مەحمود عەبدوڵڵا

https://www.facebook.com/profile.php?id=100024374461377


بەهای نیشتیمان لەسەردەمی پوچگەرایی دا

Saturday, 12.11.2021, 0:20

1656 بینراوە


"ئەوشتەی  ڕازیکەرە بە پێی پێویست ڕاست نییە-بەتەواوی ڕازیکەرە:یاداشتێک بۆکەرەکان" 

فردریک نیچە


لەمڕۆژانەدا، هەر کەسێک بەگوێرەی دونیابینی خۆی دەربارەی نیشتیمان و ئینتیما بۆنیشتیمان قسە دەکات، دیارە زۆرینەش بیرکردنەوەیان نەرێنیە، جگە لە گەندەڵکاران و ئەوانەی کە لەژێرناوی کوردایەتیدا هەموو بەهاکانیان ژێرپێ خست! 
بیرکردنەوەی نەرێنی دەربارەی نیشتیمان، لای هەموان یەک هۆکاری نییە بە واتایەکیتر پاساوەکان یەک نین، بەڵام دەرەنجامی دژەیەکی بیرنەکردنەوە و بیرکردنەوەن، چۆن؟ بیرکردنەوە: لەبەر ئەوەی خودی بیرکردنەوە وادەکات مرۆڤ نەتوانێت پێداگری لەسەربەهایەک بکات، چونکە وەک نیچە دەڵێت : گومانکردن لە بەهاکان پیرۆزییان لێدەسەنێتەوە، ئەمەش واتا بێ بەهابونی بەهاکان، واتا گەڕان بەدوای ڕاستیدا لەبەهایەکدا ئەمە هەڵەکەیە، بەها بۆئاسانکاری ژیانە نەک ڕاستی.لەبەر ئەم هۆیە نیچە دژی ئەقڵانیەتی مۆدێرن بوو، چونکە مرۆڤی مۆدێرن دوای گومانکردن لەبەهاکان، ناتوانێت بەها بخوڵقێنێتەوە. مرۆڤ دەگاتە ئەوبڕوایەی کەهیچ شتێک ڕاست نییە. بۆئەوەی شتێکمان لا پیرۆزبێت دەبێت نەشارەزابین دەربارەی ئەوشتە، بەکورتی تێگەیشتن مرۆڤ  والێدەکات نەتوانێت قوربانیبدات، خەبات بکات و ئامانجێکی هەبێت ...هەربۆیە ئەقڵ وەک یەکێک لەهۆکارەکانی پوچ گەرایی دێتە ئەژمار لای نیچە.بەڵام بیرنەکردنەوە ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت لەوە تێبگات کە بەها بۆ ئاسانکاری ژیانە نەک ڕاستی.ئەگەر ئێمە لەهەر بەهایەکدا بەدوای ڕاستیدا بگەڕێین ئەوا مەترسی ئەوەیە هەموو بەهایەک لەدەستبدەین، بە بەهای نیشتیمانپەروەریشەوە، دواجار کەمتەرخەمی سیاسی و بێ نیشتیمانی و گومانکردن لەهەموشتێک  ئیدی ئەم فەلسەفەیە ڕێگە خۆشدەکات بۆ قۆڵبڕی سیاسی و نیشتیمانفرۆشان تا بێنە پێشەوەو وڵات بەڕێوەببەن و سیاسەت بکەن..
نیشتیمان لەخۆیدا ئامانجێک نییە، بەڵکو ئامانجە بۆ ئامانجێکیتر، نیشتیمانپەروەری دواجار لەپێناو هاونیشتیمانیانی ئەم جوگرافیایەیە، بۆچی؟ چونکە نیشتیمان و خۆشەویستی نیشتیمان دەکرێت وەک بەهایەک سەیریبکەین کە بە پێچەوانەی بیروباوەڕەکان دەکرێت کۆمانبکاتەوە بۆ کاری پێکەوەیی و ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکی، خۆشەویستی نیشتیمان دواجار دەبێتە خۆشەویستی هاونیشتیمانیان، هەستکردن بە هاوچارەنوسی کە هۆکارێکی بەهێزە بۆ کۆکردنەوە مان لەدەوری ئامانجێکی هاوبەش و ئاسانکاری بۆژیان...ئاشکرایە کە کەسانی بیروڕا جیاواز ناتوانن پێکەوە کاربکەن بۆ ئامانجێکی هاوبەش؛ بەڵکو تەنها موجامەلە و خەڵەتاندنی یەکترە. بەڵام لەواقیعدا کاری هەرگروپێک نەفیکردنی ئەوانیترە هەرکەس هەوڵدەدات ویستی خۆی بکاتە دەستور.چەپ، ڕاست، دینی، لادینی کۆنەپارێز و... هتد، .بەڵام نیشتیمان هی هەموانە، کاتێک نیشتیمان ئازاد و ئاوەدان بێت تەنانەت ترسنۆک و تەمبەڵ و خۆپەرستەکانیش سرودی خوایە وەتەن ئاواکەی دەڵێنەوە...
مرۆڤ پێکەنینی دێت، ئەوانەی کە تادوێنێ هەر حیزبایەتیانکردووە، ئەوانەی  کە هەرگیز بیریان لەچاکەی گشتی نەکردۆتەوە، ئەوانەی دەڵێن کارمان بەسیاسەتەوە نییە، ئەوانەیشی کە هەرگیز خۆیان تێپەڕ نەکردووە و بیرکردنەوەیان بەرازانە بووە ٫هەتا ئەوانەشی کە جگە لە ئیش و کار ، ڕۆژێک بیریان لە چاکەی گشتی نەکردۆتەوە، دێن و پێمان دەڵێن :نیشتیمانی چی! وەک بڵێی نیشتیمان هەربۆئەوەیە تیایدا بلەوەڕێیت فرسەت حیزانە! نەخێر ئەوانەی نیشتیمانێکیان هەیە بیریانکردۆتەوە، شۆڕشیانکردوە، قوربانیانداوە، بەرپرسیاریەتییان قبوڵکردووە، بەرامبەر نەوەکانی داهاتوو ...وەک فۆیەرباخ دەڵێت:گەلێک نەتوانێ لەپێناو نەوەکانی داهاتو قوربانی بدات ناتوانێ شارستانیەت دروستبکات... بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان قوربانیدان و کردنە قوربانی، ئەوەی کوردایەتی ساختە بەسەرگەلی هێنا کردنە قوربانییە.
ئەوانەی واسەیری نیشتیمان دەکەن ئەگەر سەرۆکەکانیان نیشتیمانیشیان بۆ بفرۆشن بەمەرجێ موچەیان بدرێتێ گلەییەک ناکەن، چونکە هیچ بەهانەیەکیان نییە.لەڕاستیدا کۆمیدیتراژیدیترین قسە ئەوەیە کە دەڵێن :تورک بێت یافارس، یاعەرەب کێشەمان نییە گرنگ نانمان بداتێ. هەتا ئەڵێن:داگیرکەریش بێت ئەگەر باش بێت کێشە چییە، کێ حوکممان دەکات!!!ئەم قسانە واتای ئەوەیە ئێمە مێگەلین و شوانێکمان دەوێت و هیچیتر. ئەمە خۆ دۆڕاندنێکی گەورەیە، نەبونی دونیابینیە.بەڵام مرۆڤ بەبێ کتێب و خوێندنەوە و بیرکردنەوە هەر ئەوەی لێ چاوەڕێ دەکرێت. 
 کۆمەڵگایەکی نەخوێندەوارین . بەباوەڕی من، پەیوەندی لەنێوان نەمانی ئینتیما و پوچگەرایدا هەیە، بەڵام وەک فێڵێکی بەرگری دەرونی تاکەکان پاساوی لەچەشنی هەموی درۆیە، خەڵەتاندیانین، دەمانخەڵەتێنن دێننەوە، یان لەوانەیە مرۆڤ شەرم بکات ڕاستەوخۆ بڵێت من ناتوانم کارێک بکەم بۆ بەرژەوەندی گشتی، هەرشتێک ڕاستەوخۆ لەبەرژەوەندی من نەبێت بەهای نییە، چونکە ئەمە لەڕاستیدا دەچێتە خانەی نەبونی ئەخلاقی ئیجتیماعی.
بەڵێ خەڵەتاندیانین، بەڵام بۆچی توانیان بمان خەڵەتێنن، چونکە لەبنەڕەتەوە نەمان زانیوە بیربکەینەوە "خەڵەتاندن سەبارەت بە شتێکی نەناسراو ڕودەدات" نەمان ویستوەو ئێستاش نامانەوێت، چونکە ئەزانین بیرکردنەوە دەمانخاتە بەردەم پرسیارو بەرپرسیاییەتی گەورە، بەڵام ئەزانین دونیابینیمان لەوە بچوکترە. دەمانەوێت حکومەت بگۆڕین، بەڵام لە گۆڕینی خۆمان ئەترسین، ناتوانین بەشێوەیەکیتر بیربکەینەوە، چونکە کەرەستەی بیرکردنەوەمان نییە. بێ مەعریفەین .لەبنەڕەتدا ڕاکردن لەنیشتیمان ڕاکردنە لەبیرکردنەوە ڕاکردنە لەخۆمان خۆخەڵەتاندنە.
ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، بەرهەمی نانیشتیمان پەروەرییە.چونکە ئێمە لەجیاتی سیاسەت حیزبایەتیمانکردووە، لەجیاتی سەرقاڵبون بەدونیاوە کارمان بۆقیامەت کردووە، مرۆڤی قیامەتی کوا بیر لەنیشتیمان دەکاتەوە؟میللەتێک بەفەلسەفەی "دونیا پێنج و دوڕۆژێکە "و "سەرێک نەیەشێت مەیپێچە"بژیت، نیشتیمانی بۆچییە؟ کوا بیرکردنەوەو دونیابینیت، کوا فەلسەفەت بۆژیان تۆ هەروتوتە لەکوێ پسا لەوێی گرێدەوە، ئاخر تۆ، بەڵێ لەگەڵتۆمە ئەیکورد تۆ ئەقڵت لەگوێچکەدایە بیر ناکەیتەوە. ئەوترێت هەر مییلەتێک شتێک بخاتە پێش ئازادی هەموشت لەدەست ئەدات، تۆ تائێستاش ناتوانی درۆشمێکت هەبێت جگە لەنان، تۆ هەموشتێکت لەدەستداوە، بەنیشتیمانیشەوە. لەکۆتایدا مەسەلەکە هەرپەیوەست نییە بەنیشتیمان، بەڵکو کۆی بەهاکان، هاوڕێیەتی، ئەخلاق و هاوکاری و ئاین و مرۆڤایەیمان تێکەڵی دوڕوویی دەبێت.بەڵام لەوەدەچێت تاکەکان هێشتا لەوە دڵنیا نەبن کە هەندێک لەبەهاکان هێشتا بێ خاوەن نین هێشتا لانیکەم موکەبەرەکان دەتوانن بەرگری لەهەندێ بەها بکەن، چونکە هەیچ شتێک وەک نیشتیمان بێکەس نییە. 
بێگومان لەژێرکاریگەری هەندێ دەربڕینی ئەدەبیدا، هەرکەس ڕاستدەبێتەوە، تەنز ئامێزانە دەربارەی، نیشتیمان، شۆڕش، ئایدیۆلۆژیا و ... قسەدەکات.بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە بەرەو کوێمان دەبات؟ بێگومان بێچارەیی و قەیرانی زیاتر، ژیانمان ئاسانتر نابێت بە بیرنەکردنەوەو دەربڕینی بێزاری لەنیشتیمان، بەڵکو بە پێچەوانەوە. ئێمە دەمانەوێت دونیاکەمان بگۆڕێت، کەچی فەلسەفەی هیچ نەکردنمان کردۆتە ڕێبەری ژیانمان. دەی نیشتیمان و دەسەڵاتیش بە ئەندازەی بیرکردنوەکانی تۆ دەبێت. دەبێت بەجۆرێکیتر بیربکەینەوە .سەبارەت بەئایدیۆلۆژیا، شۆڕش، نیشتیمان، لەڕابردو دا و تائێستاش مرۆڤ بێبیروباوەڕ نەیتوانیوە کارێک بکات، بۆ میللەتی داگیرکراو و ژێردەستە نەبونی هیچ بیروباوەڕێک تەنها خزمەتی کۆیلایەتیەکەی دەکات. مرۆڤ نابێت ئەوەندە گەمژەبێت بەوەعزی هەندێ نوسەر لەسروشتی خۆی بێتەدەر. نمونەیەکی سادە دێنمەوە، بیلالی حەبەشی خوڕافەیەکی پێ باشتربو کەئازادی بکات، تا ڕاستیەک کەبیکاتە کۆیلە. مرۆڤ هەل و مەرجی هەیە، دەبێت بۆ ئامانجێک بەهایەک بخوڵقێنێت. بەکورتی ئەگەر ئێمە  تەنها لە ئەقڵانیەتدا بەدوای بەهادا بگەڕێین هیچمان دەستناکەوێت و دەستەپاچە دەبین لەبەرامبەر کێشەکاندا. نیچە لەسەردەمی خۆیدا باسی لەمەترسی پوچگەرایی دەکرد، پێشبینیەکەی ڕاستبو، ئەوەتا ئێمە دەبینین لەئێستایا بژی، تەنیا بیر لەخۆت بکەوە فەلسەفەی ژیانی زۆربەی خەڵکییە. بەڵام هەندێ نوسەری واعیز دێن ودەڵێن : هیچ مەکە و بیر لەهیچ مەکەرەوە ئەم ڕەواقیانە دەڵێن دەبێ مرۆڤ وەک کرم بێت و خۆی خڕبکاتەوە تا نەکەوێتە بەرپێیان! گوایە ئێمە لەهەموو شتێک تێگەیشتوین، پێمان وایە زۆر هۆشیارین بەبەراورد بەمرۆڤی پێشخۆمان دەزانین چی ڕاستەو چی هەڵەیە ئەم جۆرە مرۆڤە کە ناتوانێت ئامانجێکی هەبێت  و پێی وایە هەموست دەزانێت نیچە ناوینا دواین مرۆڤ دەیگوت:"دواین مرۆڤ سوکترین مرۆڤە"