ئەم وەڵامە تەنیا بۆ سەباح غالبی نییە، بۆ هەر قەڵەمفرۆشێکە، کە پشتی لە گەل و رووی لە دەسەڵاتە

Monday, 10/10/2022, 12:02

15663 بینراوە


سەرەتا دەمەوێت ئەوە باس بکەم، کە مەبەستی من لەو نووسینەی پێشووم بەناونیشانی (راوێژکارەکەی دەزگای پاراستن سەباحی غالبی بناسن) تەنیا ئەو چەند زانیارییە نەبوو، کە لەسەر رەفتاری ئەو کەسە بڵاومکردبووەوە، کە چۆن سەباح غالبی بەرامبەر بە من و بە خانەوادەکەم کردوویەتیی، کەس نییە بوختان و تۆمەتی ئەخلاقی ئاوا رێک بخات، بەڵکو مەبەستی من لەو نووسینە باسکردنی ئەو دیاردە ناشرینەیە، کە لە ناو رووناکبیر و نووسەرانی کورددا بۆتە پەتایەکی کوشندە هاوتەریبی خیانەت و ناپاکیی و سپڵەیی دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور کە لەمانیشدا رەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەم کۆمەڵە کەسایەتییانە کە خۆیان بە رووناکبیر و نووسەر و شاعیر و چیرۆکنووسیش دادەنێن لە کەسایەتیی بچوکی خۆیانەوە، پێشگری دکتۆر و پرۆفیسۆریش بە خۆیانەوە دەنێن، تا قورساییەک بخەنە سەر ناوی سووکی خۆیان. من ویستم سەباح غالبی بکەم بە نمونەی ئەو کەسانەی هاوبەشی دزیی و درۆزنی و خیانەت و ناپاکیی دەسەڵاتی کوردیین، کە بەرامبەر بە خاک و خەڵکەکەی دەکەن. کاتێک ئێمە رەخنە لە کەسێک دەگرین، مەبەستی سەرەکیمان ئەوەیە، لە خراپەکانییدا دەرسی لێوەربگرن، لە چاکەکانیشدا شوێن پێی هەڵبگرین.
 کاتێک لەسەر سەباحم نووسی دەزانم زۆربەی خوێنەران ئەم کەسە ناناسن، رەنگە یەکەم جاریش بێت ناویان بیستبێت. 
لە وەڵامی پرسیارەکانی کوردستانپۆست و رەخنەکەی من، کاک سەباح غالبی هاتووە پارچە پەخشانێکی کاڵ و کرچی نووسیوە، دەیەوێت سۆزی خوێنەران بۆ لای خۆی رابکێشێت وەک ئەوەی غەدرێکی گەورە و بوختانێکی مەزنی لێکرابێت، خۆی لە وەڵامی پرسیارەکانی کوردستانپۆست دزیوەتەوە، وەک ئەوەی کوردستان پۆست کوفری کردبێت ئەو پرسیارانەی ئاڕاستە کردبێت بۆیە دەڵێت :
(به‌ داخه‌وه‌ "كوردستان پۆست" خۆى كردووه‌ به‌ به‌شێك له‌ بابه‌ته‌ نه‌شیاوه‌كه‌ و هاتووه‌ له‌ سێ پرسیاردا كه‌ بۆیان ناردووم، حه‌قى گومان و ته‌حقیقى به‌ خۆى داوه‌).
ئەم دکتۆرە فەلە نازانێت کە ئەرکی دەزگایەکی راگەیاندن ئەوەشیانە لەو جۆرە پرسیارانە ئاڕاستەی هەموو کەسایەتییەکی ناو کایەکانی کۆمەڵایەتیی، ئەدەبی، کەلتوری، زانستیی...هتد بکات! ئەی ئەگەر ئەوە نەکات، ئیتر لە کوێدا کاری خۆی دەبینێتەوە!؟ خۆ کوردستانپۆست نەهاتووە وەکو دەزگای پاراستنەکەی بەڕیزیان لە زینداندا بەگیری هێنابیت و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا ویستبێتی بە زۆر وەڵامی ئەو پرسیارانەی لێ وەربگرێتەوە.
بۆیە ئیتر من لێرەدا ئەو بەشەی کە پەیوەستە بە منەوە وەڵام دەدەمەوە، ئەویدی بەجێ دەهێڵم بۆ کوردستانپۆست و خوێنەرە بەڕێزەکان.

 ئایا پێش خانەشینییەکەت، تۆ هەویەی راوێژکاری مەسعود بارزانیت لە گرفاندا نەبوو؟! ئەگەر وا نییە فەرمو بڵێ ئەمە بوختانە و راست نییە!

د. سەباح غالبی کە پێی خۆشە وەها ناوی بهێنرێت، خۆی بەشێکە لە بەرماوەی پۆخڵەواتی پارتیی، نایەوێت کەس بە لایدا گوزەر بکات و بۆنی ناشرینییەکانی بکات، بۆیە بەو وەڵامەی کە نووسیوێتی دەیەوێت خۆی وەکو دوورپەرێزێک لە پارتی پیشان بدات گوایە سەر بە پارتیی نییە. ئەم کاک سەباحە پێی وایە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووە. ئەوەی ئەندامی پارتێکی سیاسیی بێت، مانای وایە ئابوونە بدات و بچێتە کۆبوونەوەکانیانەوە. سەباح و ئەوانەی وەک سەباحن کە من زۆر جار دەیابینم و دەیاندوێنم یەکسەر دەڵین ئێمە بێ لایەنین و سەر بە هێچ حیزبێک نیین، ئەمە پەیامێکی تێدایە، ئەویش ئەوەیە، کە خۆشیان باش دەزانن، ئەو پارتانە چەندە قێزەوەندن، روویان نایەت خۆیان بەسەر هیچ کامێکیاندا ساغ بکەنەوە، بەڵام خۆپەرستیی و بەرژەوەندیی ناچاریان دەکات لە ژێرەوە هاریکار بن و دەستوموچیان لەگەڵ بەرپرسەکاندا گەرم بکەنەوە. سەباح غالبی چاک دەزانێت، کە ئەو هەموو خیانەتە مێژوویی و ناپاکییەی سەرکردە و بەرپرسەکانی ئەو پارتانە بەرامبەر بەو میللەتە کردوویانە، وەکو نووسەر و روناکبیرێک بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەر شانی ئەمیش، بۆیە لە ژێرەوە لەگەڵیاندان و خزمەتیان دەکەن، بە زارەکیش بە ئێمەو مانایش دەڵین ئێمە پارتیی یان سەر بە هیچ رێکخراوێکی سیاسیی دیکە نیین. ئەمانە وەکو کەری ناو جۆگەلەکە وان لەوبەر لای حیزبەکان دەخۆن، کە هاتنە ئەمبەریشەوە خۆیان وشک دەکەنەوە وەک خەمخۆر و نیشتیمانپەروەر دەست و داوێنپاک خۆیان نمایش دەکەن.
بە لای منەوە پارتیی بوون نەک تەنیا شەرمە، بەڵکو بێشەرەفیشە، بێشەرەفی لە خیانەت و لە وڵاتفرۆشی، لە گەندەڵی و بازرگانیکردن بە نیشتیمانەوە، کاک سەباح غالبی بەشێک لەو تایبەتمەندییەی تێدایە، بۆیە کار لەگەڵ پارتیی و دەزگای پاراستندا دەکات، ناتوانێت خۆی لەوانە بێ بەری بکات.
سەباح غالبی کار بۆ پاراستن دەکات و هەویەی راوێژکاری مەسعود بارزانی لە گیرفانیدایە (یان لە گیرفاندا بووە)، هەر بەوەش خانەنشین کراوە، کەچی پێی شەرمە ددان بە راستییدا بنێت و باسی بکات، لای من و دەیان کەسی وەکو من ئەو دیاردەیە لە گومان چۆتە دەرێ.
پاراستن لە هەولێریش خانووی بۆ کریوە. هەر خۆی ئەو کاتە راستەوخۆ داوای لێکردم، کە بگەرێمەوە لای پارتی، دەیگوت من لە رێگای دۆستەکانمەوە ئاگادارم، کە لە ناو پارتیدا تۆ جێگای رێزیت و پارتی ئامادەیە هەموو پلەیەکی بەرزت بداتێ لە وەزیری یان ئەندامی سەرکردایەتی، منیش وەڵامم دەدایەوە، کە من بۆ پلەو پایە و موچانە و کورسی بەدەستهێنان دەست و پێی خۆم بە شکاندن نەداوە، خواستی من کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان بووە، پارتی لەو ئامانجانە لای داوە، منیش ناتوانم بە رێگای ئەواندا بڕۆم.
لە سەردەمی دروست بوونی گۆڕان دا، رۆژێک سەباح غالبی تەلەفۆنی بۆ کردم، گوتی هەندێ میوانم هەیە و پێیان خۆشە بتبینن، منیش، کە چووم نەوشیروان مستەفا و شۆڕش حاجی و هەڤاڵ کوێستانی لەوێ بوون، باس لە دروست کردنی گۆڕان کرا، داوایان لە من کرد، کە بەشدار بم، منیش وەڵامم دانەوە ناتوانم، خەتی من خەتێکی نەتەوەییە و خەتی ئێوەش وەک ئەوانی تر خەتێکی عێراقچێتییە، کاک سەباح بەردەوام بوو لەگەڵیاندا، دوایی هەر لە دەمی گۆڕانخوازەکان بیستمەوە، کە هەموو نهێنیەکانیانی دەدا بە پاراستن، لە دواییدا نەوشیروان مستەفا هەستی پێ کردبوو، کە پاراستنە، هیچ وەزیفەیەکیان نەدایە.
سەباح غالبی لە وەڵامەکەیدا دەڵێت:
(من ماوه‌ى چه‌ندان ساڵ له‌ قوتابخانه‌ى قه‌ره‌داغ، له‌ قوتابخانه‌ى زانستیى ئێواران له‌ سلێمانى له‌ قوتابخانه‌ى ده‌باشان مامۆستا بووم، ئه‌وجا ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك یاریده‌رى لێكۆڵه‌رى زانستى بووم له‌ زانستگاى سلێمانى، پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشى ئه‌یلول بووم، له‌ سه‌ره‌تاى هه‌شتاكانیش چه‌ند ساڵێك له‌و شاخانه‌ بووم، به‌ خزمه‌ت و عاره‌قى ناوچه‌وانى خۆم له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، حه‌قى حه‌ڵاڵى خانه‌نشینیم پێدراوه‌....)
کاک سەباح غالبی، کە لە ئینگلتەرا دانیشتووە و پارە و یارمەتی ئەو وڵاتەش وەردەگرێت، زۆر بێ چاو و رووانە ددان بەوەدا دەنێت، کە پارە و موچەی خانەشینی لە پارتی وەردەگرێت و بە مافی خۆشی دەزانێت. هەڵبەت پارەکەشی کە بۆی دێتە ئینگلتەرە، ئەو دەیەوێت خۆی وا پیشان بدات ئەوە مافی خۆیەتی وەریدەگرێت، بەمەشیان خۆی دەخاتە رێزی ئەو هەموو خانشینانەی کوردستانەوە، کە چۆن لە ریزی چاوەڕوانیدا بە دەیان کاتژمێر لە سەرەدا دەوەستن بۆ ئەوەی موچە یان خانەنشینییەکەیان وەربگرن. ئەو موچەیەی مامۆستای داماوی کوردستان بەشی نان و ئاو، نەخۆشیی وداو و دەرمانیان ناکات. سەباح هاتووە خۆی خستۆتە رێزی ئەوان.
مامۆستا سەباح باس لە مامۆستایەتی و پێشمەرگایەتی خۆی دەکات، من پرسیارێکت لێ دەکەم، گەر بەبیرت بێ 10 ساڵ پێش ئەمڕۆ، پێش ئەوەی کە بە هۆی دزینی زانیاریی و ئەو دۆکۆمێنتانەی من، تۆ هیچ موچانەیەکت لە کوردستان نەبوو؟ تەنانەت گازەکەی ماڵتیان لێ بڕیبوویت، ئیتر کە پاراستن ئەو مووچەیەیان بۆ بڕیتەوە حاڵت باش بوو. من بە دەیان بەڵگە دەیسەلمێنم کە ئیستا ئەو خانشینیی و موچانەی وەری دەگری موچەی پاراستنە.
مامۆستا سەباح، من پێم وایە کەسێکی رۆشنبیرو نوێژکەرو رۆژوگر، نابێ ساختەکاری بکات، تۆ لە کوردستان موچانەکەت لە سەروی پێنج ملوێن دینارە، لە هەمانکاتدا لە لەندەنیش موچانەی سەقەتی ئەو وڵاتە وەردەگری.
خاڵیکی گرنگتر، کە پێویستە لەسەری بووەستم ئەوەیانە، کاتێک دوو کەس دەبنە هاوڕێ و ناسیاوی یەکتر، هاتوچۆ دەکەوێتە نێوانیانەوە، نمەکی ماڵی یەکتر دەکەن، وەکو رەوشتێکی کۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتیی، دەبێت لەو پەیوەندییەدا ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش نمەک و نێت پاکییە. هەر کاتێک ئەو پەیوەندییە لەقیی و لە شوێنێکی ئەو مەرجانەوە کەلێنی تێکەوت، ئیتر پەیوەندیی و هاوڕێیاتیەکە بەها و نرخی ناماێنێت. من کە باسی ئەوەم کرد سەباح غالبی لەو 35 ساڵەدا دەستی کەم هەفتەی دوو جار هاتۆتە سەر مێزی نان خواردنی من و هەندێ جاریش بێجگە لە خۆی خەڵکی تریشی دەهێنا، من وەک برایەکی رۆشنبیر تەماشام دەکرد، مەبەستم لە شکاندی مەرجی پەیوەندیی هاوڕێیاتی و دۆستایەتییەکەی بوو، نەک خودی سەرمێزی نانخواردنەکە، کە کاکە سەباح غالبی خەسڵەتی حاتەمی تەییم دەداتە پاڵ و دوایی لێمی دەسەنێتەوە. من باس لە خیانەت و ناپاکیی و مەرامی گڵاو دەکەم. نەک لە تیکەی پارووە نان و رازاندنەوەی مێزی نانخواردن.
کاک سەباح غالبی بە ئاستەم و بە ترسەوە خۆی لە قەرەی هەندێک لەو راستیانە داوە و وەڵامێکی چەواشاکارانەی داوەتەوە، بەتایبەتی لە سەرەتای یەکتر ناسینەکەماندا، بۆیە منیش بۆی راست دەکەمەوە و دەڵێم: کاک سەباح غالب باش لە بیریەتی کە خۆی گووتی کاک حاجی برایم و مامۆستا جەمال تەلەفۆنی تۆیان داومێ، پرسیاریش لەوەیە خۆت دەزانی نەک دەیان، بگرە سەدان دۆستی کۆنی نزیکی خۆت لە لەندەن هەبوون، چ شتێک وای لە تۆ کرد بە درێژی 35 ساڵ کە ئەوان بخەیتە پشت گوێ و بەردەوام روو لە ماڵی من بکەیت، کە دوایی بە هەڵوێستەکانتا زانیم بە چ مەبەستێک و چ لایەنێک هانیان دابوویت، تا درێژە بەو پەیوەندییە بدەیت.
کاتێک تۆ کارەساتێکی وا بێ رەوشتیت بەسەر مندا هێنا، ناچارم باس لە هەموو شتێک بکەم، زۆرینەی خەڵک دەزانن، کە من پیاوێکی ئەوەندە بێویژدان نیم و تەمەن و رەوشتم رێگام پێ نادات بێوژدانی لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم و بوختانی بۆ هەڵببەستم، ئەوە تۆی دۆستایەتی سی و پێنج ساڵت کرد بە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی خۆت، دەکرێ خۆت لەخۆت بپرسی: هۆکاری چییە دوای رۆیشتنی بوکەکانم تۆ بەماڵانەوە دەتگێڕان؟، ئەو خانمە بەڕێزە (ف) کە بوکەکانی منت بردبووە ماڵیان، هەر ئەو تەلەفۆنی بۆ خێزانم کرد، کە تۆ و بێخاڵی خێزانت، بوکەکەی منتان لەگەڵ خۆتان بردوە بۆ ماڵیان و ئێوە باستان لەبێویژدانی ئێمە کردووە گوایە بەرانبەر بە بوکەکانم خراپ بووین. ئێستا بوکەکانم داوای پەشیمانی دەکەن، لێرەو لەوێ باسی هەموو شتێک دەکەن و قسەکانیش بۆ ئێمە دێنەوە. ئێوە باس لەوە دەکەن، کە گوایا بوکەکانم ئازاریان بە دەستمانەوە چێشتووە و بۆیە رایان کردووە، ئەگەر ئەمە راستبوایە، ئەوا یاسای حکومەتی ئەم وڵاتە و سۆشیال نەیاندەهێشت منداڵەکان لە لای ئێمە بمێننەوە و دەیاندان بە دایکیان، ئەم بوختان و قسە و باسانە هەمووی بە فیتی تۆ بوو.
مامۆستا سەباح، بوکەکانی من نە عەرەبی دەزانن و نە ئینگلیزی، ئەوان ئەو دۆکیمەنت و رۆژنامەو گۆڤارانەیان بۆ چییە، ئەگەر تۆ داوات لێ نەکردبن کە بۆت بدزن و بیدەیت بە پاراستن.
تۆ دەستی کەم 10 ساڵ لە ماڵی مندا لە نزیکەوە ئاگاداری هەڵسو کەوتی من و خێزان و بووکەکانم بوویت، ئەگەر رۆژێک لە رۆژان بێویژدانیەکت لە ئێمە دیبایە بەرانبەر بە بوکەکان، تۆ وەک دۆستێک دەتوانی ئاگاداری خۆم یان بە خێزانم یان کوڕەکانم بکەیتەوە و بڵێی کاکە ئەوە بێ ویژدانییە ئێوە بەرامبەر بەو ئافرەتانە دەیکەن! تۆ کە بەناو رۆشبیرو کەسێکی نوێژکەر و رۆژووگریت، بۆ نەت گووت کاک سەردار ئەوە بێویژدانیە مەکەن؟ ئایا مانەوەی منداڵەکان لەلای من، کە سۆشیالی ئەم وڵاتەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد و زانیان کێ لەسەر حەقە، ئایا ئەمە بەڵگەی بەویژدانی ئێمە نەبوو؟ وا ئێستا منداڵەکان دوانیان 16 ساڵن ئاقڵیان بە هەموو شتێک دەشکێ و دڵگرانن لە دایکیان و لەو رۆژەی تۆ فریوت داون، بۆیە منداڵەکان نایانەوێ دایکیان ببینن، چونکە دەزانن لە ماڵی ئێمە هیچ کێشەیەکیان نەبووە و لەلای سۆشیال و پۆلیس و دادگاش ئەو قسەیان کردووە، کوردستان پۆستیش ئازادە بێتە ماڵەکەم قسە لەگەڵ منداڵەکاندا بکات.
مامۆستا سەباح، چ عەجەب لەو لەندەنە گەورەیەدا بوکەکانم هاتن لە نزیک ماڵی تۆ خانویان گرت! ئەگەر تۆ هەڵفریوێنەریان نەبووی و تۆ خانوت بۆ نەگرتبنایە؟
مامۆستا سەباح، من ئاگاداری دۆستە نێونەتەوەیەکانم کردوە لە دزینی ئەو دۆکیمانتانە، ئەوانیش بە منیان گووت پۆلیس ئاگادار بکە لە بارو دۆخەکە، من دانم بە خۆمدا گرت تاکو ئێستا پۆلیسم ئاگادار نەکرد، بەڵام ناچارت کردم کە برۆم بۆ پۆلیس و هەموو شتێک ئاشکرا بکەم، چونکە دزینی ئەو دۆکیمەنت و نامانەی ئەمەریکا و بەریتانیا، کە بۆ من هاتبوون، شتێکی کەم نییە و رەنگە ئەو بابەتەش برواتە دادگا.
لە کۆتایی ئەم روونکردنەوەیەدا ماوە بیڵێم، کە کاتێک باسی ئەوە دەکەیت، هاتوویتە ماڵەکەم و نمەکی ماڵمت کردووە، گوایە ئەوەم بە چاوتا داوەتەوە. گریمان ئەم قسەیەی تۆ راستیش بێت، بەڵام ئەوە بزانە کە ئەوە هیچ جیاوازییەکی نییە، کە ئێوەش وەک دەڵێیت لە دەرەوە پێشمەرگە بوویت، تۆش وا ئیستا دەیدەیتەوە بە چاوی ئەو میللەتە هەژارەدا، لە حەقی ئەوەدا ئیستا بە مافی خۆتانی دەزانن پارە و سامانی ئەو وڵاتە دەدزن و بەناوی خانەنشینی و موچەی بندیوارەوە ماڵی کورد  وێران دەکەن.
با لێرەوە خوێنەران ببنە دادوەر لە نێوان من و تۆ دا


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە