لەچك لە گەشتنامەکەی (جەیمس ڕیچ)دا

Monday, 09.26.2022, 11:43

760 بینراوە


زیاتر لە ٢٠٢ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، زانای ئاشوری ناس و گەشتیاری ئینگلیزی (کلاودیۆس جەیمس ڕیچ ١٧٨٧-١٨٢١ز) لە گەشتێکدا، بە هاوەڵی خێزان و دار و دەستەیەک، لە بەغداوە ڕوو لە کوردستان ئەکەن. ڕیچ لەم بارەیەوە بیرەوەرییەکانی ئەو گەشتەی، لە کتێبێکدا لە ژێر ناوی (گەشتنامەی ڕیچ بۆ کوردستان)، تۆمار ئەکات. ئەم گەشتنامەیە، لە لایەن نووسەر‌ (حەمەی حەمە باقی)یەوە، بە زمانێکی پاراو وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی. 
گرنگی ئەم گەشتنامەیەی ڕیچ لەوەدایە کە زۆر وەستایانە، بە وردەکاری و بە سەلیقەوە، ڕووداو و دیمەنەکانی ئەم گەشتەی بۆ تۆمار کردوین. ئەوەی ئەم گەشتنامەیەی ڕیچ بخوێنێتەوە، هەستێکی وای پێ دەدات کە لەو گەشتەدا، خۆی هاوەڵی ڕیچ بووە. ناوی هەموو ئەو گوند و شار و شاخ و دۆڵ و دەشتاییانە دەبات کە پێدا دەڕوا. باسی کەش و هەوای، ڕۆژ بە ڕۆژ و پلەی گەرما و جوگرافیا و مێژوو و ئاسەوار و کەسایەتی و ژیانی کۆمەڵایەتی هەر جێگایەکیش دەکات کە پێدا ڕۆیشتووە. 
ئەوەی پەیوەندی بەم باسەوە هەیە، باسی ژنانی کوردە، لە گەشتنامەکەی ڕیچدا. ڕیچ لە زیاد لە شوێنێک، ژنانی کورد سەرنجی ڕاکێشاون. ئەوەیش کە بۆ من گرنگە لە باسی‌ ئازادی و جۆری پۆشینی ژنانی کورد و مامەڵەی پیاو لە گەڵ ژندا، لە ناو خێزاندایە.
ریچ لە دوتوێی گەشتنامەکەیدا و لە باسی جۆری خانووەکانی‌ شاری سلێمانیدا دەڵێت:
(...خانووەکانیان بە جۆرێك دروست کرابوون، کە بەردەمیان ئاوەڵا بوو. بە جۆرێک کە ناو ماڵەکانیان دیار بوون. وەهاش دەرئەکەوت کە کوردەکان بێباک بن لەو مەسەلەیەدا. چونکە ژنەکانیان شان بە شانی پیاوەکانیان، بە بێ پەچە (حجاب) و بە بێ ڕووپۆش (نیقاب)، ئەچوونە دەرێ، بۆ جێ بە جێ کردنی کاروباری ناو ماڵیان…)
هەر وەها ڕیچ لە جێگەیەکی دیکەشدا لە بارەی زەماوەندێکی قەراغ شاردا دەنووسێت کە:
(بە ئاوازی دەهۆڵ و زوڕنا، ژنان بە جل و بەرگی ئاڵ و واڵا و بە بێ پەچە و ڕووپۆش هەڵدەپەڕین، کە زۆرێک خشڵ و زێریان پێوە بووە و تا ئەوپەڕی جوانی خۆیان ڕازاندۆتەوە….ئەو ئەڵێت کە بە لایەوە ئەمە دیمەنێکی تازە بووە و چونکە تا ئەم ساتە، ئافرەتی ڕۆژهەڵاتی بەو جۆرە نەدی بوو، کە ئافرەت بە بێ ڕووپۆش تێکەڵ بە پیاو بێ و لێرەدا بەراوردیان دەکات بە ئافرەتی عەرەب کە زۆر خۆیان دادەپۆشی و دەپێچایەوە…) 
ڕیچ لە زۆر جێگەی دیکەی گەشتنامەکەیدا، باس لە پلە و پایەی ژنانی کورد ئەکات و بەراوردیان ئەکات بە هی عەرەب و تورك. ئەو وای دەبینێ، پیاوانی کورد جیاواز‌ لە پیاوانی تورک و عەرەب، بە چاوی یەکسانی لە ئافرەتەکانیان ئەڕوانی.  ئەو لە جێگەیەکی دیکەدا، دوورتر لەوەش ئەڕوات بەوەی کە ژن و پیاو لە هاویناندا و لە سەربانە نزمەکاندا، ئازادانە دەنووستن، بێ گوێدانە ئەوەی کە بەرچاویش بوون. 
ئەمانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێدان، قسەی مێژوونووسی ئەمڕۆی کوردێک نین، تا ئیسلامییەک بە درۆیان بخاتەوە.  قسەی نووسەر و ئازادیخوازێکی کوردی ئەمڕۆش نین. تا بە دژایەتی ڕەوتە ئیسلامییەکان ئەژمار بکرێت. ئەمانە کامێرای چاوەکانی ئەو گەشتیارە ئینگلیزە بووە کە وێنەی ئەو ڕاستییانەی‌ گرتووە کە کۆمەڵگای کوردی تیا ژیاوە، وێنەی ڕادەی ئازادی ژنانی کوردمان نیشان دەدات لەو سەردەمەدا بە بێ پەچە و لەچک و ڕووبەند و سەرپۆش و ڕووپۆش. ئافرەتێک وەکو ئەوەی کە خۆی هەیە، ڕازاوە و ڕەنگین، شان بە شانی پیاو. ڕیچ باسی لە ژنانی تورک و عەرەبیش‌ کردووە. واتا ئەو بێلایەن ئەوەی دیویە نووسیوێتی و بەراوردی کردوون. 
ئەمە دەرخەری هەندێ ڕاستین، جا برادەر و خوشکانی ئیسلامی و سەلەفی و مەلاکان پێیان خۆش بێت یان ناخۆش، پەچە و لەچک و حیجاب‌ ناسنامەی ژنانی کورد نەبووە. ئەم ناسنامەیە تەمەنی زۆر کورتە و هاوردەیەکی بەسەرچووە، تازە بە نیازن دەرخواردی کوردی بدەن. دیاردەیەکە لە دیاردەکانی دوای ڕاپەڕین، هاوردەیەکی ئیخوان موسلیمینە، لە ڕێگەی حزب و کەسایەتییە ئیسلامییە کوردییەکانەوە، هێنراوە. ڕاستییەکەیشی ئەوەیە کە لەچک ڕەنگە ناسنامەی ژنی موسوڵمانی عەرەب یان تورک بووبێ وەکو لە بیرەۆەرییەکانی ڕیچ دەردەکەوێت بەڵام ناسنامەی ژنانی کورد نەبووە، بەڵکو ئەمە هەوڵێکە بۆ لکاندنی ئەم ناسنامەیە بە کوردیشەوە. یەکێکە لە هەوڵە ئیسلامییەکانی ئیخوانەکانی کوردستان، تا دووانەی موسوڵمان بوون و کوردبوون تێکەڵ بکەن. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگر هەیە کە زۆرینەی کورد موسوڵمانە و لەوەش ڕاستیتر ئەوەیە کە ئایینی بوونی ئەم میللەتە هەرگیز پێش کوردبوونی و ئینسانی بوونی نەکەوتووە، هەر بۆیەش جۆرەها ئایین لە کوردستاندا بە ئازادی ژیاون زیاد لە هەر خاک و وڵاتێکی دیکەی موسوڵمان. هەر بۆیە ڕەوا نیە زوو زوو ئیسلامی و مەلا و خانمانی موحەجەبە لە میدیاکانەوە دەربکەون و شەڕی ناسنامەی ئێسلامی کورد بە کورد بفرۆشن، بەو نیازەی عەلمانی و ئازادیخوازەکانی کوردی پێ بخەنە گۆشەیەکی شەرمەزارییەوە. هەوڵی بە لەچک کردنی ژنانی کورد زۆر گرنگە بەلای ئیسلامییەکانەوە، گرنگتر لە هەر دیاردەیەکی دیکەی دژی ئایین. چونکە ئەوان وای دەبینن، بە زۆر بوونی ژمارەی لەچک بە سەرەکان لە زانکۆ و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، جۆرە ڕکلامێکە بۆ پاشەکشەی عەلمانییەت و ئازادی و باڵادەستی ئیسلامی سیاسی. دەنا بۆ نایەن چارەکی ئەو وزە و ئیمکانییەتەی لە بەلەچک کردنی کۆمەڵکا سەرفی ئەکەن، لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لە زیانەکانی جگەرە و شلە کهولییەکان و قومارکردن و لەشفرۆشی و دزی و سەرەبڕی و گەندەڵی و…هتد سەرفی بکەن. ئەی ئەم کارانە ئەرکی ئایینی نین؟ بەڵێ، بەڵام ئەوانە هەمووی مادەی خاوی خوتبە و وەعزە ئایینییەکانن، گەر ئەوانە بنبڕ بن، ئەوا ئەرکی ئەوان لە ڕکابەری حزبە گەندەڵە بە ناو عەلمانییەکان قورستر ئەبێ. لە لایەکی دیکەشەوە سودێکی گەورە لە تێکشکاوەکانی کۆمەڵگا ئەبینن. قومارچییەکی دۆڕاو ئاسانتر ڕێگەی مزگەوتی بیر ئەکەوێتەوە لە ئازادی خوازێک کە بە مووچەیەکی شەریفانە بژی و لەشفرۆشێکی تێکشکاویش ئاسانتر لەچکی ئەکرێ بە سەردا لە سفورێک کە بە ڕەنجی شانی خۆی بژی و ئیتر بەم جۆرە…هتد.