ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى چییه‌و بۆچى پێك هاتوه‌ و ده‌بێ چۆن كار بكات؟!

Friday, 06.17.2022, 0:23

1037 بینراوە


ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى پێك هاتوه‌ له‌ به‌رپرس و نوێنه‌رى چه‌ندین فه‌رمانگه‌ى هه‌ستیارو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و چه‌ندین لایه‌نى تر . كارى ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌  ئاگاداربون و به‌دواداچونى  كاروبارى  دامو ده‌زگانى حكومه‌ت و ڕێكخستن و به‌ڕێكردنى  كاروبارى هاولاتیان و پارێزگاری كردنه‌ له‌ موڵكو ماڵى گشتى و هاوڵاتیان .به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا حیزب حكومه‌تێكى تره‌ له‌ناو حكومه‌تدا و زۆرینه‌ى هه‌ره‌زۆرى  به‌رپرسى فرمانگه‌ گرنگ و ئه‌ساسیه‌كان له‌ حیزبى ده‌سه‌ڵالاتدارن ، كاروباره‌كان به‌ شێوه‌ى ئاسایی و یاسایی به‌ڕێوه‌ نابرێن و به‌زۆرى به‌ میزاجى شه‌خسى و به‌ فه‌رمانى به‌رپرسه‌ باڵاكانى  حیزب  به‌ڕیوه‌ده‌چن ، بۆیه‌ هه‌موو شتێك له‌ گرێژه‌نه‌ چوه‌و له‌ سه‌رسكه‌ى خۆى نه‌ماوه‌ . 
پرسیار : ئه‌گه‌ر به‌رپرسى ئه‌م فه‌رمانگانه‌ خۆیان كارى نایاسایی و سه‌رپێچیان كرد كێ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كات ؟. له‌ كاتێكدا  به‌ پێى یاسا هه‌موو كه‌س ده‌بێ لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت  له‌ كاتى ئه‌نجامدانى كارێكى نایاسایی و ڕێگا پێنه‌دراو . ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى هه‌مویان به‌رپرسیارن له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رپێچیانه‌ى له‌ شاره‌كه‌دا ده‌كرێن . ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌ن خۆشى سه‌رپیچى نه‌كردبێت ، نابێ بێده‌نگ بێت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌ندامێكى ترى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كارى نایاسایی كردوه‌ . 
ئه‌و سه‌رپیچیانه‌ى ئێستا له‌ناو شارى سلێمانیدا  ده‌كرێن دوو جۆرن : هه‌ندى سه‌ر پێچى ده‌كرێت  له‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌روى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌ . واته‌ له‌ لایه‌ن به‌رپرسانى باڵاى حیزبه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن . به‌ڵام له‌م حاڵه‌ته‌شدا  نابێ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى بێده‌نگبن. بۆ نمونه‌ : ماوه‌ى ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ناوى دژه‌ تیرۆره‌وه‌ به‌ هه‌زاران پارچه‌ زه‌وى به‌بێ ڕه‌ه‌زامه‌ندى و ئاگادارى شاره‌وانى  هه‌ر به‌ هه‌وایی ئیفڕاز كران و  دابه‌شكران . له‌لایه‌ن فرمانده‌كانى هێزه‌كانى 70 و به‌ناوى كه‌س و كارى شه‌هیدانه‌وه‌ به‌ هه‌زاران پارچه‌ زه‌وى به‌ هه‌مان شێوه‌ى دژه‌ تیرۆر دابه‌شكران و ته‌خشان و په‌خشان كران . له‌ ماوه‌ى چه‌ند ڕۆژى پێشوشدا له‌ لایه‌ن به‌رپرسێكى دژه‌ تیرۆره‌وه‌  له‌ دۆڵه‌ ڕوت ده‌ست گیراوه‌ به‌سه‌ر 14 دۆنم زه‌ویداو به‌ش به‌ش كراوه‌ .
 له‌م حاڵه‌تانه‌دا ده‌بێ ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى بێنه‌ سه‌رخه‌ت و كۆنگره‌ى ڕۆژنامه‌وانى  ئه‌نجام بده‌ن و ڕاى گشتى لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌و ناڕه‌زایی  ده‌ربِرن  ئه‌گه‌ر به‌ قسه‌یان نه‌كرا ، ده‌بێ هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ بكه‌ن . ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ن  شار به‌ره‌و وێران بون و داگیركارى ده‌ڕوات خۆشیان بێ بایه‌خ ده‌بن . 
به‌ڵام ئه‌وه‌ى مایه‌ى نیگه‌رانی و كاره‌ساتى گه‌وره‌یه‌ بایی ملیۆنان دۆلار موڵكى گشتى  له‌ لایه‌ن  شاره‌وانى و فه‌رمانگه‌ى وه‌به‌رهێنانى سلێمانیه‌وه‌  به‌ خۆڕایی و له‌ به‌رامبه‌ر هیچدا به‌میزاجى خۆیان  یان به‌ فه‌رمانى به‌رپرسانى حیزبى باڵا ته‌خشان و په‌خشانكراوه‌ ، له‌ كاتێكدا ئه‌مانه‌ خۆیان به‌رپرسیارن وده‌بێ خۆیان ڕێگربن له‌به‌رامبه‌ر به‌هه‌ده‌ردانى موڵكو ماڵى  گشتیدا .
 ئه‌ى ده‌بێ كێ لێپرسینه‌وه‌ له‌مانه‌ بكات و بیانداته‌ دادگا . ده‌ست درێژیه‌كان  ئه‌وه‌نده‌ زرن  له‌سه‌ر موڵكو ماڵى گشتى ، میدیاكان به‌ زه‌حمه‌ت فریاى بڵاوكردنه‌وه‌و به‌دواداچۆن ده‌كه‌ون . له‌ ئێستادا شارى سلێمانى له‌به‌رده‌م مه‌ترسى داگیركارییه‌كى زۆر گه‌وره‌دایه‌و ئه‌گه‌ر كار هه‌ر ئاوا بڕوات ، هیچ ئه‌رزێكى به‌تاڵ  له‌ناو شاردا نامێنێت .
سه‌رنج بده‌ن : شوێنى مه‌سڵه‌حه‌ى كۆن  كه‌ بڕیار وابوه‌ بكرێته‌ باخچه‌ ، ئێستا ده‌كرێته‌ باڵه‌خانه‌ى نیشته‌جێبون كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌ڕاستى گه‌ڕه‌كى نیشته‌ جێبونه‌وه‌ ، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ به‌ پێی یاسا  قه‌ده‌غه‌یه‌و نابێت . له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌یان  ڕێگا پیدراوه‌ تا باڵ‌خانه‌ى 35 نهومى دروست بكرێت ، به‌ڵام  ڕێگا ناده‌ن  به‌شى پشته‌وه‌ى شه‌قامى ساڵم ، واته‌ شوێنى خانوه‌كه‌ى حه‌مه‌ى فه‌ره‌جى ڕه‌حمه‌تى بكرێته‌ باڵه‌خانه‌ى نیشته‌جێبون چونكه‌ به‌رزتر ده‌بن له‌ بیناى مه‌ڵبه‌ند. ئه‌مه‌یه‌ بانێكه‌و دوو هه‌وا .  دیاره‌ باڵه‌خانه‌كانى شوێنى مه‌سڵه‌حه‌ى كۆن حیزب تێیدا شه‌ریكه‌و ئه‌وه‌ هى خۆیانه‌ . 
 به‌نزینخانه‌ى چاڵه‌كه‌ى دووڕیانى سه‌رچنار كه‌ بڕیار وابوه‌ بكرێته‌ باخچه‌ ئێستا ده‌كرێته‌ تاوه‌رى نیشته‌جێبون و كارى تێدا ده‌كرێت . ساڵى 2009 له‌سه‌ر داواى پارێزگاى سلێمانى فه‌رمانگه‌ى كشتوكاڵ 140 دۆنم زه‌وى پێ داون بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌ن  به‌ یاریگاى تۆپى پێی نێو ده‌وڵه‌تى . به‌ڵام  به‌ بڕیارى توانا كه‌مال  سه‌رۆكى پیشوى شاره‌وانى سلێمانى  ئه‌رزه‌كه‌ كرا به‌ شوێنى نیشته‌ جێبون و پارچه‌ پارچه‌ كرا . 
له‌ هه‌مووى سه‌یرتر ئه‌وه‌بو زۆر خه‌ڵك و لایه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌  هاتنه‌ ده‌نگ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌نگى لێوه‌ نه‌هات  پارێزگارو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى بوون .   له‌ پردى كۆبانى به‌ره‌و هه‌وارى شار ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌رى  شه‌قامه‌كه‌ هه‌مووى له‌ لایه‌ن  بنه‌ماڵه‌ى حوكمڕانه‌وه‌ داگیر كراوه‌ كه‌ بایی ده‌یان ملیۆن دۆلاره‌ . پشتى كۆلیجى سه‌لاحه‌دینى ئه‌یوبى و  په‌یمانگاى  په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشى  كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌نوه‌ر شێخه‌ له‌ خواره‌وه‌و مه‌كته‌به‌كانى یه‌كێتى لاى سه‌ره‌وه‌ ، ئێستا به‌ناوى وه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌هلى باشوور .
 ئاخر خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌هلى چ په‌یوه‌ندى  به‌ وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ بایی 12 ملیۆن دۆلار زه‌وى پی َبده‌ى ؟. له‌ نێوان شوقه‌كانى  گاردن ستی و به‌نزینخانه‌ى هه‌ڵگورد له‌سه‌ر شه‌قامى 60 مه‌ترى  زه‌وییه‌كى به‌تاڵ هه‌بوو ئێستا پێشى به‌له‌وح گیراوه‌و ئه‌وه‌ش به‌تاڵان دراوه‌ . له‌ نێوان هۆتێل تایتانێك و خه‌سته‌خانه‌ى هه‌رێمدا له‌سه‌ر شه‌قامى 60 مه‌ترى  بایی چه‌ندین ملیۆن دۆلار زه‌وى براوه‌و به‌نزینخانه‌و پیشانگاى ئوتومبیل و دوكانى فه‌ڕش فرۆشتنى  لێ دروست كراوه‌ .  له‌ هه‌فته‌ى داهاتوشدا له‌ بنارى گۆیژه‌  ده‌ستكرا به‌ ده‌رهێنان و له‌ناو بردنى سه‌دان دره‌خت بۆ ئه‌وه‌ى شوقه‌ى نیشته‌جێبون له‌ شوێنى دره‌خته‌كان دروست بكرێت كه‌ بایی چه‌ندین ملیۆن دۆلاره‌ . تازه‌ترین تاڵانى پێدانى نزیكه‌ى دوو دۆنم زه‌وى  له‌سه‌ر شه‌قامى 60 مه‌ترى نزیك هۆتێل تایه‌تانێك  به‌ناوى وه‌به‌ر هێنانه‌وه‌  كه‌ بای 14 ملیۆن دۆلاره‌  دراوه‌ به‌ كوڕى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بۆ دروستكردنى ریِستۆرانت و كافى َ .
 ئاخر  پێدانى بای 14 ملیۆن دۆلار زه‌وى  بۆدروست كرۆدنى ڕیستۆرانت بۆ فرۆشتنى شله‌و برنج ز قاوه‌ ، چ جۆرێكه‌ له‌ وه‌به‌رهێنان ؟. یان ئه‌مه‌ ڕێگایه‌كه‌ بۆ  ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى خه‌ڵكه‌ له‌سه‌ر موڵكى گشتى ؟.هه‌ر شوێنى هۆتێل تایتانیك خۆشى كه‌ بایی چه‌ندین ملیۆن دۆلاره‌ هه‌ر ئاوا به‌ تاڵان دراوه‌ . 
  خاوه‌ن پرۆژه‌ پاچى له‌ ئه‌رز نه‌داوه‌ بوه‌ به‌ خاوه‌نى 14 ملیۆن دۆلار . ئه‌مانه‌ پرۆِژه‌ى وه‌به‌رهێنان نین و  له‌  بنه‌ڕه‌تدا پرۆژه‌ن  بۆ دزینى موڵكى گشتى . پار ساڵیش كۆمه‌ڵێك دزوو جه‌رده‌ سنه‌وبه‌ره‌كانى سه‌ر شه‌قامى ڕاپه‌ڕێن تاسڵوجه‌یان سوتاند بۆ ئه‌وه‌ى شوینه‌كان بۆ مه‌به‌ستى بازرگانى به‌كار بهێنن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ ناسراویش بون ، به‌ڵام چونكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نزیك بون ، كه‌سیان  نه‌گرت . به‌ هه‌مان شێوه‌ش پار ساڵ ئاگرله‌ بنارى گۆیژه‌ كه‌وته‌وه‌  ئێستا ئه‌وه‌ش هه‌ر گومانى له‌سه‌ره‌ . 
هه‌موو ئه‌و زیاده‌ ڕه‌ویانه‌ بۆسه‌ر موڵكى گشتى و به‌تاڵان بردنیان  له‌ ڕێگاى شاره‌وانى سلێمانى و فه‌رمانگه‌ى به‌ناو وه‌به‌رهێنانه‌وه‌  ڕێگایان پێدراوه‌و به‌ ئێمزاو  ڕه‌زامه‌ندى ئه‌وان ئه‌نجامدراون . كاتێك خه‌به‌رى پێدانى  نزیكه‌ى 2 دۆنم زه‌وى به‌كوڕى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بڵاو بۆوه‌ ، به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى  به‌ناو وه‌به‌ر هێنان  عه‌زیز سه‌عید   له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆِژنامه‌وانیدا  ده‌ڵێت : 
هه‌ممو كه‌سێك مافى خۆیه‌تى ئه‌گه‌ر پاره‌ى هه‌بوو  داواى زه‌وى بكات بۆ مه‌به‌ستى وه‌رهێنان ئه‌گه‌ر به‌رپرس بێت یان كه‌سى ئاسایی . باشه‌ كوڕى وه‌زیر پاره‌ى بۆ چییه‌ بۆ وه‌به‌ر هێنان ، ئه‌وه‌ نییه‌ تۆخۆت بایی 14 ملیۆن دۆلار زه‌ویت به‌ خۆڕایی پیداوه‌ ؟.   سه‌یرى ئه‌م پاساوه‌ بێ ماناو گاڵته‌جاریه‌ى ئه‌م ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیه‌ بكه‌ن و بیرى لێ بكه‌نه‌وه‌ . باشه‌ منیش پاره‌م هه‌یه‌و به‌یانى دیم داواى یه‌ك دۆنم زه‌وى له‌و شوێنه‌ ده‌كه‌م  ئاماده‌یه‌ پێم بدات ؟.  ئاخر هه‌مو ئه‌و زه‌ویانه‌ى باسمكردن له‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ به‌تاڵان دراون ، فه‌رمون وه‌رن پێم بڵێن له‌ كه‌سانى حیزبى و نزیكه‌كانى خۆیان به‌ولاوه‌ ، كه‌سێكى ئاسایی بێ لایه‌نى تێدایه‌ ؟.  
له‌ كاتێكدا كه‌سێك خۆى موڵك و ماڵى گشتى به‌تاڵان بدات ، چۆن ده‌كرێت ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانی بێت كه‌ ده‌بێ به‌رگرى له‌ موڵك و ماڵى گشتى بكات . وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان تاكه‌ ڕێگایه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبون له‌ سه‌رحسابى گشتى  . وه‌به‌رهێنان به‌ ماناى دروستكردنى پڕۆژه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانى  مریشك و هێلكه‌و خه‌یارو ته‌ماته‌و دروستكردنى كارگه‌یه‌كى شه‌ربه‌ت  یان بلۆك یان كه‌ره‌سته‌ى ترى خانوو  یان كاڵایه‌كى تر كه‌ هه‌م به‌رهه‌مى ناوخۆیی زیاد بكات و خه‌ڵكیش كار له‌و پڕژانه‌دا بكات .
 نه‌ك بایی ملیۆنان دۆلار زه‌وى بده‌یته‌ كه‌سێك خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌هلى له‌سه‌ر دروست بكات و گیرفانى خه‌ڵك به‌تاڵ بكه‌نه‌وه‌ . یان ڕیستۆرانت دروست بكات و  برنج و شله‌ى تێدا بفرۆشن . با ئه‌وه‌ى ڕیستۆرانت  ده‌كاته‌وه‌ خۆى بچێت شوێن بۆخۆى په‌یدا بكات . ئه‌وه‌ى خه‌سته‌خانه‌ى ئه‌هلى ده‌كاته‌وه‌  خۆى بچێت زه‌وى بكڕێت ، نه‌ك له‌سه‌ر حسابى موڵكى گشتى بكرێنه‌ ملیۆنێرو دوایی پۆز به‌سه‌ر خه‌ڵكدا لێده‌ن .
 به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ته‌ندروستى سلێمانى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانییه‌  به‌ڵام خۆى سه‌رپێچى كردوه‌و حه‌قى ئه‌وه‌یه‌ پرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت . له‌ كاتێكدا خه‌سته‌خانه‌ى شار  له‌ شوێنێكى زۆر خراپ دروست كراوه‌ ، ئه‌گه‌ر ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بیر له‌ فراوانبونى بكرێته‌وه‌  زه‌وى به‌تاڵى زۆر كه‌م هه‌یه‌ .  به‌ڵام ته‌نها هه‌ندێك زه‌وى به‌تاَلأ  له‌ناو دڵى خه‌سته‌خانه‌كه‌دا  هه‌بوو  ڕێگاى داوه‌ بكرێته‌ گه‌راجى سه‌یاره‌ . ڕاوه‌ستانى سه‌یاره‌ بۆ 10 ده‌قیقه‌ش بێت 1500 دیناره‌ . به‌شى پێشه‌وه‌شى  كراوه‌ به‌دوكان بۆ چایخانه‌و شوێنى فرۆشتنى خواردن . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ى كردویه‌تى  بۆ به‌ده‌ستهێنانى  داهاته‌ بۆ خه‌سته‌خانه‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ڕاوه‌ستانى سه‌یاره‌یه‌ ، ئه‌مانه‌ ئیشى ئه‌و نین و هیچ گومانم نییه‌ ئه‌مه‌ بۆكه‌سێكى به‌رپرسى گه‌وره‌ كراوه‌و ئه‌میش ئاانكارى بۆ كردوه‌ . 
ئه‌وه‌تا فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ په‌ڕله‌مانى  عێراق ده‌ڵێن : ئێمه‌ ده‌رمانمان بۆسلێمانى په‌یدا كردوه‌  به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رى  ته‌ندروستى سلێمانى  نایه‌ت وه‌رى بگرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رمانى كۆمپانیاكانى حیزب بفرۆشرێن . له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ده‌ڵێن : ده‌رمانى كوالیتى خراپ به‌ نرخى هه‌رزان بۆ خه‌سته‌خانه‌ى هیواى كڕاوه‌ . تا ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رى  ته‌ندروستى سلێمانى وه‌ڵامێكى واى نه‌بوه‌  كه‌ خه‌ڵك بڕواى پێ بكات . كه‌واته‌ چۆن ده‌بێت كه‌سێكى ئاوا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى بێت ؟.  
ئه‌وه‌ى نه‌ت بیستوه‌و نه‌ت دیوه‌ له‌م شاره‌ى ئێمه‌دا ده‌یبینى . فه‌رمانگه‌ى  گشتى ڕۆشنبیرى  سلێمانى زه‌وییه‌كى به‌تاڵى هه‌بوه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كه‌ . له‌ برى ئه‌وه‌ى بیر بكه‌نه‌وه‌ له‌ دوا ڕۆژدا بیكه‌نه‌ هۆڵى سینه‌ماو شوینى  ئه‌نجامدانى چالاكى ڕۆشنبیرى ، داویانه‌  به‌ موساته‌حه‌ به‌ سه‌رمایه‌دارێك . ئه‌ى نابێت لایه‌نێك هه‌بێت لێی بپرسێته‌وه‌  بۆچى و به‌چ حه‌قێك ئه‌مه‌تان كرد ؟.  ساحه‌یه‌كى تۆپى پێ هه‌یه‌ له‌ نێوان به‌نزینخانه‌ى ئاشتى له‌ دووڕیانى  سه‌رچنار له‌ نێوان به‌نزینخانه‌ى ئاشتى  و مزگه‌وتى  حاجى ئه‌حمه‌د  ئه‌و ساحه‌یه‌ى پرسه‌ى خوالێخۆشبوو مامجه‌لالى تێدابو ، به‌شى لاى سه‌ره‌وه‌ى ساحه‌كه‌ به‌له‌وح جیاكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌نه‌ به‌نزینخانه‌و دوكان .  ئاخر كه‌ تۆ ساحه‌ى یاریكردنت  نه‌ما ، یانه‌ى وه‌رزشیه‌كه‌ت  چ مانایه‌كى ده‌مێنێت .  ئێستا هه‌رچى هه‌یه‌ ڕوى كردۆته‌ داگیر كردنى زه‌وى به‌ناوى وه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌مڕۆ نان له‌ زه‌ویدایه‌ . كۆتا سه‌رنجم :
1-له‌ كاتێكدا ئه‌م هه‌موو داگیركاریه‌ى سه‌رموڵكو ماڵى گشتى هه‌یه‌ و ئه‌و هه‌موو كاره‌ نایاساییانه‌ ئه‌نجامده‌درێت  نه‌ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نى پارێزگا هیچ ڕۆڵێكیان نیه‌و وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌ر نه‌بن  . هه‌ر ده‌ڵێی ئه‌وه‌ى له‌م شاره‌ ڕوده‌دات كه‌م تا زۆر په‌یوه‌ندى به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نییه‌ . له‌ كاتێكدا له‌ هه‌مو پارێزگاكانى ترى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیش پارێزگار ڕۆڵى به‌رچاوى هه‌یه‌ . 
 دیاره‌ هه‌مومان ده‌زانین  پارێزگار له‌ حیزبى قائید نییه‌و له‌ دایكه‌ زڕه‌كه‌یه‌و ناتوانێت  ڕۆڵى خۆى وه‌كو پارێزگار ببێنێت چونكه‌ ڕێگاى پێناده‌ن . به‌ڵام ئه‌گه‌ر من له‌ جێگاى ئه‌وبم ، یه‌كسه‌ر ده‌ست له‌كار ده‌كێشمه‌وه‌ . ئه‌وه‌تا هه‌موو موڵكى گشتى داگیركراو دنیا هاته‌ ده‌نگ ، چۆن ده‌بێ پارێزگارو ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ئاوا بیده‌نگ بن . چۆن ده‌بێ ڕێگا بده‌ن ئه‌و زه‌ویه‌ى خۆیان داویان كردوه‌ بۆ یاریگا ، داگیرى بكه‌ن . كه‌واته‌ با  لێم عاجز نه‌بن و قسه‌كه‌ هى خۆمان بێت و له‌ به‌ینمان ده‌رنه‌چێت ، ئه‌وانیش وه‌كو  موچه‌خۆرى بندیوار وان . 
2-ئه‌و ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانیه‌ى ئێستا هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ى خۆیان سه‌رچاوه‌ى كێشه‌ن و ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌وان كارى نایاسایی و سه‌رپێچى و زیاده‌ ڕه‌وى و موڵك و ماڵى گشتى به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رچاوه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان نین . كێشه‌كان زیاتر په‌یوه‌ندییان  به‌ زه‌وى زاره‌وه‌ هه‌یه‌ . زه‌وى زاریش له‌ ڕێگاى شاره‌وانى و وه‌به‌رهێناوه‌ ئیداره‌ ده‌درێت . ئه‌و دوو لایه‌نه‌ش  زیاتر پابه‌ندن به‌ حیزبه‌وه‌و فه‌رمانى ئه‌وان جێ به‌جێ ده‌كه‌ن . باشه‌ كێ به‌رپرسیاره‌ له‌ چاككردنى  ڕێگاوبانى ناو گه‌ڕه‌كه‌كانى سلێمانى ، ناوجه‌رگه‌ى شار ، شه‌قامى یه‌ختیارى كه‌ به‌ جاده‌ى پۆزه‌كه‌  به‌ناوبانگه‌ ، مرۆڤ شه‌رم ده‌كات كه‌ به‌و شه‌قامانه‌دا گوزه‌ر ده‌كات  . هه‌موى بۆته‌ چاڵ و چۆَلأ و شۆسته‌كان هه‌موو بونه‌ قاڵدرمه‌و به‌رده‌مى هه‌ر دوكانێك  به‌ جۆرێك كاشى كراوه‌ .  نێوان كارێزه‌ وشك و پاركى ئازادى كیلۆمه‌ترێك كه‌متره‌ . له‌زه‌مانى  به‌عسدا بڕیار وابوه‌  بكرێته‌ دوو ساید .  قه‌ره‌بوى هه‌موو ئه‌و ماڵ و دوكانانه‌  كراونه‌وه‌ كه‌به‌ر  شه‌قامه‌كه‌ ده‌كه‌ون به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ فریانه‌كه‌وتن بۆمان بكه‌ن .
 خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بونایه‌ شه‌قامى 60 مه‌تریشمان نه‌ده‌بوو . ئه‌وه‌ ماوه‌ى 31 ساڵى حوكمڕانى یه‌كێتییه‌ له‌م شاره‌دا تا ئێستا نه‌تونراوه‌ ئه‌و كیلۆمه‌تره‌ بكرێته‌ دوو ساید . به‌ڵام هه‌ر دوێنى شاره‌وانى و وه‌به‌ر هێنان  بایی 14 ملیۆن دۆلار زه‌وى ده‌ده‌ن به‌ كوڕى وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ كه‌ بیكاته‌ چێشتخانه‌ برنج و شله‌ى تێدا لێ بنین و ئه‌مه‌ ناو بنێن وه‌به‌رهێنان . له‌ به‌رى ئه‌وه‌ى بایی سه‌دان ملیۆن دۆلار زه‌وى به‌ خۆڕایی  ببه‌خشن به‌ناوى وه‌به‌رهێناوه‌  ، بۆچى لانى كه‌م نێوه‌ى ئه‌و زه‌ویانه‌ به‌ پاره‌ نافرۆشن و  ڕێگاو بانه‌كانى پێ چاك ناكه‌ن و ناو شارى پێ جوان ناكه‌ن ، باشه‌ كێ ڕێگاى لێگرتون و بۆچى ئه‌وه‌ ناكه‌ن ؟. 
بایی 100 ملیۆن دۆلار هه‌ر له‌ نزیكى كارێزه‌ وشك زه‌وى به‌تاڵان دراوه‌و ئه‌وه‌ش حاڵى ڕێگاو بانه‌كانى شارمانه‌ . كه‌واته‌ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ بون و نه‌بونى له‌ چیدایه‌و بۆچى ببێت؟. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ ژماره‌یان زۆره‌ نزیكه‌ى 13 كه‌سن . هه‌فته‌ى جارێك كۆ ده‌بنه‌وه‌ . كه‌م جار هه‌یه‌ هه‌مویان ئاماده‌بن و هه‌ندێكیان  هه‌ر په‌یوه‌ندیان به‌ هیچه‌وه‌ نییه‌.له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌به‌ر زۆرى ژماره‌یان كاریان له‌به‌ر ناڕوات و  هه‌ر یه‌كه‌ى دوو قسه‌ بكات  سه‌عاتێكى ده‌وێت . بۆیه‌ من پێشنیار ده‌كه‌م :
له‌ برى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى  ئه‌نجومه‌نێكى تر هه‌بێت  كه‌ له‌ 5 كه‌س پێك بێـت  كه‌ یه‌كێكیان  نوێنه‌رى  داواكارى شگشتى بێت .  ئه‌مانه‌ هیچ كارێكى تریان نه‌بێت و تایبه‌ت بن به‌م لیژنه‌یه‌ . واته‌ به‌رپرسى هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك نه‌بن . كارى ئه‌مانه‌ به‌دواداچون لێپرسینه‌وه‌ بێت له‌ سه‌رپیچیه‌كان و زیاده‌ ڕه‌ویه‌كان و ئاگاداركردنه‌وه‌ى سه‌رپێچى كه‌ران كه‌سیش بۆى نه‌بێت ده‌ست بهێنێته‌ ڕێگایان . واته‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و خاوه‌ن برشیاریش بن . ده‌بێ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكى وابێت  كه‌ پرسینه‌وه‌ له‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى و وه‌به‌رهێنان و به‌ڕێوه‌به‌رى  گشتى كشتوكاڵ و گشت سه‌رۆكى فه‌رمانگه‌كانى تربكات . ئاخر چۆن ده‌بێت و ده‌گونجێت  زۆرترین سه‌رپێچى و زیاده‌ڕه‌وى له‌ لایه‌ن شاره‌وانى و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ بكرێت و خۆشیان ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى بن وخاوه‌ن بڕیاریش بن ؟.