چەند پرسیارێک لەمەڕ کەیسی مامۆستای زمانی کوردی زارا محەمەدی!

Sunday, 16/01/2022, 23:51

3076 بینراوە


بەر لە ھەر شتێک زیندانیکردن و گووشارەکانی ڕژیمی دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی مەحکوم و شەرمەزارە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و ڕووی ڕەشی ئەو رژیمە خوێنمژە بۆ ھەموان کە تۆزقاڵێک ئاگاداری ڕەوشی کورد و بە گشتی ئێران بن ئاشکرایە!
زارا محەمەدی لەگەڵ ئەوەی ھەوڵەکانی بۆ بیروباوەڕەکانی و ئەو ڕەنجەی داویەتی جێگای ڕێزە بەڵام کۆی گشتی کەیسەکەی و پشتگیریی بەردەوامی کاناڵە پێترۆ دۆلارەکانی دەسەڵاتی باشور لێی و کردنی بە ڕۆژەڤی گشتی گەلۆ مەبەستی تایبەتی لە پشتە یانخود بۆ شاردنەوەی تیرۆرکردنی چالاکوانی کورد ئەحمەد بێخەم ناسراو بە ھەڤاڵ کەژوانە کە لە ھەولێر تێرۆر کرا؟
باکگراوندی ئەم پرسیارە لە مێشکمدا چۆنە:
- ھەروەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێدا ئامانجی ئەم کۆمێنتە بە ھیچ شێوەیەک لێدان لە کەسایەتی زارا و بێنرخکردنی ھەوڵەکانی نیە بۆ زمانی دایکی، بەڵام ھەر بۆخۆم چەندین ئێن جی ئۆ و ڕێکخراو و ئەنجومەنی ئەدەبی دەناسم و  تەنانەت کەسانێکی زۆریش بەردەوام خەریکی پەروەردەی زمانی کوردیین و نە تەنیا دەستگیر نەکراون بەڵکوو زەمینەی ڕەخساندنی گەلێک کۆڕ و شەوی شێعر و زمانی کوردیشیان بۆ خۆشکراوە، بەڵام بۆ تەنیا زارا لەو پەیوەندییەدا حوکمدەدرێت و بەند دەکرێت؟ گولۆ چالاکی سیاسیشی ھەبووە، ئەمە بەڵکوو پارێزەرەکانی باشتر ئاگاداربن!
- ئەم ھەمووە پشتگیری و سەرمایە ڕاگەیاندنەی کاناڵەکانی بە دەرجەی یەکەم ڕووداو و ک ٢٤ کە ناسنامەکەیان بۆ کەس شاراوە نیە، لە ئەخلاقی پیشەی ڕاگەیاندنیانە(تا ئێستا من بۆخۆم بچووکترین ئەخلاقی پیشەییم لێ نەبینیون) یانخود چەواشەکردنی ڕۆژەڤەکانیترە کە باسکردنیان لە قازانجی سیاسەتە بەکرێگیراویەکەی پارتی دانیە؟
- لەم نێوەدا زۆرترین پشتگیری و شین و ڕۆڕۆ بۆ زارا لە حاڵێکدا دەبێ جێی شانازی بێت، بە دەرجەی یەکەم ئەندامانی حیزبی دێموکرات و سکرتێرەکانیان و ھاوفکرەکانیان دەیکەن لە حاڵێکدا لە بەرامبەر تیرۆری چالاکوانێکی سیاسی وەک ئەحمەد بێخەم بێدەنگن کە لە ڕاستیدا ئەمە دەبێ کاری یەکەمی ڕێکخراوی سیاسی بێت چ جای ئەوەیکە ڕێکخراوەکە خۆی بە خاوەن و یەکەمی ئەو بەشەی کوردستان بزانێ؟
(پێویستە ئاماژە بکەین کە تا ئێستا جیا لە پژاک ھیچ حیزبێکیتر خاوەنداری لە ئەحمەد بێخەم نەکردووە)!
- گەلۆ ھۆکاری سیاسیتر لە پشت کەیسەکەی زاراوە ھەیە؟ ئەگەر ھەیە بۆ دەشاردرێتەوە؟
- مامۆستا فەرزاد کەمانگەر مامۆستای زمانی کوردی بوو و یەکێک لە ھۆکارەکانیتریش ئەندامیەتی لە پەژاک بوو بەڵام تەنانەت مافی پارێزەر و پارێزوانیکردنیشی لە دادگا پێنەدرا ئایا بەراوردکردنی ئەمە لەگەڵ کەیسی زارا محەمەمەدی درووستە؟
لەگەڵ ئەوەی دەزانم لەو پەیوەندییەدا کەشێکی تەواو داخراو و مەسمووم لە ئارادایە و بەھۆی قودسیەتی مژارە نەتەوەییەکان مەجالی پرسیارکردن نیە !
نووسەر ئامانج مەقامی
فەیسبوک - واڵی (نووسەر)
https://www.facebook.com/amanc.meqami

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە