مەدحەت کاکەیی و رەنگ و کەلاوە

Thursday, 12/01/2023, 12:38

5758 بینراوە


پێشانگای مەدحەت کاکەیی لە کەلاوەیەکی گەڕەکی پیرمەسور لە سلێمانی

مامۆستایەکی خوێندنگای بازرگانی لە پاریس بە خوێنداکارەکەی گوت ؛ 
-  ناتالی، هەستە باسی دایکتمان بۆ بکە.
ناتالی بە ناڕازییەوە وەڵامی مامۆستاکەی دایەوە : 
 - نا، من نامەوێت باسی دایکمتان بۆ بکەم.
ناتالی نەیدەویست باسی دایکی بکات، لە دڵی خۆیدا دەیووت، چ پێویست دەکات من باسی دایکمتان بۆ بکەم،  چونکە دایکم پەیوەندی بە خوێندنەکەمەوە نییە ! بەڵام مامۆستا پێداگری دەکرد :
 - ئەگەر دەتەوێت لە خوێندن بەردەوام بیت، ئەوا ئەمڕۆ بێت یان سبەی دەبێت بتوانیت باسی دایکت بکەیت.
چونکە باسکردنی کاڵایەک بۆ فرۆشتن و باسکردنی دایکت هەر هەمان بابەتن، ئەگەر نەزانیت باسی دایکت بکەیت ئەوا هەرگیز ناتوانیت باسی پرۆژە بازرگانیەکەشت بکەیت. باسکردنی شتێک، ئۆبژەیەک، بابەتێک پەیوەندی بە ئاستی ئاگایی کەسەکەوە هەیە بەرامبەر بە ئۆبژەکە، بابەتەکە، شتەکە. باسکردنی بۆیەکارییەکانی پێشانگاکەی کاک مەدحەت کاکەییش بە هەمان شێوە پەیوەندی بە ئاگایی هونەرمەندەوەیە، بە کارە هونەرییەکەیەوە، ئەگەر کاک مەدحەت نەیتوانی ڕونی بکاتەوە بۆ بینەر، مانای وایە کە کاک مەدحەت ئاگایی تەواوی بە کارەکەی نییە ! 
بۆ نمونە ئەگەر داوام لێبکەن باسی مەسعود بارزانی بکەم، دەڵێم : 
مەسعود بارزانی پیاوێکی خێلەکییە، تەمەنی حەفتا ساڵانێکە، باڵای مام ناوەندییە، خاڵێکی گەورەی ڕەش بە ڕومەتیەوەیەتی، پێستی دەموچاوی وەک ناوساجی وەهایە و قژی هەڵبزڕکاوە. کەم قسەیە و ڕەوانێژ نییە. ئاستی ڕۆشنبیری زۆر نزمە و کێشە سیاسییەکانی بە دەستوری خێڵەکی چارەسەر دەکات. هەرگیز بە تەنیشت ژنەکەیەوە نەبیراوە. هەمیشە جلکی کوردی دەپۆشیت، بەڵام هەندێک جار کە دەچێت بۆ بەغداد، بە ناچاری چاکەت و پانتۆڵ لەبەردەکات....تاد. 
بێگومان دەتوانین بەم شێوەیە زۆر لەسەر ئەم کەسایەتییە بدوێین، بەڵام ئەگەر داوا لە ئەندامێکی پارتی بکەین باسی مەسعود بارزانیمان بۆ بکات، دەڵێت ؛
بارزانی باوکی کوردە و ئێمە لە سایەی خەباتی بارزانییەوە لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بە ئاشتییانە دەژین.  هەموو گەلی کورد قەرازری خەباتی بارزانی و بنەماڵەی بارزانین، پێشمەرگەیەکی دێرینە و ژیانی خۆی کردووە بە قوربانی بۆ گەلەکەی....تاد
لێرەدا دەزانین کە وتەکانی ئەندامی پارتی هیچ پەیوەندیی راستەوخۆیان بە بارزانی خۆیەوە نییە، تەنها ڕازاندنەوەی بابەتەکەیە بە قسەی باق و بریق. خۆی لە ئۆقرەی بابەتە سەرەکییەکە نادات کە کەسایەتیی بارزانی خۆیەتی، بۆیە بارزانیمان لێ دەشێوێنێت، لەهەمان کاتا  ئامانجیش دەپێکێت بە شاردنەوەی هەقیقەتی کەسایەتی بارزانی. باسی لایەنێکی تری بارزانیمان بۆ دەکات پێش ئەوەی باسی بارزانی خۆیمان بۆ بکات، بە ئامانجی شاردنەوەی هەقیقەتێک و لە هەمان کاتا  ئەفراندنی هەقیقەتێکی تر.
کاتێکیش کاک مەدحەت کاکەیی لە کەلاوەیەکی سلێمانی، تابلۆکانی نمایش دەکات، وەک پرۆژەی پێشانگایەکی هونەری هاوچەرخ، ڕۆژنامەوانەکە لێی دەپرسێت ؛ ئەم تابۆلیانە تەعبیر لە چی دەکەن ؟
کاک مەدحەت تۆزێک دۆژدادەمێنێت و پاشان دەڵێت : ( ئەم قوتابخانەیە سەد سالە بوونی هەیە، ئەگەر باگگراوندێکت نەبێت دەربارەی ئەم قوتابخانەیە، ئەلف و بێیەک نەزانیت، زۆر سەختە چاوت فێری ئەم جۆرە بکەیت، ئەم مۆسیقایە، ئەم ئەدەبە، ئەگەر ئەلف و بێ نەزانیت ناتوانیت شیعر بخوێنیتەوە. من خەڵکی کەرکوکم دەمەوێت بڵێم سلێمانیم خۆش دەوێیت، یان پێشکەشی ڕۆحی کاک سەروەت و کاک کامەرانی بکەم. ئەم خانووە وەک کەسێکی هەژارە و جلکی دڕاوە بەڵام ڕۆحی پڕە لە ئینسانییەت. ڤانگۆگ باسی پیرەژنێکی دەکرد منیش لە ناو ئەوەدا دەژیم) .
پاشان ئەو کەسەی کە پێشنیاری پێشانگاکەی بۆکاک مەدحەت کردووە، ئاوا قسە لەسەر کارەکانی کاک مەدحەت دەکات :
(مامۆستا مەدحەت مرواری ناو قوڕە، هەمیشە لە زبڵیشدا جوانی دەدۆزێتەوە، لە ناو خراپەشدا، ئاشتەوایی لە بیری توندوتیژدا) 
پاشان لە ڕیپۆرتاژێکی تردا ڕۆژنامەوانێكی تر دەڵێت :
 (ڕەنگە کاک مەدحەت ویستبێتی لە ڕێگەی ڕەنگەکانەوە سروشت هەمیشە بە زیندویەتی پیشان بدات یان بیەوێت پێمان بڵێت ڕەنگ لە هەر شوێنێک بوو ژیان لەو شوێنەیە.) ئینجا روی دەمی دەکاتە کاک مەدحەت و دەڵێت : 
- ئامانجت لە مەسجی پیشانگایەک کە تایبەتە بە ڕەنگ، لە ناو یەکێک لە خانووە داڕوخاو و پڕ لە زبڵ و خاشاکی ڕەوە پشیلە، لە گەڕەکی پیرمەسور لە سلێمانی چێیە ؟ 
کاک مەدحەت باسی ئەوە دەکات چۆن بە ڕێکەوت ئەو شوێنەی دۆزیوەتەوە لە کاتێکدا لەگەڵ کوڕەکەیدا بەویادا تێپەڕیوە و کەلاوەکە سەرنجی ڕاکێشاوە، پاشان دەڵێت : ( هەر کە ئەم شوێنەم بینی زۆم خۆشویست و نەمزانی ناوی بنێم چی ؟ ناوی بنێن ؛ سلێمانی خۆشم دەوێیت، یان پێشکەشی کەم بە هاوڕێکانم؛ کاک سەروەت و کاک کامەران. هێواش هێواش فکرەکە دەوڵەمەند بوو، ووتم با پێشانگایەک بکەمەوە لێرە.)
- ئایا تۆ کارەکەت تەنها لەسەر ڕەنگە یان لە شیوەکانی تریشدا کار دەکەیت ؟
( ئەم کارە قۆناغ بە قۆناغ هاتووە، قۆناغی یەکەمم لە بەغدا، دراسی بوو لە بەردەم مۆدێلدا، یان دەچوومە گەڕەکە هەژارەکان رەسمی حەماڵ، کرێکارانم دەکرد، رەسمی مەنتیقە شەعبییەکانم دەکرد، ئەوە مەرحەلەیەک بوو.  چومە ئیسپانیا، رەش زۆر پەیدا بوو. تابلۆکانم هەمویان ڕەش بوون. لە حەفتا و شەشەوە بۆ هەشتا، پیش هەلەبەجە و پێش ئەنفال هەر ڕەشم دەکرد، کاتێک چووم بۆ یابان و سوێد ئەو ڕەشە بوو بە ڕەنگا و ڕەنگ، ئەم ڕەنگاو ڕەنگەش ئسلوبی هەیە لە ساڵی 1997 ەوە).
- دەتوانیت باسی هەندێک لە کارە هونەرییەکانتمان بۆ بکەیت لە شارە بەناوبانگەکانی یابان و ئەوروپا بەشیوەیەکی گشتی؟
(من لێرە، دراوسێکەم نامناسێ تۆ نامناسێت، بەڵام ئەو عائیلە فەنییە، گروپێکین لە یابان. من پێشانگای تایبەتیم لە مۆزەخانەی ستۆکهۆڵ کردۆتەوە، هیچ بیانەیەک نەیتوانیوە پێشانگایەک بکاتەوە لەوێ، لە بەڕێوەری مۆزەخانەکەیان پرسیوە چ پێشانگایەکی بە دڵ بووە، لە ناو پێشانگا باشەکاندا باسی پێشانگاکەی منی کردووە. ئێمە خێزانێکی زۆر بچوکین کە حەز بە مانە دەکەین، هونەر ئەمڕۆ فراوانە، بە فۆتۆگرافی بە ڕیالسیم. هەموو ئەم شێوازانە ئازادن، ئەم شیوازەش ئازادە. لەبەر ئەوەی کۆنە، ئەم کۆنە هەر دەساڵ جارێک دەگۆڕێت، پێی دەوترێت مۆنۆکرۆم، بە واتای یەک ڕەنگی دێت، پێی دەوترێت مینیمالیزم بەمانای کەمکردنەوە، بەلای منەوە کەمکردنەوەش نییە، هەردوو ئسلوبەکەم  داوە لەیەک و ئەمەی لێ پەیدا بووە.)
دەرئەنجامی هەموو ئەم ڕونکردنەوانە وەک چۆن ئەندامەکەی پارتی نەیتوانی مەسعود بارزانیمان پێ بناسێنێت. لەم کارە هونەرییەشدا، نە هونەرمەند نە ڕۆژنامەوان نە کەس توانی ڕاستەوخۆ باسی کارە هونەرییەکەمان بۆ بکات. لەهەموو ئەم ڕوونکردنەوانەدا تێدەگەین کە کەسایەتییەکان بە دەوری بابەتەکەدا دەسوڕێنەوە و ناچنە ناو جەوهەری بابەتەکە، لە نەبوونی توانای لێکدانەوە، قسەی سەمەرە دەکەن؛ ( ڕەنگەکانی سروشت ). یان پیاهەڵدان بە شان و باڵی هونەرمەند و ناوداری هونەرمەند لە ئەوروپا بۆ پاساودان بە کارەکەی. لە ڕووی زمانەوانیشەوە ڕستەیەکی جوانمان بەرگوێ نەکەوت، قسەکان زیاتر لە قسەی مرۆڤی سەردەمی ڕاوکەر و میوەچن دەچوون پێش شارستانییەت، ئەو دەمەی کە هێشا مرۆڤ خاوەنی زمانێکی پاراو نەبوو بۆ رونکردنەوەی بابەتێکی دەروونی. ڕۆژنامەوان و کەسانی تر کە شارەزای هونەر نین، هەرچۆنێک بێت بە پێی توانای خۆیان دەیانەوێت گرنگی بدەن بە کارەکەی کاک مەدحەت و بۆ بینەری رونبکەنەوە کە کابرای چاوشین و قژزەردی ئەوروپی ڕەواجی داوە بە کارەکانی، چونکە کوردستان تەنها شوێنە کە تیایادا خەڵکی بانگبکریت  بە کاک دکتۆر، نازاناوی دکتۆر ڕەواج و گرنگی دەدات بە کارێك، ئەگەر دکتۆرات بۆ نمونە لە پەندی پێشیناندا نەهێنابێت ( ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە) ئەوا تۆ کەسێکی بەهادار نیت و بەتوانا نیت. وەک چۆن جاران پێش شۆڕشی فەرەنسی خەڵکی تایتڵی نۆبڵیان دەکرێ ئەمرۆش لە کوردستان بۆ ئەوەی ڕیزت لێ بگرن دەبێت شاهادەیەکی دکتۆرا بکڕیت. کاک مەدحەدیش دکتۆرای نییە و هونەرمەندە، ناچارە بۆ خەڵکی بسەلمێنێت کە ئەگەر لە کەلاوەیەکدا پێشانگایەکی کردۆتەوە لەبەر ئەوە نییە کە کەسێکی ئاست نزم بێت لە کۆمەڵگەدا، بۆیە باسی خۆی دەکات کە چۆن بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ستۆکهۆڵم پێشانگاکەی ئەوی بە گرنگ زانیوە، یان چۆن لە ژاپۆن و لە ئیسپانیا باسی ئەو دەکەن. ئەمەش وەک دکتۆرایەک، وەک پاساودانێک بە کارەکەی. بەڵام دەوری هونەرمەند چییە ئەگەر نەتوانێت هەموو ئەم سنورانە بشکێنێت و بەجۆرێکی تر باسی هونەرەکەیمان بۆ بکات، نەکەوێتە ناو هەمان گەمەوە ؟ تۆ کە ئەو سنورەت تێپەڕاندووە، ئەو بوێرییەت هەیە بە نمایشکردنی تابلۆکانت لە کەلاوەیەکدا، نەدەبوا پاکانە بۆ خۆت بکەیت.

کارەکەی کاک مەدحەت باسی چیمان بۆ دەکات؟

کاک مەدحەت لە مێژەوە بە بە بێ وچان بە هونەرەوە خەریکە. وەک خۆی دەڵێت جاران دەچووە گەڕەکە هەژارەکان و ڕەسمی چینی هەژارانی دەکرد. ئەمڕۆ کارەکانی تەواو جیاوازن لە سەرەتای دەستپێکردنییەوە کە بریتی بوون لە کاری فیگوراتیڤ و ئێکسپرێسیۆنیست. ئەمڕۆ تابلۆکانی بریتین لە مۆنۆکرۆم. مۆنۆکرۆم بە مانای تابلۆی یەک ڕەنگی دێت، کە دەچێتە خانەی هونەری مینیمالیستەوە و ڕەگی لە تابلۆ بەناوبانگەکەی هونەرمەندی ڕوسی، مالڤیچ ( Malevitch) ەوە داکوتاوە، بە ناوی چوارگۆشەی ڕەش لەسەر تەختی سپی، ساڵی 1915، ئەم کارە هونەرییەش وەک سەرەتای شێوازێکی هونەری ئەبستراکت دەنگی دایەوە لەسەردەمی خۆیدا. یەکێکە لە تابلۆ هەرە بەناوبانگەکانی مێژووی هونەر. پاشان ساڵی 1960  ئەم شێوازە هونەرییە نوێکارییەکی تری بە خۆیەوە بینی بە شێوازی مۆنۆکرۆم و لە لایەن فەیەلوسفی ئنگیزی ڕیشارد ولیام (Richard Wolheim) ساڵی 1965 ناونرا مینمیالیست. بیرۆکەی مالڤیچ بە بزوتنەوەی مینیمالیست جارێکی تر خۆی نوێ کردەوە بە مەبەستی داماڵینی هونەر لە بابەت، بێلایەنی تابلۆ لە بابەت، وەک مالڤیچ لەوە و بەر ئاماژەی پێکردبوو. مەبەست تەنها یاری کردنە بە شکڵ و ڕەنگ بە بی وروژاندنی بابەتێکی دیاریکراو.

چوار گۆشەی ڕەش لەسەر تەختی سپی. مالڤیچ 1915

 هونەری مینیمالیست لە بۆیەکاریدا دەیەویست هەمو شوێن دەستی هونەرمەند بسڕێتەوە، شکڵەکان بریتن لە شكلە سەرەتاییەکانی وەک ؛ خەت و سێگۆشە و بازنە و چوارگۆشە. هونەرمەند بە دوای هێما و مانادا ناگەڕێت. تابلۆکە لەهەموو بەرگێکی رەمزیی داماڵراوە،  خاڵییە لە هەموو هێمایەک بە لادان لە ئێمۆشن بە مانای زاراوەکە خۆی؛ هونەرێک خاڵییە لە هەست. تەنها یاری بە شڵەکان و ڕەنگەکان دەکات بە خۆ لادان لەهەموو ئاراستەیەکی فکری.
بەڵام بۆچی هونەرمەند پەنا دەباتە بەر شێوازی مینیمالیست یان مۆنۆکرۆم لە هونەردا وەک پێوستییەک ؟  لەبەرئەوەی ئەگەر هونەرمەندێکی وەک کاک مەدحەت لە مێژەوە خەریکی بۆیەکارییە ئەوا وەک زۆر لە هونەرمەندان لە ڕێىازی هونەریدا، لەگەڵ ئەزمون و زەمەندا، ڕوبەڕووی دیاردەی خۆ ڕزگارکردن لە بابەت دەبنەوە، واتە دەگەنە هەقیقەتێک لەوەی کە تێدەگەن کە بابەت بیانووە، ئەوەی گرنگە بەلای هونەرمەندەوە وروژاندنی فکرەیەک نییە، بەڵکو کردەی فیزیکی بۆیەکارییە. ئارتیو ڕابۆ لە هۆنراوەیەکیدا بە ڕاستەوخۆ بە شێوازێکی ئەنارشیستییانە باسی ئەم هەسەتە دەکات  لای مرۆڤ :

ئەکسیۆن ژیان نیە. ژیان جۆرێکە لە بەفیڕۆدانی هێزێک، یان توڕەبونێک. 

بەڵام کاکە مەدحەت وەک مرۆڤێک، لەهەمان کاتا وەک هونەرەمندێکیش خاوەنی ڕابوردویەکی هونەرییە ؛ ( جاران لە گەڕەکە شەعبییەکانی بەغداد ڕەسمی چینی هەژارانم دەکرد )، بەڵا ئەمڕۆ کە تابلۆکانی هیچ باسێک نا وروژێنن، داماڵراون لە بابەت، کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان، گەڕەکە شەعبییەکان جارێکی تر بە نائاگایی ئێخەی دەگرنەوە، جارێکی تر ڕوبەروی دەبنەوە، بە شیوازێکی تر ڕوبەروی کەلاوەکانی سلێمانی دەبێتەوە (خۆشم دەوێیت سلێمانییەکەم ). ئەمەش جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە، بۆ ڕابوردوی خۆی و باسکردنی هەمان تێم بە شێوازێکی تر. بە دەستنیشان کردنی کەلاوەیەکی داڕوخاو کاک مەدحەت دوو نیشانە دەپێکێت، یەکێکیان بەردەوامیدانە بە رابوردوی هونەری خۆی ( گەڕەکە شەعبیەکان و هەژاران)، لەهەمان کاتا گرنگی دانە بە تابلۆکانی کە لە بابەت داماڵراون. کاتێک ئەو دوو جیهانە بە تەنیشت یەکەوە دەبینین ( کەلاوە و ڕەنگی کرۆم ) هەر یەکەیان بەها دەدەن بەوی تریان. ئەگەر تابلۆکانی کاکا مەدحەت لە گالەرییەکی بازرگانیدا هەڵواسین هەمان دەوریان نییە.  دوو لایەنەی پێچەوانەیە کە بەها دەدات بە کارە هونەرییەکە و لە هەمان کاتا خۆی دەدۆزێتەوە جارێکی تر لەگەڵ ڕابوردوی هونەرییدا. ئەگەر تابلۆکانی لەگەڵ ئەو کەلاوەیەدا بابەتێک دەئافرێنن ئەوا تابلۆیەکەی فیگوراتیڤی پڕ مەسج  لەو کەلاوەیەکدا واتادار نەدەبوو، هیچ پاساوێکی نەدەبوو لەو کەلاوەیەدا.
بێگومان ئێمە داوا لە کاک مەدحەت ناکەین باسی ئەم هەنگاوە یان ئەم ئەزمونە هونەرییەمان بۆ بکات، یان چۆن گەیشت بەم قۆناغە. چونکە هەموو کارێکی هونەریی مانایەکی نزیکی هەیە و مانایەکی دووریشی هەیە، مانای یەکەمی هەیە و مانای دووهەمی هەیە. کەسی هونەرمەند باسی مانای یەکەممان بۆ دەکات، واتە ئەوەی پاڵی بە هونەرمەندەوە ناوە بچێت تابلۆکانی لە دەرەوەی گالەرییەک نمایش بکات، ئەوەی پاڵی بە هونەرمەندەوە ناوە مۆنۆکرۆم بکات. ئیدی دەرگا دەکەینەوە بۆ بینەر خۆی بە دوای مانای دووهەمدا بگەڕێت، چونکە مانای دووهەم بڕایردەر نییە لە کاری هونەریدا، لەلایەن هونەرمەندەوە دەستنیشان نەکراوە بە ڕاستەوخۆ. مانای دووهەم دەرئەنجامەێکی ڕێتێچووە، ڕاڤەکردن و لێکدانەوەیە و هەموو کەس ئازادە چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکات. واتە کاکە مەدحەت دەبێت باسی کارە هونەرییەکەیمان بۆ بکات کە بریتییە لە تابلۆیەکی مۆنۆکرۆم و ویستویەتی جێگایەک، پانتاییەک بدۆزێتەوە بۆ تابلۆکانی لە چوارجێوەی کلاسیکی بچێتە دەرەوە ( گالەری و پێشانگای کلاسیک) بە مەبەستی پێدانی گرنگی بە تابلۆکانی لەبەر ئەوەی ڕوبەڕوی دوو جیهانی تەواو دژ بەیەک، دوو جیهانی پێچەوانە دەبینەوە، کە هەر یەکەیان بەها دەدات بەوی تریان، هەریەکەیان کاریگەری لەسەر ئەوی تریان دەبێت. ئیدی ئەگەر بینەر ئەم ئاکتە ببەستێتەوە بەو باسانەی کە ئەمڕۆ لە ئارادایە دەربارەی شاری سڵیمانی گوایە پشتگوێ خراوە لەلایەن سیستەمەوە، یان کەلاوە هێمای هەژارییە، یان وەک ئارشیتاکتورێکی دێرینی کوردی ئەوە باسێکی ترە. 
دەبێت ئەو ڕاستییە بڵێین کە پێشانگاکەی کاک مەدحەت کارێکی هونەری بوێرانە و شۆڕشگێڕانەیە لە ئاستێکی بەرزا. لە سەردەمەکەماندا کە شاکاری هونەری زۆر گرنگ نییە یان دەگمەنە، ئەوەی زیاتر گرنگە گەشەپێدانی کاری هونەرییە لە لایەن هونەرمەندەوە لە گەڵ تەمەن و ئەزموندا. بۆ کەسێکی وەک کاک مەدحەت کە لە ساڵانی هەشتاوە لە شاخەوە دەستی کرد بە بۆیەکاری بە مۆتیڤی فیوگراتیڤ بەردەوامی بە هونەرەکەی داوە بە قۆناغی جیاواز هەتا دەگاتە شێوازی مۆنۆکرۆم کە زیاتر ئاکتێکی سپیریتوێڵە بە بێ مەسجێکی دیاریکراو، بە بێ ئاراستەیەکی فکریی دیاریکراو، هەنگاوێکی پیرۆز و نمونەیەکی گرنگە لە ناو هونەری هاوچەرخی کوردیدا. تەوژمێکی تری بەردەوامی دانە بە هونەرەکەی، گەیاندنیەتی بە ڕەهەندێکی تر. ئەگەر مۆنۆکرۆم تەنها ئاکتێکی سپیریتوێلە بە بی مەسج ئەوا کاکا مەدحەت ڕێگایەکی تر دەدۆزێتەوە بە بەهادان بەو شتەی کە بەهای نییە بە ڕوکەش ؛ لە کاتێکدا هەموو جیهان و ژیان بریتییە لە هەڵپە هەڵپ و پانیک و ڕاکە ڕاکە، تابلۆیەکی بێ بابەت و بێ شکڵ هزربە ئاگا  دەهێنێتەوە لەو بارودۆخەی کە تێیدا دەژین. هەنگاوێکی گرنگە بۆ فراوانکردنی مەودای بیرکردنەوە بە تێپەڕاندنی سنور و تێکشاندنی وێنەی تابلۆی سەر دیواری ساڵۆنەکان، بە گونجاندنی ڕەنگەکانی لەگەڵ کەلاوەیەکی داڕوخاودا وەک پێکهێنێکی دولایەنە ؛ یەنگ و ینگ، مردن و ژیانەوە، ئەرێنی و نەرێنی...تاد. 
وەک هونەرمەند کریستۆ چۆن مۆنیمۆنتەکانی جیهانی دادپۆشی یان هەندێک هونەرمەندی هاوچرخ کارە هونەرییەکانیان دەخەنە خزمەتی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەم یان بۆ کێشەی ژنیگە بە مەبستی خزمەتکردن یان دەست خستنە سەر برینەکانی کۆمەڵگە لە دەرەوەی گالەری و ساڵۆنەکان، هیوادارین کاک مەدحەدیش بتوانێت بەردەوامی بدات بەم شێوازە هونەرییەی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە