ناساندنی دەوڵەتی عێراق وەکوو تاوانکاری ئەنفاڵ و بوردۆمانی کیمیایی

Wednesday, 16/03/2022, 1:35

4463 بینراوە


کورد دەبێ داوا لە ڕێکخراوە جیهانییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمووی جیهانیان بکات کە دەوڵەتی عێراق وەکوو تاوانکاری ئەنفاڵ و بوردۆمانی کیمیایی و کارەسات و مەرگەساتی هەڵەبجە و تاوانکاری بە جێنوساید کردنی کوردی باشوور، بە فەرمی بناسێنن.
٭٭٭
عێراق نە وڵاتێکی دێموکراتیکە، نە دەستوور و یاسا و ڕێساکانی ئەوەندە دێموکراتیکە و نەیش دەسەڵاندارەکانی بڕوایەکیان بە دێموکراسی و دێموکراتیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ و سەربەخۆیی و سەروەری ملەتەکەیان هەیە.
لەو وڵاتە، ئێستا عەشیرەتەکان و گرووپە چەکدار و خاوەن هێزەکان کە بە سەر دەسەڵاتە زاڵن، بڕیاردەری سەرەکیین، 
هەر ئەوانەیش زۆربەیان گوێڕایەڵی دەرەکی و نا سەربەخۆ و گرێدراوی دەرەوەن.
عێراق بۆ کورد هەر ئەو عێراقەیە کە ١٨٠ هەزار کوردی ئەنفاڵ کردووە و پتر لە پێنج هەزار گوندی کوردستانی کاول کرد و دەیان کارەسات و مەرگەسات، لەوانە کیمیا باران و مەرگەساتی هەڵبجەی خۆڵقاندووە. 
٭٭٭
نەتەوەی کورد بە گشتیْ؛ نە ئەنفاڵکەران و نە خۆڵقێنەرانی مەرگەساتی هەڵەبجە و نە جێنوساند کەران و بکوژانی کوردی باشوور، دەبەخشێت و نەیش لە بیریان دەباتەوە.
مەگەر ئەو کوردانە کە لە بەر وەرگرتنی پۆڵ و پارە و بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و دەسەڵاتی بێ دەسەڵاتی پلە چەندمی حیزب و گرووپەکانیان نیوێک لە باشووریان فرۆشت و یا ئەوانەی کە ئێستا ئامادەن بۆ وەرگرتنی پۆستێکی دەوڵەتی عێراقی؛ کورد و نیشتمانی کورد، ئاوات و ئامانج و ئایەندەی تۆرەمە و نەسڵی داهاتوو و سەروەت و سامان و نەوت و گاز و داهات و هەرشتێ کە پێوەندی بە کوردەوە هەیە، بفرۆشن !
٭٭٭
کورد بۆچی بەو بڕیارەی دەزگاکانی ناوەند کە نەوت و گاز و کانگاکان لە کورد دەستێنێتەوە و هێز و دەسەڵاتی کوردی بچووک دەکاتەوە، پێی دڵخۆش و گەش دەبێ ؟ 
جا ئەگەر پاساو ئەوەیە دەسەڵاتی حیزبی کوردی گەندەڵە، دەی خۆ دەسەڵاتی ناوەند و دەسەڵاتداری بەغدا نشین سەد قات گەندەڵکارتر و نا سەر بەخۆترن،
و دوژمنایەتی ناوەند و ناوەند پارێزەکانی عەرەب نسبەت بە کورد هەزاران قات زۆرترە لە هەندێ لایەنی کوردی.
مەگەر ئەو شارانەی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر [ ٥١ لە ١٠٠ی خاکی کورد] کەوتەوە ژێردەسەڵاتی ناوەندی عەرەبی، چەندە لە شارەکانی هەرێم، پێشکەوتووتر و ئاوەدان تر کراون ؟
٭٭٭
کورد چۆن بە هاویشتنی مووشەک بە سەر شارە کوردییەکان لەوانە هەوڵێر دڵخۆش دەبێت، تەنیا بەو پاساوە کە ڕەخنە یان رقی لە دەسەڵاتدارانی کورد هەیە !
ئەگەر هەر کوردێ بە کاولکاری و بوردۆمانی کوردستان و مەرگەساتی هەڵەبجە و ئەنفاڵ و داگیرکردنی عەفرین و سرێکانی و گرێسپی و کەرکۆک و.... گەش ببێت، دەی چ جیاوازییەکی دەگەڵ دوژمنانی کورد هەیە ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە