ڕۆژئاوای کوردستان: لە نێوان گەمەی تورکیا، ئێران و ڕووسیا

Monday, 29/08/2022, 16:29

5020 بینراوە


 ڕووداوەکان لەسەر ئاستی جیهانییدا کاتێک دەبنە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی هێزی زلهێزەکانی جیهان، ئەوجا مەترسی لەسەر پێگەی حکومەتەکان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرۆکەکانیان،هەتا دەگات بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن و میلیشیا چەکدارەکان لە جیهانی سێیەمدا بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست دەبێت،لەبەر ئەوەی هەموویان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و کورسییەکان یان مانەوەیان،بەسەر بەرەی جیاوازدا لەسەر ئاستی جیهاندا دابەشبوونە،ئەو گۆڕانکارییانەی لە داهاتوودا لە هاوکێشەی هێزدا دروست دەبێت،لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندا نییە و گشتیان لەژێر ڕەحمەتی بڕاوەدا دەمێنەوە،ئەوان بڕیار بەدەستی چارەنووسی خۆیان و سنووری دەسەڵاتیان دەبن،لە ئەنجامدا چاوەڕوانی گۆڕینی نەخشەی جوگرافیای وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەگەرێکی بەهێزە کە ڕوو دەدات،وەک لە کۆتایی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا جووڵانەوەی کوردییان لە چوار پارچەی کوردستاندا خامۆش کرد و کوردستان - یان دابەشکردوو لە کاتێکدا جووڵانەوەکانی ئەو کاتیش ئەمڕۆ ئاوا خۆیان لە بەرەی زلهێزێکی ناوچەیی یان جیهانیدا ساغ کردبووە.
لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا تورکیا پێداگری لە سەر پێویستیی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکات،چونکە بە گوتەی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە هێزە کوردییەکانی سووریا سەر بە پەکەکەن و بە هەڕەشەی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ سەر تورکیا دێنە هەژمار.سەرەڕای هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا ئێستا ئەم هێرشە بە هۆی دژایەتیی ئەمریکا و ڕووسیا کە ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی "پەیەدە" و "هەسەدە" ڕووی نەداوە."ئەردۆغان" لە سەردانەکەیدا بۆ ڕووسیا داوای گڵۆپی سەوزی لە مۆسکۆ کرد،لە کۆبوونەوەی چەند ڕۆژ پێش ئێستای نێوان "ڤلادیمیر پووتین" و "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"دا،سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم بابەتەی ورووژاند و هەوڵیدا ڕەزامەندیی ڕووسیا وەربگرێت سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.ئەردۆغان دەیەوێت بە ملیۆنان پەنابەری سووری کە لە تورکیا دەژین بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکەیان،بە دووری مەزانن ئەردۆغان داوای جددی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین بکات،دژایەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە نەکات کە بڕیارە لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکان ئەنجامی بدات.
سوپای داگیرکەری تورک دەیەوە دووبارە بەشێکی تر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگای هێرشی سەربازییەوە داگیر بکات.تورکیا بەکەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دۆخی ناوخۆیی سووریا دەوەیت درێژە بە داگیرکەرییەکانی خۆی بدات بۆ گەورە کردنەوەی قەڵەمڕەوی نەخشەی جوگرافیایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەست بە سەردا گرتنی سەرچاوەکانی ئابووری.لە کاتێکدا هەموو کۆمەڵگەی جیهانی سەرقاڵی شەڕی ئۆکراینایە،ئەردۆغان باش دەزانێت کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتە چۆن بە قازانجی خۆی بقۆزێتەوە و لە هەوڵی داگیرکەری نوێدایە.هەرچەندە نەخشەی هێرشێکی لەو شێوەیە بۆ سەر سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای دروستبوونی قەیرانی مرۆڤی و لاوازبوونی بەرەی شەڕی دژ بە داعش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی دەبێت.ماوەی دوو هەفتەیە تەواویی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی تورکیا و نزیک لە پارتی داد و گەشەپێدان سەرقاڵی ئامادەکردنی بیروڕای گشتی خەڵکی تورکییە نە بۆ ڕەوایەت پێدان بە هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی پەیەدە و هەسەدە و شەڕڤانانی کورد.چاپەمەنییەکانی تورکیا بە تینوو تاوێکی زۆرەوە سەرقاڵی پیشاندانی نەخشەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی مەهەپە (حیزبی نەتەوە پەرستی)تورکیایەن و دروشمەکانی ئەو پارتە توندڕەوەن،کە دەبێتە هاوڕێ و هاوپەیمانی ستراتیژێکی ئاکپارتی لەو چەند ساڵەی دواییدا.پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوە پەرە سیتی تورکیا لەو چەند ساڵەی دواییدا بوونەتە هاوبەشی ستراتیژی و قامکەکانیان بە نیشانەی هێمای گورگە بۆرەکان لەبەردەم کامێرای وێنەگران بەرز کردووەتەوە و هاوار دەکەن؛ هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان،پێویستییەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا.چەند ڕۆژ پێش سەفەرەکەی ئەردۆغان بۆ شاری تاران و بەشداری لە کۆبوونەوەی لووتکەی سێ قۆڵی ئەستانا هاوکات لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا،ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا،لەناو ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی پێ کردبوو،کە دەبێت ئۆپەراسیۆنی نیوە چڵی پێشوو تەواو بکەین.پێویستە ئۆپەراسیۆنی پاکردنەوەی تەواویی ناوچەکانی تەل ڕەفعەت و منبج بە زووترین کات کۆتایی پێ بێ نین و سوپای تورکیا لەو ناوچانە جێگیر بکەین.چۆن سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکیا پراکتیزە دەکرێت و ئێمە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا لە هیچ کەس و وڵاتێک ئیزن وەرناگرین و هەر کات پێویست بکات،هێرش دەست پێ دەکەین بۆ سەر سووریا.هەرچەندە هەموو دەزانین ئەردۆغان بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات،لەسەر ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام بانگەشەی هێرشکردنە سەر سووریە و عێراق یانیش ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان دەکات.هەر ئێستاش تورکیە دەوەیت لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ زیاتر لە (٤٧٠ )گوند وشارەدێ لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات.ڕووبەری گشتی ئەو ناوچە نوێیانەی تورکیا دەوەیت داگیری بکات،بەرامبەرە بە(٦٠٠)کیلۆمەتری چوار گۆشە.
هەڵوێستی ئێران و ڕووسیا چییە؟
لە چەند ساڵی ڕابردوو،ڕووسیا و ئێران لە پاڵ تورکیا،هاوپەیمانی سەرەکی پێڤاژۆی دانوستانەکانی (ئاستانە) بوونە و هاوکاری ئەو سێ وڵاتە،بووەتە هۆکاری سەرەکی لە تێکچوون و سەرهەڵدانی زیاتری قەیران و ناسەقامگیری دۆخی ئاسایشی ناوچەکە.بەڵام حەقیقەت ئەوەیە،تورک یە لەو ساڵانەدا،هەرگیز بە تەواویی پاپەندی بەڵێنەکانی خۆی نەبووە و وەک نموونە: بەهۆی کەمتەرخەمی و پێشڵکاری لە ناوچەی ئەدڵیب،بەردەوام بووەتە جێگەی ڕەخنەی تاران و مۆسکۆ.
ئێران و ڕووسیا ،بە شێوەیەکی بەردەوام هەر جۆرە هەڵوێست و دژایەتیکردنی تورکیا- یان،لە سنوورەکانی سووریادا مەحکووم کردووە،داواکاریان ئەوە بووە،تورکیا ڕێز لە سەروەری یاسایی و خاک و دەسەڵاتی سووریە بگرێت.کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک ڕازی نییە،تورکیا هێرشی سەربازی بکاتە سەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و دۆخی ئاسایشی ناوخۆیی سووریا لەوی هەیە،زیاتر ئاڵۆزتر بکات،بۆیە بەردەوام ڕایگەیاندوە دەبێت کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان تورکیە و سووریە لە ڕێگەی گفتوگۆی لۆژیکەوە چارەسەر بکرێت و جەنگ و لەشکرکێشی ناتوانیت چارەسەری کێشەکانی نێوان تورکیە و سووریە بکات.هەرچەندە ئێران بەباشی لە ترس و نیگەڕانیەکانی تورکیە تێدەگات و دەزانی بەهێزبوونی پێگەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دواجار دەبێتە هۆی جیابوونەوە و سەربەخۆیی حکومەتی خۆسەری کورد لەو بەشەی کوردستاندا،ئەوەش لە داهاتوودا دەبێتە جێگەی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایش و یەکپارچەیی ئێران،بۆیە هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەردۆغاندا هەنگاو دەنێن و بەردەوام پێداگری لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەنەوە.ئێران هاوکات لەوەش تێگەیشتووە تورکیای ئێستا جیاوازی زۆرە لەگەڵ ساڵانی نەوەدەکان و ئێستا تورکیەی نوێ خەون و یۆتۆپیای جیاوازتری هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر دۆخی ژئۆپۆلتیکی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.بۆیە بەردەوام بەرپرسانی ئێرانی پەیامی ئەوەیان بە گوێ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی تورکیا داداوە کە بۆ تێگەیشتن و گفتوگۆی ئەرێنی ڕێز لە سنوورەکانی دراوسێتی و دۆستایەتی مێژوویی بگرن و ئێران ئامادەیە هاوشێوەی ڕابردوو پێشگیری بکات لە دروستبوونی هەرچەشنە سەربازی کە ئاکامەکەی دەبێتە هۆی زیاتر بوونی قەیران و ئاوارەیی و کووشتاری خەڵکی مەدەنی لە سووریەدا.وەک ئەوەی بەدرێژایی شەڕی سووریە خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ماڵ و ژیانیان تێدا چووە.بۆیە تەنیا ڕێگەی چاڕەسەری قەیرانی ناوخۆی سووریە ئاشتی و دانووستان ودیالۆگی ئاشتی - ئاشتیە،بۆ،ڕێگری کردنی زیاتر لە شەڕ.
لەو ناوەندەدا ڕووسیاش هەمان بۆچوونی ئێرانی هەیە بۆ چارەسەری پرسی ناوخۆیی سووریا و کۆبوونەوەی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کە لە ئێستادا تورکیا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی پارە و لۆجستیکی یان دەکات.ڕووسیا بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەکات؛ تورکیا دەست لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەڵبگرێت و خۆی بە دوور بگرێت لە ئاژاوەی زیاتر،چۆن هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دواجار جگە لە پێشێلکاری ڕاستەوخۆی سەروەری یاسایی خاکی سووریا،دەبێتە هۆی پارچە بوونی زیاتری خاکی سووریا.لە هەمان کاتدا ڕووسیا باش لە مەترسییەکانی تورکیا و ئێران تێدەگات لەمەڕ بەهێزبوون و دامەزراندنی نیمچە حکومەتێکی خۆسەری کورد لەو بەشەی کوردستاندا.چۆن تەواویی دژایەتی و ناکۆکییەکانی تورکیا لەو کانییەوە سەرچاوە دەگرێت و تورکیە بە هیچ شێوەیەک ناخوازیت قبووڵی ستاتۆیەکی دیموکراتیکی کورد بکات لەتەنیشت سنوورەکانی خۆیدا.بۆیە هەتا ئێستا دەستی لە هێرش و داگیرکەرییەکانی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەڵنەگرتووە و بەردەوام بیانوو و پاساویی ئەوەش دەهێنێتەوە کە ناوچەی زیاتر داگیر بکات بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان و سووریادا.
ئەو پرسە بووەتە خاڵی دەستپێکی ناکۆکییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا.هەرچەندە نا تووانین پرسی ئابووری جیا بکەینەوە لە زیادەخوازی و هێرش و تاڵانکارییەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان،چۆن یەکێک لە ئەندازیارانی سیاسەتی ئاکپارتی،"عەلی باباجان"کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە حیزبەکەی ئەردۆغان جیا بووە و لەدوای جیابوونەوە بووەتە جەمسەرێکی بەهێزی ڕەخنەگرتن لە سیاسەت و ستراتیژی ئابووری ئاکپارتی و ئەردۆغان.زۆربەی جاران باسی ئەوە دەکات،لە سەردەمێکدا کە بۆ خۆی وەزیری ئابووری تورکیا بووە،ڕێگری کردووە لە ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆانی سەربازی لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا،بە دەستووری ڕاستەوخۆی ئەردۆغان،بەهۆی تێچووی ئابووری زۆر و قورسایی دروستکردن لەسەر دۆخی ئابووری ژیانی خەڵکی تورکیا بەگشتی.بەڵام ئەردۆغان ناچار بوو "عەلی باباجان" لەسەر پۆستەکەی دوور بخاتەوە و کەسێکی تر کە دەبێتە زاوای خۆی کردە وەزیری ئابووری تورکیا و لەو سەردەمدا تەنیا لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا،زیاتر لە ((١٢٨ ملیار دۆلار لە پاشەکەوتی پارەی بانکی ناوەندی تورکیای بوو بە دووکەڵ و تەپوتۆز.بەڵام سەرەڕای تێچوویەکی زۆری ئابووری تورکیا "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان" دووبارە دەستبەرداری هێرش و داگیرکەری لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان نەبووە و بەردەوام باس لە داگیرکردنی دوبارەی کۆبانی و گردێ سپی و سەریکانێ دەکات.بەڵام ئەوەش تەنیا تاکتیکی شەڕ و هێرشەکەی ئاشکرا دەکات و ئەردۆغان و سوپای تورکیە دەیانەوەیت سنووری هێرشەکانیان بەرفراوانتر بکەن و ناوچەکانی مەنبج و تەل ڕەفعەت و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فۆراتیش بە تەواویی دەست بە سەر دابگرن.ئەگەر تورکیا بتوانیت سەرەڕای هەموو دژایەتییەکانی،ئۆپەراسیۆنی نوێ ئەنجام بدات و ئامانجەکانی خۆی بپێکیت و ئەو ناوچانە داگیر بکات و ئەگەر تورکیا ئەو جارە سەرکەوتوو بێت لە هێرشی سەربازی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان،سەرەڕای هەموو دژ کردەوەکانی کۆمەڵگەی جیهانی ئەوە دەبێتە هۆی مەترسی لەناوچوونی یەکجارەکی حکومەتی خۆسەری لە ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی تەواویی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات و پاکردنەوەی ئەو ناوچەیە لە تەواویی هێزە کوردییەکان و ئەو ناوچانە بە تەواویی دەکەونە ژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارە تەکفیرییە تیرۆریستەکانی سەر بە داعش و ئەرتەشی ئازادی سووریا کە تەواویی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان لە تورکیا وەردەگرن و پاڵپشتی تەواویان هەیە لەلایەن ئەنقەرە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە