فیز و لەخۆبایی مرۆڤ و تێنەگەیشتن لە ژیان

Tuesday, 31/05/2022, 8:51

3760 بینراوە


‎سێ بابەت ھەیەیە لە مێژودا، کە ڕەوتی شارستانیەتیان گەیاندۆتە ئێرە، چێژ ئەبینم لە باسکردن و خوێندنەوەیان، ئیش لەسەر غروریەتی مرۆڤ ئەکات، ئەوەی فرۆید پێی دەڵێ( ئید)، لە ھەندێک شوێن دەڵێن ( ئیگۆ)، سێ قۆناغی بە ئاگاھاتنەوەیە، بۆ مرۆڤایتی،کە خاوەن بیرۆکەکان ئەم سێ کەسە بوون (کۆپەر نیکۆس، چارلس داروین، سیگمۆند فرۆید).
‎ھەر یەکێک لەم کەسانە، دوچاری رەخنە بوونەتەوە، ئەکرێ ھەڵەو کەموکوڕی ھەبوو بێت لە تێزەکانیان، بەڵام ئەوەی زانست ھەڵیبژاردووە و بە بابەتی زانستی ناساندوێتی، پێرفێکت و بێ کەموکوڕیە، چونکە زانست ھەموو تیۆریەک شەن و کەو دەکات و دەیخاتە بەر کۆمەلێ پرسیار و رەخنەو گومان. لە دوای تێپەربوون و ناجیح بوون، ھەر خۆی ھەڵەکانی دادەماڵێت و ڕاستیەکانیشی وەک زانست دەناسێنێت، ھەر کەس زانست بە ھەڵە بخاتەوە زانست دژایەتی ناکا، بەڵکوو دەستخۆشی لێ دەکات، چونکە بابەتی زانستی گشتیە موڵکی ھەموومانە.
‎- یەکەم چەکووش کۆپەر نیکۆس وەشاندی دژ بە بت و فکرە دواکەوتووەکانی سەردەمی خۆی کە گوتی: خۆر بە دەوری زەویدا ناخولێتەوە پێچەوانەکەی ڕاستە. هەروەها خۆر لە زەوی گەورەترە و زەوی چەقی گەردوون نییە. ھاوسەردەمەکانی پێیان وابوو ئەمە لە شکۆی مرۆڤ کەم دەکاتەوە، بۆیە بیرۆکەکەی لە سەردەمی خۆیدا قبووڵ کراو نەبوو.
‎- دواتر چارلس داروین دەرکەوت کە پەردەی لەسەر بابەتێک لابرد و گوتی: ئێمە و ھەموو زیندەوەران لە یەک ڕەچەڵەکەوە ھاتووین، ئەم ئاژەڵ و سروشتە بۆ خزمەتی ئێمە دروست نەکراون، بەڵکوو ئێمەش لەگەل ئەوان دروست بووین. ئێمەش بەشێکین لە ئاژەڵ و ناوە زانستیەکەمان زیندەوەرە، ئێمە ئیڤۆلۆشنمان کردووە و بەردەوام لە ئیڤۆلۆشنداین.
‎خەڵکێکی زۆر دژایەتیان دەکرد، دەیان گوت کە داروین دەڵێ: مرۆڤ نەوەی مەیموونە، دووبارە ئەم فکرەیەی داروینیش بە زەحمەت ھەزم کرا و دژایەتیەکی زۆری کرا، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی کۆمەڵگەکانی خۆمان تا ئێستاش دژایتی دەکرێت، لە کاتێکدا لە خوێندنگەکاندا ئێمە لەسەر ئیڤۆلۆشن کار دەکەین، بەڵام بێ ئاگاین لێی، باوەڕمان بە مرۆڤی نێردەتاڵ ھەیە، بەلام بە ئیڤۆلۆشن نا!
‎ - دواتر سیگمۆند فرۆید ھات و گوتی: ئێمە نزیکەی لە سەدا ھەشتای کردار و ڕەفتارمان بە دەست خۆمان نیە، غەریزەکانمان کاریگەریان لەسەر ڕەوتی ژیانمان ھەیە، پاڵنەرن بۆ ژیان کردن، لە نەستمانەوە پەیاممان بۆ دێت و کاریگەری لەسەرمان ھەیە. کەسایەتیمان لە کلتور و کۆمەڵگە و چواردەورەوە داتاشراوە. بەتووندی دژایەتی کراو و چەندین ساڵ خۆی و بیرۆکەکانی پەراوێزخران، بەڵام دواتر تێزەکانی وەرگیران و کاریان لەسەر کرا.
‎ ئەم سێ بابەتە ئێستە بونەتە بابەتی زانستی، زانست ئیشیان لەسەر دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە پێمان وایە لە سەروو سروشتین، گەردوون بۆ خزمەتی ئێمە دروست کراوە، تا ئێستەش ناتوانین قبوولیان بکەین، مرۆڤ بە سروشتی خۆی زیاتر ئارەزووی لە ئافسانە و داستانە. ئەو ڕاستیانەی زانست بۆمان دەیدۆزێتەوە، ناتوانین باوەڕیان پێ بکەین، یاخۆ حەز ناکەین باوەڕ بکەین، لەبەرئەوەی لە کۆنەوە لەگەل خەیاڵات و خوڕافتداین.
‎بەڵام دەچینە قۆناغێکی نوێوە، لە جیاتی ئەوەی خۆمان لە کێشەکان و بەرپرسیارەتیەکان بشارینەوە ھەوڵی چارەسەر کردنیان دەدەین لە رێگەی زانستەوە، چونکە زانست خەبەرمان دەکاتەوە، ناتوانین جارێکی دیکە باوەر بەوە بکەین، زەویەکەمان لەسەر پشتی ماسیەک بێت، بەڵکوو بە ئاگاین زەویەکەمان لە گەردونێکی گەورەدایە و پێویستە هەموومان پێکەوە بیپارێزین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە