جەندەر

Wednesday, 28/12/2022, 21:05

1034 بینراوە


من « سەرداری رابە چاوشین» ژەندەرێکی نمونەییم.

ئەگەر بڵێم سەرداری ڕابەچاوشین، لەبری سەرداری حەمەڕەش، ئەوە هەنگاوێکی جەندەرییە.
تێگەیشتن لە دەستەواژەی جەندەر هەروا ئاسان نییە، زۆرم لە سەر خوێندەوە هەتا لێێ تێگەیشتم. خۆ ئەگەر لە فەرەنسییەک یان لە ئینگلیزێک بپرسیت;  ئەویش وەک تۆی ڕۆژهەڵاتی دەچێت لە فەرهەنگدا بە دوایدا دەگەڕێت، لەبەر ئەوەی دەستەواژەیەکی هاوچەرخە و بەرهەمی خەباتی فەمینیستییە.
من وامدەزانی مەبەست لە ناوهێنانی کەسێک دێت کە سێكسی بایۆلۆژی بۆ دیاری نەکرابێت، واتە ئەو کەسانەی نێرەموکن، یان کوڕێک خۆی وەک کچ دەپۆشێت و بە پێچەوانەوە. نەخێر من هەڵە بووم. پاشان ئەگەر وشەی جەندەر لە ژێنر (genre)ی فەرەنسییەوە وەرگیراوە، کە بە واتای جۆر دێت ئەوا پەیوەندی بە ژێنرەوە نییە، واتە هەمان کۆنسێپت نییە.

کۆنسێپت چییە ؟

بیرۆکەیەکی گشتییە بۆ شتێک یان کۆمەڵە شتێک، کە لەگەڵ یەکتر لە پەیوەندیدان.
کاتێک ئێمە دەڵیین پیاوێک، یان ژنێک، کۆنسێپتێکمان هەیە، بیرۆکەیەکی دیاریکراومان هەیە بۆ پیاو و بۆ ژن، بە گوێرەی ئەو کۆنسێپتە ئێمە ئەو کەسە دەبینین، بڕیار لە سەر ژنایەتی یان پیاوەتی کەسەکە دەدەین، ئەو کۆنسێپتەش لە کەلتوورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر دەگۆڕێت، چونکە هەڵسوکەوتمان بەرهەمی یاسا کۆمەڵایەتییەکانن، وەک سیمۆن دوبوڤارد دەڵێت ؛ 
- ئێمە وەک ژن لەدایک نابین، دەیین بە ژن.
بۆ پیاویش بە هەمان شێوەیە. تەنانەت جۆری ڕۆیشتنیشمان، قسەکردنمان، جوڵەمان لە پانتاییدا، پێش چۆنایەتی بیرکردنەوەمان. بە بیری ئێمە پیاو دەبێت بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکات و ژن بەجۆرێکی تر. بۆ خۆ دەربازکردن لەم چوارچێوەیە، بۆ خۆ ئازاد کردن لەم کۆنسێپتە، دەبێت ئەقڵمان بگۆڕین،  لەو خەباتەدا دەستەواژەی جەندەر یارمەتیمان دەدات. کەواتە کەسێکی بەرامبەرمان پێش ئەوەی پیاوێک، یان ژنێک بێت، جەندەرێکە، بۆیە حوکم نادەین بەسەر جۆری هەڵسوکەوت و جلپۆشینی. ئەمەش بە هێچ جۆرێک هانی نادات بیکات بە هۆمۆسێکسوێل یان لێسبیان، نەخێر. ڕاستە ئەتوانین بڵێین کە کۆنسێپتی جەندەر و کەڵە پیاو پێچەوانەن، وەک چۆن جەندەر و کارداشیانیش دژ بەیەکن بە ناراستەوخۆ.

نمونەیەکی زەق :

کاتێک دەڵێم کچەکەم یاری ئاسن دەکات، تەنانەت بۆ کەسانی پێشکەوتوخواز و ڕۆشنبیریش نامۆیە، چونکە کۆنسێپتی ئێمە بۆ کچ پێچەوانەی کچێکە کە یاری ئاسن بکات. کچ نابێت باری قورس هەڵبگرێت، چونکە کچ ناسکە. کچ دەبێت بە ناز و بە مەکر بێت، لەبەردەمماندا سمتی بادات، دەم و لێوی هەڵئاوسێنێت هەتاوەکو تێمان بگەیەنێت کە حەزی بە مژینی نێرتکە، کە دادەنەوێت سمتی دەرپەڕێنێت، کە قسە دەکات لێوی بچوک بکاتەوە هەتا باش چوکمان ڕەپ بکات....
هەموو ئەم هەڵسوکەوتانە بۆ ئێمەی پیاو دڵگیرن، ڕاستە، نێرتکیشمان ڕەپدەکەن. ئێمەش دەبێت بنەڕێنین وەک کەڵەگا، کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆین باڵمان ڕاوەشێنین، وەک بەرانی کێوی سمێڵ و ڕیشمان درێژ بێت. گرنگ نییە ئێمە هەموو ڕۆژێک خۆمان نەشۆین، خۆمان بۆندار نەکەین، چونکە ئێمە پیاوین. هەروەها نابێت بگرین چونکە ئەوە پیشەی ژنانە...

بۆچی من جەندەرێکی نمونەییم؟

کاتێک لە کوردستان بووم ، لەبەر ئەوەی باوکم قوماشی دەفرۆشت وهەستیار بووم بە چۆنایەتی قوماش و هەستی هونەریم هەبوو، گوێم نەدەدا بە مۆدێلی دەوروبەرم، ئەو جلانەی کە دەمپۆشین نە ژنانە بوون نە پیاوانە، ڕاستە سەردەمەکامان یارمەتی دەداین ؛ ئێمەش وەک ئەوروپییەکان لە پۆستی شەست و هەشتا دەژییان، کە  هیپییەکان لە هندستانەوە هاوردیان بۆ ئەوروپا و جلی ئێجگار ڕەنگاوەنگیان دەپۆشی. ئەو جلانەی کە دەمپۆشی بۆ هەر دوو سێکسەکە دەشیا، بۆیە جارێکیان کچیکیی ئامۆزام ؛ Pary Shareh، داوای لێکردم کە جلەکانی خۆمی بدەمێ بۆ ئاهەنگێک.  ڕاستە دەیەویست لەو ڕێگەیەوە  رامم بکات، بەلام جلکەکانم نەبەسترابوونەوە نە بە ڕەگەزێکەوە، نە بە کەلتورێکەوە،.کاتێکیش گەیشتمە فەرەنسا زۆر جار منداڵان لێیان دەپرسیم لە کوێوە هاتووم، هێندە جلکی سەمەرەم دەپۆشی؛ سەردەمێک گوریسێکم بەستبوو بەسەرمەوە خەڵکی وایان دەزانی ئەمە هی کەلتورەکەمە. منداڵان لە مەلەوانگەکاندا سەیریان دەکردم، ڕۆژێک منداڵێک لەسەر جادە زۆر سەیری کردم و پاشان بە دایکی ووت ؛

دایە ئەو کوڕە چەتەیە ؟

جاران ئەگەر کوڕێک گوارەیەکی بکردایەتە گوێچکەی بە نامۆ دەهاتە پێش چاو، ئەمڕۆ شتێکی زۆر ئاساییە تەنانەت هەندێک کەس بە گوارەیەکەوە چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخ دەبەستن، پێی ڕاهاتوین و ئەمەش بە نامۆ نابینرێت. لە کوردستان پیاوانی تەریقەی سۆفیگەری گوارەیان دەکردە گوێیان، خەنە و وسمەیان دەگرتە قژیان، ئەوان بۆیان هەبوو، ئەوەش کۆدێک بوو.
جەندەر  دەستەواژەیەکی ئینگلزییە و تەرجومە ناکرێت بۆ سەر زمانێکی تر. بەڵام ئەگەر کوردان دەیانەوێت وشەیەکی تر بەکار بهێنن وەک عەلی حەمەساڵح پێشنیاری بۆ دەکات، بۆچی نا ؟ فەرەنسییەکان هەر وشەی ژێنر بەکار دەهێنن، هەرچەند جیاوازیشە لە جەندەر، چونکە ئەوان وشەی بێگانە بەکار ناهێنن. ئەوان کە بنەڕەتی قانونی ئینگلیزیان داناوە و زۆربەی وشە ئینگلیزییەکان فەرەنسین، چۆن دێن دەستەواژەیەکی ئینگلیزی بەکار دەهێنن!  بۆیە بە کوردی دەتوانین وشەی (جۆر) بەکار بهێنین، ئەوا ئاوێک دەکەین بەو ئاگرەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست