یەکێتی ئەوروپا و عێراق لەسەر گەڕانەوەی 35 هەزار عێراقی رێکەوتن

Saturday, 11.27.2021, 2:55

2980 بینراوە


راپۆرتە هەواڵیکی گرنگ تایبەت بە تەڤداپرێس لەسەر رێککەوتنی  یەکێتیی ئەوروپا و عێراق لەسەر ناردنەوەی پەنابەری عێراقی بۆ وڵاتەکەیان


رۆژی 21 / 10 / 2021  وەزیری دەرەوەی سوید  ئانا لیند (Ann Linde) بە سەردانێکی کوتوپڕ گەیشتە بەغدا و لەگەڵ  پەرپرسە باڵاکانی عێراقدا  بەرهەم ساڵح، مستەفا کازمی و فوئاد حسێن کەوتە گفتوگۆ، هەر دوای ئەوە  یەکسەر لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێریش دابەزی و چاوی بە لێپرسراوانی حکومەتی هەرێم و لێپرسراوانی پارتیی و یەکێتیی و سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی کەوت، لەگەڵ چەند چالاکەوان و زیندانییە ئازادکراوەکانی وەکو بەدەل بەراوی، هەرچەندە راگەیاندنەکانی عێراق و هەرێم هۆکاری سەردانەکەیان بە تەواویی باس نەکرد، تەنیا ئەوە نەبێت کە رایانگەیاند، هاتنی ئانا لیند گوایا بۆ مەسەلەی پەیوەندیی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتەیە و  لەسەرو هەموویانەوە تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی  داعش و کۆمەڵیک کاروباری ستراتیژی دیکە گفتوگۆیان کردووە.
وەکو سەرچاوەیەک بۆ تەڤداپرێس ئەو نهێنییەی ئاشکرا کرد، کە هاتنی (ئانا لیند) بۆ عێراق پەیامی  یەکێتی ئەوروپای پێ بووە و گەیاندوویەتە دەسەڵاتدارانی بەغدا  و هەرێم.
پەیامەکەش بەم شێوەیە بوو، کە دەسەڵاتدارانی  بەغداد و هەولێر، خۆیان ئامادەبکەن بۆ گەڕانەوەی و وەرگرتنەوەی 35 هەزار پەنابەری عێراقی کە مافی پەنابەرییان وەرنەگرتووە، ئەو ژمارەیەش دابەشبووە بەسەر وڵاتە ئەوروپییەکاندا، بۆ ئەمە راستەوخۆ داوای لە عێراق و هەرێم کرد، کە پێشوازیان لێبکەن و وەریانبگرنەوە، چونکە وڵاتە ئەوروپییەکان چیدی ناتوانن بەرپرسیارێتییان هەڵبگرن و لە ئەوروپا بمێننەوە.
لە کۆی ئەو 35 هەزار پەنابەرە عێراقیانە  31 هەزاریان لە ئەڵمانیا،  2 هەزاریش لە سوید و ئەوانی تریش لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپیین.
هەروەها لەو 35 هەزار پەنابەرەش  84% ی کوردن،  کە دەکاتە نزیکەی  29.500 پەنابەری کوردی باشوور.
شایانی باسە  پەیامەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ حکومەتی عێراق، کە وەزیری دەرەوەی سوید  پێێ راگەیاندن  ئەوەشی تێدا هاتبوو، ئەگەر بێتو عێراق پێشوازی لەو پەنابەرانە نەکات، ئەوا یەکێتی ئەوروپا سزای توندی ئابوری دەخاتە سەر عێراق، کاربەدەستانی حکومەتی عێراقیش بە وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرە عێراقییانە رازیی بووە، بەڵام وەکو سەرچاوەکە دەڵێت لە هەمانکاتدا بەشێک لەو بەرپرسیارێتییەی خستۆتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستە رۆژێک دوای ئەوە وەزیری دەرەوەی سوید گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمدا کۆبوونەوەی کرد و پەیامەکەی پێڕاگەیاندن. ئەوانیش بەمە رازیی بوون، بەڵام چەند مەرجێکیان داناوە. یەکێک لەو مەرجانە، کە دەبێت یەکێتی ئەوروپا بڕێک پارەیان بداتێ، تا حکومەتی هەرێم کارسازییان بۆ بکات بۆ گەڕانەوە و نیشتەجێبوونیان. خاڵی دووەم دەڵێت هەرچەندە ئێمە رازیی نیین بە گەڕانەوەیان، بەڵام ناچارین چونکە حکومەتی مەرکەزی رێکەوتنی لەگەڵتاندا کردووە. وەکو سەرچاوەکە باسی کرد، کە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی عێراق سەردانی یەکێتی ئەوروپا دەکات و لەو بارەیەوە هەردوولا رێکەوتن واژوو دەکەن لەسەر چۆنێتی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە.
لە کۆتایی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی سوید بۆ هەولێر، لە هەمانکاتدا بە مەبەست  کە ئەو پەنابەرانە هیچ مەترسییەک لەسەر ژیانیان نییە،  چاوی بە (بەدەل بەرواری) و چەند کەسێکی ئۆپۆزیسیۆنی نێو رێکخراوە مەدەنییەکانیش کەوت، تا وەکو بەڵگەیەک بیسەلمێنن کە مەترسی لە سەر ژیانی ئەو پەنابەرانەی نییە  لە حالەتێکدا ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ کوردستان.