوی ژیانی. جگە لەوەی باسی موچەی هەمیشەیی دەکرێت لە داهاتودا. هەروەها لە ساڵی داهاتوەوە بۆ ئەو کەسانەی کاری پێویستیان نەکردووە لە ژیانیاندا بۆ مافی خانە نشینی، بڕیار دراوە موچەی خانەنشیان لە هەزار ئۆرۆ کەمتر نەبێت، هەموو فەرەنسیەکیش مافی ئەوەی هەیە یارمەتی کڕێ خانوی بدرێتێ، خانوی حکومەت وەرگرێت ئەگەر موچەکەی کەم بێت، بە موچەیەکی زۆر کەم خانوی سۆشیالی ئەدرێتێ، ڕاستە داواکاریەکان زۆرن و دەبێت چاوەڕوان بکەیت. هەروەها سیستەمی موچەی بەتاڵەمان هەیە؛ هەر کرێکارێک پاش چەند ساڵێک کارەکەی لە دەست ئەدات بۆ ماوەی دوو ساڵ لە سەدا هەشتای موچەکەی ئەدرێتێ هەتا کار دەدۆزێتەوە.
هەتا ئەمڕۆ بە هۆکاری تەنگژی کۆرۆناوە، لە بەردەم هەر سەیدەلی خانەیەکدا خێمەیەک هەڵدراوە، بە بێ مەوعید و بە خۆڕایی هەموو هەفتەیەک دەتوانیت تێستی کۆرۆنا بکەیت، دوای پانزە خولەک وەڵامەکەی دێتە سەر ئایفۆنەکەت، لە هەر گەڕەکێکدا چەندەها سەیدەلی خانە هەنەو هەرگیز سەرە ناگریت. بەلام لەبەر ئەوەی هەندێک خەڵک نایانەوێت ڤاکسین بکەن ناچار لەم دواییانەدا حکومەت کردی بە پارە تەنها بۆ ئەو کەسە بە تەمەنانەی ڤاکسینیان نەکردووە . تێچوی ئەم ڤاکسینە چوار ملیار ئۆرۆیە. زیانی ئابوری بەهۆی کۆرناوە ڕۆژی یەک ملیارئۆرۆ بوو، بەڵام  لە کاتی داخستنی دوکان و بازاڕدا بە هۆی کۆرۆناوە، فەرەنسا یەکەم ولات بووە لە جیهاندا لە یارمەتیدانی بازرگانە بچوکەکان بە ئاستێکی بەرز لە کاتی لەکیسدانی لە سەدا بیستی دەسکەوتیان، لە کاتیكدا لە کوردستان موچەیان لە موچەخۆران دەبڕی.
شوێنی تێستی کۆڤید لەسەر جادە
بۆ کاری داداگاش ئەگەر موچەکەت کەم بێت ئەوا حکومەت پارەی دادیارت بۆ ئەدات، من سێ جار چومەتە داداگا بۆ شکاتکردن لە خاوەن کارەکەم، هەر جارە و سی ( 30) هەزار ئۆرۆم وەک جەزا وەرگرتووە، لەگەل ئەوەشدا حکومەت پارەی دادیاری بۆ داوم و خۆم یەک ئۆرۆم نەداوە.
هەموو ئەم یارمەتیە سۆشیالانە بۆ هەموو فەرەنسیەکان و پەناهێندەکانن، بەڵام بە شیوەیەکی گشتی زۆر لەفەرەنسیەکان شەرم دەکەن بەدەم مافەکانیانەوە بچن، پەناهێندە و کەسانی بە ڕەچەڵەک بیانی زیاتر بە مافی خۆیانیان دەزانن، ئەمەش هیچ خەتاباریەکی تێدا نیە. بەڵام یارمەتی سۆشیال و مافی فەرەنسی هێندە زۆرن کە وڵاتانی ئەوروپی خەڵکی فەرەنسی  بە ئەریستۆکرات لە قەلەم ئەدەن لەبەر ئەوەی بە هیچ ڕازی نین.
هیچ شوێنێک بەهەشت نیە بۆ ژیان، ئەگەر خەڵکی روودەکەنە ئەوروپا بە هۆکاری پاراستنی مافی مرۆڤەوەیە، فەرەنسا ئەو وڵاتە نیە وەک چین کاتێک کچە تێنسکەر( Ping Shuai)ی چینی، لەسەر سایتە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی کردەوە کە لە لایەن کۆنە جێگری سەرەک وەزیرانی چینەوە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، ئیتر لەو ڕۆژەوە وون بووە و کەس نازانێت چارەنوسی چیە، ڕودواێکی لەو جۆرە هەرگیز رونادات لە فەرنسا و هیچ هێزێک مافی ئەوەی نیە کەسێک بە بێ هۆکار و بڕیاری دادیار بباتە بەندیخانە و سەرەونوگومی بکات وەک لە کوردستان و ولاتانی نادیموکراسی روو ئەدەن .
بە شیوەیەکی گشتی مافی تاک لە ئەوروپا پارێزراوە بۆیە خەڵکی ڕوو لە ئەوروپا دەکەن و کۆچ بەرە و چین و ڕوسیا ناکەن، فەرەنساش وەک زۆر لە وڵاتانی ئەروپا ڕوبەروی تەنگژی ژمارەیەکی زۆری بێ شوماری پەناهێندە بۆتەوە، پەناهێبدەی سیاسی و ژینگە،  هەتا دێت ژمارەیان لە هەڵکشاندایە و بە کۆمەڵ لەسەر جادەکانی پاریسادا خێمە هەڵئەدەن.
ڕێکخراوی خێرخوازی بۆ خواردن
دەبێت بوترێت لە ساڵی 2008 ەوە بە هۆکاری سیاسەتی ئەمەریکا لە بواری ئابوریدا، تاکس لەسەر شەریکە و مولتی ناسیۆنالەکان زۆر کەمی کردووە و بەو بۆنەیەوە حکومەتەکان توانای داراییان کەمتر بۆتەوە، چینی دەوڵەمەند دەوڵەمند تر و چینی هەژار هەژارتر دەبنەوە و چینی ناوەراست بە ناو ماون، بەهۆی کریزی کۆرۆناشەوە جیاوازیەکان زیاتر زەق بونەتەوە، بە تایبەتی فەرەنسا زیانی زۆرتری بەرکەوتووە بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر ئابوریەکەی لەسەر کەلوپەلی لوکس و هۆتێل بەندە و پەیوەندی بە توریستەوە هەیە.
ڕاستە هەژاری هەیە لە فەرەنسا بەڵام بەراورد ناکرێت بە کوردستان، نزیکەی 9.3 ملوێن کەپڵ موچەیان لە 1063 ئۆرۆ تێ ناپەڕیت، ئەمەش وەک یارمەتی سۆشیالە، جگە لە یارمەتی کرێ خانو و یارمەتی ڕێکخراوەکان، بۆ کەسێکی زوگورتی موچەی سۆشیال 565 ئۆرۆیە، بۆ کەسانی بە ساڵاچوو 833 جگە لە یارمەتی کرێ خانوو یان خانوی سۆشیال و ڕێکخراوەکانی تر. 
لە فەرەنسا  141.500 کەس بە بێ نیشەجێیەکی جێگیر دەژین، واتە نیشەجێیەکیان بەخۆیان نیە، هەندێکیان لە هۆتێلدا حکومەت پارەیان بۆ ئەدات،   112هەزاریان بە بێ شوێنی نیشتەجێ بوونن، هەندێک لەم کەسانە هەڵیان بژاردووە لەسەر جادە بخەون و هەندێکیشیان ئالودەن، نزیکەی 3.5 ملوێن خەڵک شوێنی نیشەتجێیان خراپە.
بە پێی داتای ساڵی 2014 ،  425 کەس لەسەر جادە مردوون، بەڵام هۆکاری مردنی هەمویان تەنها بە هۆکاری سەرماوە نەبووە، ساڵی 2013 ژمارەی ئەوانەی لەوەرزی گەرمادا مردوون زیاترن لەوانەی لەوەرزی زستاندا مردوون. هەندێکیان لەبەر تەمەنیان، هەندێکیان بە نەخۆشی و ڕوداو و بەشێکی زۆری مردوان تەمەنیان لەسەروی 50 ساڵەوە بووە. 
بێ شک بۆ وڵاتێکی وەک فەرەنسا هەرچۆنێک بێت جێگای قبوڵکردن نیە و خەڵکی ناڕازین لەو سیستەمە، بەڵام ئەگەر عادل باخەوان بە داتا جیاوزی دەکات، ئەوا دەبوایە لەهەموو بوارێکدا ئەو جیاوازیەی بکردایە، ئەگەر ئەو خەڵکە هەڵدێن لە کوردساتن زۆریان لەبەر کەمی ئازادیە. با عادل باخەوان پێمان بڵێت بە داتا چەند کەس لە فەرەنسا بە بێ تاوان وەک شیروان شیروانی و هاوەلەکانی لە زینداندان ؟ چەند کەس بێ سەرو شوێن کراون ؟ با  باخەوان پێمان بڵێت چەند بەرپرس چونەتە بەردەم دادگا یان حوکم درابن بە هۆکاری گەندەڵیانەوە، لە کاتێکدا لە فەرەنسا سەرک کۆماری پێشو؛ سارکۆزی چووە بەردەم داداگاو حوکم درا بە سێ ساڵ، ساڵێکیان بە زنیدانی، ڕاستە زیندانیەکەی لە ماڵی خۆیدایە بە قایشی ئەلەکترۆنیکە و ناتوانێت بچێتە دەرەوە، بەڵام ئایا کەسێک بۆی هەیە بە بچوکترین منداڵی بارزانی بڵێت؛ لەل.
 با باخەوان پێمان بڵیت چەند کەسی بێ تاوان لەکوردستان دەکوژرێن و بە سوڵحی خێلایەتی چارەسەردەکرێن ؟ کوڕی چ بەرپرسێک بە دەمانچە خەڵکی دەکوژێت لەسەر جادە بە ئۆتۆمۆبیلی جام ڕەشەوە ؟ با باخەوان پێمان بڵێت کوڕی چ بەرپرسێک وەک کوڕی نێچیر بۆتە سەرۆکی زانکۆ ؟  چۆن منداڵانی بارزانی دەوری وەزیر دەبینن لەسەردانی قوتابخانە و شوێنە حکومیەکان ؟  بە چ قانونێک سیروان بارزانی و مندالانی بارزانی ئەستێرەی پلەداری جەیش و ژەنەراڵ دەخەنە سەرشانیان ؟ چۆن ئەو ملوێنەها دۆلارانەیان لە بانقەکانی جیهاندا خڕ کردۆتەوە ؟  چۆن بونەتە خاوەنی چەندها ڤیلای گران بەها لە ئەمەریکا و لە ئەوروپا ؟
ئەو جل و بەرگانەی نێچیرڤان بارزانی لە بەرگدرووە بەناوبانگەکانی فەرەنسا دەیان کڕێت بۆ خۆیی و مندالەکانی، ماکرۆن توانای نیە بیان کڕێت. پێمان بڵێن لە چ خۆپیشاندانێکدا شەق لە مامۆستا هەڵدراوە لەبەر ئەوەی هاتۆتە سە جادە داوای موچەکەی دەکات ؟ ئەگەر ئەو خۆپیشاندانانەی هێلەکە زەردەکان لە کوردستان رویان بدایە یان لەهەر وڵاتێکی تری نا دیموکراسی وەک روسیا و چین ئەوا هەزارەها کەسی تێدا دەکوژرا، لە کاتێکدا لە فەرەنسا ئەوانەی مردون بە رووداوی نە خوازراو بووە، ئەوانەشی حوکم دراون زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە وەک ماڵ سوتاندن و بانق .
ئەوەی باخەوان باسی دەکات زانیاری و داتای حکومەتێکی پاشڕون(شەفاف)ن، هەتاوەکو دەزگاکان ئاگاداری ئاستی هەژاژری ولات بن. چ داتایەک لە کوردستان هەیە، چ مافێک بۆ بەتاڵە و مافی کرێکار هەنە ؟  چۆن مافی مرۆڤ پارێزراوە لە کوردستان ؟ لە کاتێکدا لە کوردستان ئەگەر لایەنگری پارتێکی سیاسی نەبێت وەک لەسەردەمی بەعسدا زۆر مافت لێ زەوت دەکرێت. قسەکانی سەرۆکی هەرێم و جێگری هەرێم و مەسعود، بۆ هێورکردنەوەی گانجان و بارودۆخی ژیانیان جێگای پێکەنینن و قەشمەرین.
لە دوای خۆپیشاندانەکنی هێلەکە زەردەکان ماکرۆن داوای لێبوردنی لەخەڵکی فەرەنسی کرد، بەلام مەسعود بارزانی، سەرۆکی خۆ بە زلزان و نەزان، ووتی؛ ‌‌هەڵدەپەڕن، چی دەکەن، هەرئەوەیە.