سور لە تراژیدیایی زەرد و سەوز دا

Thursday, 24/03/2022, 21:23

11122 بینراوە


کۆمەڵێک بابەت هەیە مرۆڤایەتی لە پێناو ڕێکخستن و باشتر بەڕێوەبردن و سەرکەوتنی پڕۆسەکانی ژیان لەسەری ڕێکەوتون. بۆ نمونە لە بابەتی هاتوچۆدا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕووداوی هاتوچۆ و سەلامەتی زیاتر ترافیک داهێنراوە، بە پێی ڕەنگەکان و کارکردنی ڕەنگەکانی ترافیک، شۆفێر مۆڵەتی ڕۆیشتن یان وەستان و ئاگاداربوونەوەی هەیە. ڕەنگی سەوز هێمایە بۆ ڕۆیشتن و بەردەوامی، ڕەنگی زەرد ئاگاداربوونەوەیە بۆ وەستان، سوریش بەواتای وەستان و قەدەغەبوونی ڕۆیشتنە. سەرپێچی کردنی هەر هێمایەک جگە لەوەی پشێویی و بێ سیستمی و بێسەرەوبەرەیی لێدەکەوێتەوە، کارەساتی گیانی و ماددیشی بەدوادا دێت. 
لە بابەتی وەرزشیش دا لە پێناو دروست بوونی کەشێکی ئارام و سەرکەتنی ڕوحی وەرزشی و چێژوەرگرتن لەو کاتە دیاریکراوە هەمان سێ ڕەنگ لە پێناو سەرکەوتنی پڕۆسەی وەرزش دا بەکاردێت. هەرکاتێک وەرزشوانێک کارێکی نادروست ئەنجامبدات ناوبژیوان لە ڕێگەی کارتی زەردەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە لەسەر ڕەفتاری ناوەرزشی بەردەوام نەبێت، ئەگەربێت و وەزشوانێک ڕەفتارێکی نابەجێ ئەنجامبدات و کەشی برایەتی و ئارامی یاریگا تیکبدات ئەوە نابژیوان کارتی سوری بەڕوودا بەرز دەکاتەوە لە یاریکردن دەیوەستنێنت و دەیکاتە دەرەوەی یاریگا، تاکو ئەو ڕەفتارە نادروستەی یەک وەرزشوان تەواوی یاریکە تێکنەدات و گەمەکە بەردەوام بێت.
بەڵام گەر ئەو سێ ڕەنگە شیکارییەکی سیاسیانەی بۆ بکەین لەم هەرێمەی خۆمان دا، ئەوە نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوام لە پێکدادان دا بوون و بارێکی خراپ و ترسێنەریان بەسەر میللەت دا هێناوە. ئەو سێ ڕەنگە کە بۆ ڕێکخستن و باشترکرنی پڕۆسەکانی ژیانە، ئەوە لەم هەرێمە ڕێک کارەکانیان بە پێچەوانەوەیە. سەوزە (یەکێتی)، زەرد (پارتی) هیچ کاتێک ڕەنگی سور (خوێنی میللەت) ڕاینەگرتون. 
زەرد کە هێمای ئاگاداربوونەوەیە، ئەوە هیچ کاتێک پارتی ئاگاداری ئارامی و بەرژەوەندی میللەت و بژێوی و قوتی خەڵکی نەبووە، بەڵکو نەفرەتێکی گەورەش بووە لەسەر ئایندەی ئەم میللەتە جینۆسایدکراوە.
سەوز کە هێمای ڕێگەپێدان و بەردەوامییە، ئەوە هەرکاتێک میللەت بەردەوام بووبێت لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر و باشترکردنی ژیان و بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری...، ئەوە سەوز (یەکێتی) و زەرد (پارتی) پێکداهەڵپژاون و شەڕی گەرم و ساردیان ئەنجامداوە و زیندانەکانیان پڕکردوە لە لایەنگرانی یەکتر و دەنگی ئازاد و سەربەخۆیان کپکردۆتەوە و تاڵانی سەر و سامانی خەڵکیان کردوە و مافیایی و قاچاخچێتی گەورەیان بە خوێنی میللەتەوە ئەنجامداوە و ڕەنگی سوریان تێپەڕاندوە.
زەرد و سەوز کاتێک لە سوریان دا و تێیانپەڕاند و بە قەدەغەیان نەزانی و پشێویی و نائارامی و شەڕ و کوشتاریان نایەوە بە ناوی شۆڕش و نیشتیمان و دەوڵەت - نەتەوە و ئەخلاقەوە، بە خەڵکیشیان دەگوت: خوێنی ڕۆڵەکانتان بەفیڕۆ ناڕوات. ڕاستیان گوت، چونکە ڕژانی ئەو خوێنە دۆخێکی بۆیان دروستکردوە شەوی سوری پێ بەڕێدەکەن، یان بۆتە ئاوێک ئاشی کۆمپانیاکانی دەرمان و نەوت و باڕ و قومارخانەکانیان دەگێڕێت، میللەتی خاوەن ڕەنگی سوریش با لە شەوەوە سەرە بگرن بۆ موچەی خانەنشینی، با هەر ڕۆژە و خۆیان بۆ قەیرانێک ئامادە بکەن: گرانی بازاڕ و بەنزین و سوتەمەنی و نەبوونی کار و موچە و کارەبا و ئاو و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سەپاندنی باج و سەرانی زیاتر.
زەرد و سەوز، هەرگیز سڵیان لە سور نەکردۆتەوە، کە دەبوو ڕەنگی سور (خوێنی میللەت) ئەوانی بوەستانایە، کە دەبوو دەنگ و ڕەنگی سور، زەرد و سەوزی لە هەموو سەرپێچی و ناپاکی و قەدەغە شکاندنێک بوەستانایە، بەڵام ئەوان (زەرد - پارتی، سەوز - یەکێتی)هەرگیز باکیان بە خوێنی میللەت نەبووە، سڵیان نەکردۆتەوە لە کارتی سوری خەڵک، بەڵکو دەستی دوژمنیشیان ڕاکێشاوەتە ناو خاکی هەرێمەوە و سەروەری وڵاتیان هەڕاجکردوە و کارتی سوری خەڵکیشیان پێ تێپەڕاندون. نە سەوز کاری گەورەی کردووە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی و نە زەرد ئاگاداری ژیان و گوزەرانی خەڵک بووە و نە سور قیمەت و بایەخێکی هەبووە، سور هەمیشە ژێر پێ نراوە، سوکایەتی پێکراوە، کەرامەتی شکێندراوە، ژیانی بە ڕوومەتی لێسەندراوەتەوە، زەرد و سەوز تەنها بۆ دەستکەوتی کەسی و بنەماڵەیی و حیزبی بەکاریانهێناوە. لەبەرئەوە هیچ کاتێک سور شانازی بەخۆیەوە ناکات، چونکە داری ئازادی ئاونەداوە و هۆکارنەبووە بۆ گەورەبوونی میللەتەکەی. زەرد و سەوز بە سور مێژوویەکیان دروست کردوە میللەت شەرم دەکات تەماشای بکات. زەرد و سەوز هەموو ژیانی خەڵکیان کردۆتە تراژیدیا، هەموو ڕۆژێکی خەڵک کارەساتێکە، لە کارەساتێکەوە دەدرێتە دەست کارەساتێکی دیکە.
لە ڕاستیدا زەرد و سەوز بەهۆی چەردەسالارییەکانیانەوە هەمیشە ڕوو زەرد و ڕوو ڕەشی بەردەم میللەت بوون نەک ڕوو سور. لە کۆتایشدا دەڵێین: حەقیقەت ئەوەیە تەنها زەرد و سەوز نا، بەڵکو نیلی و شین و پرتەقاڵی و قاوەیی ..... نەفرەتی سەر گیانی سورن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە